پێش حیزبسازی، مرۆڤسازی؛  تراژیدیای بزوتنەوەی گۆڕان و جینی تێکچووی حیزب لە کوردستان!

2026-05-19
عەبدوڵڵاى مەلا نورى


دوای ١١ ساڵ، نامەیەک ئیدی کاتی بڵاوکردنەوەیەتی... 
   لە زانستی پزیشکیدا، جۆرێک لە (نەخۆشی بۆماوەیی هەیە) لە منداڵیدا هەستی پێناکرێت؛ بە تایبەت لە یەکەم منداڵدا، چونکو لە ڕووخساردا هیچ گرفتێکیان نییە و وەک هەر منداڵێکی تری ئاسایی، بزێو دەردەکەون، بەڵام لەگەڵ گەورەبووندا وردەوردە نەخۆشییەکەیان لێدەردەکەوێت، ئیدی لە تەمەنێکی دیاریکراودا دەمرن. جاری وا هەیە لە ماڵێکدا چەند منداڵێک تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن. زانستی پزیشکی دەڵێت: "هۆکاری ئەم نەخۆشییە ئەوەیە: هەریەک لە دایک و باوکەکە دانەیەک (جینی تێکچوو)ی شاراوەیان هەڵگرتووە، کاتێک ئەم جینانە دەگوازرێنەوە بۆ کۆرپەلەکە، ئیدی ئەم جووتە جینە یەکدەگرن و لە تەمەنێکی دیاریکراودا، بە کارەساتی مەرگ کۆتایی دێت. ئەمەش بە تایبەت لە هاوسەرگیریی نێوان خزماندا ڕوودەدات!"
کەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و لێکەوتەکانی، پرسێکی سادە و تێپەڕ نیین، تا بەئاسانی لەبیربکرێن؛ بەڵکو پێکهاتە و شێوازی بەڕێوەبردنی و دیوە نهێنی و ئاشکراکانی، جین و توخم و کەرەستەیەکی هەرە بنچینەیی ناو کایەی (فۆرمێکی نەخۆشی حیزبایەتیین لەم هەرێمەی ئێمەدا)، کە پێویستە بەردەوام لەناو تاقیگەکانی کۆمەڵناسی سیاسیدا توێژینەوەیان لەبارەوە بکرێت، تا بە قووڵی لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئاگاداربین. واتە کاروانی لەدایکبوونی گۆڕان تا کەوتنی، لە تەمەنێکی لاویدا، ئەو ئاوێنەیەیە، کە ئەشێت تێیدا پێشوەختە بینەری دووبارەبوونەوەی هەمان تراژیدیابین لە هەر حزبێکی تریشدا، کە لە ڕووی ژێرخانی تیۆری و مەعریفی مرۆییەوە، تا دەگات بە فۆرمی بەڕێوەبردنی، هەڵگری هەمان جیناتی کەوتن و مردن بن. کەرەستەی ئەم توێژینەوانەش بە پلەی یەکەم، دەبێت دۆکۆمێنتە باوەڕپێکراوەکان بن.
ئەها ببینین، لانی کەم هەندێکجار مرۆڤ بیردەکاتەوە ئەوە بۆ: زۆرێک لەوانەی لە ماڵەکەی گۆڕانەوە دەرکەوتن و پێیان خستە ناو دوونیای حکومڕانی؛ خراپ خلیسکان؟ ئەم بزوتنەوەیە، کە وەک پرۆژەیەکی سیاسی، کە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق ڕۆڵێکی بەرچاوی دەگێڕا و وەک جێگرەوەی ڕاستەقینەی هێزەکانی دەسەڵات جێگای ئومێدی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی باشوری کوردستان بوو، ئاخۆ بۆ وایلێهات؟ بۆ وردەوردە جیاوازییەکانی لەگەڵ ئەوانی تردا کاڵبوویەوە؟ بۆ نەیتوانی بە بەرگریی و مەناعەیەکی بەهێزەوە لەبەردەم پەتا و گوشارە سلبییەکانی حوکمی جوگرافیا و ناو دوونیای مێژوو و سیاسەتی کوردیی و ناوچەکە خۆی ڕابگرێت؟ پرسیارێکی تریش ئەوەیە:  ئەی بۆ لە دوای وازهێنانم لە بزوتنەوەی گۆڕان، نەبوومە بەشێک لە درووستکردنی حزبێکی تر؟ ئەی خەریکی چی بووم؟!
   خوێنەری بەڕێز؛ ئەمەی بەردەستت دەقی ڕاپۆرتە-نامەیەکە، کە لە ٢٥/١٠/٢٠١٥ بە ئیمێڵ ئاڕاستەی کاک نەوشیروان مستەفام کرد (ئەو کات لە بەریتانیا بوو). پێموایە: تا ئاستێكی باش ئەم ڕاپۆرتە، وەڵامی پرسیارەکانی سەرەوە دەداتەوە. بۆیە داوام لە خوێنەران ئەوەیە، بە حەوسەڵە و دیقەتەوە بیخوێننەوە. 

پێش ئەوەی بگەن بە ڕاپۆرتەکە وەک پێشەکییەک هەندێک زانیاری و تێبینیم نووسیوە، کە بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەر پێویستن:
یەکەم: ڕەنگە هەندێک بڵێن: بۆ لەدوای ١١ ساڵ ئەم (ڕاپۆرتە-نامەیە) بڵاودەکەیتەوە؟ 
وەڵامەکە ئەمەیە: بەپێی دەستوور و یاسا و ئسوڵی هەموو وڵاتان، تەنانەت حزب و کۆمپانیاکان و ...هتد، هەندێک دۆکۆمێنت و زانیاری هەیە، ئەشێت بۆ هەتاهەتایە بڵاونەکرێتەوە، هەندێکیان یەکسەر بڵاوبکرێنەوە، هەندێکی تریان ئەشێت دوای ١٠ ساڵ یان زیاتر بڵاوبکرێنەوە. لە دیدی مندا هەنوکە کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتەیە.
دووەم: لە ٢٤/١١/٢٠١٥ بە سەرپەرشتیی ژووری توێژینەوەی سیاسیی، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی گردەکە، کۆبوونەوەیەکی داخراومان بۆ بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی و بڕیاربەدەستان و هەڵسوڕاوە دیارەکانی گۆڕان ڕێکخست و دەقی ڕاپۆرتەکەم بۆ خوێندنەوە. (دوای کۆبوونەوەکە، کاک عومەری سەید عەلی تەلەفۆنی بۆ دکتۆر محەمەد عەلی ڕێکخەری ژووری توێژینەوەی سیاسیی کردبوو، گلەیی لێکردبوو لەسەر ئەوەی ژوورەکەیان ڕۆڵی هەبووە لە ئیدارەدانی کۆبوونەوەکە و خستنەڕوو و گفتوگۆکردنی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتێکی لەو جۆرە).
(هەروەها یەک دوو ڕۆژ دواتر محەمەد تۆفێق ڕەحیم، دەچێتە ژووری توێژینەوەی سیاسی و هەردوو ئەندامانی ژوورەکە کاک گەیلان عەباس و کاک هەڵمەت محمد، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆبونەوەکەیان گرتبووە ئەستۆ، بانگ دەکات بۆ ژووری ڕەوەندی کوردی و لەوێ پێیان دەڵێت: بەئەمری کێ ئەو دانیشتنەتان سازکردوەو بۆ پرستان نەکردوە بۆ ئەنجامدانی وەها دانیشتنێک؟ ئەوانیش دەڵێن: "ئەمە بەشێکە لەئەرک و واجباتی ژووری توێژینەوە، ئێمە بەکاری خۆمان هەستاوین، ئەم گفتوگۆیانەش بۆ سودی گۆڕانە، لەناوخۆدا ئەم گفتوگۆیانە بکەین بۆ چارەسەری کێشەکانمان باشترە، وەک لەدەرەوەی گۆڕان خەڵکی دیکە قسەمان لەسەر بکات". 
پاشان لە ٢٨/١١/٢٠١٥ ، لەگەڵ دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین ڕۆشتینە بارەگای جڤاتی گشتیی و دەقی ڕاپۆرتەکەم بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی جڤاتی گشتیش خوێندەوە. (ئەو کات بۆئەوەی دەقی ڕاپۆرتە-نامەکە بۆ مێدیاکان دزەی پێنەکرێت؛ کۆپیم لێنەدا بە ئامادەبووانی هەردوو کۆبوونەوەکە). 
ئەو بەڕێزانەی کە لە کۆبوونەوەکەی ٢٤/١١/٢٠١٥ ئامادەبوون، لێرەدا ناوەکەیان لەگەڵ پلە و بەرپرسیارێتیی ئەو کاتەیان دەنووسم:
١- د. ڕەئوف عوسمان- سەرۆکی جڤاتی گشتیی و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
٢- د. یوسف محەمەد- سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەشدار لە کۆبوونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی.
٣- د. بورهان یاسین- ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان لەسەر پشکی گۆڕان.
٤- ئارام شێخ محەمەد- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەشدار لە کۆبوونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی.
٥- مستەفا سەید قادر- وەزیری پێشمەرگە- سەرپەرشتیاری تیمی گۆڕان لە حکومەت، بەشدار لە کۆبوونەوەکانی جڤات.
٦- ساماڵ سەردار- وەزیری بازرگانی.
٧- د. هەڤاڵ ئەبوبەکر- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەشدار لە کۆبوونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی.
٨- د. شۆڕش حاجی- وتەبێژی بزوتنەوەکە، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
٩- هۆشیار عەبدوڵڵا- سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
١٠- ئەنوەر تاهیر- سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
١١- هشیار عابد- سەرپەرشتیاری گۆڕان لە بادینان، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
١٢- عەبدولڕەزاق شەریف- ڕێکخەری میدیای گۆڕان،  ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
١٣- ئاسۆ ڕەحیم- ڕێکخەری ژووری پەیجوری، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
١٤- شێخ کامیل- ڕێکخەری ژووری چاودێری، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
١٥- ئاراس وەلی- ڕێکخەری ژووری ڕەوەند، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
١٦- زمناکۆ جەلال- ڕێکخەری ژووری هەڵبژاردن، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
١٧- چێنەر عومەر- ئەندامی ژووری یاسایی بە نوێنەرایەتی ژووری یاسایی.
١٨- ئاسۆ مەحمود- باژێڕوانی سلێمانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
١٩- گوڵستان سەعید- تەواوکاری لە مەکۆی سلێمانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
٢٠- جەزا سەرسپی- تەواوکاری لە مەکۆی سلێمانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
٢١- د. شێرکۆ حەمە ئەمین- پەرلەمانتاری گۆڕان.
٢٢- د. بەهار مەحمود- ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
٢٣- چیمەن ساڵح- هەڵسوڕاوی گۆڕان.
٢٤- عەدنان عوسمان- هەڵسوڕاوی گۆڕان.
٢٥- بابەکر دڕەیی- هەڵسوڕاوی گۆڕان.
٢٦- مەلا فەرمان- هەڵسوڕاوی گۆڕان، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.
٢٧- سیروان ڕەشید- بەرپرسی پەیوەندیەکانی KNN.
٢٨- هێمن زاهیر- هەڵسوڕاوی گۆڕان و لە ستافەکەی د. یوسف لە پەرلەمان.
٢٩- گەیلان عەباس- ئەندامی ژووری توێژینەوەی سیاسی.
٣٠- هەڵمەت محەمەد- ئەندامی ژووری توێژینەوەی سیاسی. 
ئەو دوو هاوڕێ بەڕێزەی کۆتایی (گەیلان و هەڵمەت) وەک دوو ئەندامی ژووری توێژینەوەی سیاسی، ئیدارەی کۆبوونەوەکەیان دەدا. 
کە لە خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکە بوومەوە و گفتوگۆکرا، جگە لە دوو کەس، کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی ڕایان جیاوازبوو؛ ئیدی هەموو ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە پشتیوانی خۆیان بۆ ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە دەربڕی. کۆنووسی قسەی ئامادەبووانم لایە. لێرەدا و بە مەبەست و پێش ئەوەی خوێنەر بچێتە سەر دەقی ڕاپۆرتەکە، بە ئەمانەتەوە پوختەی قسەی چەند بەڕێزێکی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە دادەنێم:
*مستەفای سەید قادر، یەکەم کەس بوو قسەی کرد و وتی: "سەرەڕای هەندێک سەرنجم، بەڵام لەگەڵ بەشی زۆری ڕاپۆرتەکەدام و لێرەوە بە ناوی هاوڕێ کۆنەکانمەوە (ئەو گروپەی کە لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتییەوە هاتبوون) ڕایدەگەیەنم لێمانگەڕێن بە ڕێزەوە دەچینەوە ماڵی خۆمان." 
*عەبدولڕەزاق شەریف، جگەلەوەی پشتیوانیی بەشی زۆری ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی کرد، هاوکات پێوەی دیاربوو نیگەرانە لەو بەشەی ڕاپۆرتەکە، کە ڕەخنەی لە میدیای گۆڕان گرتبوو.
*هۆشیار عەبدوڵڵا، پشتیوانیی خۆی بۆ ناوەڕۆکەکەی دەربڕی و وتی: "زمانی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، دەبێت ببێتە سەرەتا و زمانی ڕەخنەگرتن لەناو گۆڕاندا."
*د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، هەستایە سەرپێ و قسەی کرد، بە پێداگرییەوە پشتیوانیی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی کرد و وتی: "لەو ڕاپۆرتەدا شتێک نەهاتووە دژی بەرژەوەندیی بزوتنەوەکە بێت."
*ئارامی شێخ محەمەد، جگە لە دەربڕینی پشتیوانیی، هاوکات دەستخۆشیی لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەش کرد.
*گوڵستان سەعید، جگە لەوەی پشتیوانیی تەواوی خۆی دەربڕی، هەروەها زۆر دڵخۆشبوو بەوەی، کە لە ڕاپۆرتەکەدا پیاوێک ڕەخنە لەوە دەگرێت، لە بزوتنەوەی گۆڕاندا وەک پێویست ڕۆڵ بە ژنان نەدراوە.
*د. شێرکۆ حەمە ئەمین، پاش دەربڕینی پشتگیری، داوایکرد (هەر لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەک دروستبکرێت بۆ کارکردن لەسەر ڕاپۆرتەکە.) 
دیارە زۆربەی هەرە زۆری ئامادەبووان قسەیان کرد و بێ پێچوپەنا و سەرسەختانە لەو کاتەدا پشتیوانی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە بوون.
*دواهەمین کەس کە قسەی کرد، (د. بورهان یاسین) بوو، کورت و پوخت پشتیوانیی خۆی دەربڕی و وتی: "دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەم ڕاپۆرتە کۆنگرەی پێشوەختە ببەستێت." هەروەها داوایکرد ڕای خۆم لەسەر دروستکردنی هێزی چەکدار بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، لە بەشێکدا بۆ ڕاپۆرتەکە زیاد بکەم. (ئەو کات هەندێک هەڵسوڕاوی گۆڕان، داوای دروستکردنی هێزێکی چەکداریان بۆ بزوتنەوەکە دەکرد.) 

چەند تێبینییەک:
یەک: هەر لە کۆتایی مانگی ١١ی ٢٠١٥ دا، بە دەستی خۆم، کۆپییەکی کاغەزی ڕاپۆرتەکەم لە زەرفدا، لێدا بە هەریەکە لەم بەڕێزانە:
١-جەمال محەمەد- سکرتێەری جڤاتی نیشتمانی- بۆئەوەی لای ئەوەوە بگات بە تەواوی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی.
٢- د. ڕەئوف عوسمان - سەرۆکی جڤاتی گشتی- بۆئەوەی لە ڕێگەی ئەوەوە بگات بە تەواوی ئەندامانی جڤاتی گشتی.
 ٣-عومەری سەید عەلی
٤- قادری حاجی عەلی
٥- جەلال جەوهەر
٦- عوسمانی حاجی مەحمود
٧- محەمەد تۆفیق ڕەحیم
٨- مستەفا سەید قادر
٩- شۆڕش حاجی
دوو: لەو چەند کەسەی، کە بە کاغەز ڕاپۆرتەکەم پێدان؛ بەڕێزان (عومەری سەید عەلی، جەلال جەوهەر، محەمەد تۆفیق ڕەحیم) نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ وەڵامیان نەبوو؛ ئیدی ئەوانی تر بە جۆری دیکە و لە بۆنەی جیاوازدا دەستخۆشییان کرد. دڵنیام بە ئێستاشەوە دەقی ئەم ڕاپۆرتە لای بەشێک لەو بەڕێزانە پارێزراوە.
سێ: سەبارەت بە کاک نەوشیروان، بە ئیمێڵ هیچ وەڵامێکی نەبوو، بەڵام کە لە بەریتانیا گەڕایەوە؛ ئێوارانێکیان لە ماڵەکەی گردەکەی سەردانمکرد. خۆی باسی ڕاپۆرتەکەی کرد و بە دوور و درێژی گفتوگۆمانکرد. ڕەدینەکردەوە و بگرە بەڕوونی پێوەی دیاربوو، کە بەشی گەورەی لا پەسەندبوو. 

ئێستاش فەرموون دەقی ڕاپۆرتە-نامەکە وەکخۆی:

بۆ بەڕێزان: 
ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان
جڤاتى نیشتیمانیی بزوتنەوەى گۆڕان
جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان


گۆڕان لەناو گێژاودا!

بابەت: ڕاپۆرتى تایبەت
سڵاو...
   ئەم ڕاپۆرتە خستنەڕووى بەشێک لەو کێشە و گرفتانەیە، کە لە بزوتنەوەى گۆڕاندا هەن و لەگەڵیان دەژین. هەندێکیان ڕۆژانە و لە بەرچاون، هەندێکى تریشیان بە شێوەى وەرزیى و لە وێستگەی جیاجیادا دەردەکەون، بەڵام جار لەدواى جار لە فۆرمێکى خراپتر لە پێشوویان!  هەردوو جۆرى کێشەکان (هەمیشەیى و وەرزییەکان) جێکەوتەى خراپیان لەسەر ڕۆڵ و کاریگەری و تەنانەت هەیبەتی بزوتنەوەکە داناوە. (واتە لەم ڕاپۆرتەدا، وەک ئەرکێکى ڕێکخراوەیى بۆ ناوخۆى بزوتنەوەکە، مەبەستمانە تەنها خاڵە سلبییەکان پیشانبدەین). 
دیارە لە غیابی ڕێکخەرى گشتیشدا هەندێک لە کێشەکان قووڵتربوونەتەوە و کێشەى تریشیان سەربار بووە، بە تایبەت گیانى دەستپێشخەریى بڕیاردان تەواو لاوازبووە. (لە کاتی ناردنی ڕاپۆرتەکە بۆ کاک نەوشیروان بە هۆی نەخۆشیەوە لە بەریتانیا بوو، دواتر گەڕایەوە و لە هەرێم بوو تا ڕێکەوتنی گۆڕان-یەکێتیش کرا)
تەوەرەکانی ئەم ڕاپۆرتە بریتین لە (پەراوێزخستنى دەستوورى گۆڕان، غیابی دامەزراوە، پەراوێزخستنى پلاتفۆرمى گۆڕان، شکستى گۆڕان لە دانوستانەکانی تایبەت بە حکومەتى بنکەفراوان، حکومەتە خۆجێییەکان، گۆڕینى سیستمى سیاسی، میکانیزمى دانانى کاندید بۆ پۆستەکان، گۆڕان! بزوتنەوەیەک لە غیابى چاودێرى و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە و هەماهەنگیدا، ئایا گۆڕان باوەڕى بە پەیوەندى هەیە؟، گۆڕان حزبێکى قەرزار، بە لۆکاڵیکردنى گۆڕان، گۆڕان وەک حزبێکى مەزڵوم، گۆڕان لە غیابى پەروەردەدا، گۆڕان حزبێکى پیاوانە، گۆڕان و هەیبەت، ڕێکخستنەکانى گۆڕان، گۆڕان و هێزی چەکدار... چەند پرسی تریش).

تەوەری یەکەم: پەراوێزخستنى دەستوورى گۆڕان:
دەستوورى بزوتنەوەى گۆڕان لە یەکەم کۆنگرەیدا، لە ڕۆژانى ٢٦-٢٧/١٢/٢٠١٣ لە هۆڵى سەعد عەبدوڵا پەسەندکرا. لەگەڵ دەستوورەکەدا؛ کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردەش پەسەندکران، لەدواى تێپەڕبوونى نزیکەى دوو ساڵ، بەشى هەرە گەورە و گرنگى جێبەجێنەکراوە، بەم شێوەیە:
١-١: مادەى یەکەم، لە بەشى نۆیەم باسى جڤاتى نیشتیمانى دەکات؛ کە گرنگترین ئۆرگانى بزوتنەوەکەیە و بەم جۆرە پێناسەی کراوە "جڤاتى نیشتیمانى دامەزراوەى سەرکردایەتى بوارەکانى کارى سیاسى، ڕێکخراوەیى، کارگێڕى، دارایى و میدیایى بزوتنەوەى گۆڕانە." بەپێی مادەى سێیەم، لە هەمان بەش، جڤاتەکە لە ئەندامانى خانەى ڕاپەڕاندن، باژێڕوانەکان و ئەندامانى تەواوکارى، سەرۆکى فراکسیۆنەکان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، پەرلەمانى کوردستان، ئەنجومەنى پارێزگاکان پێکدێت. ئەم جڤاتە لە ئێستادا لە (٦٣) ئەندام پێکهاتووە، نزیکەى نیوەى ئەندامەکانی بەپێی ڕێوشوێنە دەستوورییەکان هەڵنەبژێردراون و شەرعییەتى دەستوورییان نییە.
١-٢: خانەى ڕاپەراندن: لە بەشى نۆیەم، مادەى دوازدەیەمدا هاتووە: "خانەى ڕاپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێکردنى بڕیار و ڕاسپاردەکانى جڤاتى نیشتیمانیی گۆڕانە، لەنێوان دوو کۆبوونەوەدا." ئەم خانەیە لە (٧) کەس پێکدێت. بە  پێوەرى حیزبەکانى تر وەک مەکتەبی سیاسی وایە؛ بەڵام لە ئێستادا ئەم ئۆرگانە نییە. ئەگەر کەسانێک ئەرکی ئەم خانەیە ڕاپەڕێنن، دیسان شەرعییەتیان نییە.
١-٣: بەپێی مادەى هەشتەم، لە بەشی نۆیەمدا، کە باسى ڕێکخەرى ژوورەکان دەکات، هاتووە: "ڕێکخەرى ژوورەکان لە ڕێگەى خانەى ڕاپەڕاندنەوە ناوەکانیان بۆ جڤاتى نیشتیمانى بەرزدەکرێتەوە، بۆئەوەى متمانەیان پێبدات." بەڵام لە ئێستادا (١١) ڕێکخەرى ژوورمان هەیە، هیچکام لەم بەڕێزانەش بەپێی ڕێوشوێنە دەستوورییەکان دانەنراون و شەرعییەتیان نییە.
١-٤: بەپێی بڕگەى دووەم، لە مادەى هەشتەم، بەشى نۆیەم، ئەندامانى ژوورەکانیش لەسەر داواى ڕێکخەرى ژوور و بە ڕاوێژ لەگەڵ خانەى ڕاپەڕاندن دادەنرێن. ئەم مادەیەش دیسان جێبەجێنەکراوە و هەموو ئەندامە بەڕێزەکانى ژوورەکانیش کە لانیکەم (٥٠) ئەندام دەبن، شەرعییەتى دەستوورییان نییە.
١-٥: جڤاتى گشتى: ئەمەش یەکێکی تر لە ئۆرگانە هەرە گرنگەکانى گۆڕان، کە لە بەشى هەشتەم، مادەى یەکەم، بەم شێوەیە پێناسەى کراوە "جڤاتى گشتیى چەترى پشتیوانى سیاسی و مەعنەوى دامەزراوەیى و ڕاوێژکارى بوارەکانى کارى سیاسی، ڕێکخراوەیى، کارگێڕى، دارایی و میدیای بزوتنەوەى گۆڕانە." بەپێى مادەى هەشتى هەمان بەش، ئەندامانی جڤاتەکە لەلایەن خانەى ڕاپەڕاندنەوە ناوەکانیان دەخرێتە بەردەم جڤاتى نیشتیمانى بۆ دەنگدان لەسەریان. پاشان جڤاتە گشتییەکەش لە یەکەم کۆبوونەوەى خۆیدا سەرۆکایەتى هەڵدەبژێرێت، ئەم مادانەش جیبەجێنەکراون. لە ئیستادا (٧٢) کەس وەک دەستەى سەرۆکایەتى و ئەندامانى ئەم جڤاتە دەستنیشانکراون، بەڵام دیسان شەرعییەتى دەستوورییان نییە.
بەم جۆرە لەناو تەواوى ئۆرگانە سەرەکییە حزبییەکانى گۆڕاندا، تەنها بەشێک لە ئەندامانى جڤاتى نیشتیمانى شەرعییەتیان هەیە، بە مانایەکى تر، لە کۆى نزیکەى (٢٠٠) کەس، کە بە پلەى حزبی جیاجیا ڕۆڵى قیادى حیزب دەگێڕن، لە ئەندامانى جڤاتى گشتى و ئەندامانى جڤاتى نیشتیمانى و ئەندامانى ژوورەکان، نزیکەى (١٧٠) کەسیان هیچ شەرعییەتێکى دەستوورییان نییە! بەدڵنیاییەوە چەندین مادەى تری دەستوورەکە پێشێلکراون یان پەڕاوێزخراون؛ لەپاڵ ئەوەشدا بەشی زۆرى ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەى، کە لە یەکەم کۆنگرەى بزوتنەوەکەدا پەسەندکران، پشتگوێخراون. یان بەپێچەوانەوە جێبەجێکران. قسە کردن لەسەر ئەمە تەعن نییە لە کەسایەتى ئەو هاوڕێ بەڕێزانەى، کە لەو جێگایانەدان، بەڵکو بۆ بیرخستنەوەى ئەو واقیعە مەترسیدارەیە، کە چۆن بزوتنەوەی گۆڕان دەستوورەکەى خۆى جێبەجێناکات. 
بێگومان ئەمەش دەرئەنجامى سلبیی هەبووە، لەوانە:
یەکەم: ئۆرگانێک نییە، وەک سەرچاوەى سەرەکیی بڕیاری بزوتنەوەکە تەماشابکرێت. زۆر بڕیار لە دەرەوەى کارى دامەزراوەیی و دەستوورییەوە گەڵاڵە دەبن.
دووەم: لاوازى کارى دامەزراوەیى و تێکەڵوپێکەڵى و ناهاوسەنگییەکى زۆر لە بەڕێوەبردنى کارەکاندا هەیە؛ چەندین کاری گرنگ و ناگرنگ، بچوک و گەورە، لە دەستى چەند کەسێکدا کۆکراوەتەوە، زۆرێکیش بێکار و بێبەرهەمن. 
سێیەم: کاتێک ئۆرگان و کەسێک شەرعییەتى نەبێت، ئیدى لە ئەداکردنى ئەرکەکانیدا هەست بە دڵەڕاوکێ و لاوازى دەکات، چون لە لایەک هەستدەکات بەشێک لە ئەرکەکانى لەلایەن کەسان و ئۆرگانى ترەوە بەڕێوەدەبرێت و سنوورى دەسەڵاتەکانى ئەم دەبەزێنرێت، لە لایەکى ترەوە تواناى دەنگهەڵبڕینى نییە، چونکە لە بنەمادا پێیوایە بە خێر لەو جێگەیە دانراوە.
چوارەم: هەماهەنگى و پەیوەندیی دامەزراوەیى، لەنێوان زۆربەى ئۆرگانە سەرەکییەکانى بزوتنەوەکەدا نییە، یان لاواز و سەرپێییە، ئەمەش بێئاگایی و بەیەکداچوون و بەریەککەوتنى زۆرى لێکەتووەتەوە. هەماهەنگیی پێویست لەنێوان ژوورەکاندا، لەنێوان ژوورەکان و فراکسیۆنەکاندا، لەنێوان ئەوان و مەکۆکاندا، لەنێوان فراکسیۆنەکان و نوێنەرەکانمان لە حکومەتدا ... هتد، وەک پێویست نییە. 
بۆ نموونە هەماهەنگیى نێوان فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمانی کوردستان و وەزیرەکانمان وەک نەبوون وابووە، لەماوەى کارکردنیاندا تەنها سێ کۆبوونەوە لەنێوانیاندا کراوە. یان کاتێک متمانە بە حکومەتەکە درا؛ وەزیرەکانى ئێمە کەمترین دەنگیان هێنا، لە پێشدا برادەرکانى خۆمان، دژ بە وەزیرەکانى خۆمان وەستانەوە، تێیدابوو دەنگى بە وەزیرى لایەنێکى تر دا، بەوانەى خۆمانى نەدا، تێیدابوو دەنگى بە نێچیرڤان بەرزانى دا، بەڵام بە لە نێچیرڤان باشترى نەدا!
لەسەر ئاستى حیزب، هەندێک بابەت بۆ ڕاى گشتیى خراوەتەڕوو، وەزیر و پەرلەمانتارەکانمان ئاگایان  لێنەبووە، یان ئەوان شتێکیان جوڵاندووە، بزوتنەوەکە لێی بێئاگابووە. بۆ نموونە کاتێک پرۆژەکەى گۆڕان بۆ گەڕانەوەى ناوچە دابڕاوەکان خرایە بەردەم حیزبەکان؛ برادەرانى پەرلەمان و حکومەت لێی بێئاگابوون. یان کاتێک پرۆژە یاساکەى هەموارى یاسای سەرۆکایەتیى هەرێم لە پەرلەمانەوە پێشکەشکرا، برادەرانمان لە حکومەت لێی بێئاگابوون. ئەمانەش ئیحراجیی زۆرى بۆ دروستکردن. ئەمەش دەرەنجامى نەبوونى پەیوەندى و هەماهەنگیی بوو، بێگومان ئەم دۆخە هەر بەردەوامە.
لە تازەترین نموونەشدا؛ لەدواى ١٢-١٠-٢٠١٥ەوە، ئەوە بوو لە لایەک گۆڕان ڕایگەیاند ئینقلاب کراوە و هەولێر و پەرلەمان و حکومەت داگیرکراوە، کەچی لەولاشەوە بەبێ ئەوەى هەولێر بگەڕێتەوە پێش دۆخی ١٢-١٠، بەبێ ئەوەى جێکەوتەکانى ئینقیلابەکە هەڵگیرابێت، بەبێ ئەوەى وەزیرەکان و سەرۆکى پەرلەمان گەڕابێتنەوە، هەموو بارەگاکانى گۆڕان لە سنوورى پارتى کرانەوە! (بێگومان پشتگوێخستنى دەستوورى بزوتنەوەکە و غیابى کارى دامەزراوەیى و نەبوونى هەماهەنگیی، کاریگەریى ئێجگار خراپیان لەسەر ئەداى نوێنەرکانمان لە پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەکانى تریش دانا.)

تەوەری دووەم: پێشێلکردنی پلاتفۆرم و بەرنامەى سیاسیی گۆڕان:
لە ماڵپەڕى فەرمیی بزوتنەوەى گۆڕاندا، پلاتفۆرم و بەرنامەى سیاسیی بزوتنەوەکە دانراوە. تێیدا بەوردى دیدی بزوتنەوەى گۆڕان، بۆ زۆربەى بوارەکانى پەیوەست بە حکومڕانى و ژیانى کۆمەڵگە خراوەتەڕوو، لەماوەى ڕابردوودا چەندین پێشێلکاری بەرامبەر بە بەرنامە و پلاتفۆرمى بزوتنەوەکە کراوە. لەم تەوەرەدا بە شێوەیەکى سەربەخۆ چەند نموونەیەکی پێشێلکارییەکان دەخەینەڕوو، بێگومان تەواوى تەوەرەکانى تری نێو ئەم ڕاپۆرتە، بە جۆرێک لە جۆرەکان نموونەى پێشێلکردنى دەستوور و پلاتفۆرمى بزوتنەوەکەن.
سەرەتا با بزانین لە دەستوورى بزوتنەوەی گۆڕاندا، پێگەى بەرنامە و پلاتفۆرمى بزوتنەوەکە چۆنە؟ وە بە چ میکانیزمێک دەتوانرێت پاشگەزبوونەوە یان گۆڕانکاریی تێدا بکرێت؟
لە بەشى یازدەیەمی دەستوورى بزوتنەوەکەدا، لە مادەى سێیەم، کە ئەرکەکانى کۆنفرانسی نیشتمانیى واتە (کۆنگرە)ى دیاریکردووە، یەکێک لە ئەرکەکانى کۆنگرە بریتییە لە (پەسەندکردن و دەستکاریکردنى بەرنامە و پلاتفۆرمى هەڵبژاردنەکانى پارێزگا، هەرێم، عێراقى فیدراڵ). واتە تەنها کۆنگرە مافی دەستکارى و گۆڕانکارى لە بەرنامەى سیاسی و پلاتفۆرمى بزوتنەوەکەدا هەیە؛ بەڵام با بزانین بزوتنەوەکە لەم ڕووەوە چی کردووە؟
٢-١: تازەترین نموونەی پاشگەزبوونەوە و پێشێلکارى لە سیستمى پەرلەمانى: لە پلاتفۆرمى بزوتنەوەى گۆڕاندا، لە ئامانجە دیموکراسییەکاندا هاتووە: پەرلەمان باڵاترین دەسەڵات بێت، بۆ متمانەدان بە دەسەڵاتى جێبەجێکردن، بە هەردوو سەرۆکایەتیى هەرێم و ئەنجومەنى وەزیرانەوە.
بزوتنەوەى گۆڕان زۆرترین ڕەنجى بۆ ئەمە دا، بەڵام ئەوەى مایەى هەڵوەستەلەسەرکردنە، لەو دوو پاکێجەى کە لە لایەن چوار لایەنەکەوە ئامادەکرا، بە ئامانجى ڕێککەوتن لەگەڵ پارتى؛ بێ هیچ دراسە و بڕیارێکى دامەزراوەیى و دەستەجەمعى، گۆڕان دەستبەردارى ئەو بنەمایە بوو. لە کاتێکدا پاساوى ئێمە بۆ سیستمى پەرلەمانیى تەواو ئەمانە بوو:
یەکەم: پۆستى سەرۆکایەتیى هەرێم ببێتە بەشێک لە سەفەقاتى سیاسی. 
دووەم: پۆستە باڵاکان لە دەستى یەک حزب و بنەماڵەدا کۆنەبێتەوە. 
سێیەم: بە هەڵبژاردنى سەرۆک لەناو خەڵکەوە مەترسیی دروستبوونى دیکتاتۆر زۆرە، بەڵام لە پەرلەمانەوە ئەم مەترسییە کەمدەکرێتەوە. 
چوارەم: بە هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لەناو خەڵکەوە دەرفەتى تەزویرى زۆر هەیە، بە گواستنەوەى بۆ پەرلەمان تەزویر نامێنێت.
لەپاڵ دەستبەرداربوون لە سیستمى پەرلەمانیى تەواو، لە پاکێجەکاندا مۆدێلێکى خراپ پێشکەشکرا، کە نە لەوەى بەغدا دەچوو، وەک ئەوەى ڕێکخەری گشتییش لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا جەختی لە سەر کردبوویەوە، نە لەمەى هەرێم. ئەم پاشگەزبوونەوەیە نەک هەر بڕیارى کۆنگرەی بۆ وەرنەگیرا، تەنانەت بڕیارى جڤاتەکانیشی بۆ وەرنەگیرا.
ڕەنگە پاساوى هەندێک لە برادەران بۆ ئەو سازشە ئەوە بێت، کە تەنها شتێکى تاکتیکى بوو، بەڵام دەرکەوت نە پارتى بەو سازشە ڕازیبوو، نە ئەم تاکتیکە بووەهۆى ئەوەى سێ لایەنەکەى تر لە کاتى ڕازینەبوونى پارتى، بە دوو پاکێجەکە، هەڵوێستێکى جدى بەرامبەر بە پارتى وەربگرن، بەڵام گۆڕان بەبێ ئەوەى هیچ بچنێتەوە؛ هەم سازشێکى مەبدەئیی کرد، هەم لە ڕووى ڕێکارییەکانی دەستوورى حزبەوە بە خراپی سازشەکەى کرد.
٢-٢: پاشگەزبوونەوە و پێشێلکارییەکى تر، بانگەشەکردن بۆ سەرکەوتوویی پرۆسەی نەوت: لە سەرەتای دروستبوونى بزوتنەوەى گۆڕانەوە، لەسەر ئاستى پەرلەمان و حزب و میدیاکانمان، زۆر قسەمان لە سەر ناشەفافیی پرۆسەى نەوت و خراپیی جۆرى گرێبەستەکان دەکرد، ئەمانە دیسان بەشێکن لە پلاتفۆرمى بزوتنەوەکە.
 بەڵام دواى بەشداریکردنمان لە حکومەت، لە کاتێکدا هێشتا چەند پۆستێکمان وەرگرتبوو، وتارمان لەسەر پرۆسەى نەوت ١٨٠ پلە گۆڕی، وازمان لەوە هێنا کە جۆری گرێبەستەکان خراپ بن. هەندێکجار بە سەرکەوتووش وەسفدەکران. لەسەر ئاستى پەرلەمان دواتر میدیا، بێ قەید و شەرت بزوتنەوەى گۆڕان پشتیوانیى خۆى بۆ پرۆسەى نەوت دەربڕى، بەشێک لە پەرلەمانتارەکانمان مژدەى گەورەیان بە خەڵک دەدا. ئەم گۆڕانکارییە هێندە کتوپڕ بوو خەڵکى سەر جادەش هەستیان پێکرد. (لە کاتێکدا بە ئێستاشەوە، نە لە حکومەت و پەرلەمان، نە وەک حزب نەمانتوانی دراسەیەکی زانستی لە سەر گرێبەستەکان بکەین، بۆئەوەى بزانین بۆ ئەوسا خراپ بوون، ئەى بۆ دواتر بە باشمان زانین!؟)
لەپاڵ ئەوەدا، بێ ئەوەى هیچ گەرەنتی و دراسەیەک هەبێت، بزوتنەوەى گۆڕان چووە ژێر بارى ئەو سیاسەتەى، کە پارتى وەک ڕابەرى دەرکەوتبوو، بە ناوى دروستکرنى ئابوریی سەربەخۆوە بۆ هەرێم، هەموو پرۆسەى نەوتى بە تەواوى خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆى، بەمەش لە لایەک پەیوەندییەکانى هەرێمى لەگەڵ بەغدا گەیاندە مریشکەڕەشە، لە لایەکى تریشەوە هاوشێوەى بەغدا، پارتییش پارەى نەوتى بەرامبەر بە هاووڵاتییان و هێزە سیاسییەکان وەک کارتى فشار بەکارهێنا. کار گەیشتە ئەوەی وەک جۆرێک لە فریودان و بێڕێزیکردن، وەزیرى داراییان بە ناوى هێنانەوەى پارەوە بۆ تورکیا نارد، بێ ئەوەى هیچ پارەیەک لەسەر حیسابی حکومەتى هەرێم دانرابێت. ئەمە هیچ کاردانەوەیەکى ئێمەى بە دوادا نەهات. (ئەو کات ڕێباز حەمەلان وەزیر بوو.)

تەوەری سێیەم: دانانى کاندید بۆ پۆستە تەشریعى و تەنفیزییەکان:
ئەمە یەکێکە لە کێشە وەرزییەکان: واتە هەرکات پرۆسەى هەڵبژاردنەکان نزیکبێتەوە؛ ئیدى ئەم نەخۆشییە یەخەى ئێمە دەگرێتەوە:
  هەرجارە و چەند برادەرێک بۆ دەستنیشانکردنى کاندید بۆ پۆستە حکومییەکان کۆدەکرێنەوە، هیچ کات بڕیارى جڤاتیان بۆ وەرناگیرێت.  ئیدى لێرەوە زۆر کەسی تر بوون بە ئەندام لەو لیژنانە، وەک جۆرێک لە ئیمتیاز دەزانن و خوازیارن ئەوانیش ئەندام بن و دەسەڵاتى دانان و لابردنى خەڵکیان هەبێت. پاشان لەبەرئەوەى میکانیزمى جێگیر و ڕۆشن بۆ دیاریکردنى کاندیدەکان لەبەرچاوناگیرێت، هەڵەى گەورە دەکرێت؛ لەوانە دیاردەى هەڵبژاردنى کاندیدى لاواز و نەشیاو. لەمەدا تەکەتول، خزمایەتى، سەپاندن، دەخزێتە ناو پرۆسەکەوە. لەپاڵ ئەوانەشدا ژمارەیەکى زۆر سیڤی لە هەڵسوڕاوان وەردەگیرێت، گوایە بۆ پۆستەکان کاریان پێدەکرێت، بەڵام ئەمە شتێکى شکڵییە. زۆر نموونەش هەبووە ناوی کەسێک وەک کاندید بۆ شوێنێک بڵاوکراوەتەوە، بەڵام پاش ماوەیەک کەسێکى دی لە جێگەکەى دانراوە، بەبێ ئەوەى هۆکارى ئەمە ڕوونبکرێتەوە؛ بەمەش کەسی یەکەم هەستى بە شکانى گەورە کردووە. لێرەوە ئیدى کێشە و گومان و عاجزبوون ڕوودەدات. هەمووجارێکیش لەدواى تەواوبوونى پرۆسەکە نەک هەر خەڵک و بزوتنەوەکە زەرەرمەند دەبن؛ بەڵکو خودى ئەندامانى لیژنەکەش دەبن بە قوربانى و وەک دێو تەماشادەکرێن!

لەم بەشەدا دەمەوێت سەرنجتان بۆ شتێکى تر ڕابکێشم:
   بزوتنەوەى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق، پەرلەمانى کوردستان، حکومەتى بنکەفراوان، حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکان بەشدارە. هەریەکە لەو شوێنانە کاریگەریی گەورەیان لەسەر ژیانى خەڵک و بزوتنەوەکەش هەیە؛ بەڵام بە شاهێدیی برادەرانى بزوتنەوەکە و ئەو هاوڕێیانەى کە لەو پۆست و شوێنانەدان، چەندین کێشەمان هەیە؛ لەوانە: کێشەى کەمئەزمونى، نەبونى خەڵکانى پسپۆڕ، بۆ نموونە لە شوێنێکدا پێویستمان بە کەسێکى ئەندازیار یان یاسایی هەیە، کەچی لەناو گروپەکانماندا یان کەمە یان نیمانە. هەروەها کێشەى پێکەوەنەگونجان و ئیلتیزامنەکردن بە فراکسیۆن و برادەرکانى خۆیانەوە، ئیلتیزامنەکردن بە ئۆرگانەکانى گۆڕانەوە. دیارە ئەم دۆخە لە شوێنێک بۆ شوێنێکى تر فەرقى هەیە. کاتێک نوێنەرێکمان تواناى ئەداکردنى ئەرکەکانی سەرشانی نییە، ئیدی لەمەدا خەڵک و بزوتنەوەکە زەرمەند دەبن، خودى کەسەکەش ئیحراج دەبێت. هیچ هەوڵێکى ڕێکخراویش لەلایەن بزوتنەوەکەوە، بۆ پەرەدان بە تواناى نوێنەرەکانمان نییە.
دیاردەیەکى عەجیبیش ئەوەیە، لە کاتى دانانى کاندیدەکاندا، بێنەوبەرەیەکى هێندە نائاسایی لە مەکۆکان و بە تایبەت لە گردەکەدا دروستدەبێت؛ هەندێکجار هەستدەکەیت غەنیمە دابەشدەکرێت!

تەوەری چوارەم: بۆ بەشدارى لە حکومەت، پرۆسەی دانوستانەکان چۆن بەڕێوەچوون؟:
بزوتنەوەى گۆڕان چ لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن، چ لە سەردەمى بەشداریمان لە حکومەتدا، لەسەر پرسەکانى: پرۆژەى دەستوور، سەرۆکایەتیى هەرێم، پرسی چاکسازى، پاکێجەکان، پرسی بەشداریکردن لە حکومەتى بنکەفراوان و حکومەتە خۆجێیەکان... هتد، لە دانوستاندا بووە.
بەپێی هەڵسەنگاندنى ئێمە کە پشتئەستورە بە زانیاری، بزوتنەوەى گۆڕان بە ڕێژەیەکى گەورە نەیتوانى، لە پرۆسەى دانوستانەکان سەرکەوتووبێت. لێرەدا چەند پرس و وێستەگەیەک بۆ بەرچاوڕوونى دەخەمەڕوو!
٤-١:سەردەمى ئۆپۆزسیۆن:
لە سەردەمى ئۆپۆزسیۆنبوونماندا؛ ڕێگەمان پێنەدرا لەناو پەرلەماندا بایی پێویست بەرنامەکانى خۆمان جێبەجێبکەین؛ لەسەر ئاستى وەفدە حزبییەکانیش دیسان نەتوانرا دەستکەوتێکى ئەوتۆمان هەبێت. نەشتوانرا خۆپیشاندانەکانى ١٧ی شوبات بخرێتە خزمەت پرۆسەى چاکسازى. لەو کاتەدا بەتایبەت لە پرسی پرۆژەى دەستوور و پرۆسەى چاکسازیدا، کۆمەڵێک هەڵەى گەورە ڕوویاندا. هەڵەیەکى گەورە پشتگوێخستنى بڕیارى ژمارە (٢) ى ساڵی ٢٠١١ی پەرلەمان بوو. (بڕیاری ژمارە ٢ بریتیبوو لە پەسەندکردنی کۆی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی ٢٠١١، لە لایەن پەرلەمانەوە. ناوەڕۆکەکەی باسی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستمی حکومڕانی دەکات، دوای پەسەندکردنی، لە ڕۆژنامەی وقایعی فەرمی بڵاونەکرایەوە؛ بەڵکو لە لایەن کەمال کەرکوکییەوە شاردرایەوە، دوای ماوەیەکی کورت، لە لایەن عەبدوڵڵای مەلا نورییەوە، بە گەڕانەوە بۆ تێکست و نووسراوەکان و ڤێدیۆکانی ناو پەرلەمان، دەقی بڕیارەکەی بۆ یەکەمجار، لە ڕۆژی ١٦ی ١١ی ٢٠١١ ، بە هەمان ڕێکاری پەیڕەویی داڕشتەوە و لە ڕۆژنامەی هاووڵاتی بڵاویکردەوە.)
دیارە لە شێوازى تەعامولمان لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەکان، هەڵەکانى سەردەمى ئۆپۆزسیۆن لە زۆر ڕووەوە جیاوازییەکى ئەوتۆیان لەگەڵ هەڵەکانى دوو ساڵى ڕابردوو نییە، بۆیە لە خوارەوە تەنها باسی ئەم دوو ساڵەی دوایی دەکەین.
٤-٢: سەردەمى بەشداریکردن لە حکومەتەکان: 
1.    حکومەتى بنکەفراوان:
لە سەرەتاکانى بڕیاردان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتى بنکەفراوان، وەفدى ئێمە لەگەڵ پارتى چووە دانوستانەوە. سەرنجبدەن؛ لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکانى نێوان گۆڕان و پارتى لە باشترین ئاستدا بوو، لە بەرامبەردا پەیوەندییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى، لەپاش وەستانى شەڕى ناوخۆوە، لە خراپترین ئاستیدا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانرا ئەم هاوکێشە نوێیە بۆ دەستپێکردن بە پرۆسەى چاکسازى بقۆزرێتەوە!
لە ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتى؛ پرسی سەرۆکایەتیى هەرێم و گۆڕینى سیستم و پرۆژەی دەستوور پشتگوێخران. هاوکات نەتوانرا ڕێککەوتن لەسەر پرۆژە و پلانێکى تۆکمە، کە تێیدا پرۆسەى گۆڕانکاری و چاکسازى بەپێی کات و قۆناغبەندى دیاریکرابێت، بکرێت.
زیاتر تەرکیز لەسەر وەرگرتنى پۆست کرایەوە، هەرچەندە دواى هەڵبژاردنى تازە، تا ڕێککەوتنى تازە، هیچ پۆستێک هی هیچ لایەنێک نییە، بەڵام لەمەشدا پارتى ئامادەنەبوو هیچکام لەو پۆستە وزارییانەى، کە لە کابینەى پێشتردا لای خۆیان بوو، بە گۆڕان بدات. چەندجارێک ئەندامانى وەفدى گۆڕان دەیانوت وەزارەتى (ناوخۆ) هێڵی سوورە، بەڵام پارتى تەنها لە وەزارەتەکانی لای یەکێتى بەشى گۆڕانى دا. لەمەدا مەبەستى سیاسیی خۆیان هەبوو! نەتیجەى ئەم سیاسەتەى پارتى و ڕق و کینەى یەکێتى لەدواى ئیزندانى وەزیرەکانی گۆڕان دەرکەوت؛ کاتێک مەلا بەختیار وتى: "ئێمە وەکو گۆڕان ناکەین، پۆستەکانى ئەوان پڕبکەینەوە." ئەمە لە کاتێکدا لە سەروبەندى گفتوگۆکاندا وەک تاکتیکیش بێت و بە هەر نرخێک بێت؛ دەکرا یەکێک لە وەزارەتەکانى لاى پارتیش وەربگرین.  
لە لایەکى ترەوە گوایە بڕیاردرابوو ٢٤% پۆستەکان بە گۆڕان بدرێت، پارتى لەمەش پەشیمانبوویەوە. ئەم پرسە درێژەى کێشا، فەترەیەک پارتى باسی ئەوەیان دەکرد، کە سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت سەرقاڵى شەڕى داعشن و ناتوانن ئیمزاى فەرمانی پۆستەکانی گۆڕان بکەن. فەترەیەکیش دەیانوت بۆئەوەى پۆستەکانى گۆڕان بدرێت، پێویستە یەکێتیش ڕەزامەندى بدات. فەترەیەکى تر بیانوویان ئەوە بوو، گوایە بەڵێنیانداوە ٢٤% تەنها لە ئاستى وەزیرەکان بۆ گۆڕان بێت، نەک پۆستەکانى خوارتر. 
لە بەرامبەر ئەم هەموو دەستی دەستییە؛ وەفدى ئێمە نەیتوانی سنوورێک بۆ پارتى دابنێت! تا ئەوەى لە چەسپاندنى ئەو بنەمایەشدا سەرکەتوو نەبووین، کە دەمانوت: "وەزارەت وەردەگرین، نەک وەزیر!"
خاڵێکى تر ئەوە بوو تەوقیتى ڕاگەیاندنى ڕێککەوتنەکەى نێوان گۆڕان و پارتى، لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا بوو، ئەمەش وایکرد یەکێتى دۆخەکە بقۆزێتەوە و لە ڕووى جەماوەرییەوە بەشێک لە دەنگەکانی گۆڕان بەم هۆیەوە کەمبکات، چونکە ئیدى ئێمە نە ئەو گۆڕانە بووین کە بتوانین بە دڵی خۆمان دژ بە خراپی حکومڕانی و ڕێککەوتنەکانى پارتى و یەکێتى بووەستینەوە، نە یەکێتیش ئەو یەکێتیەى جاران بوو، کە لەگەڵ پارتیدا لە هاوپەیمانێتیدا بێت، دواتر کاک نەوشیروان تەعبیرى (نێرەمۆک)ى بۆ دۆخى ئەو کاتەى گۆڕان بەکارهێنا. ئیشکالێکى ترى ڕێککەوتنەکە ئەوە بوو، تێیدا ئاماژە بەوە نەدرابوو لە چ حاڵەتێکدا ئەشێت ڕێککەوتنەکە هەڵبووەشێتەوە؟ یان ئەگەر لایەنێک ئیلتیزامى نەکرد چی؟ یان ئایا هەڵوەشاندنەوە یەکلایەنە دەبێت یان دوولایەنە!؟ بینیمان پارتى یەکلایەنە ئیعلانى هەڵوەشانەوەى ڕێککەوتنەکەیان کرد؛ ئێمەش هیچ.
2.    بەشداریی لە حکومەتى خۆجێیی: 
لە گفتوگۆکردنمان بۆ پێکهینانى حکومەتە خۆجێییەکان، بە جۆر و قەبارەیەکی تر هەمان ئەو هەڵانەی، کە لە حکومەتى بنکەفراواندا تووشمان هاتبوون، کرانەوە. نەتوانرا لە کاتێکى گونجاودا پرسەکە یەکلاییبکرێتەوە، تەنانەت لەسەر ئاستى سلێمانیش نەتوانرا ئیستیحقاقی گۆڕان وەربگیرێت، پاشان لایەنى یەکێتی بیانووى ئەوەیان دەگرت، کە دەبێت بەپێی قانون پۆستەکان پڕبکرێنەوە و گۆڕان بۆ هەر پۆستێک سێ کاندیدى هەبێت، ئەمەش بۆ ماوەیەکى زۆر وەرگرتنى پۆستەکانى گۆڕانى دواخست و چووە خزمەت سیاسەتەکانى پارتی. 
پاشان یەکێتى لەسەر ئەوە ڕازیبوو، لە چوارچێوەى ڕێککەوتنە سیاسییەکەدا پۆستەکان پڕبکرێنەوە، واتە بۆ هەر پۆستێک، تەنها کاندیدیک دیاریبکرێت. سەرنجبدەن؛ ئا لەم کاتەدا بزوتنەوەى گۆڕان لاى خۆیەوە ناوى کاندیدەکانى ئامادەنەبوو! ئەمە لە کاتێکدا زیاتر لە (١٠) مانگ دەرفەتى تەواو لەبەردەم بزوتنەوەى گۆڕاندا هەبوو، بۆئەوەى کاندیدى ئیحتیاتى خۆى بۆ هەر پۆستێک دابنێت، بۆ ئەمەش دەیان سیڤی لە گردەکە بوو!
3.    پۆست و کاندیدەکانی گۆڕان و پرسی سەرۆکایەتیى هەرێم:
کە بۆنى ئەوە کرا پارتى نیازی هەیە، بەئەنقەست پۆستەکان و پشکی گۆڕان لە حکومەتی بنکەفراواندا، هەندێکى نەدات و هەندێکى ترى دوابخات، هەروەها عەرقەلەی یاسایی لەبەردەم بەشێک لە کاندیدەکانمان بۆ حکومەتەکان دروستبکات، کە ناوەکانیان بۆ ئەنجومەنى وەزیران نێردرابوون. لەو کاتەدا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، مەترسیی ئەمە لە مەجلیسەکانی گۆڕاندا دەیانجار خرایەڕوو؛ بەڵام  دیسان هیچ هەنگاو و هەڵوێستێکى جدیى لەلایەن گۆڕانەوە بەرامبەر بە پارتى وەرنەگیرا.
سەرنجبدەن؛ لەنێوان فەترەى هەردوو ڕێککەوتنەکەى گۆڕان-پارتى، گۆڕان-یەکێتى لەگەڵ کۆتاییهاتنى ویلایەتى بەرزانى، ماوەیەکى دوورودرێژ هەبوو، نەتوانرا کەڵکی لێوەربگیرێت. 
بۆ نموونە: لەنێوان ١٧-٤-٢٠١٤ کە بەرواری ڕاگەیاندنى ڕێککەوتنەکەى گۆڕان-پارتى بوو، لەگەڵ ١٩ -٨-٢٠١٥، کە بەروارى کۆتاییهاتنى ویلایەتى بەرزانى بوو؛ زیاتر لە (١٦) مانگ کات لە بەردەست بوو، کەچی ئەو ماوە درێژە پارتى توانى دەستى دەستى بە گۆڕان بکات و زۆربەى پشکەکانی خۆمان پێنەدات. 
هەروەها لەنێوان بەروارى ڕاگەیاندنى ڕێککەوتنەکەی گۆڕان-یەکێتی، کە دەکاتە بەروارى ٩-١٢-٢٠١٤ لەگەڵ بەروارى کۆتاییهاتنى ویلایەتى سەرۆکایەتیى هەرێم، نۆ مانگ و یازدە ڕۆژ هەبوو، لە خراپترین حاڵەتدا بۆ متمانەدان بە مودیرعامەکان، کە لە ٣٠-٣-٢٠١٥ لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى متمانەیان پێدرا، پێنج مانگ کات هەبوو، دیسان لەو ماوە زۆرەدا نەتوانرا سەرۆکى حکومەت بەوە ناچار بکرێت واژۆ لەسەر هەموو پۆستەکانى گۆڕان بۆ حکومەتى خۆجێیی بکات.
سەرنجبدەن؛ بەم جۆرە لەسەر ئاستى پارێزگاکانى هەولێر، سلێمانى، دهۆک، هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەڕین، لە کۆی ئەو شەش پارێزگا و ئیدارەیە؛ لە دوو پارێزگایاندا هیچ پۆستێک بە گۆڕان نەدرا، لە ئیدارەى ڕاپەڕین و گەرمیانیشدا بەشى گرنگ و گەورەى پشکی گۆڕان پڕنەکرانەوە، لە پارێزگاى سلێمانیش دیسان مافى خۆمان وەرنەگرت، لە هەڵەبجەش هێشتا کێشەمان هەیە و پرسەکە یەکلایینەکراوەتەوە! ئەمە جگەلەوەى لە کاتى دانوستانەکاندا هەم بۆ حکومەتە خۆجێییەکان و هەم بۆ حکومەتى بنکەفراوان، چەندین پۆستى گرنگ و کاریگەر لاى ئێمەوە پشتگوێخران و هەر لە بنەمادا لە دەرەوەى چوارچێوەى گفتوگۆکان هێڵرانەوە. هاوکات نوێنەرێکی تایبەتمان، بۆ بەدواداچوونى ئیستیحقاقی گۆڕان لەناو ئەنجومەنى وەزیران دامەزرێنرا، (د. ئاکۆ حەمە کەریم) ئەمیش هیچی لە هاوکێشەکە نەگۆڕی.

تەوەرى پێنجەم: دانوستانەکان و پرسی پرۆژەى دەستوور و سەرۆکایەتیى هەرێم:
گۆڕینى پرۆژەى دەستوور و سیستمى حکومڕانی و دەستاودەستکردنى دەسەڵات و ڕێزگرتن لە سەروەریى یاسا و دیموکراسی بەشێکى گرنگە، لە بەرنامەى سیاسی و پلاتفۆرمى بزوتنەوەى گۆڕان.
٥-١: پرۆژەى دەستوور: وەک لە سەرەوە باسمان کرد، لە ڕێککەوتنمان لەگەڵ پارتى لە ١٧-٤-٢٠١٥ پرسی گەڕانەوەى پرۆژەى دەستوور و گۆڕینی سیستم و کێشەى سەرۆکایەتیى هەرێم بێدەنگییان لێکرا. لەناو پەرلەمانیشدا بێ پلان و درەنگوەخت دەستی بۆ برا، (هەرچەندە پاساوى بەشێک لە برادەرانمان ئەوەیە ویستوویانە زەمینەسازیى بۆ بکەن). پاشان تا مانگەکانى نزیک کۆتایی ویلایەتى سەرۆکایەتیى هەرێم، گۆڕان تەنها چاوى لە پەرلەمان بوو، ئەو پرسە چارەسەربکات، واتە هیچ جوهدێکى سیاسیى ڕێکخراو، لە دەرەوەى پەرلەمانەوە نەخرایەگەڕ.
لە لایەکى ترەوە گۆڕان تەنها لەسەر یەک بژاردە کارى دەکرد، ئەویش گۆڕینى سیستم بوو، لە ڕێگەى پرۆژەى دەستوورەوە. دواتر ڕێگاى هەمواری یاسای سەرۆکایەتیى هەرێم هاتەپێش. واتە بۆ ئەگەرى ڕێکنەکەوتن هیچ بژاردەیەکى بەدیل لە بەرچاو نەگیرا. (بۆ نموونە دەکرا هەر لە سەرەتاوە ئیعلانى ئەوە بکرێت، ئەگەر لە ماوەیەکى دیاریکراودا ڕێککەوتن لەسەر پرۆژەى دەستوور نەکرێت؛ ئەوا ڕێگاى قانونى و دیموکراسی ئەوەیە پێش ١٩-٨-٢٠١٥ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى هەرێم، بەپێی یاسا کۆنەکە بەڕێوەبچێت و گۆڕانیش کاندیدى بۆ سەرۆکى هەرێم هەبێت و بارزانییش مافی خۆپاڵاوتنى نابێت).
لە لایەکى ترەوە تووشی جۆرێک لە دوو وتارى هاتبووین، لە لایەک پێمانوابوو پەرلەمان تەنها شوێنى چارەسەرى کێشەکەیە، لەو لاشەوە پێمانوابوو لە پێشدا دەبێت حیزبەکان ڕێکبکەون، پاشان پرسەکە ببرێتە پەرلەمان.
لە سەروبەندى گفتوگۆکردنى پرۆژەیاسای ئامادەکردنەوەى پرۆژەى دەستوور، گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا لە ناکۆکیدا بوو لەسەر ئەوەى ئایا لە یاساکەدا بنووسرێت (پێداچوونەوە) یان (ئامادەکردنەوە)، ئەمەش تەنها لەبەر کۆمەڵێک هۆکارى لاوەکی (بۆئەوەی هیچ دەستکەوتێک بۆ یەکێتی تۆمارنەکرێت، بەو پێیەی یەکێتی دەیانوت لە ٣٠حوزەیرانی ٢٠١٣ پرۆژەی دەستوور گەڕاوەتەوە پەرلەمان و بڕاوەتەوە.)
٥-٢: پرسی سەرۆکایەتیى هەرێم و هەموارى یاساکەى:
   ئەم بابەتە کاتێک لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا هاتە بەرباس، کە هەستکرا پەرلەمان ناتوانێت پرۆژەى دەستوور یەکلاییبکاتەوە. واتە بە واقعى حاڵ، دەستبردن بۆ هەموارى یاسای سەرۆکایەتى هەرێم دواکەوت. لە ناوخۆدا بۆچوونى جیاواز هەبوو، لەسەر ئەوەى لەبرى هەموارى یاسای سەرۆکایەتى، زیاتر کار لە سەر پرۆژە دەستوورەکە بکرێت، کە بڕیار لەسەر هەموارى یاساکە درا، سەرەتا دەکرا سەرۆکایەتیى پەرلەمان داوا لە ڕاوێژکارەکانى پەرلەمان و لیژنەى یاسایی بکردایە، لەناو پەرلەماندا پرۆژەیەک ئامادەبکەن، بۆ ئەوەى پرۆژەکە هی خودى پەرلەمان بێت، نەک لایەنێکى دیاریکراو؛ ئەمە نەکرا. سەرۆکایەتى پەرلەمان داواى لە فراکسیۆنەکان کرد پرۆژە ئامادەبکەن، یان هەریەکە و پرۆژەى خۆى بێنێت. 
لە بەروارى ١٠-٦-٢٠١٥ فراکسیۆنى گۆڕان پرۆژەیەکى پێشکەش بە سەرۆکایەتیى پەرلەمان کرد، (پرۆژەکە هەمان پرۆژەکەی خولی سێی پەرلەمان بوو، کە لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتیی کاک عومەری سەید عەلی بڕیاری دەستکاریکردنی درا و دواتر لە ژووری توێژینەوەی سیاسی دەستکاریمان کرد)، واتە دوو مانگ و ٨ ڕۆژ پێش تەواوبوونى ویلایەتى سەرۆکایەتیى هەرێم. لەمەشدا کۆمەڵێک هەڵە کرا، لە کاتی پێشکەشکردنى پرۆژەکەی گۆڕان، بە بێ تەنسیق لەگەڵ سێ لایەنەکەى تر، لە ئیعلام بڵاوکرایەوە. ئەمە لە لایەک سێ لایەنەکەى نیگەرانکرد، لە لایەکى ترەوە پارتی هەوڵیدا بیقۆزیتەوە بۆ دروستکردنى درز لە نێوان لایەنە هاوپەیمانەکان.
تا ئەو کاتە هیچ پلان و تەنسیقێکى ڕێکخراو لە لایەن گۆڕانەوە لەگەڵ لایەنەکانى تردا نەبوو، لیژنەى تەنسیقى نێوان یەکێتى و گۆڕان لەدواى بڵاوکردنەوەى پرۆژەکەى گۆڕان دروستکرا، ئەمەش بۆ ماوەیەک چالاکیی ئەوتۆیان نەبوو. (لە کاتێکدا بێگەرد تاڵەبانی و گۆران ئازاد پەرلەمانتارانی یەکێتی، بە نهێنی و بە ئاگاداری هێرۆخان، چەند جارێک سەردانی کاک نەوشیروانیان کرد و بڕیاردرا تەنسیقی تەواو هەبێت، قیادەی گۆڕانیش ئەمەیان دەزانی.)
ئەوەى مایەى سەرنج بوو! لە کاتێکدا ئێمە لەو سەروبەندەدا، لە هەرکات زیاتر پێویستمان بە دەنگ و پشتیوانیى پێکهاتەکانی تورکمان، کلد و ئاشوورى هەبوو، کەچی لەناکاو لەناو پەرلەمانەوە، لە لایەن نوێنەرانی گۆڕانەوە داواى کەمکردنەوەى کورسیی کۆتاکان کرا، پارتى ئەمەشی دژ بە گۆڕان، بە باشی قۆستەوە، تا حەدى ئاگادارکردنى نوێنەرایەتیى وڵاتان بردى. (هەوڵی کەمکردنەوەی کورسیی کۆتاکان ئامانجێکی گۆڕان بوو، بەڵام لە مێدیاوە وروژێنرا و بە نەزانی دەستی بۆ برا.)
هەروەها جیاوازی و دژیەکى، لە دید و بۆچوونمان چ لە پەرلەمان و چ لە میدیا و دواتریش لە وەفدى سیاسی هەبوو، لە لایەک خواستێکى جدى هەبوو لەپێناو ڕێککەوتن، دووساڵ ویلایەتى بەرزانى درێژ بکرێتەوە، پارتى ئەم پەیامەشی پێگەیشتبوو، لە بەرامبەردا گروپێکى تر دژى ئەمە بوون، چونکە ئەمە بە لادان لە جەوهەری بزوتنەوەى گۆڕان دادەنرا. ( بە کورتى تا دواساتى گفتوگۆکان، گۆڕان لە ناوخۆیدا بڕیارێکى کۆنکریتى نەبوو.)      
پاش ئەوەى ئومێدى ڕێککەوتن نەما، ئەنجومەنى شورا بە ڕایەکى ناقانونیى، شەرعییەتى بە مانەوەى بەرزانى لە پۆستەکەی دا. لەو کاتەدا دەبوو بە فەرمی لە لایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمان و فراکسیۆنەکان و حیزبەکانیشەوە، ئەو بۆچوونەى ئەنجومەنى شورا بە توندى ڕەدبکرێتەوە، کەچی جگە لە هەندێک لێدوانى تاکوتەرا، بێدەنگى لێکرا. (سەرۆکى پەرلەمانیش درەنگوەخت لە چاوپێکەوتنێکدا بە ناقانونى ناوی برد.) تەنانەت دەکرا ڕێکارى قانونى بەرامبەر بە ئەنجومەنى شورا بگیرێتەبەر و خودى پەرلەمان لەسەر ئەم پرسە ئیجرائات بکات. ( لە ڕاستیدا هەندێک ئەم بڕیارەى ئەنجومەنى شورایان وەک فریادڕەسێک لێکدەدایەوە، کە بەبێ ئەوەى ئیحراجى بۆ هیچ لایەنێک دروستبێت، کێشەى درێژکردنەوەى ویلایەتى بەرزانی لە کۆڵى پەرلەمان و لایەنەکان کردووەتەوە.)
کاتێکیش لە ١٩-٨-٢٠١٥ کۆتایی بە ویلایەتەکەى بەرزانى هات، پێشنیازى ئەوە خرایەڕوو، کە بۆ ڕاى گشتیى ناوخۆیى و دەرەکى ئیعلانى ئەوە بکرێت، کە ویلایەتى بەرزانى کۆتاییهاتووە و ئیدى تەعامولى لەگەڵ ناکەین، ئەمەش قبووڵنەکرا. بەم پێشنیازە هەندێک تووڕە دەبوون.  تەنانەت لە دواهەمین ڕاگەیەندراوى بزوتنەوەکەدا، لەدواى ئیزندانى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرەکان، هێشتا کەسانێک تێبینیان لەسەر ئەوە هەبوو بڵێین ویلایەتى بەرزانى تەواوبووە و پارتى کودەتای کردووە.
پێش ئەوەى ویلایەتى بەرزانى تەواوبێت، لە ئاستى بەرزدا لە کۆبوونەوەکان و لە ئیعلامیشدا باسی ئەوە دەکرا، لە فەراغى قانونیدا بۆ دوو مانگ سەرۆکى پەرلەمان، بەپێی قانون کارەکانی سەرۆکى هەرێم هەڵدەسوڕێنێت، بەڵام پارتى ڕەدیدەکردەوە، کاتێکیش ویلایەتى بەرزانى تەواوبوو، پەرلەمان مومارەسەى دەسەڵاتەکانى نەکرد، لەمەشدا قسەکەى پارتى چووەسەر. لەدواى ئەوەی ویلایەتى مەسعود بەرزانى کۆتاییهات؛ پاش ماوەیەک بە سیفەتى سەرۆکى هەرێم کۆمەڵێک چالاکیى ئەنجامدا، گۆڕانیش تەعامولی لەگەڵ کرد و بە جۆرێک لە جۆرەکان شەرعییەتمان پێدا.
لەو کۆبوونەوەیەشدا کە لە هۆڵى سەعد عەبدوڵا لە ١٩ی ئاب بە ئامادەبوونى نوێنەرانى ئەمریکا و بەریتانیا تا سەرلەبەیانى بەردەوام بوو، هەموو لایەنەکان بە گۆڕانیشەوە لەسەر ئەوە ڕێککەوتبوون، کۆبوونەوەکەى ئەو ڕۆژەى پەرلەمان نەکرێت، بەڵام کرا و نیسابی قانونیى تەواو نەبوو. لەمەدا تێنەگەیشتین چۆن وەفدى گۆڕان بەڵێنى بە لایەنەکانی تردا، کە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نەکرێت، ئەى چۆن سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان بەڵێنەکەى ئەندامانى وەفدى گۆڕانیان لە بەرچاو نەگرت؟ بێگومان ئەمە مەوقیفی گۆڕانى لە بەرامبەر هەموو لایەنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لاوازکرد. (لێرەدا قسە لەسەر ئەوە نییە کە ئایا وەفدەکەمان باشیان کرد، یان برادەرانمان لە پەرلەمان، بەڵکو قسە لە سەر بێسەروبەرەییەکەیە.)
بەم جۆرە پارتى توانى تەواوى مەلەفەکانى حکومەتى بنکەفراوان، حکومەتى خۆجێیەتى، چاکسازی، پۆستەکانى گۆڕان، سەرۆکایەتیى هەرێم و پرۆژەى دەستوور لە سەروبەندى وادەى کۆتایى ویلایەتى هەرێمدا بە تەواوى بە قازانجى خۆى تێکەڵ بکات. تا ئەوەى بە فەرمانى بەرزانی لە پۆستە ناشەرعییەکەیەوە، جەرائەتی ئەوەیان کرد سەرۆکی شەرعیی پەرلەمان و وەزیرەکانیشمان ئیزن بدەن و کارتەکانى ناو حکومەت و پەرلەمانیشمان، کە نەمانتوانی لە کاتی گونجاودا بە باشی کەڵکیان لێوەربگرین، تاڕادەیەک پوچەڵ بکەنەوە. ئەگەر بە ویژدانەوە ئاوڕێک لەم هەنگاو و هەڵوێستانەى گۆڕان بدەینەوە؛ دەگەینە ئەو باوەڕەى، کە گۆڕان چەند بە لاوازى و شێواوى دەستى بۆ ئەو مەلەفە گرنگانە بردووە. 

تەوەرى شەشەم: ئیعلامى گۆڕان: 
یەکێک لە ئۆرگانە هەرە گرنگەکانى گۆڕان ئیعلامەکەیەتى، ئەم ئۆرگانە هاوشێوەى باقیى ئۆرگانەکانى تر، هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵێک کێشەى هەبووە و هەیە و کاریگەریى خراپی لەسەر ئەداى ئیعلامەکە داناوە. لەوانە کێشەى نەبوونى سیاسەتێکى ئیعلامیى، کە دەربڕى سیاسەتى قۆناغە جیاوازەکانى بزوتنەوەکە بێت، لە هەمانکاتدا پێناسەیەکى ڕۆشنمان بۆ پێگەى میدیاکانمان نییە. هەروەها کێشەى دەستتێوەردان لە کارەکانیان، کێشەى خراپ ئیدارەدان، کێشەى بەکارهێنانى میدیاکان بۆ مەبەستى تایبەت. 
زۆرجار هەبووە میدیاکەمان کارێکى دیاریکراویان کردووە بە دڵى جەماوەر بووە، بەڵام نیگەرانیى قووڵى لاى بەشێک لە بڕیاربەدەستانى بزوتنەوەکە دروستکردووە؛ هەندێکجار وەک سەرچاوەى بەشێک لە کێشەکانمان لەگەڵ لایەنەکاندا وەسفکراوە و دەکرێت. سەردەمانێک لەناو خۆشماندا ئەو سەرنجە دروستبوو، کە مادام باسی چوار ساڵ ئارامی دەکەین؛ کەواتە دەبێت میدیاکەشمان ئارام بێت.
لەپاڵ ئەوانەدا کێشەیەکى گەورەی تری میدیاى گۆڕان، تێکەڵبوونى تێگەیشتن و خواستى بەشێک لە سیاسییەکانمان و ئەرکى میدیاکەیە، ئەمانەش وایکردووە میدیای گۆڕان نەتوانێت ڕێچکەی کارکردنى خۆى بە باشی دیاریبکات.  
ئەمە بەو مانایە نایەت، کاتێک هەواڵێکى وەک ئەو هەواڵە بڵاودەکرێتەوە، کە گوایە پلانى کوشتن بۆ سەرۆکى پەرلەمان و چەند پەرلەمانتارێک دانراوە. جێى خۆیەتى پێش بڵاوکردنەوەى هەواڵێکى هەستیارى لەم جۆرە، دیقەتى تەواو لە سەرچاوەى هەواڵەکە، لە ڕاستى و دروستیى هەواڵەکە بدرێت، بۆ ئەوەى ڕێگەنەدرێت شتێکى ناڕاست بڵاوبکرێتەوە، یاخود ڕێگەبگیرێت لەوەى کەس یان لایەنێکى دیاریکراو، میدیاکانى گۆڕان بۆ مەبەستى تایبەت بەکاربهێنێت. (ئەم جۆرە بەلاڕێدابردنە، چەندجار ڕوویداوە.)
یەکێک لە تەوسییاتی کۆنگرە، کە ڕێک بەپێچەوانەوە جیبەجێکرا ئەوە بوو، کە میدیاى گۆڕان جۆرێک لە سەربەخۆیى لە بزوتنەوەکە هەبێت، بەڵام لەدواى کۆنگرە؛ میدیاکەمان زیاتر تێکەڵ بە کارى حزب کرا. بێگومان خودی ڕێکخەری گشتیی؛ لە ڕێگەی دەرکردنی فەرمانێکەوە بۆ دامەزراندنی ڕێکخەری میدیای گۆڕان، ئەمەی کرد.

تەوەرى حەوتەم: گۆڕان لە غیابی ئافرەتدا!:
لەناو حزبە کوردییەکاندا، لە دوو مۆدێلى حزبایەتیدا، ئافرەت توانیویەتى بچێتە پێش و کەم تا زۆر، ڕۆڵى لە سیاسەت و پرۆسەى بڕیار و بەڕێوەبردندا هەبێت، یەکەم لە مۆدێلى حزبە ئیسلامییەکاندا، دووەم لەو مۆدیلەدا، کە پەکەکە دایهێنا.
دیارە جیاوازییەکى ئێجگار گەورە لەنێوان ئەم دوو مۆدێلەدا هەیە، لێرە کارى ئێمە نییە ئەم بابەتە شیبکەینەوە؛ بەڵام لە کاتێکدا گۆڕان لە بەرنامە و پلاتفۆرمى خۆیدا زۆر بە گرنگییەوە لە ڕۆڵى ئافرەت دەڕوانێت، کەچى نەیتوانى بە پێشکەشکردنى مۆدێلێکى گونجاو، ئەم بنەمایە لەناو خۆیدا پراکتیزە بکات و گەشەى پێبدات. سەرنجبدەن؛ ئاستى بەشداریکردن و کاریگەرى و شوێنى ئافرەت لەناو گۆڕاندا، زیاتر لە مۆدیلەکانى پارتى و یەکێتى دەچێت، تا لە حزبێک کە شیعارەکەى گۆڕانە. ڕەنگە هەندێک ئەمە بە کێشە نەزانن، بەڵام ئەگەر ئێمە بانگەشە بۆ حزبێک بکەین، کە نوێنەرایەتیى کۆمەڵگە بکات؛ لە ڕاستیدا غیابى ئافرەت لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا یەکێکە لە کێشە گەوەرەکان. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت، کە ئێمە زیاتر وەک حزبی دەنگدەر خۆمان دەناسێنین، زۆر ئەزمونیش هەبووە ژنان توانیویانە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بە قازانجى حزب یان کاندیدێکى دیاریکراو بشکێننەوە. بێگومان لە کۆمەڵگەى ئێمەدا ئەم زەمینەیە زۆر لەبارە، بە مەرجێک گۆڕان پلانى هەبێت. بە کورتى نەبوونى ڕۆڵى ژن لەناو گۆڕاندا، وایکردووە هەندێک بڵێن: "گۆڕان حزبێکى پیاوانەیە."


تەوەرى هەشتەم: گۆڕان و پەیوەندییەکانى: 
بزوتنەوەى گۆڕان لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ؛ چ لەسەر ئاستى ناوخۆ، چ لەسەر ئاستى وڵاتان، پەیوەندییەکى لاوازى هەبووە و هەیە، ڕەنگە هۆکارى ئەمەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە لە بنەمادا پشتبەخۆبەستن لە پشت بە خەڵکى تر بەستن، بە باشتر زانرابێت، ئەگەر هۆکارەکە ئەمەبێت؛ ئەوا قابیلى گفتوگۆیە، بەڵام ئەگەر هۆکارەکە لە کەمتەرخەمى و کەمچالاکى و بێتاقەتى کەسەکانەوە بێت؛ ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنێین، کە زیانمان لێی کردووە. دەبێت دان بەوەدا بنێین بەشێک لە کاریگەریى هێزەکانى تر، لە پەیوەندییەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت. لێرەدا مەبەستم ئەو پەیوەندییانە نییە، کە خزمەت بە بێگانە دەکەن. ئەگەر سەرنجێک بۆ دواوە بدەینەوە؛ دەبینین لە ڕابردوودا بزوتنەوەى گۆڕان کەمترین دەستپێشخەریى لە دروستکردنى پەیوەندیدا هەبووە. زۆربەى پەیوەندییەکانیشمان لە سەردەمى قەیراندا دروستمانکردوون، واتە کاتێک گوشارێکمان لەسەر دروستبووە؛ بەناچارى پەنامان بۆ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بردووە. وەک ئەوەى لەم ڕۆژانەدا خەریکى بەسەرکردنەوەی حزبە بچوکەکانین، کە ئەمە تەنانەت لە عورفی کۆمەڵایەتییشدا، شتێکی نەگونجاوە.
پەیوەندى ئێمە لەگەڵ حزبەکان، لەگەڵ نوێنەرایەتیى وڵاتان، لەناو هەرێمدا و لە بەغدا لاوازن، پەیوەندیمان لەگەڵ ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى، دەزگاکانى ڕاگەیاندن دیسان لاوازن، ئەمە بابەتێکى حاشاهەڵنەگرە. وەک لە بەشەکانى سەرەوەشدا وتم: ئێمە لەناو خۆماندا پەیوەندى و هەماهەنگیمان لاوازە، چ جاى لەسەر ئاستى دەرەوەى خۆمان. ڕەنگە باشترین نموونە بۆ ئەمە ناوەڕۆکى ئەو بەیاننامەیە بێت، کە لەدواى خۆپیشاندانەکان لە لایەن یەکێتیى ئەوروپاوە دەرکرا، کە تێیدا زۆر بەڕاشکاوى ئاماژە بە سووتانى بارەگاکانى حزب و کوشتنى خۆپیشاندەران دەدات، بەڵام بە وشەیەکیش باسی ئەوە ناکات، کە چۆن پەرلەمان و حکومەت لە لایەن پارتییەوە پەکخرا. بێگومان لاوازیی پەیوەندیمان؛ جێکەوتەى خراپی لەسەر ئەوەش هەیە، کە وەک پێویست خوێندنەوەمان بۆ کاریگەریى هاوکێشە نیودەوڵەتییەکان لەسەر بزوتنەوەکە و هەرێم و ناوچەکە نییە.  

تەوەری نۆیەم: گۆڕان بەبێ (پلان، چاودێرى، هەڵسەنگاندن، لێپرسینەوە):
لە بەشى هەشتەم، لە دەستوورى بزوتنەوەکەدا، کە باسی پێگە و ڕۆڵی جڤاتى گشتى دەکات، لە مادەى دووەمدا باسی ئەرکەکانى ئەم ئۆرگانە گرنگە دەکات، کە بە پلەى یەکەم خۆى لە پرۆسەى چاودێرى و هەڵسەنگاندندا دەبینێتەوە. لە لایەکى ترەوە لە بەشی نۆیەم، لە دەستوورى بزوتنەوەى گۆڕان، کە باسی جڤاتى نیشتیمانى دەکات، لە مادەى دووەم، خاڵى یەکەم، کە ئەرکەکانى ئەم جڤاتەى دیاریکردووە، هاتووە (سەرپەرشتیکردنى هەموو دەزگا و دامەزراوەکانى گۆڕان: چاودێرى و هەڵسەنگاندنى ئەداى هەموو ئاستەکانى پەیکەرى ڕێکخراوەیى بزوتنەوەکە)، بەپێی هەمان مادە، کۆمەڵێک ئەرکى ترى گرنگ لە ئەستۆى ئەم جڤاتەیە. هاوتەریب بە ڕۆڵى جڤاتى گشتى و جڤاتى نیشتمانى، لە بەرنامەى سیاسی و پلاتفۆرمى بزوتنەوەى گۆڕانیشدا، چەمکەکانى: چاودێرى و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و پلاندانان و لێپرسینەوە، بە بایەخەوە باسکراون. بەڵام با بزانین لە ئەرزى واقیعدا، لەناو خودى بزوتنەوەى گۆڕاندا، چەند کارمان پێکردوون؟
هەموو شاهیدى ئەو حەقیقەتەن؛ بزوتنەوەى گۆڕان لە ڕووى پلانڕێژییەوە لاوازە، بەشێکى ئەو هەنگاوانەى دەیاننێین، سیاسەتى ڕۆژ و بەرەنجامى ڕووداوەکانن. لەپاڵ ئەوەدا پرۆسەى چاودێریکردن و هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە، وەک نەبوون وایە. 
وەک لە سەرەوەش وتمان: گۆڕان لەم قۆناغەدا لە پەرلەمان و حکومەتى عێراق، پەرلەمان و حکومەتى هەرێم، لەناو ئەنجومەن و حکومەتە خۆجێییەکان، لەسەر ئاستى حزبیی و ئیعلامییش، هەموو ئەمانە پێکەوە بزوتنەوەى گۆڕانیان لەناو ژیانى سیاسیى هەرێم و عێراقدا کردووە بە هێز و مەکینەیەکى گەورە، ئەم مەکینەیە ڕۆژانە کار و جوڵەى هەیە، بەڵام یەکەیەکی چاودێریی فعلی بۆ دەستنیشانکردنى هەڵە و کەموکورتییەکانى نییە. 
بە هەمانشێوە هەڵسەنگاندن نییە، چونکە کاتێک چاودێری نەبوو؛ ئیدى ئۆتۆماتیکى پرۆسەى هەڵسەنگاندنیش نابێت، واتە یەکەیەک نییە پێمانبڵێت لە کوێدا لاوازین، لە کوێدا بەهێزین، هۆکارى لاوازییەکان چین؟ پێمانبڵێت کام نوێنەر و کام ئۆرگانى گۆڕان کەموکورتیی هەیە و کامەش چالاکە؟ لە چیدا سەرکەتووبووین و لە چیدا فەشەلمان هێنا؟ هۆکارى سەرکەوتن و فەشەلەکەمان چی بوون؟ پێمانبڵێت لە ماوەى حەوت ساڵى تەمەنی بزوتنەوەى گۆڕاندا؛ توانى چەند لە سەدى پەیامەکەى لەناو خەڵک و لەناو دامەزراوەکانى دەوڵەتداریدا بباتە پێش؟ پێمانبڵێت دەرکەوت کام بەشی پەیام و بەرنامەکامان ناواقعیى بوو؟ لە بەغدا چیمان پێکرا و چیمان پێنەکرا؟ لە هەرێم چیمان پێکرا و چیمان پێنەکرا، هۆکارەکانى چی بوون؟ 
ئایا لە سەردەمى ئۆپۆزسیۆنبووندا چ هەڵەیەکمان کرد؟ بۆ نەمانتوانى کەڵک لە خۆپیشاندانەکانى ١٧ی شوبات بە قازانجى خەڵک وەربگرین؟ ئەى چەند ڕاستبووین، کاتێک بڕیارماندا بچینە حکومەت؟ چ کات لەگەڵ پارتى و یەکێتى و لایەنەکانى تر لە پەیوەندی و ئاڵۆزییەکانمان سەرکەوتووبووین، یان شکستمان خوارد، قازانجمانکرد یان زیان؟ 
شوێنێک نییە پێمانبڵێت ئایا لە پرۆسەى دانوستانەکان چەند سەرکەوتوو یان دۆڕاو بووین؟ چەند دیقەتمان کرد لە هەڵبژاردنى کات، لە هەڵبژاردنى بابەت، لە هەڵبژاردنى هاوپەیمانەکانمان، لە پێدانى ئەولەویەت بە کارەکانمان؟ چەند توانیمان هونەرێکى سەرکەوتوو لە بواری دانوستان پەیڕەوبکەین و هەڵە و کەموکورتییەکان لەم بوارەدا دووبارە و دەبارە نەکەینەوە.
شوێنێک نییە وەڵامى ئەو پرسیارە جەوهەرییە بداتەوە؛ بۆ دەبێت هەمیشە ئێمە پێمانوابێت تاوانى هەموو شکستەکان لە ئەستۆى ئەوانى ترە؟ تا کەى کەموکورتییەکانى خۆمان نابینین و چاو لە ڕاستییەکان دەپۆشین و پاساوی بێبنەما دەهێنینەوە؟ پێمانبڵێت بۆ دەبێت زۆربەى ئەرک و فەرمانى ئەم بزوتنەوەیە لە دەستى سێ-چوار کەسدا کۆبکرێتەوە و ئەوانى دى دەبێت چاویان لە دەست و دەمى ئەمانە بێت؟ شوێنێک نییە پێمانبڵێت سیحر و گرنگى ئەم نەریتە خراپە لە چیدایە، لە کاتێکدا تەجروبە هەزارجار فەشەلى ئەمەى سەلماندووە. (ئەم ڕاپۆرتەی من لەو کاتەدا، بۆ پیشاندانی ئەو مەترسییە بوو.)
لەماوەى ڕابردوودا لە چەند هەڵبژاردنێکدا بەشداریمانکرد، هەمووجارێک کێبڕکێ بوو لەسەر ئەوەی کێ ئەندامى لیژنەى باڵاى هەڵبژاردن بێت؛ داواى عینوانى گەورە و پۆستى گەورە دەکرا، بەڵام جار لەدواى جار کۆمەڵێک هەڵەى گەورە دەکرا، کەچى کەس ناچێتە ژێربارى بەرپرسیارێتى! یاخود ئۆرگانێک نەبوو و نییە پێمانبڵێت هەڵەکانمان لە ڕووى میدیایی و ڕێکخستنەوە، لە ڕووى دارایی و ئیدارەى بانگەشەى هەڵبژاردنەوە چی بوون؟ بۆ لە هەندێک شوێن دەنگمان زیادیکرد، لە هەندێکى تر کەمیکرد، ئەى چی بکەین بۆئەوەى هەڵەکان دووبارە نەکرێنەوە؟ کێبڕکێ بوو لەسەر ئەوەى کێ ئەندامى لیژنەى باڵاى کۆنگرە بێت، بەڵام کەس لەسەر ئەوە شەڕ ناکات؛ بۆ بڕیارەکانی کۆنگرە بۆ دەستوورەکەى، کۆنگرە جێبەجێناکرێت؟
بەڕێزان! ئێمە لە هەمووان زیاتر بانگەشە بۆ بنەماکانى لێپرسینەوە لەناو پەرلەمان و حکومەت  دەکەین، بەڵام خۆمان کاری پێناکەین. ئۆرگانێک نییە پێمانبڵێت لەو ماوەیەى سەرۆکى پەرلەمان لاى گۆڕانە، هەڵە و کەموکورتییە یاسایی و سیاسییەکانمان چی بوون؟ ئەو ماوەیەى وەزیرەکانمان لەناو حکومەتدان، بۆ نەتوانرا هەماهەنگییەکى باش لەگەڵ لایەنەکانى تر بکرێت بە ئامانجى چاکسازی؟ بۆ نەتوانرا زۆرینەیەک لەناو ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمان بە قازانجى خەڵک دروستبکرێت؟ ئایا بۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەندامێکى پەرلەمان، لە وەزیرێک، لە سەرۆکێک، لە ئەندامێکى وەفدى دانوستانکار ناپرسینەوە؟ وەک ئەوەى کەس هەڵە و فێڵى نەکردبێت، کەس خۆپەرست نەبووبێت؟ لە کاتێکدا دەزانین خەڵک هەیە هەمووجارێک لە کارەکانیدا فەشەل دێنێت، کەچی وەک حیزبەکانى تر جار لەدواى جار، ئەرکى قورسترى پێدەسپێرن!
لێرەدا باسی هەندێک جۆری لێپرسینەوە ناکەم، کە هێندەى مەبەست لێی شکاندنە، هێندە نییەتى باشی لە پشتەوە نییە. هەندێک کەس لێپرسینەوەیان لێکراوە، هەندێکى تریش سزادراون، بەڵام ئەمانە زیاتر ئەو کەسانەن لە شوێنکى بچوکی حزبیی یان ئیعلامیی کاریانکردووە و کێشەکانیشیان شتى بچوک و لاوەکی بووە. 
لەناو گۆڕاندا؛ لەسەر هەڵە و کەموکورتییە گەورەکان، لێپرسنەوە لە کەس ناکرێت، کەسیش ئامادەنییە لاى خۆیەوە دەستپێشخەریى پێداچوونەوە بە شێوازى کارى خۆیدا بکات، یاخود بە دەستپێشخەریى خۆى، کارەکەى بۆ کەسێکى تر بەجێبهێڵێت. بەداخەوە! لەناو گۆڕانیشدا نە هەڵە و کەموکورتى، نە شکست، نە هیچ هۆکارێکى دی، نابێتەهۆى گۆڕانکارى لە شێوەى کار و کەسەکاندا. لەناو گۆڕانیشدا نەک ئیستیقالەکردن نییە، نەک کورسی چۆڵکردن بۆ کەسانى تر نییە، بەڵکو هەندێک خەریکى ئەوەن بەشی زەمەنێکی تر کۆپیکراوى خۆیان بۆ گۆڕان و کۆمەڵگەى کوردیى بەجێبهێڵن. لە ڕابردوودا زۆر قسەمان لەسەر پرسەکانی بەدامەزراوەییکردنى پەیوەندیى هەولێر-بەغدا، یەکخستنى هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، گۆڕینى سیستم، نەهێشتنى دووئیدارەیى، ئاشکراکردنى هەموو سەرچاوەکانى داهات و شەفافییەت دەکرد. سەردەمانێک ئاستى داواکارییەکانمان گەیشتە حەدى هەڵوەشاندنەوەى حکومەت و پەرلەمان، بەڵام ئۆرگانێک نییە پێمانبڵێت بۆ نەمانتوانى ڕکابەرەکانمان ناچار بە قبووڵکردنى بەشێک لەو داواکارییانە بکەین، لە کاتێکدا هەمووى داواى ڕەوان؛ یان پێمانبڵێت چۆن دەتوانین لە داهاتوودا بەشێک لەم کارنە بکەین؟
بەڕێزان: ئەوە دەرەنجامى نەبوونى چاودێری و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوەیە وا دەکات،  لە هەڵوێستێکى وەکو ئەوەى لەدواى ئیزندانى وەزیرەکان، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانى گۆڕاندا، هەر لایەنە و ئەوى دی بە هۆکارى دروستکردنى ئەم دۆخە تازەیە بزانێت، وەزیرەکان پەرلەمانتاران، وەفدى سیاسیی وەزیرەکان و میدیا، میدیا خەڵکی تر، هەریەکە لاى خۆیەوە هەوڵى ئەوە دەدات هۆکارى ئەم قۆناغە بخاتە ئەستۆى ئەوى تر، ئیدى بیر لەوە ناکرێتەوە ئەوەى ڕوودەدات نەتیجەیە؛ نەک خودى کێشەکە، وەک دەڵێن: "ئاگرەکە لە شوێنێکی ترە، شەڕ بە دوکەڵەکەی دەفرۆشین." 
وا دیارە کێشەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت؛ برادەرانى بڕیاربەدەستى ئێمە هەر باوەڕیان بە بنەماکانى بەدواداچوون و تەقیم و لێپرسینەوە نەبێت، بۆ نموونە لەسەر ئاستى دامەزراوە فەرمییەکانى دەوڵەتداریى، هیچیان ئامادەنیین بچنە پەرلەمان، وەک دەزگایەکى ڕەقابی و تەشریعى. لەسەر ئاستى حزبییش، خۆیان لە سەرووى بنەماکانى چاودێرى و تەقیم و لێپرسینەوە داناوە، بۆ جارێکیش هەڵە و کەموکورتییەکانى خۆیان نابینن. تەنانەت هیچکام لەو برایانەمان ئامادەنیین لە دەزگایەکى گرنگى وەک جڤاتی گشتیدا کاربکەن، کە بێگومان وجودى ئەوان لەم دەزگایەدا، حەیەوییەت و نەشاتى زیاتر بە ئەم ئۆرگانە گرنگە دەدات و ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر چالاکبوون و کەمبوونەوەى کێشەى ئۆرگانەکانى ترى بزوتنەوەکە دادەنێت.
بەداخەوە! لەناو بزوتنەوەى گۆڕانیشدا تا ئاستێکى مەترسیدار هەڵە و کەموکورتى و کەمتەرخەمى و فەشەل و هەندێکجار زوڵمیش هەیە، کەچى کەسانی بەرپرسیار و گوناهبار ونن! بەپێی ئەزمونى حزبایەتى و کاری دامەزراوەیى، بەردەوامیى ئەم دۆخە، هۆکارى سەرەکیى لاوازبوون و هەڵوەشان و لەناوچوونە. (بۆ یەکەم جار پێویستە ئەو ڕاستییەش لەبریی زۆرێک و لە زارى منەوە بگات، زۆرن ئەوانەى بەشێک لەو هاوڕێ ئازیزانەی قیادەى کاتیى ئێستا، بە بەرپرسیارى بەشێک لە کێشە و کەموکورتییە جدییەکان دەزانن.) 

تەوەرى دەیەم: پێوەرەکانى گۆڕان، بۆ تەقیمى خۆى؟:
دیاردەیەکى خراپ ئەوەیە تەقیمى دۆخى جەماوەریمان بە شتى لاوەکى دەکەین، ئاسایى بوو ئەگەر ئەمە لە لایەن ئەو هەڵسوڕاوانەوە بکرێت، کە ڕاستەوخۆ بەشدارنیین لە پرۆسەى بڕیار و بەڕێوەبردندا، بەڵام مایەى هەڵوەستەلەسەرکردنە وەک دەڵێن (هەڵسوڕاوى باڵا) بکەوێتە ناو ئەم هەڵەیەوە. بۆ نموونە هەندێکجار وەک حزبەکانى تر، تەقیمى باش و خراپی خۆمان بە دەستەکەوتەکانى ساڵانی ئۆپۆزسیۆنبوونمان دەکەین، کە توانیومانە زۆر شت بگۆڕین، خەڵک هۆشیار بکەینەوە. یان هەندێکجار تەقیمەکانمان لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت، کە مادام حزبەکانى تر، بە تایبەت پارتى و یەکێتى خراپن، کەواتە ئێمە باشین. لە تازەترین و نامۆترین پێوەردا؛ کە لەدواى ئیزندانى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرەکانمانەوە، تەقیمى دۆخى جەماوەریی گۆڕانی پێدەکرێت، مەزڵومییەتى بزوتنەوەى گۆڕانە. بەشێکى بەرچاو لە هەڵسوڕاوە باڵاکانمان دڵیان بەوە خۆشە لەبەرئەوەى پارتى زوڵمى لە گۆڕان کردووە، ئێستا خەڵک لەگەڵمان موتەعاتیفە، یان شانازى بەوەوە دەکرێت کە گۆڕان بە مەزڵومییەتى خۆى، ڕووى ڕاستەقینەى پارتیى پیشانى دوونیا دا. وەک ئەوەى پارتى یەکەم جارى بێت ئەم جۆرە کارانە بکات و خەڵک پارتى نەناسێت.
ئەم سێ پێوەرەى لە سەرەوە باسمکردن، هیچیان پەیوەندییان بەوەوە نییە، کە خودى گۆڕان لە چ دۆخێکدایە، چەند توانیویەتى لە هەموو ئاستەکاندا چالاکیى هەبێت و بچێتە پێش، چەند توانیویەتى لە یارییە قانونى و ئیدارى و سیاسییەکاندا دەستکەوتى هەبێت. کاتێک خۆمان لەسەر ئەم بنەمایانە تەقیم دەکەین، ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەى گیانى تەحەدا و نوێبوونەوە لە گۆڕاندا لاوازبێت. بەپێی ئەو تەقیمانەی سەرەوە بێت، هەر کات پارتى و یەکێتى تۆزێک بە خۆیاندا بچنەوە، ئیدى وەزیفەى ئێمە کۆتایی پێدێت. بەداخەوە لە حیزبێکەوە، کە خاوەن خەون و ئامانجى گەورەیە، خەریکە بە شتى بچوک دڵخۆش دەبین و خۆمان فریودەدەین.

تەوەرى یازدەیەم: بە لۆکاڵیکردنی گۆڕان:
لەژێر ناونیشانى (ئامانجە نیشتیمانییەکان) لە بەرنامە و پلاتفۆرمى بزوتنەوەکەدا، جەخت لەسەر نەهێشتنى ئاسەوارەکانى دووئیدارەیى و سڕینەوەى سنوورەکان، کە لە ئەنجامى سیاسەتى ڕابردووى دووژمنانى کورد و پاشان شەڕی ناوخۆ و ململانێ خوێناوییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى دروستکراون، کراوەتەوە. لە بەرامبەردا جەخت لەسەر بەهێزکردنى ڕایەڵەکانى پەیوەندی و تێکەڵکردنی نێوان هاووڵاتییان و نیشتیمان کراوەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەى لەو چەند ساڵەى ڕابردوودا، بزوتنەوەکە ڕووبەڕووی هەندێک کۆسپ و لەمپەر بووەتەوە و دانیشتووانی هەندێک ناوچە، وەکو پێویست بە دەم پەیامى چاکسازییەوە نەهاتوون؛ ئەمە هەندێکى بێزار و ماندووکرد. بۆیە بە ئاشکرا داواى داهێنانى سیستمێکى نوێ لە حکومڕانی و بەڕێوەبردن، یان وەک ڕێگایەک بۆ فشاردروستکردن لەسەر پارتى، بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن خۆمان بە هەندێک ناوچەوە سەرقاڵ نەکەین.
لە کاتێکدا ئەوە یەکێتى و پارتی بوون، ئەم جیاوازییانەیان دروستکرد، لەم قۆناغەشدا ئەوە پارتییە خوازیارى سزادان و پەراوێزخستنى ئەو ناوچانەیە، کە لەژێر کۆنترۆڵى خۆیدا نین، ئێمەشین لە بنەمادا بۆ سڕینەوەى هەڵەکانى ئەوانى تر لەژێر ناوى گۆڕاندا دەستمان بە کار کرد. بە هۆکارى هەموو ئەو کێشانەى کە لەم بابەتەدا باسمکردن و زۆر کێشەى تریش، ئیدى ئەم بزوتنەوەیە خەریکە بە کردار خۆى دەپێچێتە گۆشەیەکى بچوکەوە و دەستبەردارى ئەو سەرزەمینە فراوانە دەبێت؛ کە خەڵک تێیدا ئێمە وەک فریادڕەس دەزانن. پێمان خۆشبێت یان پێمان ناخۆشبێت؛ گۆڕان پلانى پێویستى نییە بۆ بەهێزکردنى پێگەى خۆى لە پارێزگاکانى کەرکوک، هەولێر، دهۆک، ئەگەر شتێک هەبێت، تەنها شیعارە.

تەوەرى دوازدەیەم: گۆڕان حزبێکى قەرزار:
یەکێکى تر لە کێشە جەوهەرییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەیە تا ئێستاش ناتوانێت لە ڕووى داراییەوە لەسەر پێی خۆی بووەستێت، ڕۆژانە بۆ ڕاپەڕاندنى کارەکان، دەبێت قەرز بکرێت. وەک دەڵێن گوایە گۆڕان زیاد لە (١٣) ملیۆن دۆلار قەرزدارە. هیچ بڕیارێکى کۆنکرێتیش نییە بۆئەوەى لەژێر چاودێریی جڤاتەکاندا، بزوتنەوەکە بکرێتە خاوەن سەرچاوەى دارایی خۆی، دەشێت لەم ڕووەوە هەندێک هەنگاونرابێت،بەڵام سوودێکى ئەوتۆیان نەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە، دەشێت لە هەر ئەگەرێکدا پێویستمان بە مەبلەغی گەورە لە پارە هەبێت، بۆ پێشهاتێکى وەک هەڵبژاردنى پێشوەخت، ئەمە جگە لە خەرجیى ڕۆژانە.

تەوەرى سیازدەیەم: بنەماى دسپلینى حزبی لاى گۆڕان چییە؟:
یەکێک لە پرنسیپە جێگیرەکانى کارى حزبایەتى، ئیلتیزامى کادیرەکانیەتی بە دەستوور و بەرنامەى حزبەوە، بەڵام لەناو گۆڕاندا خەریکە هاوشێوەى حزبەکانى تر خواستی شەخسیی موحافیزکارانە، جێگای دسپلینەکانى حزب دەگرێتەوە. بۆ نموونە لێپرسینەوە لەسەر ئەوە ناکرێت، کەسێک لە کارەکەیدا کەمتەرخەمى بکات یان بەرژەوەندیى تایبەتى خستبێتە پێش بەرژەوەندیى گشتى، یان لێرسینەوە و هەڵوەستەیەک لەسەر ئەوە ناکرێت، کە بەرنامەى سیاسىی و دەستووریى بزوتنەوەکە پشتگوێ و پێشێل دەکرێت، بەڵام بۆ نموونە ئەوە بە کێشە و لادان دەژمێردرێت، کە لە کارێکی ئیعلامیدا وەسفی واقعێک وەکخۆى بکرێت. ئەمە خەریکە پەلدەکێشێت بۆ سەرهەڵدانى شێوازێکى خراپ لە دسپلینى حزبیی، کە زەمینەسازى بۆ هاتنەپێشەوەى کەسانێک دەکات، کە ڕەنگە هەر لەبنەمادا شتێکیان نەبێت بە ناوى خەون و خەمى گۆڕانکاریى. خەریکە ئەوە دەبێتە دیاردە، بۆئەوەى کەسێک هەلی چوونەپێشی هەبێت، زۆر گرنگ نییە چەند کەفائەى هەیە، چەند دڵسۆزە و چەند گۆڕانە، پێگەى چییە، چەند خاوەنى بیروبۆچوون و ڕوئیایە. بەڵکو گرنگ ئەوەیە چەند دەتوانێت سەرنجی کەسانێک بۆ لاى خۆى ڕابکێشێت و سەرکەوتووبێت لە دروستکردنى کەسێتییەکى موقەلەد و موزەیەف، کە لە کەسێتیى ڕاستەقینەى خۆى نەچێت. چەند دەتوانێت حەکیمانە نتم بێت و کەمترین ڕاوبۆچوونى هەبێت، زۆرترین جار ملی بلەقێنێت و کوێرانە پشتگیریى هەندێک بۆچوون بکات، کە لە ناخەوە باوەڕی پێی نییە. بێگومان ئەگەر کەسانێک بتوانن حەقیقەتى خۆیان فڕێبدەن و بە ماسکێکی ترەوە، لە مەجلیسی بڕیاربەدەستەکاندا حزوریان هەبێت و تەفسیر و تەئویل بۆ قسە و باسەکانى ئەوان بکەن؛ گرەوەکە دەبەنەوە.
ڕەنگە وەڵامى حازرى هەندێک بۆ ئەمە ئەوە بێت، کە گۆڕان توانیی ژمارەیەک دەموچاوى نوێ بباتە حکومەت و پەرلەمان، دیارە من موتڵەقەن باوەڕم بە کۆن و تازە و گەنج و پیر نییە، ئەوەى بۆ ئاییندەى ئەم بزوتنەوەیە و میللەتەکەش گرنگە، ئەوەیە بە چ فلتەرێکدا، چ کەسێک ئامادەى وەرگرتنى بەرپرسیارێتى دەکرێت. نەک چ دەموچاوێک، یان چ تەمەنێک. هەروەها ئەوەش دەزانین ڕاستەوخۆ کەس لەسەر ڕەخنەگرتن سزا نەدراوە، بەڵام زۆرن ئەو کەسانەى، کە لەبەرئەوەى خاوەن ڕاوبۆچوونى خۆیانن، ئیدى دەکەونە بەردەم حیقد و کەراهییەت، لە لایەک بە پشتگوێخستنیان، لە لایەکى ترەوە بە هێنانەپێشەوەى خەڵکانى لاواز، سزا دەدرێن.
زۆر بەڕۆشنى تێبینی ئەوە دەکرێت؛ بۆئەوەى لەناو گۆڕاندا هەلی چوونەپێشەوەت هەبێت؛ ئەوا سێ ڕێگەت هەیە، یەکەم: تەکەتول بکەیت و تەکەتولێک پشتیوانیت لێبکات. دووەم: گێچەڵکردن بە بزوتنەوەکە. سێیەم: یان ئەوەیە خۆت وەکو کەسێکى پاسیف پیشانبدەیت. واتە پێگەیشتن بە شێوازێکى سروشتى و لەسەر بنەماى کەفائەى حەقیقی زەحمەتە. دڵنیام کەسانێک بەم وەسفە تووڕەدەبن، بەڵام تەنها بەم ڕاشکاوییە دەتوانین بەشێک لەو حەقیقەتە تاڵە بەرجەستە بکەین، کە لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا خەریکە لە گەشەکردن دەمانوەستێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیام زۆرن ئەو ویژدانزیندووانەى دان بەم ڕاستییانەدا دەنێن. بەداخەوە لەناو گۆڕاندا خواستى سنووردارکردنى قسەى جدیى و ڕەخنەى جدیى، بە ئاشکرا کارى لەسەر دەکرێت و لە خەونی زەمینەسازی بۆ بەرهەمهینانى ڕەخنە و بوێرى و داهێنان، لە خەونى تێپەڕاندنى هەڵە کوشندەکانی حزبەکانى ترەوە، خەریکە گۆڕانیش دەبێتە حزبێک، کە خراپترین خەسڵەتەکانى ئەوانى تر بە خراپتر لە خۆیدا مومارەسە دەکات. (لە ئێستادا میدیاکانى حزبەکانى تر دەتوانن ڕەخنەى جدیى لە حزبەکانى خۆیان بگرن، بەڵام لە گۆڕاندا بە تەواوى سنووردار کراوە.)

تەوەرى چواردەیەم: گۆڕان و پەروەردە:
وەک دەڵێین بزوتنەوەى گۆڕان حزبێکى ئایدۆلۆژی نییە، پێویستى بەوە نییە ئەندامان و کادرانی خۆى لە ڕووى فیکرییەوە لە قاڵب بدات، بەڵام بەو مانایە نایەت، ئیدى ئەم حزبە پێویستى بە پەروەردە و دەستگرۆیی ئەندامان و کادیرانى نەبێت. بەشێکى بەرنامەى سیاسى و پلاتفۆرمى بزوتنەوەى گۆڕان، تەرخانکراوە بۆ قسە و باس لەسەر سامانى مرۆیی، لە پەرەگرافێکدا هاتووە (گه‌شه‌دان به‌ سامانی‌ مرۆیی‌ پێویستی‌ به‌ سوودوه‌رگرتن هه‌یه‌ له‌ ئه‌زموونی‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان، نه‌ك له‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌مڕۆیاندا، به‌ڵكو له‌و قۆناغانه‌شدا كه‌ توانیویانه‌ وه‌رچه‌رخانی‌ مێژوویی‌ گه‌وره‌ به‌ره‌و چاكسازی و ئاوه‌دانی ‌‌و بنیاتنانی‌ شارستانی‌ تۆمار بكه‌ن.)، بەڵام سەرنجبدەن لەو کاتەوەى بزوتنەوەى گۆڕان دروستبووە، هیچ هەنگاو و پلانێکى نەک بۆ کۆمەڵگە، بەڵکو بۆ پەروەدەکردن و باشکردنى کوالیتى لانىکەمى ئەو سامانە مرۆییە نییە، کە ڕاستەوخۆ لە ئۆرگانەکانى ئەم بزوتنەوەیەدا کاردەکەن و کاروبارى بزوتنەوەکە هەڵدەسوڕێنن. ڕەنگە گفتوگۆی ناو مەجلیسەکانى گۆڕان، حەقیقەتى ئەمە باشتر بسەلمێنن. 
ئێمە ئەرکێکى قورسمان لەئەستۆیە. خۆمان وا لەگەڵ حزبەکانى تردا بەراورد دەکەین، گوایە ئێمە حیزبێکى مۆدێرنى پێشکەوتووین. واتە لە ڕووى فیکر و ئاشنابوون بە دوونیاى سەردەم لە پێشى ئەوانى ترەوەین، بەڵام ئەگەر تاقیکرنەوەیەک لەناو بەشێکى زۆر لە هەڵسوڕاوەکانى گۆڕاندا بکرێت، لە سەر دەستوورى گۆڕان و بەرنامەى سیاسی و پلاتفۆرمەکەی و ئەو زاراوانەى، کە ڕۆژانە لە گفتوگۆکاندا سەدانبارە دەبنەوە؛ پێموایە زۆرێکمان تێیاندا سەرکەوتوونابین!
لە مادەى دووەم، بەشی نۆیەم، لە دەستوورى بزوتنەوەکە، کە ئەرکەکانى جڤاتى نیشتیمانیى دیاریکردووە، کۆمەڵێک ئەرکى گرانی خستووەتە ئەستۆی ئەم جڤاتە، بۆئەوەى جڤاتەکە لە ئاستى ڕاپەڕاندنى لانیکەمى ئەرکەکانى سەرشانیدا بێت، پێویستە زۆربەى ئەندامەکانى تا ئاستێکى باش خوێندنەوەیان بۆ ڕووداوەکان هەبێت. کاتێک لەمەدا گرفتیان هەبوو، هەم خۆیان ئیحراج دەبن، هەم جوڵەى بزوتنەوەکە سست دەکەن. بۆ ئەمە ئەرکى بزوتنەکەیە وەک کارێکى سەرەکى؛ هەمیشە لە هەوڵى پەروەدەکردنی هەڵسوڕاوەکانى خۆیدا بێت، ئەمە بە یەک-دوو سیمنار و کۆڕ ناکرێت، پێویستى بە پرۆسەیەکى بەردەوامە، کە هەمیشە گوشار لە سەر هەڵسوڕاوەکان دروستبکات و بیانخاتە ژێر تاقیکرنەوە و بەرپرسیارێتى. ڕەنگە بزوتنەوەى گۆڕان لە کاتى هەڵبژاردنەکاندا کۆمەڵێک موحازەراتى هەبێت، یان بەشێک لە مەکۆکان بە دەستپێشخەریى خۆیان کەسانێک میواندارى بکەن، بۆئەوەى کۆڕێکیان بۆ بکات. یان ژوورەکان چەند خولێکى یەک-دوو ڕۆژەیان کردبێتەوە، بەڵام بۆئەوەى دەرەقەتى جێبەجێکردنى بەرنامەى سیاسیى خۆمان بێین، بۆئەوەى دەرەقەتى ڕکابەرەکانى خۆمان بێین؛ دەبێت لە هەموو ئاستێکدا لەوان بەهێزتر بین. ئیمە چۆن دەتوانین بانگەشە بۆ دروستکرنى تاکێکى ئازاد بکەین؛ ئەگەر خۆمان خوێنەوارێکى باش نەبین، چۆن دەتوانین داواى گۆڕین و پیشخستنى کۆمەڵگە بکەین، ئەگەر خۆمان بە باشی نەگۆڕابین؟
بۆئەوەى گۆڕان وەک هێزێکى بتەو بمێنێتەوە و بچێتە پێش، چەند بنەمایەک هەن، یەکیان ئایدۆلۆژیایە؛ ئێمە نیمانە و باوەڕیشمان پێی نییە. یەکێکی تریان دەستوور و یاسا و ڕێسا و دامەزراوەیە، بۆئەوەى هەمووان لە چوارچێوەى یاسا و ڕێساکاندا، لەناو دامەزراوەکاندا سنوورى ئەرک و بەرپرسیارێتى و مافى خۆیان بزانن، وەک لە سەرەوە بەوردى باسمکرد، لەمەشدا زۆر لاواز و شێواوین. خاڵێکى تر، کە لە پێناسەى بزوتنەوەى گۆڕاندا هاتووە: (بزوتنەوەى گۆڕان بریتییە لە کۆبوونەوەى ئارەزوومەندانە لە دەورى بەرنامەى سیاسی و دەستوورەکەى.)، بێگومان لە مەشدا کێشەى قووڵمان هەیە، چونکە بەرامبەر بە دەستوورەکە و بەرنامە سیاسییەکەش هەم پێشێلکردن و لادان هەیە، هەم نەخوێندنەوە و تێنەگەیشتن. بە بڕواى من ئەوەى وایکردووە لە ئێستادا بزوتنەوەى گۆڕان وەک هیزێکى تاڕادەیەک تۆکمە بمێنێتەوە، کۆمەڵێک هۆکارى کاتیین، لەوانە وەک چۆن لە سەردەمى کۆنیشدا لە ئاست مەترسیدا، کۆمەڵە مرۆڤەکان یەکیان دەگرت، لە ئێستاشدا یەکێک لە فاکتەرەکانى یەکگرتوویی ئێمە، مەترسیمانە لە هێزەکانى تر. فاکتەرێکى تریش، کە فاکتەرە سەرەکییەکەیە، خودى کاک نەوشیروانە.

تەوەرى پازدەیەم: هەیبەتى گۆڕان:
گۆڕان لە سەرەتاى دروستبوونیدا وەک هیزێکى سیاسیی خاوەن دنیابینییەکى جیاواز بۆ حکومڕانى دەرکەوت، دیدێکى ڕادیکاڵانەى بۆ بنیاتنانەوەى سیستمى حکومڕانیى هەبوو، ئەم هێزە بووە جێی سەرنجى هەموو لایەک، بووە جێگەى ئومێدى خەڵک، بە تایبەت کە گۆڕانکارى لاى ئێمە ئامانجی سەرەکى بوو. بە تێپەڕبوونى کات زاراوەى بەشدارى لە کێکى دەسەڵات کەوتە ناو گفتوگۆ سیاسییەکانى ڕۆژانەمانەوە، پاشان بە پاساوى ئەوەى گۆڕان لە یەککاتدا ناتوانێت شەڕى کۆمەڵێک هێز بکات، زەمینەسازیى بۆ ئەوە کرا، بێ قەید و شەرت لەگەڵ ئەو هێزانەى، کە سەرچاوەى کێشەکانن بچینە گفتوگۆ و دانوستانەوە. ئیدى وردەوردە و بێئاگایانە لە جوڵە سیاسییەکانماندا، کەڵکمان لە هەمان ئەو تاکتیک و شێوازانەى کارى سیاسەت وەردەگرت، کە پێشتر حزبەکانى دەسەڵات کاریان پێکردبوو. تا ئەوەى لە هەندێک قۆناغدا پرسی بەرزڕاگرتنى سەروەریى یاسا، ئەو بەهایەى جارانى لاى ئێمەش نەما. پشتگوێخستنى ڕۆڵى پەرلەمان لاى ئێمەش ئاسایی بوویەوە. بۆ نموونە بە درێژایى چوار ساڵى سەردەمى ئۆپۆزسیۆنبوونمان؛ بانگەشمان بۆ ئەوە دەکرد، لەبەرئەوەى پەرلەمان بەپێی قانون مەرجەعى باڵای بڕیارە سیاسییەکانە، بۆیە دەبێت پەرلەمان دوا بڕیار لەسەر ڕێککەوتنەکانمان، لەگەڵ بەغدا بدات؛ کەچى لە دواهەمین ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتەکەى عەبادى، ئەو ڕابردووەمان لەبیرکرد. 
یان لەسەر پرسی دەستوور و سەرۆکایەتیى هەرێم؛ هەمیشە جەختمان لەسەر ڕۆڵی پەرلەمان دەکردەوە، لەمەشدا پاشەکشەمان کرد، (نموونەى زۆر هەن). پاشان ڕەدنەکرنەوەى مانەوەى بەرزانى لە پۆستەکەیدا، لە کاتى خۆیدا. ئەم لادانانە وردەوردە سیحرى ئێمەى کاڵکردەوە. وردەوردە لە هێزێکى یاخیى ڕادیکاڵەوە، کردمانى بە هێزێک، کە دەشێت بە هەمان ئەو ڕێسا و یاسایانە سیاسەت بکەین، کە پارتى و یەکێتى لە ڕابردوودا کاریان پێکردبوو. پاشان تەڕەدودمان لەسەر هەندێک پرس، وایکرد ئێمە وەک هێزێک دەربکەوین، کە خاوەن هەڵوێستى یەکگرتوو و داواکارى ڕۆشن نیین. بۆ نموونە وەک لە سەرەوە وتم، لەسەر پرسى مانەوەى یان نەمانەوەى بەرزانى لە پۆستەکەى، یان لەسەر پرسی بەمەرجەعزانینى پەرلەمان یان لەسەر پرسی جۆرى سیستمى حکومڕانی و دەیان نموونەى تریش، یان لە تازەترین نموونەدا تەڕەدودمان لەسەر مانەوەى سەرۆکى پەرلەمان لە پۆستەکەیدا. (هەندیک دڵیان بۆ ئەوە لێدەدات، لەسەر خواستی پارتی، سەرۆکی پەرلەمان بگۆڕین.)
بێگومان ئەمانە وایکرد، ئێمە وەک حزبێکى شێواو و ناسەقامگیر دەربکەوین؛ وەک حزبێک دەربکەوین، کە دوودڵ بین لەسەر بیروباوەڕەکانمان، هەر ئەمەش وایکرد لەم دواییانەدا، تەنانەت هێزە بچوکەکانیش شەرممان لێنەکەن. بەداخەوە ئێستا واى لێهاتووە خەریکە گۆڕان لە حزبێکى ڕابەرەوە دەبێت بە پاشکۆى پرۆژە و پێشنیازى ئەوانى تر. ئەوە لاوازی  و نەمانی متمانەیە پێمان، وایکردووە لەدواى چەندین هەوڵ، هێشتا یەکێتى و یەکگرتوو ئیستیجابەیان نییە بۆئەوەى کۆبوونەوەیەکى چوارقۆڵى یان دووقۆڵى، لەسەر پێشنیازی ئێمە بکرێت. هەموو ئەو کێشانەیە وایکرد، تواناى ڕابەرایەتیمان زۆر زوو کاڵبوویەوە، هەروەها دەرەنجامى شێواویى و نەبوونى پلان و دامەزراوە و دەسپێشخەرییە، وایکردووە خەریکە هیچ حزبێک متمانەى بە شەریکایەتیمان نەمێنێت، چونکە لە ئەنجامدا هێزە سیاسییەکان و تەنانەت تاکەکانی کۆمەڵگەش، چاویان لە سەقامگیریى هەڵوێست و کردارە.

تەوەرى شازدەیەم: ڕێکخستنەکانى گۆڕان: 
   لە دەستوورەکەماندا پەیکەرى بزوتنەوەکە و ڕێکارى خۆڕێکخستنەوە و کارى ڕێکخراوەیى دیاریکراوە، لەم ڕووەشەوە جگە لەوەى چەندین مادەى دەستوورەکە پشتگوێخراون، هاوکات دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین، ڕێکخستنەکانى ئێمەش هەڵگرى زۆربەى ئەو کێشە و نەخۆشییانەن، کە لە ڕێکخستنى حزبەکانى تردا هەن، بە تایبەت لە ڕێکخستنەکانى یەکێتیدا. بۆ نموونە بە ڕێژەیەکى گەورە لەناو هەڵسوڕاوانى مەکۆکاندا کێشەى کەمئەزمونیى کارى سیاسیی و حزبی و لاوازیى ئاستى خوێندەوارى هەیە. هەروەها کێشەى تەکەتول و یەکترقبووڵنەکردن هەیە. یەکێکى تر لە کێشەکانى ڕێکخستنەکانى ئێمە پیسیى تۆمارى دەنگدەرانى ڕێکخستنەکانە، لە لایەکى ترەوە ئەگەر سەرنجبدەین لە کاتى هەڵبژاردنەکان، ڕێکخستنەکان وەکو پێویست ناتوانن ئەو ئەرکەى دەکەوێتە ئەستۆیان ڕایبپەڕێنن، چەندین کێشەى تریش.

تەوەرى حەڤدەیەم: گۆڕان و هێزى چەکدار:
تێبینی: کاتێک یەکەمجار لە بەروارى ٢٤-١١-٢٠١٥ ئەم ڕاپۆرتەم لە حزورى ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانى گۆڕاندا، لەو هۆڵەى کە پێشتر کتێبخانە بوو خوێندەوە، بەڕێز دکتۆر بورهان یاسین وەک یەکێک لە بەشداربووان پێشنیازى ئەوەى کرد لە تەوەرێکی ڕاپۆتەکەدا، لە بارەى دیدى گۆڕانەوە لەسەر پرسی پێکهێنانی هێزى چەکداری حزبیی، ڕای خۆم بڵێم. بۆیە ئەم تەوەرەم زیادکرد. (لەو کۆپییەدا، کە بە کاغەز دام بە هەڵسوڕاوە دێرینەکان، ئەم بەشەی بۆ زیادکرابوو.)
لەناو گۆڕاندا دەنگێک هەیە باسی پێکهێنانى هێزى چەکدار دەکات، با بزانین لە پلاتفۆرمى بزوتنەوەى گۆڕاندا و هەروەها لە ڕووى دەستوورى و قانونییەوە، چۆن باسی هێزى چەکدارى حزبیی کراوە: 
یەکەم: لە پلاتفۆرى بزوتنەوەى گۆڕاندا هاتووە (هێزه‌ چه‌كداره‌كان، داموده‌زگاکانی‌ ئاسایش ‌و هه‌واڵگریی‌، گرنگترین‌ و ترسناكترین ڕۆڵ ده‌بینن له‌ هه‌ر وڵات‌ و قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاسیدا. گرنگترین ڕۆڵ‌ ده‌بینن كاتێك ده‌بنه‌ هێزی‌ به‌رگریكردن له‌ خاك ‌و قه‌واره‌‌ و دابینكردنی‌ ئاسایشی‌ هاووڵاتییان، ترسناكترین ڕۆڵیش ده‌بینن كاتێك ده‌بنه‌ داموده‌زگای‌ سه‌ركوتكردن‌ و میلیشیایی‌، ئامرازی‌ نهێنیی‌ حزب ‌و ده‌سته‌گه‌ریی‌ به‌رته‌سك، ئامێری‌ به‌خشینه‌وه‌ی‌ ترس، ده‌ستكاریكردنی‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی ‌‌و پاكتاوكردنی ‌ململانێ‌ ‌و جیاوازیی ‌ناوخۆیی‌. سه‌رباری‌ گیانبه‌خشین‌ و له‌خۆبوردوویی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ به‌رپرسان ‌و ئه‌ندامانی‌ هێزه‌ چه‌كدار ‌و ئه‌منییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ هه‌ژده‌ ساڵی‌ ڕابردوودا، ڕاستییه‌ك كه‌ ناتوانین بازی‌ به‌سه‌ردا بده‌ین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا سیستمی‌ ئه‌منیی‌ كوردستان سیستمێكی‌ نادیموكرات‌ و ناڕۆشن ‌و ناشارستانییه‌، تا ئێستا هێزی‌ چه‌كدار ‌و ده‌زگای‌ نهێنی‌، له‌بری‌ ئینتما بۆ نیشتمان‌ و گه‌ل، ئینتمایان بۆ حزب، له‌ناو حزبیشدا ئینتمایان بۆ ده‌سته‌‌ و گر‌وپی‌ نهێنی‌، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا ئینتمایان بۆ كه‌سی‌ ده‌ستڕۆیشتوو هه‌یه‌. تا ئێستا دابه‌شبوونی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ هێزی‌ چه‌كدار ‌و ئاسایش له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ناوچه ‌‌و خێڵ ‌‌و لایه‌نگیریی‌ به‌رته‌سكه‌. لیستی‌ گۆڕان له‌و بڕوایه‌دایه‌ دڵسۆزیی‌ بۆ نیشتمان، قه‌واره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی ‌‌و ئاسایشی‌ نیشتمانی‌، به‌ موزایه‌ده ‌‌و هات ‌و هاوار‌ و بەخشینەوەی‌ تۆمه‌ت‌ و ترس به‌سه‌ر به‌رهه‌ڵستكارانی‌ سیاسیدا مه‌یسه‌ر نابێت، به‌ڵكو پێویستی‌ به‌ گۆڕینی‌ ڕیشه‌یی‌ سیستمی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان‌ و داموده‌زگاكانی‌ ئاسایشه‌. پێویستی‌ به ‌سه‌رله‌نوێ‌ ئاماده‌كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و داموده‌زگا‌ و هێزانه‌یه‌ به‌ جۆرێك ببنه‌ قه‌ڵغانی‌ پاراستنی‌ قه‌واره‌ی‌ نیشتمانی‌‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ شارستانی ‌‌و ده‌وڵه‌تی‌ یاسا ‌و سیستمی‌ دیموكراتی‌، پاكبكرێنه‌وه‌ له‌ هه‌ر جۆره‌ ئینتیمایه‌كی‌ حزبیی‌، ناوچه‌یی‌، خێڵه‌كی ‌‌و شه‌خسیی‌ به‌رته‌سك. ئه‌گه‌رنا، ئایینده‌ی‌ قه‌واره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسیی‌ په‌رتبوون‌ و دروستبوونی‌ چه‌ندین كانتۆنی‌ ناشارستانی‌، چونكه‌ ئه‌و ڕووبه‌ره‌ ئاسایشه‌ی،‌ كه‌ تا ئێستا دڵسۆزیی‌ خه‌ڵك‌ و هۆشیاریی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌ندامانی‌ هێزه‌ چه‌كدار ‌و ئه‌منییه‌كان ڕایانگرتووه‌، به‌رده‌وام نابێت‌ و له‌ ئایینده‌یه‌كی‌ نزیكدا ده‌كه‌وینه‌ به‌رده‌م هه‌ڕە‌شه‌یه‌كی‌ ڕاسته‌قینه‌وه‌، كه‌ به‌ زیان به‌سه‌ر هه‌مووماندا، به‌ زیان به‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كه‌ماندا، ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئایینده‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌شدا ده‌شكێته‌وه،‌ كه‌ خاوه‌نی‌ میلیشیا ‌و هێزی‌ ئاسایش‌ و هه‌واڵگریی ‌‌و چه‌ك ‌و جبه‌خانه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ خۆیانن.) واتە لە ڕووى مەبدەئییەوە پێکهێنانى هێزى چەکدار، تەواو پێچەوانەى پەیامى سیاسى و پلاتفۆرمى بزوتنەوەى گۆڕانە و ڕێگەپێنەدراوە.
دووەم: لە ڕووى دەستوورى و قانونییەوە:  پێکهێنانى هێزى چەکدار دژیەکى لەگەڵ ئەم دەقە دەستوورى و قانونییانەدا هەیە:
١-لە خاڵى (ب)ى بڕگەى (1) ى مادەى (9) دەستوورى کۆمارى عێراقدا هاتووە "قەدەغەیە میلیشیاى سەربازى دروستبکرێت لە دەرەوەى هێزە چەکدارەکاندا."
٢- لە بڕگەى(3)ى مادەى (15) ى یاساى حزبەکانى هەرێمى کوردستانى-عێراق، ژمارە (17)ى ساڵى 1993 قەدەغەى کردووە حزب دامودەزگاى سەربازیى هەبێت "دامودەزگاى سەربازى و شێوە سەربازى نەبێت و لێى قەدەغەیە چەکى بە پێچەوانەى یاساوە هەبێت." 
٣- لە مادەى (17)ى هەمان یاسادا سزاى هەڵوەشاندنەوەى بۆ هەر حزبێک دیارىکردووە، کە سەرپێچى بکات، بە دەعوایەک کە وەزارەتى ناوخۆ لە سەرى کردبێتییەوە. 
٤- مادەى (2) لە یاساى ژمارە (6) ى ساڵى 2009 یاساى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان-عێراق، کە ئەرک و ئامانجەکانى وەزارەتى دیارىکردووە و لە بڕگەى (1)یدا هاتووە: "جێبەجێکردنى سیاسەتى گشتیى حکومەتى هەرێم و پارێزگاریى یەکگرتنى و پاراستنى ئاسایشى ناوخۆیى." لە بڕگەى (2) ى هەمان مادە دەڵێت: "کارکردن لەپێناو سەپاندنى پرەنسیپى سەروەریى یاسا و پارێزگاریکردن لە سیستمى گشتى و پاراستنى سامانى گشتى و تایبەتى."
٥- هەروەها لە یاساى ژمارە (19)ى ساڵى 2007، یاساى وەزارەتى پێشمەرگە لە هەرێمى کوردستان-عێراق، لە خاڵى(6)ى مادەى (2)دا، کە ئەرکەکانى وەزارەتى پێشمەرگەى دیاریکردووە هاتووە: "دابینکردنى هەموو ئەو کاروبارانەى پەیوەندییان بە نیشتەجێکردن و چەکدارکردن و تەمویل و گواستنەوە و خۆراک و مووچە و کاروبارى دارایى و ژمێریارى و ئاستى تەندروستى و جەستەیى و خزمەتگوزرایى دیکە بۆ هێزەکان هەیە."
٦- لە لایەکى ترەوە لە بڕگەى (1) ى مادەى (13)ى یاساى ژمارە (1)ى ساڵى 2005 یاساى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان-عێراق هاتووە: " سەرۆکى هەرێم فەرماندەى گشتیى هێزەکانى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان-عێراقە."، واتە سەرۆکى هەرێم فەرماندەى هێزێکە، کە هێزى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستانە و وەلائى بۆ هەرێمى کوردستان هەیە، نەک بۆ حزب.
لە کۆتاییدا:
   وەک لە سەرەتاوە وتم: لەم ماوەیەدا کێشەکان زیادیان کردووە و کێشەى زۆرتریشیان سەربار کراوە. بە تایبەت لە ئێستادا بزوتنەوەى گۆڕان تووشی جۆرێک لە پەشۆکان بووە و بە تەواوى تواناى ڕابەرایەتى و دەستپێشخەرى و بڕیاردانى لاواز بووە، تاڕادەیەکى زۆر سیاسەتى ئێستاى ئەم بزوتنەوەیە گرێدراوە بە هەڵوێستى ناڕۆشنى لایەنەکانى ترەوە، کە ئەمە جۆرێکە لە گرەوکردن لە سەر شتێک، کە ئەزمون سەلماندوویەتى زۆر زەحمەتە دەرئەنجامی باشی هەبێت.  
بۆ چارەسەرکردنی هەمو ئەم کێشانە، ئەو شێوازى کارەى، کە لە ئێستادا ئیدارەى بزوتنەوەکەى پێدەدرێت، نەک بەدیلێکی باشی شێوازە خراپەکەى ڕابردوو نییە، بەڵکو زۆر خراپترە. بێگومان بەم شێوەیە ناتوانن ئیدارەى ئمورى بزوتنەوەى گۆڕان بدەن،  چونکە بەدیلى شێواوى و غیابی کارى دامەزراوەیی لەناو گۆڕاندا، دروستکردنى لیژنە و گروپی ترى نادەستووریى نییە، لەسەر بنەماى میزاج، بەڵکو بەدیل ڕێکخستنەوەى حزبە بە میکانیزمی شەفاف و لە چوارچێوەى دەستوور و پەیڕەوەکەیدا.
لە ئێستادا کۆمەڵێک هاوڕێمان، لاى خۆیانەوە، خۆیان تەکلیفکردوە و ئیدارەى بزوتنەوەکە دەدەن. لەناو هەموویاندا تەنها ئەو سەرۆک فراکسیۆنانەى کە بەهەڵبژاردن هاتوون شەرعییەتیان هەیە،  ئیدى ئەوانى تر مەوقیعى دەستووریى و ڕێکخراوەییان لەگەڵ ئەو هەزاران کەسەدا فەرقی نییە، کە لە دوورەوە گۆڕانن.
بەڕێزان! ئەوە پەرۆشییە بۆ یەکڕیزیی بزوتنەوەکە و ئەدەب و هەستکردنە بە بەرپرسیارێتى لە ئاست هاوڕێکانمان، ئەگەرنا کێ ماف و دەسەڵاتی ئەوەى هەیە ڕێگە لەو دەیان هەڵسوڕاوەى تر بگرێت، کە ڕۆژانە دێنە گردەکە یان لە دەرەوەى گردەکەن، بێنە کۆبوونەوەکانى ئێستای گۆڕانەوە. یاخود ئەگەر پەرۆشیی بۆ یەکڕیزیی بزوتنەوەکە و ئەدەب و هەستکردن بە بەرپرسیارێتى نەبێت، کێ ماف و دەسەڵاتی ئەوەى هەیە ڕێگە لەوە بگرێت، گروپێکى تریش لاى خۆیانەوە هەر وەک ئەم گروپەى ئێستا کۆبوونەوەى مانگانە و هەفتانە و ڕۆژانەی خۆیان بکەن و بڕیارى خۆشیان بدەن. ئەوە هەستکردنە بە بەرپرسیارێتىی، کە خەڵکانێکى زۆر پێیان بە جەرگی خۆیاندا ناوە؛ لەم هەموو بێسەروبەرییە بێدەنگن.
لە زۆر ڕووەوە خەریکە دەچینەوە سەر حزبەکانى تر، با لەمەشدا لەوانى تر نەچین، با وەک ئەوەى لە پارتى و یەکێتى و حکومەتى داوادەکەین، قەیرانەکان هاندەرمان بن بۆ ئەوەى ڕۆژێک زووتر کێشەکانمان چارەسەر بکەین.  ئێمە ئێستا لەو مەلایە دەچین، کە ڕۆژانە لە سەکۆى مزگەوتەکانەوە نەسیحەتى خەڵک دەکات و خۆى عەمەلی پێناکات. هەندێک برادەر پێیانوایە لەبەرئەوەى لە ململانێی توندداین لەگەڵ هەندێک لایەندا؛ کەواتە دەبێت دەست بۆ چاکسازی ناوخۆیی نەبەین و بۆ کاتى تر دوایبخەین! بەڵام با ئەوەمان لەیادنەچێت؛ ئێمە نزیکەى حەوت ساڵە بە ڕەسمى کاردەکەین، لەوماوە زۆرەدا بەردەوام لە ململانێدا بووین، بێگومان مادام ئێمە سیاسەت دەکەین و چاومان لەوەیە موستەقبەلى ئەم وڵاتە بە دڵی ئێمە و لە دەستى ئێمەدا بێت؛ کەواتە ململانێکان هەر بەردەوام دەبن، کەواتە نابێت چاکسازى لە سەر شتێک دوابخەین کە کۆتایى نییە. 
تکایە با پاساو بۆ شکست و خراپییەکانى ئێستا و ڕابردوو نەهێنینەوە. با چاومان، ویژدانمان کەموکورتى و کەمتەرخەمى و هەڵە و خراپییەکانى خۆشمان ببینێت. با سەرقاڵبوون بە کێشەکانمان لەگەڵ حزبەکان و حکومەت و پەرلەمان، نەکرێنە بەهانە بۆ دواخستنى چاکسازیی ناوخۆیی. با واز لە ئسلوبی پشتگوێخستنى قەیرانەکان و ڕەخنەکان بێنین، چونکە نە لەگەڵ ئەسڵی بزوتنەوەى گۆڕاندا دێتەوە، نە قازانجی لێدەکەین. ئەزمونى سیاسەت و حزبایەتى سەلماندوویەتى پاساوهێنانەوە و دواخستنى چاکسازى، لەژێر هەر پاساوێکدا بێت؛ بە زیان شکاوەتەوە.
پێشنیاز بە کورتى: 
یەکەم: داواکارم لیژنەیەک پێکبێت بۆئەوەى پێکەوە و بەهێمنى کار بۆ ئامادەکردنى میکانیزمێکى نەرم و گونجاو بکەین، بە سوودوەگرتن لەو میکانیزمە، لە چوارچێوەى دەستووریى بزوتنەوەى گۆڕاندا، بە شێوەیەکى شەفاف کارى بزوتنەوەکە باش و تووندوتۆڵ بکرێت. 
دووەم: هەروەها پێویستە بەوردى ئەولەویەتى کارى سیاسیی ئەم قۆناغەى بزوتنەوەکە دیاریبکرێتەوە و خۆمان بۆ ئەگەرى جیاجیا ئامادەبکەین. 
کۆتایی...
**************
کورتەپەیامی (٢٠٢٦)م:
   خوێنەری بەڕێز، ئەوەی سەرەوە دەقی ڕاپۆرتەکە بوو، پاش ١١ ساڵ لە پێشکەشکردنی ئەم ڕاپۆرتەم بە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی گۆڕان، ئەوەی پێویستە بیڵێم، ئەوەیە: ئەو کات تەمەنی بایۆلۆژی و ئەزموون و مەعریفیم کەمتربوو. ئەگەر بە عەقڵ و تێگەشتنی ئێستاوە ئەم ڕاپۆرتە-نامەیەم ئامادەبکردایە؛ ڕەنگە تێگەشتنێکی ترم لەسەر بەشێک لە ڕووداوەکان هەبووایە و بە جۆرێکی تر ئەم ڕاپۆرتەشم بنوسیایە؛ بەڵام بێگومان لەسەر کارەکتەرەکان، بەتایبەت ڕێکخەری بزوتنەوەکە و ئەوانی تریش مکوڕتر دەبووم، یان لانیکەم دوای ئەوەی وەڵام و پشتیوانییەکی (کردارییم) نەبینی، هەر ئەو کات وازم لە بزوتنەوەکە دەهێنا.
ئێستاش، کە ئەم دۆکۆمێنتە دەخەمە بەرچاوی بەڕێزتان، لە مانگی (١ی ٢٠١٩) وە گۆڕان نەماوم. لەو ماوەیەشدا ئەوەی بۆم کرا ئەوە بوو: جارێکی دیکە بە ناوی درووستکردنی حزبی تازەوە، بە هەمان ڕێگەی هەڵەدا نەڕۆمەوە؛ بەڵکو بڕیارمدا خۆم بە وەڵامی پرسیارێکی قووڵترەوە سەرقاڵ بکەم. پرسیارەکەش ئەوە بوو: ئەوە بۆ هەر حزبێک دروست دەبێت، پاش ماوەیەک دەبێتەوە بە کۆپییەکی خراپتر لەوانەی پێشوو؟ ئەی چۆن بزاوتێکی باش درووستبکرێت؟ ئەی چۆن ئەم بزاوتە باشە هەم دیسان لەو سەرەوە خراپ نەبێتەوە؟ هێندەی لە توانامدا بوو، لە کتێب و مانیفێستۆی #مەشخەڵی_ژیانەوە دا، کە لە ٢٠٢٥ بڵاومانکردەوە، وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دایەوە، کە تێیدا فۆرمێکی تەواو جیاواز لە کاری ڕێکخراوەیی پێشنیاز دەکەین، لەسەر بنەمای کەسێتی باش، بزاوتی باش، حکومڕانی باش. واتە پێش حزبسازی، پێش حکومەتسازی؛ دەبێت بیر لە مرۆڤسازی بکەینەوە. 
پێشمانوایە دەبێت ئەم کتێبە، چ وەک کتێب چ لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینار و گفتوگۆی ڕووبەڕوو، بگاتە ناو کۆمەڵگە، بە یار و نەیارەوە، بە چاک و خراپەوە، لەم ڕووەوە هێندەی پێمانکرابێت، بە دەستی خۆمان مەشخەڵی ژیانەوەمان، نەک هەر بۆ مرۆڤە باشەکان، بەڵکو بۆ بەشێک لەوانەش ناردووە، کە دەزانین سەرچاوەی خراپەی ئەم وڵاتەن. لەسەر ئەم ڕێچکەیەش بەردەوام دەبین؛ تا هەمووان بزانن کاری ڕێکخراوەیی و سیاسەت ئەو فرتوفێڵە نییە، کە لە دوونیای ئێمەدا دەگوزەرێت، بەڵکو ڕێگایەکی درووست و نوێ هەیە، بە ئەخلاقەوە، سیاسەت وەک عیبادەت، کە سەرەنجام تیماری بیمارییەکانی گەلی ئێمە دەکات.