پەناگەكانی نوێـژ و خواردن و سێكس و پارکی ئـاو لە شاری مەشهەد

2018-06-07

 ئا: پەیامنێری نوسینگەی گاردیان لە تاران

وەرگێرانی رەزوان حەسەن

لە دوای زیادبوونی توندوتیژییەكانی عێراق لە ساڵی 2011 و دەركەوتنی داعش ژمارەی زیارەتكارە شیعیەكانی عێراق بۆ ئێران بەشێوەیەكی خێرا زیادی كردووە، شاری مەشهەدی ئێران شتی زۆری بەو عێراقییە زیارەتکارانە بەخشیووە كە لە ترسی توندوتیژیی لە ناوخۆی عێراق هەڵهاتوون، بەڵام خەڵكی ئەم شارە تێڕوانینی جیاوازییان هەیە لەسەر میوانەكانیان.

بلیت بڕی دەروازەی فرۆكەخانەی میهرئاباد لە تاران توڕە ببوو. هاواری لە كۆمەڵێ پیاوی تەمەن مامناوەندی عێراقی دەكرد كە كێشەیان لەگەڵ فارسییە ئاڵۆزەكەیدا هەبوو.

هەناسەیەكی درێژی هەڵكێشا و پێی وتن "بۆچی جانتاكانتان نەپشكنی پێش ئەوەی بێن بۆ شوێنی پشكنینی جانتا؟". پیاوەكان، كە هەندێكیان كراس و پانتۆڵی ئاساییان لەبەردابوو و ئەوانیتریان جلوبەرگی زیاتر كەلەپوریی عەرەبییان پۆشیبوو، بۆ شوێنێ دەگەران جانتاكانیانی لێ دابنێن و زنجیرێك ببەستن بەدەوریاندا.

سەرنشینە عێراقیەكان لە گەشتەكەی ئەو رۆژەدا بۆ مەشهەد ژمارەیان لە 50 كەس زیاتر نەدەبوو، بەڵام لەسەدا 30ی سەرنشینەكانی ئەو فڕۆكە كۆنەی بۆینگ ئەبوون. فڕۆكەكە رێڕەوێكی تەسكی لە ناوەڕاستی شەش ریز كورسیدا هەبوو و كەسێك بیویستایە جێگا و شوێنی كەسێك بدۆزێتەوە شتەكانی خۆی تێدا هەڵگرێ كەمێ قورس دەبوو و دەمەقڕەی تێدەكەوت. ئەو سەرنشینانەی رووخۆش و كراوەبوون بەشێوازێكی جوان داوایان لەو سەرنشینانە دەكرد بە پێوە راوەستاون بچنە جێگەكانیان تاكو ئەوانیتر بتوانن تێپەڕن.

بەڵام سەرنشینەكان كاتێك باسی سەرنشینە عێراقیەكانیان دەكرد شتێك لە دەنگیاندا دەگۆڕا. ئەو پیاوە ئێرانییە خاوەن كارەی لە تەنیشتمەوە دانیشتبوو و خەڵكی تاران بوو پێی وتم "بەهیچ جۆرێك عێراقیم خۆش ناوێت."

وتی "ئەبینی چەند ئیزعاجن؟". "هێی ئەمە شوێنێكی گشتییە!"

هەر كە فڕۆكەكە وردە وردە كەوتەڕێ لە رێڕەوەكە سەرنشینە عێراقیەكان دەستیان كرد بە دوعا خوێندن، بەتایبەت كاتێك فڕۆكەكە خێراییەكەی زیاد كرد و دەستی بە بەرزبونەوە كرد، وەك ئەوەی دەیانویست بە دوعاكانیان هاڕەی مەكینەی فڕۆكەكە زیادبكەن.

رەنگە ئێرانییەكانیش تاوەكو چەند ساڵێكی كەم پێش ئێستا ئەو جۆرە عادەتەیان هەبووبێت، بەڵام ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی دوعای پێش دەستپێكردنی گەشت دەخوێنن ڕۆژ بە ڕۆژ لە كەمبونەوەدایە.

لەكاتی گەیشتنیان بە مەشهەد، كە دووەم قەرەباڵغترین شار و شوێنی كۆمەڵێك شوێنگەی پیرۆزی ئێرانە، سەرنشینە عێراقی و ئێرانییەكان وەك یەك لە دەروازەكەدا چڵە دارێكی ڕەنگ ئاڵتونییان درایە دەست. دوای تێپەڕبوون بە بەشی وەرگرتنەوەی جانتاكان گەیشتنە ژمارەیەكی زۆر پرسگەی هۆتێلی جۆراوجۆر و گرانبەها و راقیی مەشهەد و لەوێ بەشێوەیەكی گەرمتر لە مەهرئاباد مامەڵەیان لەگەڵدا كرا. عادەتەن ئەو كچە گەنجانەی لە پرسگەكاندا بوون بە عەرەبیەكی تاڕادەیەك تێكشكاوەوە قسەیان دەكرت تاوەكو حاڵی ببن لە عێراقیەكان، كە ئەوانیش بە فارسییەكی تێكشكاو قسەیان دەكرد.

عێراق زۆرینەی شیعەیە و خواستی سەردانیكردنی مەزارگە شیعیەكانی ئێران _بەتایبەتی گۆڕی هەشتەم ئیمامی شیعە، ئیمام رەزا، لە مەشهەد_ لەدوای لادانی سەدام حوسەین لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمریكاوە زیادی كردووە. لەدوای زیادبوونی توندوتیژیەكان لە ساڵی 2011 و دەركەوتنی داعش لە عێراق و گرتنی بەشێكی فراوانی خاكی وڵاتەكە، ژمارەی زیارەتكارە عێراقییە شیعەكان بەشێوەیەكی خێرا زیادی كردووە.

،،

عێراق زۆرینەی شیعەیە و خواستی سەردانیكردنی مەزارگە شیعیەكانی ئێران _بەتایبەتی گۆڕی هەشتەم ئیمامی شیعە، ئیمام رەزا، لە مەشهەد_ لەدوای لادانی سەدام حوسەین لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمریكاوە زیادی كردووە. لەدوای زیادبوونی توندوتیژیەكان لە ساڵی 2011 و دەركەوتنی داعش لە عێراق و گرتنی بەشێكی فراوانی خاكی وڵاتەكە، ژمارەی زیارەتكارە عێراقییە شیعەكان بەشێوەیەكی خێرا زیادی كردووە.

DFC
ناو بازاری شاری مەشهەد ـ ئێران

مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2015 موحەمەد مەهدی بەرادەران، بریكاری بەشی پلاندانان و گەشەپێدان لە فەرمانگەی سەرۆكی شارەوانی مەشهەد، رایگەیاند ساڵانە 1 ملیۆن و نیو گەشتیاری بیانی سەردانی مەشهەد دەكەن و لەسەدا 23ی ئەو گەشتیارانە لە عێراقەوە دێن. بەرادەران بە بڵاوكراوەی پیشەسازی و كاری ئێران (SMT News)ی گوت "زۆربەی ئەوانەی سەردانی ئێران دەكەن زیارەتكارن و بۆ سەردانی مەزارگەی ئیمان رەزا لە مەشهەد دێن". "هەموو شارەكانی دیكەی ئێران بەیەكەوە ناتوانن بگەنە ئاستی گەشتیاریی مەشهەد."

بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی ئەو بڵاوكراوەیە هەموو زیارەتكارێك كە سەردانی مەشهەد دەكات نزیكەی 1500 دۆلار خەرج دەكات لە شارەكە، واتە ئەو 345هەزار كەسەی هەموو ساڵێك سەردانی مەشهەد دەكەن پێكەوە 517 میلۆن دۆلار خەرج دەكەن. هەرچەندە ئامارەكانی حكومەت ئاماژە بەوە دەكەن كە ژمارەی سەردانكەرە عێراقیەكان بۆ مەشهەد دەكرێت زۆر زیاتر بێت، چونكە لە ساڵی 2014 سەعید ئۆهادی سەرۆكی ئەنجومەنی حەج و عەمرە، كە فەرمانگەیەكی وەزارەتی كەلتور و ئیرشادی ئیسلامی ئێرانە، وتی ساڵانە 1.3ملیۆن زیارەتكاری عێراقی سەردانی ئێران دەكەن.

شارەزایەكی گەشتیاریی بە نوسیگەی تارانی گاردیانی گوت "پێم وایە زۆربەی ئەو گەشیارە عێراقیانەی دێن بۆ ئێران سەردانی مەشهەدیش دەكەن، زۆربەی گەشتیاران شیعەن و تاڕادەیەكی باش باوەڕدارن، بۆیە رەنگە ئەگەر بێن سەردانیكردنی مەزاری ئیمام رەزایان بیرنەچێت."

بەرپرسێكی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هاشمی نەجاد لە مەشهەد پێی وابوو ژمارەی ئەو عێراقییانەی بۆ زیارەت دێن بۆ شارەكە لەدوای سەرهەڵدانی داعشەوە چەند هێندە زیادی كردووە. وتیشی "لەدوای كەوتنی سەدام لەساڵی 2003 ژمارەیەكی زۆر عێراقی ساڵانە دەهاتن بۆ ئێران، بەڵام پاش دوو سێ ساڵ ئەو ژمارەیە وەك خۆی مایەوە. مەزەندە دەكەم ئەو ژمارەیە لە دەوروبەری 100هەزار كەسدا هەڵبەز و دابەزی كردبێت. بەڵام لە ساڵی رابردوودا بەشێوەیەكی ئێجگار زۆر بەرزبۆتەوە."

چەند شۆفێرێكی تەكسی كە لەبەردەم دەرگای چونەدەرەوەی فرۆكەخانەكە خڕببونەوە تامەزرۆبوون بۆچوونی خۆیان دەربڕن. هەروەها پێیان وابوو ژمارەی سەردانكەرە عێراقیەكان و كاتی مانەوەیان زیاتر بووە. مەهدی تەمەن 25ساڵی شۆفێری تەكسی وتی "كابرایەكی عێراقی دەناسم خانویەكی لە دەوروبەری تەبریسی بۆ ماوەی شەش مانگ بە كرێ گرتووە."

هەرچەندە ئەو شۆفێری تەكسییانەی لە دەرەوەی فڕۆكەخانەكە ئیش دەكەن لە سەرنشینانی فڕۆكەكە زیاتر عێراقیەكانیان خۆش ناوێ. "یەكێك لە شۆفێرەكان وتی "هەرچۆنێك بێت دینارەكەی ئەوانەی بەهای بەرزترە لە تمەنەكەی ئێمە. رەنگە وەك سواڵكەر ڕەفتار بكەن بەڵام بەپێی پارە گۆڕینەوەیان بێت ئەتوانن وەك پاشا بژین. كاتێك سەردانی كەربەلام كرد، لە فڕۆكەخانەوە بۆ مەزارگەكە نزیكەی 800هەزار تمەنی خۆمانم دا بە تەكسی، بەڵام لێرە 150هەزار ریاڵ وەردەگرم بۆ سەفەرێكی لەو شێوە. لەڕاستیدا ئێران زۆر هەرزانە بۆ ئەوان، بەڵام هێشتاش گلەیی لەم كرێ هیچە دەكەن و زۆربەی جاریش بەشێوەی بەكۆمەڵ دێن. راستیەكەی دەڵێی ڕانە مەڕن. من دەبێت لە چوار سەرنشین زیاتر نەخەمە نێو ئۆتۆمبێلەكەمەوە _بە خۆمەوە هەمووی پێنج كەس دەكات_ وە ئۆتۆمبێلەكەش لەوە زیاتر ناگرێت. ئەگەر توشی رووداوێك بم چی بكەم؟"

مەهدی ئەوەندە ئومێدی بەوە نەبوو هاتنی لێشاوی سەردانكەری عێراقی گۆڕانكارییەك بەسەر ئابوری مەشهەددا بهێنن. دەیوت "ئەوان ئەوەندەش خەرج ناكەن. تەنها لە شەڕ ڕایانكردووە و هاتوون بۆ ئێرە. وەك چۆن مشكی بچوك بەدوای كوندا دەگەڕێت."

هەروەها مەهدی قسەشی لەسەر ئەو پیاوە عێراقیانە كرد كە دێن بۆ مەشهەد بۆ دۆزینەوە و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرە ئیشكەرە سێكسیانەی لە شارەكەدا هەن، كە زۆربەیان لەڕێگەی سیستمی هاوسەرگیری كاتیی شیعی ناسراو بە سیغە لە ئێران كاردەكەن.

،،

"ئەوان دێن بەدوای لەشفرۆشدا دەگەڕێن. رۆژێك كابرایەكی عێراقیم سەرخست و لێی پرسیم لەم ناوە زەواجی سیغە هەیە. پێم وت بەڵێ هەیە، چ كچێكت دەوێت عێراقی؟ سعودی؟ بەحرەینی؟ لوبنانی؟ هەموویان لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیەوە هاتوون و لێرەن."

"ئەوان دێن بەدوای لەشفرۆشدا دەگەڕێن. رۆژێك كابرایەكی عێراقیم سەرخست و لێی پرسیم لەم ناوە زەواجی سیغە هەیە. پێم وت بەڵێ هەیە، چ كچێكت دەوێت عێراقی؟ سعودی؟ بەحرەینی؟ لوبنانی؟ هەموویان لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیەوە هاتوون و لێرەن." مەهدی لە دڵەوە پێكەنینێكی بۆهات، بەڵام ئەو دوژمنایەتییە مێژووییەش لە سەریدایە كە زۆرێك لە ئێرانیەكان بەرامبەر عەرەب هەیانە و دەرهاویشتەی تێگەیشتنی چین و توێژە زیاتر باوەڕدارەكەی كۆمەڵگەی ئێرانییە لە بەرامبەر ئەو هەڕەشەیەی لەسەر خاوێنی و پاكیزەیی ئافرەتی ئێرانی دروست بووە.

مەهدی وتی "ئەوەی پێمان دەكرێت شایەنمانە چونكە رێگە بەو عەرەبانە دەدەین بێنە وڵاتەكەمانەوە. ئەوەندە شەرەف و كەرامەتمان نەماوە كە تەنانەت عەرەبەكان لەم شارە پیرۆزەدا دەردەكەون و پرسیار بۆ ئافرەت دەكەن. ئەو زۆڵەی پێم وتی؟ لەڕاستیدا كەمێك فارسی دەزانی. ئیتر كە پرسیاری بۆ سیغە كرد هەرچی جوێنی پیس بوو پێمدا و سەیارەكەم لادا، یەخەكەیم راكێشا و لە تەكسیەكە هێنامە خوارەوە. كە پێم لێنا لەگەڵیا بە دەنگی بەرز وتم گوبخۆ.

لە بەختی ئەودا ئەو مامەڵە سەركێشانەی ئەنجامی دابوو بەسەرهاتەكەی گۆڕیبوو بۆ شتێكی ناخۆش.

وتی "ئەو هەتیوە لوتی دام بە زەویدا. لە ئاژانسی تەكسی شكاتی كردم و ئەوانیش بۆ دوو مانگ دەستیان بەسەر تەكسیەكەمدا گرت و 4 میلۆن ریاڵ غەرامەیان كردم. تەنها لەبەرئەوەی بەرگریم لە شەرەفی خۆمان كرد. ئەوە مافی خۆمانە. لەجیاتی ئەوەی سوپاسم بكەن لەسەر ئەوە غەرامەیان كردم."

ژمارەیەكی زۆر ئوتێلی پێنج ئەستێرە و ڤێلای راقی (بەهاوبەشی لەگەڵ خاوەن ماڵ) و ئۆتێلی ئاسایی لەسەر شەقامی ئیمام رەزا هەر لە مەیدانی بەرغەوە بۆ مەزارگەی ئیمام رەزا ریزبوون. زۆرێك لە بەڕێوەبەرانی ئەم باڵەخانانە ئەوە دوپات دەكەنەوە كە پرسیاری باوی سەردانكەرە عێراقیەكان ئەوەیە كە لە كوێ لەشفرۆشیان دەست بكەوێت.

یاسای ئێران بە روونی قەدەغەی كردووە ژن و پیاو بەبێ هاوسەرگیری پێكەوە بچنە ژووری ئۆتێلێكەوە، بەڵام خەڵك رێگە دەدۆزنەوە بۆ ئەوە. پیاوێكی گەنج بەناوی عەلی ڕەزا یەكێكە لەوانەی كار بۆ ئەو عێراقیانە دەكات كە بەدوای لەشفرۆشدا دەگەڕێن. زۆرێك لە خاوەن دوكان و ئوتێلەكان ژمارە مۆبایلیان داوەتە عەلی رەزا تاكو بۆ عێراقیەكان بپرسێ.

عەلی رەزا وتی "كاكە تەنها عێراقیەكان نین خەریكی ئەمەن. سێكس شتێكە لە هیچ گەشتنامەیەكی خۆشدا لەبیر ناكرێت. بۆیە لەبەرئەوەی شتەكە نایاساییە، تاكە شت ئەوەیە دەبێت . . . لێزان بیت."

عەلی رەزا دەیوت هەندێ لەشفرۆش لە مەشهەد دەناسێت و خۆشحاڵیشە بەوەی ئاسانكاری بۆ ئەو عێراقیانە دەكات كە تەلەفۆنی بۆ دەكەن. بەڵام ئەو چۆن شوێنێكی پارێزراو دەدۆزێتەوە؟

وتی "ئەوە كێشە نییە. ئافرەتەكان لە دەوروبەری ناوچەكانی شەقامی قاسم عەباد و موعەلیم شوقەی خۆیان هەیە. مامەڵە لەوێ دەكرێت."

عەلی رەزا باسی لەوە كرد كە نرخی مامناوەند بۆ یەك شەو لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی كاریان لەگەڵ دەكات لەنێوان دوو بۆ سێ ملیۆن ریاڵدایە (واتە $70.5_$105.75). هەندێ موشتەری دەوڵەمەندتر هەیە ئافرەتێك دەگرێت بۆ یەك هەفتە. بۆ نمونە، لەوانەیە كچێك ببەن بۆ گەشت بۆ شیراز یاخود شوێنی تر، یاخود بەرەو باكور بۆ دەریای رەش و ئەسفەهان و شوێنی لەو شێوە. كچەكان بۆ یەك هەفتە داوای 20 بۆ 30 ملیۆن ریاڵ دەكەن."

لەگەڵ ئەوەی ئامادە نەبوو چاوپێكەوتنێكی رووبەڕوو لەگەڵ یەكێك لەو ئافرەتانە بكات یاخود ژمارەیانم پێ بدات دوای ئەوەی پارەم خستە بەردەمی، بەڵام رازیبوو تەلەفۆن بۆ كەسێك بكات و رێگەم پێبدات لەسەر تەلەفۆنەكەی قسە لەگەڵ یەكێك لە ئافرەتەكان بكەم. پاش چەند قسەیەكی كەم تەلەفۆنەكەی دایە دەستم و منیش لێم پرسی هەستی چۆنە بەرامبەر كڕیارە عێراقیەكان و چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.

وتی "بە گشتی خەڵكی زۆر باشن. هەندێكیان زۆر شەرمنن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی میهرەبان و چاكن. زۆرێكیان تەنانەت پارەی زیادەم دەدەنێ بۆ ئەوەی دوای رۆیشتنیان لەڕێی فەیسبوكەوە یاخود ڤایبەرەوە پەیوەندیم لەگەڵیاندا بمێنێت."

لەگەڵ ئەوەشدا سێكس تەنها شت نییە لە مەشهەد پێشكەش بكرێت. چێشتخانەكانی دەرەوەی شار بە دووری 20 كیلۆمەتر لە دەرەوەی شار، لەوانە شاندیز و تۆرقەبە، سەرنجی ژمارەیەكی زۆر موشەتەری عێراقیی راكێشاوە. بەتایبەتی شیشلیك و كەباب بورگ ئەوەندە ناسراوە ئیتر بەلای عێراقیەكانەوە هیچ شاراوە نییە.

DFC
مەزاری ئیمام رەزا هەشتەمین ئیمامی شیعەکان ـ مەشهەد ـ ئێران

عەبدول حەمید كە مامۆستایە لە نەجەف هاوسەرەكەی و دوو كچی گەنجی خۆی هێنابوو. بەدەم پێكەنینەوە و بە فارسییەكی ناڕوونەوە وتی "هەموو كەس خواردنی مەشهەد دەناسێت. یەكەم ئیمام رەزا، پاشان شیشلیك_ئەوە یاساكەیە."

عەبدول حەمید لەگەڵ ئەوەی كاتێكی خۆشی لە مەشهەد بردبوویەسەر وتی "جۆرێك لە بێرێزیم بەرچاو كەوتووە كە زۆر بەربڵاوە. كاتێك ئێرانیەكان دێن بۆ عێراق پێمان خۆشە و رێزیان دەگرین و زۆر بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین. بەڵام لەڕاستیدا زۆرێك لە دوكاندارەكان و شۆفێرەكانی تەكسی دەموچاوی منیان نەویستووە. بەتەواوی ناتوانم بڵێم بۆچی وایە."

،،

سێكس تەنها شت نییە لە مەشهەد پێشكەش بكرێت. چێشتخانەكانی دەرەوەی شار بە دووری 20 كیلۆمەتر لە دەرەوەی شار، لەوانە شاندیز و تۆرقەبە، سەرنجی ژمارەیەكی زۆر موشەتەری عێراقیی راكێشاوە. بەتایبەتی شیشلیك و كەباب بورگ ئەوەندە ناسراوە ئیتر بەلای عێراقیەكانەوە هیچ شاراوە نییە.

توێژەرێكی ئافرەتی زانكۆی تاران وتی دەزانم بۆچی وایە. "پێش هەموو شت شەرێكی هەشت ساڵەمان پێكەوە ئەنجامدا، ئەگەرچی ژمارەیەكی زۆر شیعەی عێراق دژی سەدام بوون. بەڵام زۆرێك لە ئێرانیەكان ئەوە نازانن. خۆشبەخانە زۆرێك لەو ئێرانییانەی لەدوای ساڵانی هەشتاكان لەدایك بوون (واتە پاش شەڕەكە) ئەم جۆرە هەست و بیركردنەوانەیان بەرامبەر عێراقییەكان نییە. هۆكارێكی دیكە ئەم ئاراستە دژە عەرەبیزمەیە كە لەنێو كۆمەڵگەی ئێرانیدا ماوەتەوە و بەشێكی ئەوەیە وای لە ئێرانییەكان كردووە پێیان وابێت لە عێراقیەكان باڵاتربن. بەڵام وەك خۆم هەستەكەم لەدوای سەرهەڵدانی داعشەوە زۆرێك لە ئێرانییەكان هەوڵیانداوە زیاتر هاوسۆزبن لەگەڵ دراوسێ عێراقییەكانیان."

مورتەزای تەمەن 25 ساڵ كە فرۆشیاری بەردی ئۆپاڵ و پیرۆزەییە لە قاتی دووەمی بازاڕی رەزا لە نزیك مەزارەكە تامەزرۆیی خۆی بۆ گەشتیارە عێراقییەكان نیشاندا. وتی "لەڕاستیدا خەڵكی سادە و باش و خۆشەویستن. هەمیشە ئەم ناڕەحەتی و ئەو ناڕەحەتییان چەشتووە. بۆ ماوەی بیست ساڵ ناچاربوون بەرگەی سەدامی دڵڕەقی دیكتاتۆر بگرن، ئەویش نەك تەنها ژیانی ئەوان بەڵكو ژیانی ئێمەشی تێكدا. ئەگەر ژیانیشیان ئەوەندە خراپ نەبووبێت بەڵام هەر ناچار بوون بە ئەمریكییەكان رازیبن كە ئەوانیش دەستدرێژییان كردە سەر ئافرەتەكانیان و ئێستاش گروپی دڵڕەقی داعشیان توش بووە! هەركاتێك عێراقییەكان ببینم هەمیشە پەیوەندییەكی هاوڕییانەی نزیك دروست دەكەم. ئەگەر باوەڕبكەیت تەنانەت داشكاندنیشیان بۆ دەكەم. دەمەوێت هەرچی پێم بكرێت بۆیان بكەم."

بەهرۆز كە فرۆشیاری كوتاڵی كشمیرە لە قاتی خوارەوەی بازاڕەكە بۆچوونی جیاوازبوو لە مورتەزا. ئەو وتی "كەس هێندەی عێراقییەكان ئیزعاج نییە. كە دێن یەك دنیا ژاوەژاو دروست دەكەن و دەست لە هەموو شتێك دەدەن و دواییش تەنانەت یەك شت ناكڕن!"

لە كونسوڵخانەی عێراق، كارمەندێك زیاتر تیشكی خستەسەر پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان ئێرانی و عێراقییەكان. وتی "ئێمە بە دەگمەن هەواڵی توندوتیژی دژ بە هاوڵاتیانی عێراقیمان پێدەگات. بۆیە ئەو قسەیەی دەڵێت دەمارگیرییەكی راستەقینە لەدژی عێراقییەكان لە ئارادایە راست نییە. بێگومان گلەییمان پێدەگات _وەك مامەڵەی خراپی شۆفێری تەكسی و شتی لەو جۆرە_ بەڵام ئەوەندەی من بزانم تەنانەت خەڵكی دانیشتووی مەشهەدیش ئەوەندە بەینیان لەگەڵ شۆفێری تەكسیدا باش نییە. بەشێوەیەكی گشتی عێراقییەكان رازین بە سەردانەكانیان بۆ مەشهەد و حەزیشیان بەوە هەیە جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بۆی.

یەكێكی دیكە لە شتە لەبیرنەكراوەكانی مەشهەد لای گەشتیارە عێراقییەكان بریتییە لە ئاوەكانی شارەكە. بلیت فرۆشێك لە شاری یاریی ئاوی سەر رێگەی ئەندێشە قاسم باسی لە ناسراویی پاركی ئاوەكان كرد. وتی "رەنگە لەسەدا 20ی سەردانكەرەكانمان عێراقی بن. زۆر حەزیان بە پاركەكانی ئاوە و كاتێك دێن بەدرێژایی رۆژ لەنێویدا دەمێننەوە. دەڵێی قەت لێی ماندوو نابن."

مەشهەد زۆرترین پاركی ئاویی هەیە لە ئێران و بەشێوەیەكی گشتیش قەرەباڵغن. دۆزینەوەی عەرەبی زمان لەنێو ئەو جەنجاڵییەی خەڵكدا زۆر ئاسانە.

ئەیادی تەمەن 44 ساڵ كە فرۆشیارێكی ئامێرە كارەباییەكانە لە كەربەلا و كەمێك بە ئینگلیزی قسە دەكات چوار جار چووە بۆ مەشهەد. وتی "كاتێك سەردانی مەشهەد دەكەم ئەم پاركی ئاوەم قەت بیر نابێت بۆی بچم. شتێكی زۆر پڕ لە وزەیە، ئەگەرچی كەمێكیش قەرەباڵغە. بۆ ماوەی هەشت سەعات لەوێ ماومەتەوە بەس بۆ ماوەی یەك سەعات تەنها  خلیسكێنە و شتم كردووە. بەڵام ئەوە بۆ من كێشە نییە. مەشهەد شارێكی خۆش و سەرنجڕاكێشە. مەبەستم لە "سەرنجڕاكێشیی" بەلایەنی باشەیە نەك بەو مانایەی لە عێراق هەیە، كە لێرە فیشەك و خوێن هەر نابڕێنەوە.