تاقیگەكانی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی قەرزارن

2018-06-24

راپۆرتی: دلێر عەبدوڵڵا

بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەی لە فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی روویداوە، ماوەی شەش مانگە تاقیگەو ناوەندە شیكارییەكانی سنووری تەندروستی پارێزگاكە، هیچ جۆرە پێداویستییەكیان بۆ دابین نەكراوە، بەپێی زانیارییەكانیش نزیكەی یەك ملیۆن دۆلاری ئەمریكی لەپارەی دابینكراوی تەندروستی سلێمانی راگیراوەو بەهۆی چەند رێكارێكی كارگێڕی و ژمێریارییەوە لیژنەكانی كڕین دوورخراونەتەوە.


بەپێی زانیارییەكانی دیپلوماتیك، ماوەی شەش مانگە بڕە پارەی دابینكراوی تاقیگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی خەرجنەكراوەو بەچەند هۆكارێك كڕینی و كەل و پەل و پێداویستی بۆ تاقیگەكان راگیراوە.

،،

حكومەتی هەرێمی كوردستان، مانگانە بودجەی تایبەتی بۆ وەزارەتی تەندروستی دابین دەكات، وەزارەتەكانیش بەپێی پێداویستی، بڕە پارەی پێویست ئەداتە فەرمانگەكان، فەرمانگەی سلێمانیش مانگانە بڕی 200 ملیۆن دیناری تەرخان كردووە بۆ تاقیگە پزیشكییەكان، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەك نەدراوەتە تاقیگەكان كە كۆی گشتی دەكاتە، (1,200.000,000) یەك ملیارو دوو سەد ملیۆن دینار.

لەوبارەوە دكتۆر كۆسار عەلی، بەرێوەبەری تاقیگەكانی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی بە دیپلۆماتیكی وت "دەبێت كڕین بە شەفافیەت بێت، بەهۆی دەستاودەستكردنی دەسەڵات و ئەو گۆڕانكارییانەی رویاندا، لیژنەكان درەنگتر دروستبوون، بۆیە لەهەوڵی ئەوەداین ئەوەی ماوە وەریبگرین و پێداویستییەكان دابین بكەین."


دیپلوماتیك ئەوەی زانیوە كە دوای دەستبەكاربوونی دكتۆر سەباح نەسرەدین وەك بەرێوەبەری نوێی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی، گۆڕانكاری گەورەی لەناو فەرمانگەكەدا دروستكردووەو چەند رێكارێكی كارگێڕی و ژمێریاری بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكان روویداوە، هەروەك ئەوەی دكتۆر كۆسار وتی "ئێمە ناڵێین پێشتر شەفافیەت لە ئیدارەدا نەبووە، بەڵام بەهۆی دەستاودەستكردنی دەسەڵات و گۆڕانكاری لە لیژنەكان و پێداچوونەوە بە گرێبەستەكاندا، بەهۆكاری ئەوەی لەساڵی نوێدا پێویستە، ئەو پارەی كە دەبوو بۆ كڕینی كەل و پەل دابینبكرێت، دواكەوتووە."


حكومەتی هەرێمی كوردستان، مانگانە بودجەی تایبەتی بۆ وەزارەتی تەندروستی دابین دەكات، وەزارەتەكانیش بەپێی پێداویستی، بڕە پارەی پێویست ئەداتە فەرمانگەكان، فەرمانگەی سلێمانیش مانگانە بڕی 200 ملیۆن دیناری تەرخان كردووە بۆ تاقیگە پزیشكییەكان، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەك نەدراوەتە تاقیگەكان كە كۆی گشتی دەكاتە، (1,200.000,000) یەك ملیارو دوو سەد ملیۆن دینار.

،،

بەپێی زانیارییەكانی دیپلوماتیك، ماوەی شەش مانگە بڕە پارەی دابینكراوی تاقیگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی خەرجنەكراوەو بەچەند هۆكارێك كڕینی و كەل و پەل و پێداویستی بۆ تاقیگەكان راگیراوە.


ئەگەرچی تا ئێستا ئەو بڕە پارە كەڵەكە بووە، خەرجنەكراوە بۆ تاقیگەكان، بەڵام بەرێوەبەری تاقیگەكان بەدیپلوماتیكی وت "موافەقەی وەرگیراوەتەوەو خەریكی خەرجكردنین، نوسراو بۆ سێ مانگی یەكەم كراوەو لەماوەیەكی تردا نوسراو بۆ سێ مانگەكەی تر ئاڕاستە دەكەین."

لەم نێوەندەدا دەنگۆی ئەوە هەیە كە بەهۆی راگرتنی كڕین بۆ پێداویستی تاقیگەكان، ئەو بڕە پارەیە گەڕابێتەوە خزێنەی حكومەتی هەرێم، لەوبارەوە مۆفەق عەبدوڵڵا، راوێژكار لە وەزارەتی تەندروستی، بە دیپلوماتیكی وت "ئێمە ئەو پارەیەمان ناردووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك نەگەڕاوەتەوەو لەتەندروستی سلێمانی بەكاردێت."


راگرتنی ئەو پارەیە، كاریگەری خراپی لەسەر تاقیگەكان دروستكردووەو لە ئێستادا كێشەی گەورەی بۆ ئەو ناوەندانە دروستكردووە، وەك ئەوەی هۆشیار محەمەد بەرێوەبەری تاقیگەی پزیشكی دادوەری سلێمانی بەدیپلوماتیكی وت "لەگەڵ ئەوەی ئێمە فۆكەسی زیاترمان لەسەر لایەنە زانستیەكەیە، بەڵام بێ گومان ئەوە كێشەی دروستكردووە، خۆشبەختانە بەهۆی ئەوەی ئێمە پەیوندیمان لەگەڵ پۆلیس و دادگا هەیە، كاریگەری خراپی لەسەر دروستنەكردووین."


جگەلەوەش لە ئێستادا ژمارەیەك كۆمپانیای تایبەت بە دابینكردنی كەل و پەلی پزیشكی، بڕە پارەیەكی زۆریان وەك قەرز لە تەندروستی سلێمانییەو فەرمانگەی تەندروستیش كاری دانەوەی ئەو پارانەی بە حكومەتی هەرێم سپاردووە،

مۆفەق عەبدوڵڵا راوێژكار لە وەزارەتی تەندروست وتی "هەیئەیەك دروست بووە لە ئەنجومەنی وەزیران، داوایان كردووە كە لیستی قەرزەكان بنێرین بۆ ئەوەی بە پێی لیژنەیەك كار بۆ دانەوەی بكەن، رەنگە لەداهاتوودا كار بۆ ئەوە بكرێت ئەو قەرزانە بدرێنەوە."


بەپێی زانیارییەكانی دیپلوماتیك، زیاتر لە 10 كۆمپانیا پارەی لای تەندروستی سلێمانییە، بەڵام راوێژكارەكەی وەزارەتی تەندروستی هیچ زانیارییەكی لەوبارەوە ئاشكرا نەكرد تەنها ئەوە نەبێت كە كۆی قەرزەكان لەلایەن لیژنە راسپێردراوەكەوە ئەدرێنەوە.


كۆتایی ساڵی رابردوو دكتۆر میران محەمەد بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی لەكارەكەی دوورخرایەوەو لەجێی ئەو، دكتۆر سەباح نەسرەدین دانراو ئەركی بەرێوەبەربردنی فەرمانگەی ناوبراوی خرایە ئەستۆ.