کاکەى فەلاح، ئەو شاعیرەی دوای خۆی شەش پەپولە و ٢٦ کتێبی بەجێهێشت

2018-06-27

" هەستێکی سەیرە، مناڵ بیت و باوکت شاعیرێکی ناسراو بێ، من بەو هەستەوە لە دایک بووم و گەورە بووم، بەو هەستەوە ژیانی مناڵی و قوتابخانەم بردە سەر، لە قوتابخانەی (بێخود)ی سەرەتایی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی باوکاندا کاکەی فەلاحیان بە سەرۆکی باوکان هەڵدەبژارد، هەموو ساڵێ وابوو دووبارە ئەبووەوە، ئاخر کاکەی فەلاح یەکێ نەبوو تۆ بتوانی لە شارەکەی خۆیداو لە قوتابخانەی کوڕەکانی خۆیدا لە یادی بکەیت. ئەویش دەیزانی کە هەڵیدەبژێرن و وتارێکی تێر و تەسەلی ئامادە دەکرد و دەبوایە منیش لە بەردەم هەموو باوکان و مامۆستاکاندا بیخوێنمەوە، بە چەپڵەڕێزان دایاندەگرتمەوە بە بێ ئەوەی لە دێڕێکی وتارەکە بگەم ".

 ئەمە وتەی ئـارام، کوڕی کاکەی فەلاحە! کاکەی فەلاح ساڵی ۱۹۲٨ لە قەزای (چوارتا)ی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، وەک خۆی لە (کاروانی شیعری نوێی کوردی)دا نووسیویەتی "ڕۆڵەی خێزانێکی دەست کورت و شێوە هەژارە و لە ماڵێکدا چاوی کردۆتەوە و ڕاست و چەپی خۆی ناسیوە کە کەسـیان خوێنەوار نەبوون و لە دێیەکدا هاتۆتە دنیاوە کە هەر لەبەر ئەوەی لەسەر سنوورە و ناوچەیەکی گەورەو دێهاتێکی زۆری لەسەرە ناویان ناوە قـەزا ".

ڕاستییەکەی کاکەی فەلاح نازناوەکەیەتی، نازناوێک کە ناوەکەیی قووت داوەو هەموو خەڵک بە ناوە ئەسڵەکەی ئەو پیاوەی دەزانن.

ناوی تەواوی ئەمەیە ( حەمە کوڕی حەمە ئەمین کوڕی قـادر)ە، مناڵی ئەو خێزانە بووە کە خۆی باسی کردووە، کاتێ لە خەم ڕەخسیوە باوکی بە دەستووری ئەو سەردەمە ویستویەتی (گوڵستان و بوستانی شەعدی شیرازی) لە حوجرەدا بخوێنێ، بەڵام ئەم چاوی لە هاوڕێکانی کردووەو ڕێگەی قوتابخانەی گرتۆتە بەر.

 لە سەرەتای خوێندنیدا زۆر حەزی کردووە لە قسەو ئامۆژگارییەکانی شاعیر و نووسەر و پەروەردەکاری کورد مامۆستا (ع . و نووری = عەبدولواحید نووری ۱۹۰٤-۱۹٤٤) و کەوتۆتە ژێر گاریگەری ئەوەوە کە لەو کاتەدا لە شارباژێڕ مامۆستا بووە.

لە مناڵییەوە حەزی لە نووسینی هۆنراوە کردووەو چەندین جار خۆی تاقی کردۆتەوە، بۆ خوێندنی ناوەندی باوکی ناردویەتییە سلێمانی و لەوێ چۆتە بەشی ناوخۆیی خوێندن، لەوێش نەسرەوتووە، دەستی داوەتە سیاسەت و کاری ڕێکخراوەیی، تێکەڵ بە چالاکییەکانی یەکێتی قوتابیان بووە. بە شیعر نووسین و شیعر خوێندنەوە خوی داوەتە بەر چاوو دەم. کاکەی فەلاح بۆ یەکەمجار ساڵی (۱۹٤٥-۱۹٤٦)شیعری داناوە، شیعرێک کە بۆ (نەورۆز)ی وتووە.

 شیعرەکانی سەرەتای سادەو ساکارن، زیاتر لە هۆنراوە (نَظم)ەوە نزیکن، وەک ئەمەی:

" ئەی ئەو کەسەی هەمیشە

پیشەت کۆشش و ئیشە

 بە سەرگەرمی بێ وچان

 لەسەر ڕێگای هەوڵدان

 تاکو دوا هەناسەی ژین

بەخت ئەکەی تەوژم و تین

 بەڕەنجی شانی بـازوو

 بە گاسنی بێ پشوو

 جەرگی زەوی دەرئەدەی

 تۆوی بەسەردا ئەکەی

 بە ئارەق و ئەشکی چاو

 پەروەردەی ئەکەی تێراو ".

 کاکەی فەلاح لەو دەقەی سەرەوەدا بیرو باوەڕی پێشکەوتنخوازانەی خۆی دەرخستووە، چونکە ئەو وەختە کە شارباژێڕ و زۆربەی ناوچەکانی تری کوردستان لە ژێر چەپۆکی چەوسانەوەی چینایەتیدا بوون و، جووتیاران ڕەنجدەر و ماندوو بوون، بێ بەش بوونە لە زۆربەی بەری ڕەنجی خۆیان، ئەوکاتە کاکەی فەلاح هەم وەکو چاوکراوەیی خۆی، هەمیش لە ژێر کاریگەری بیری چەپدا کە خۆی ئەندامی حزبی شیوعی بووە، بۆیە ئاوا بیری پێشکەوتنخوازانەی خۆیی دەربڕیوە.

نازناوى (کاکەی فەلاح) بـۆ؟

 کەم کەس هەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بزانێ. سەرەتای ئەم لەقەبە ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۹٤۷ کاتی هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەڕلەمان کە (پارتی کۆمۆنیست و حیزبی ئازادکردنی نیشتمانی) لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی گەورەیان سازکرد لە گۆڕەپانی قوتابخانەی ناوەندیی (غازی) کە ئێستا گۆڕاوە بۆ (قوتابخانەی شێخ مەحمودی سەرەتایی).

لەو کۆبوونەوەدا کاکەی فەلاح قەسیدەیەکی درێژی خوێندۆتەوە کە ناوی زۆربەی چین و توێژەکانی تێدا هێناوەو هانی داون تێکۆشن و ڕاپەڕن بۆ سەربەستی و هاتنەدی دادپەروەری، لەو قەسیدەیدا ناوی جووتیاری بە "کاکەی فەلاح" هێناوە:

 " کرێکار و قوتابی و چینەکانی ڕووت و بێ نانت

 سەپان و کاکەی فەللاحی بەرەی تاڵان کراوانت

 لەگەڵ کیژ و هەتیوانی کزی بێ سووچ و تاوانت

 ئەڵێ دەی ڕاپەڕە و گوێ بگرە کففەی خوێنی لاوانت".

 ئیتر لێرەوە، کە شاعیر بە ناوی جوتیارانی ڕەشوڕووتی شارباژێڕەوە پێشەکییەکی بە پەخشان خوێندۆتەوەو لەو ناوهێنانەی کاکەی فەلاحەوە، ناوی کاکەی فەلاحی بەسەردا بڕا.

 بۆ خۆم یادەوەرییەکی مناڵیم هەیە لەگەڵ ناوی کاکەی فەلاح، وابزانم ساڵی ۱۹۹۳ بوو، لە پۆلی یەکی سەرەتایی بەیەکەم دەرچووبووم، بەدێنی چووینەوە بۆ ماڵی باپیرم لە شارۆچکەی زەڕایەن، پوورێکم کە ئەو کات لە پۆلی دووی ناوەندی بوو، دوو یان سێ دیناری به‌ دیاریی ده‌رچوونه‌كه‌می داپێم و ناردمی بۆ بازاڕ بۆ کڕینی کتێبێکی شیعر، لە پەڕاوگەیەک نامیلکەیەکم کڕی لەسەر بەرەگەکەی نووسرابو (کاکەی فەلاح دیوانی چرۆ) لەو کاتەوە ئەو ناوە کەوتە سەر زمانم، وامدەزانی ئەو ڕستە هەمووی یەک ناوە، تا ئێستاش چەند جار ناوی کاکەی فەلاحم بیستبێ بەو جۆرە کەوتۆتە وە بیرم.

df
کاکەی فەلاح، مستەفا ساڵح کەریم/پێشکەشکار، غەفور رەشید ئاغا ـ بەرنامەی کۆری ئەدەبی لە تەلەفزیۆنی بەغداد ـ ١٩٧٢.٥.١٤

 ئەو کەسانەی کاکەی فەلاحیان دیوە ئەڵێن لە شیعرخوێندنەوەدا ئیلقایەکی بەهێزی هەبووە، مامۆستا (مارف ناسراو) کە هاوڕێی کاکەی فەلاح بووە ئەڵێ ساڵی ۱۹۷٤ کاتێ لە ڕۆژنامەی هاوکاری وەکو مونەفیز کارم ئەکرد، بەیانیەک سەعات هەشت چووم بۆ لای کاکەی فەلاح تا نووسراوێکم بداتێ و ئاماژە بکا بەوەی ڕۆژنامەکە ئامادەی چاپە، لەو کاتەدا تەقە درا لە دەرگاو بێ فەرمووکردن کەسێ هاتە ژوورەوە بینیمان مامۆستا (هێمن موکریانی)ـە، چاوەکانی خوێنی تێ زابوون، بە کاکەی فەلاحی وت:" ئەم شەو تا ئێستا نەخەوتووم ئەمەم نووسیوە، شیعرێکی لە گیرفانی دەرهێنا وتی بزانە بە کەڵکی بڵاوکردنەوە دێ؟ شیعرە بەناوبانگەکەی (ناڵەی جودایی) بوو، کاکەی فەلاح بە ئەدایەکی جوان خوێندییەوە هەرسێکمانی هێنایە گریان، ڕووی کردە من و وتی مارف! هەر ئێستا بیبەو داخڵی کە با لە هاوکاری بڵاوبێتەوە، وەک چۆن ئێمە گریاین، با خەڵک بیخوێننەوەو ئەوانیش وەک ئێمە بگریـن".

 کاکەی فەلاح، زۆر بایەخی بە ئەدەبی مناڵان داوە، چەندین کۆمەڵە شیعری تەنیا بۆ مناڵان چاپ و بڵاوکردۆتەوە. جگە لەو شیعرانەی بە گشتی ئەدەبی بەرەنگاری و شیعری سیاسی بەشی زۆری بەرهەمەکانی پێکدێنن، بە زمانێکی سادەی بێ گرێ و گۆڵ ماناو مەبەستی گەورەی بە دەستەوە داوە، لە پای هەڵوێستە سیاسییەکانی تووشی ڕاوەدونان و گرتن و زیندانیکردنی زۆر بووە.

لەسەر بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینی کانوونی دووەمی ۱۹٤۸ی گەلانی عێراق بە ساڵ و نیوێک سزادراوەو لە ناصریە و ئەبوغرێب سزاکەی بەسەر بردووە. دوای تەواوبوونی سزاکەی، لە خەباتی نهێنی هەر بەردەوام بووە.

 پیاوانی ڕژێمی شاهانە بە پێنج ساڵ بەندی و سێ ساڵ دەستبەسەر جارێکی تر سزایان داوە. پیاوانی ڕژێم، بەردەوام بە دوایەوە بوون و بڕیاری گرتنیان داوە، بە جۆرێک لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا وێنەی کاکەی فەلاحیان لەسەر دەرگای مزگەوت و بازاڕ و شوێنەگشتییەکانی سلێمانی هەڵواسیوە تا بناسرێتەوەو دەستگیری بکەن.

کاکەی فەلاح جگە لە کۆڵێک شیعر و هەگبەیەک لە نووسین و وەرگێڕان، هەوڵێکی گەورەی داوە لە بواری ڕۆژنامەگەری کوردیدا، ئەویش بە دەرچوواندنەوەی ڕۆژنامەی (ژین) کە کاتی خۆی پیرەمێرد ساڵی ۱۹۳۹ تاکو ۱۹ی ٦ی ۱۹٥۰ دەری دەچوواند، دوای ئەویش ماوەیەک مامۆستا گۆران ی شاعیر و ئەحمەد زرنگ سەرپەرشتیان ئەکرد. کاکەی فەلاح جارێکی تر بە هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر توانی ئیمتیازی ڕۆژنامەی (ژین) وەرگرێت و لە ۱۰ی کانوونی یەکەمی ۱۹۷۰ ڕۆژنامەکەی دەرچوواندەوە.

 لە سلێمانی چاپخانەیەکی کۆنی هەژارانەی دانا هەر بە ناوی (چاپخانەی کاکەی فەلاح) زۆر بە زەحمەت و بە کۆمەک و هاوکاری نووسەران و خەمخۆرانی ئەوکات بۆ ماوەی چوار ساڵ هەموو هەفتەیەک ژمارەیەکی (ڕۆژنامەی ژین)ی دەردەکرد.

کاکەی فەلاح دوای تەمەنێک لە دڵسۆزیی بۆ گەل و بەشخوراوان، دوای عومرێک لە خەمخۆریی بۆ نادادی ژیان، لە تەمەنی٦۲ ساڵیداو لە ۹ی ۱۰ی ۱۹۹۰ لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد و بووە میوانی هەمیشەیی مەزنانی کورد لە گردی سەیوان، لە دوای خۆی ئەم بەرهەمانەی جێهێشت:

۱- سۆزی دەروون، شیعر، ۱۹٦۲ .

۲- دیوانی چـرۆ، شیعر بۆ مناڵان، ۱۹٦٥ .

۳- لەگەڵ شەپۆلەکاندا، شیعر، ۱۹٦۷ .

٤- شێری ساختە، شیعر بۆ مناڵان، ۱۹٦٨ .

٥- جگەرگۆشەکان، شیعر بۆ مناڵان، دوو جار چاپکراوە ۱۹۷٨ و ۱۹٨۰ .

٦- کاروانی شیعری نوێی کوردی، سێ جار چاپکراوە ۱۹۷۹ و ۱۹٨۰ و ۱۹٨۷ .

۷- دیوانی کاکەی فەلاح، شیعر، ۱۹٨۰ .

٨- چۆلەکە پاساری، شیعر بۆ مناڵان، ۱۹٨۳ .

۹- ئۆپەرێتی ماڵ و قوتابخانە، شیعر، ۱۹٨٤ .

۱۰- سروود بۆ قوتابیان، شیعر، ۱۹٦٨ .

۱۱- مـەم و زین، پیرەمێرد، ۱۹٦٨ .

۱۲- چوارینەکانی نەخەعی، شێخ سەلام عازەبانی، گۆڕیویەتی، ۱۹٦۹ .

۱۳ - ڕوباعیاتی خەیام، شێخ سەلام، گۆڕیویەتی، دووجار چاپکراوە ۱۹٦۷ و ۱۹٨۰ .

۱٤- مـەولـەوی، پـیرەمێرد، ۱۹٦٥ .

۱٥- پەندەکانی پیرەمێرد، بەرگی یەکەم، ۱۹٦۹ و ۱۹٨۲ .

۱٦- پەندەکانی پیرەمێرد، بەرگی دووەم، ۱۹٦۹ .

۱۷- پەندەکانی پیرەمێرد، بەرگی سێ یەم، ۱۹۷۲ .

۱٨- پەندەکانی پیرەمێرد، بەرگی چوارەم، ۱۹٨۰ .

۱۹- گـاڵـتـە و گەپ، پیرەمێرد، ۱۹۷۰ .

۲۰- کـەمانچـەژەن پیرەمێرد گۆڕیویەتی، ۱۹۷۹ .

۲۱- ئۆدیبی پاشا، گۆڕینی کاکەی فەلاح، ۱۹٨۰ .

۲۲- چۆلەکە بچکۆلەکە، گۆڕینی کاکەی فەلاح، ۱۹٨۱ .

۲۳- ئەنجومەنی ئەدیبانی کورد، ئەمین فەیزی، ۱۹٨۲ .

۲٤- دوانزە سوارەی مەریوان، پیرەمێرد، ۱۹٨۳ .

۲٥- دیوانی نـاری، ۱۹٨٤ .

۲٦- مەحمود ئاغای شیوەکەڵ، ۱۹٨٥ .

کاکەی فەلاح شاعیرێکی کزۆڵ و مڕومۆچ نەبووە. ناوبانگی هەیە لە خۆش کەیفیدا، قسە خۆشەکانی، نوکتەو گاڵتەو گەپی وای کردووە کە پیر و گەنج هاودەمانی بە ئاواتییەوە بن، ئەگەرچی ژیانی هەر تەژی بووە لە دەردی سەری و مەینەت، ئەگەرچی تاڵی سوێری ژیانی تەنیوە بەڵام کە چاوێک ئەخشێنی بە دیوان و شیعرەکانیدا پڕپڕن لە ژیاندۆستی، لە جوانی، هیواو گەشبینی، لە ئومێد و ئاواتی گەش.

کاکەی فەلاح، کوردێکی ماندوو و پیاوێکی ئازادیخواز بووە، بەشی هەر ڕاکە ڕاک و گرتن بووە، جارێک لە ڕۆژی جەژندا لە زیندان بووە، لەسەر پارچە مقەبا هەستی جەژنانەی خۆیی ئاوا نووسیووەتەوە:

 " شوێنە سەیرانگای بەھارم ئێستە بەندیخانەیە

 خواردنم نان و پیازە و بەرگەکەم ھی کانەیە

 شەربەت و خۆشاوی جەژنم چایە یان ئاوی پەتی

 چێشتە خۆشەی بەربەیانم نیسکی دانە دانەیە

 پێ لە ناو زنجیر و کۆتا، دەست و دەم گیرۆدەیە

 دڵ لە گۆشەی مەینەتی دا عابید و دێوانەیە "

زۆر لە شیعرەکانی کاکەی فەلاح کراون بەگۆرانی و سروود بۆ وێنە (خۆشم ئەوێی وڵاتەکەم) کە ئیبراهیم خەیات و، (شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم) کە لە زیندانەوە بۆ مناڵەکانی نووسیوە، مەرزیە فەریقی کردوویەتی بە گۆرانی.

 شیوەنەشعر و مەرسیەی نووسیوە بۆ پیرمێرد، گۆران، فایەق بێکەس، شێخ سه‌لام، عەزیز نەسین، خزم و کەسوکار خۆی و دۆستەکانی.

کاکەی فەلاح، شارییە پێشکه‌وتوو خوازەکە، لە شیعری (بۆ شارەکەم) دا بە سلێمانی ئەڵێ:

ئەی شارەکەم!

 نازانم تۆ

 تینووی خوێن و تاسەی منی

 یان من تامەزرۆی خاکــتم؟

 بۆیە ھەرچەن شەوی ژینم

 لێ تاریک و شەوەزەنگ بێ

 شیلەی تەمەنی شیرینم

 لە خەما، پڕ ژار و ژەنگ بێ

خۆشەویستی نێوانمان

 ھیچ نایەوێ، لە تۆ دوور بم

 ھیچ نایەڵێ، وەک باڵدارێ

تەریوی ئەو دیو سنوور بم

ئەی شارەکەم!

کە لە شاعیرێکیان پرسی:

چۆنە؟ عیشق و خۆشەویستی ی

 پاریست کردۆتە خـولـیــا؟!

چۆنە؟ وا نایگۆڕیتەوە

بە ھەموو شارانی دنیا؟!

لەبەر ئەوەی کە زیندووە؟

 بزێو و سەر بە گێچەڵ و، نەمر بووە؟

سـلـێمـانی!

 منیش لە ئاسۆی ناخەوە

 بە گوێی تۆدا ئەچرپێنم تا بمێنم

خوێنم شاری وەک تۆی ئەوێ

 دڵم یاری وەک تۆی ئەوێ

 بلبلی سۆز و کەڵکەڵەم،

 ھەر بەھاری وەک تۆی ئەوێ!

ھەر ھەواری وەک تۆی ئەوێ!

قەڵەمەکەی کاکەی فەلاح، جارێ داسی دەستی قڵیشاوی جوتیارێک و، جارێ چەکوشی ئاسنین بۆ مێشکی ستەمکاران و، جارێکی تر ئازارێکی نەبەزیوی ژێر قامچی جەلادی زیندان.. هەندێ جاریش خۆی لە ئەشکەنجە ئەدزییەوەو، ئەبوو بە پەپولەیەکی باڵ نەخشین، لە دەلاقەی بەرزی زیندانی تەنگەوە، هەڵئەفڕی و، دوای سەردانی گوڵەکانی (باخی گشتی)، نەرم نەرم لە سەر دڵە بچکۆلەکەی مناڵێکی سلێمانی ئەنیشتەوە، جارێکی تر خۆی ئەکردەوە بە شیعر، ئەبوو بە نوقڵ بە نەبات، بۆ ناو چنگ و، بۆ گیرفانی مناڵانی شـەوی بەرات:

 " پشیلە سوورە! خت! خت!

بۆ خۆت لێ کردووم بە شت؟

ئەی خاوەن چڕنووک و قەپ!

لە تۆ نایە گاڵتە و گەپ

 بڕۆ میاو میاوی چیتە؟

سەر زلەی سمێڵ قیتە!

ئەی چاو زلەی چاو شینە!

دڵم لە تۆ بە قینە

 چاوم لە تۆ بوو دوێنێ

وەکو چەقەڵ لە شوێنێ

 بەو دەست و پێ چەپەڵە

کەوتیتە شوێن جوجەڵە

 جوجەڵەی جوان و خرپن

 وەک من بچکۆلە و گوپـن

 لاچۆ بڕۆ لە بەر چاو

 ئەی کەتن کەری گڵاو "

 ئەم شیعرەی کاکەی فەلاح، لەوێدا کە قسە بە پشیلە دەڵێ، ڕەنگە لەگەڵ تێگەشتنی تازەی پەروەردەی هاوچەرخدا نەیەتەوە، بەڵام کاکەی فەلاح تەنانەت لەو دنیا پاکەی مناڵیشدا چۆتەوە لە زمانی شیرینی مناڵێکەوە دیفاعی کردووە لە ستەم لێکراو کە جوجەڵەیە، ویستویەتی لەوێوە دژی ستەمی پشیلە بوەستێتەوە، ئەم هەستە لە خۆڕا نەبووە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بیرو باوەڕی ئازادیخوازانەی کاکەی فەلاحە.

df
چاپخانەکەی کاکەی فەلاح ـ  شاری سلێمانی

کاکەی فەلاح، شوێن پێی پیرەمێردی هەڵگرتووە، ئەدیب، شاعیر، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕ بووە، لە ژوور هەموو ئەمانەشەوە میلەت پەروەرێکی ڕاستەقینە بووە بە تامی پیرەمێرد.

کورد لەو گەلە بێ بەختانەیە کە هیچ کایەیەکی ژیانی وەک خۆی نەبووە، لە لایەک ستەمی نەتەوایەتی نەتەوەکانی سەردەستی ناوچەکەو، لە لایەک چەوسانەوەی چینایەتی و دەردە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی خۆی، قەت یەخەیان بەرنەداوە.

شاعیرانی کورد لە بێ بەخترینانی کورد بوونە، لە خۆشییەکانی ژیان مەحروم بوونە، خەمی کۆمەڵگەیان بە کۆڵەوە بووە، دڵدارییان لێ حەرام بووە تەنیا لە شیعردا نەبێ، لە شیعریشدا بە هەزار ڕاوەڕێوی و کینایە دەردە دڵەکانیان چرپاندووە. کۆمەڵگەش ناحەقییەکی ئێجگار گەورەیان دژ بەوان کردووە.

 کاکەی فەلاح ئەگەرچی شیعرە دڵدارییەکانی کەمن، بەڵام لەوپەڕی جوانیدا سەودای لەگەڵ خۆشەویستی کردووە، ئەڵێ:

" ئەی فریشتەی خۆشەویستی!

خۆشەویستی پاک و بێ گەرد!

 کەوتومەتە تۆ پەرستی

 لە ئاسمان بێ یا لە سەر عەرد

خۆشەویستم!

ئەتپەرستم!

بە تۆ مەستم!

بێ تۆ پەستم!

 بەو چاوە جوانانەت قەستەم!

 بێ تۆ ژیانم ناخۆشە

ناخی ئەم دەروونە پەستەم!

بۆ ڕووناکی تۆ پەرۆشە

پەریـزادە!

دڵ بەربادە!

 زۆر ناشادە خەمی ڕادە!

هەرچەند شێوەی تۆ ئەبینم

لە جوانی تێر نابێ چـاوم

بە بێ تۆ شۆخی شیرینم

گوڵێکی سیس و ژاکاوم

 بێ ڕەنگ و بۆ

 بێ گفت و گۆ

 بێ هات و چۆ

 دەستەو ئەژنۆ

 ئەی فریشتە نازدارەکەم!

تۆ چرای من پەروانەتم

ئەی تاقە وەفادارەکەم!

 کوشتەی ئەو تیشکە جوانەتم

 هەتا ئەمرم

 تۆ پەروەرم

 نازت ئەگرم

 لە سەر سەرم ".