ته‌كنه‌لۆژیاى ڤار، چ كاریگه‌رییه‌كى له‌سه‌ر یارییه‌كانى مۆندیال درووستكردووه، ئایا توانیویه‌تى دادپه‌روه‌رى ته‌واوه‌تى له نێوان هه‌ڵبژارده‌كاندا به‌رقه‌رار بكات‌و ڕێگه بگرێت له‌و هه‌ڵه گه‌ورانه‌ى ناوبژیوانان كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌نجامى یارییه‌كان هه‌یه؟
زۆرن ئه‌وانه‌ى پێیانوایه ته‌كنه‌لۆژیاى ڤار هه‌ڵه گه‌وره‌كان ڕاستده‌كاته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه دادپه‌روه‌رى ته‌واوه‌تى له یارییه‌كاندا به‌رقه‌رار ده‌بێت و هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌ك نابێته قوربانى هه‌ڵه‌ى ناوبژیوان.
له‌پاڵ ئه‌وه‌دا كه ئاماژه به‌وه ده‌درێت به‌هۆى به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆژیاى ڤاره‌وه، یارییه‌كان به‌شێك له گه‌رم‌و گوڕیی‌و تام‌و چێژیان له‌ده‌ستداوه، زۆریشن ئه‌وانه‌ى كه بڕوایانوایه، ( ڤار) یش نه‌یتوانیووه هه‌ڵه گه‌وره‌كانى ناوبژیوانان بنبڕ بكات، به‌تایبه‌ت له هه‌ژماركردن‌و نه‌كردنى لێدانه سزاكاندا.
ته‌كنه‌لۆژیاى ڤار، ( یاریده‌ده‌رى دادوه‌ریى ڤیدیۆیی) نوێترین ته‌كنه‌لۆژیاى به‌كار هاتووه له یارییه‌كانى جامى جیهانى ڕووسیادا، مه‌به‌ست له به‌كارهێنانى نه‌هێشتنى ره‌خنه‌كانى سه‌ر ناوبژیوانان‌و هه‌ڵه‌كانى ئه‌وانه، ( ئه‌و هه‌ڵانه‌ى كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گۆڕانكارى له ئه‌نجامه‌كاندا هه‌یه)
ڤار ئه‌وكاته ده‌خاله‌ت ده‌كات‌و ڕۆڵ ده‌بینێت كه ناوبژیوان داواى دڵنیابوونه‌وه بكات بۆ بڕیاره‌كه‌ى، یاخود تیمى ڤار په‌یوه‌ندى به ناوبژیوانه‌وه بكه‌ن‌و هۆشیارى پێبده‌ن سه‌باره‌ت به بڕیاره‌كه‌ی.
به‌شدار عارف، شاره له یاساكانى تۆپى پێ‌و دادوه‌رى پله سێ له ئه‌ڵمانیا، پێیوایه ته‌كنه‌لۆژیاى ڤار كاریگه‌ری ته‌وای هه‌یه له‌سه‌ر یاریه‌كانی جامی جیهانی‌و له چه‌ند حاڵه‌تێكدا سودی ته‌واوی لێوه‌رگیراوه، به‌تایبه‌ت له ئه‌ژماركردنی لێدانی سزا‌و له حاڵه‌تى ڕوودانى ئۆفسایددا كه گۆڵى پێ تۆماركراوه.
،،
"به‌شدار عارف دادوه‌رى پله سێ له ئه‌ڵمانیا: من بڕواموایه ته‌كنه‌لۆژیای ڤاریش ناتوانێت دادپه‌روه‌ری ته‌واو به‌رقه‌رار بكات، سه‌ربارى پیاده‌كردنى ڤاریش، به‌ڵام ناوبژیوانان به‌ده‌ر نه‌بوون له هه‌ڵه‌و كه‌م‌و كوڕی، چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ژوری كۆنترۆڵ، ڤار به‌كار ده‌هێنن مرۆڤن‌و شایه‌نی هه‌ڵه‌و بۆچونی جیاوازن.
Caption
هه‌رچه‌نده، ئه‌و دادوه‌ره ئاماژه‌وه به‌وه ده‌دات كه ته‌كنه‌لۆژیاى ڤار، ڕۆڵى گه‌وره‌ى له ئه‌نجامى یارییه‌كاندا هه‌یه، به‌ڵام پێیوایه ڤار ناتوانێت دادپه‌روه‌رى ته‌واوه‌تى به‌رقه‌رار بكات :" من بڕواموایه ته‌كنه‌لۆژیای ڤاریش ناتوانێت دادپه‌روه‌ری ته‌واو به‌رقه‌رار بكات له‌یارییه‌كانداو سه‌ربارى پیاده‌كردنى ڤاریش، به‌ڵام ناوبژیوانان به‌ده‌ر نه‌بوون له هه‌ڵه‌و كه‌م‌و كوڕی، چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ژوری كۆنترۆڵ، ڤار به‌كار ده‌هێنن مرۆڤن‌و شایه‌نی هه‌ڵه‌و بۆچونی جیاوازن، بێگومانیش بڕیاری كۆتایی لای ناوبژیوانی ناوه‌ڕاسته‌و دیسان ئه‌ویش به‌ده‌ر نییه له‌هه‌ڵه، وه‌كو چه‌ند جاریش بینار، جیاوازی ده‌كرێت له‌نێوان هه‌ڵبژارده‌كان‌و گله‌یی ئه‌وه‌یان كرد كه غه‌دریان لێ كراوه‌و هه‌ندێ حاڵه‌ت هه‌ڵه‌بووه‌و ته‌كنه‌لۆژیاى ڤاریان بۆیان به‌كارنه‌هێنراوه، یاخود سوودی نه‌بووه بۆیان" .
پشتیوان ئه‌حمه‌د، شاره‌زای یاساكانى تۆپى پێ‌و شیكه‌ره‌وه‌ى وه‌رزشى، ئاماژه به هه‌ڵكشانى ژماره‌ى لێدانه سزاكان ده‌كات به‌هۆى ته‌كنه‌لۆژیاى ڤاره‌وه كه ته‌نها له قۆناغى یه‌كه‌مى مۆندیالى ڕووسیادا نزیك به دوو هێنده‌ى مۆندیالى پێشوو تۆمار كراوه،:" له مۆندیالى 2014 ی به‌ڕازیل، تاكۆتایی مۆندیال 13لێدانی سزا گیرا، به‌ڵام له مۆندیالی ئه‌م ساڵی 2018 ی ڕووسیا، تا ئێستا له قۆناغی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كان 20 لێدانی سزا گیراوه، كه به‌شێكی زۆری به‌هۆی سیسته‌می ته‌كنۆلۆژیای ڤاره‌وه بووه، ئه‌م ته‌كنه‌ۆلۆژیاو سیسته‌می ڤاره به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كارئاسانی بۆ دادوه‌ره‌كان كردووه، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌نییه دادوه‌ران كه‌م توانا‌و وردبین نین، به‌ڵام چه‌ندێك دادوه‌ر هانا ببات بۆ ته‌كنۆلۆژیاكه، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه حاڵه‌تێك ڕوویداوه‌و ئه‌و ته‌ركیزی له‌سه‌ر نه‌بووه، یاخود هه‌ڵه‌یه‌ك بووه‌و به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه، چونكه كاتێك ناوبژیوانێك داوای دڵنیابوونه‌وه‌ی بڕیارێك بكات كه پێشتر داویه‌تی، یان تیمی ڤار په‌یوه‌ندی به ناوبژیوانه‌كه‌وه بكه‌ن‌و هۆشداری بده‌نێ بۆ بڕیاردان، كه‌واته كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر توانا‌و زیره‌كییان".
پشتیوان ئەحمەد باس له هۆكارى هاتنه ئاراى ڤار ده‌كات‌و ده‌ڵێت:" بیرۆكه‌كه له ئه‌نجامی پێشكه‌وتن‌و به‌رزبوونه‌وه‌و خێرایی ئاستی هه‌ڵبژارده‌كان‌و تۆپی پێ هاتوه‌ته ئاراوه، وه زیاتر بۆ نه‌هێشتنی ڕه‌خنه‌و مشتومڕه له‌سه‌ر ئاستى ناوبژیوانی ناوه‌ڕاست، من پێموایه ڤار كاریگه‌ری باشی هه‌یه له‌سه‌ر جامی جیهانی، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه له مۆندیاله‌كانی پێشوودا ده‌كران، به‌ڵام به مه‌رجێك هه‌موو حاڵه‌ته‌كان وه‌كو چۆن ڕووده‌دات وا پیشان بدات‌و هه‌ندێك حاڵه‌ت تێنه‌په‌ڕێنێت‌و جیاوازی نه‌كات له نێوان هه‌ڵبژارده‌كان، هه‌روه‌ها ده‌توانێ ڕۆڵی باش بگێڕێت له ئه‌نجامی یارییه‌كان، به‌تایبه‌تی گۆڵی هه‌ڵه، گرتنی په‌ناڵتی، كارتی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ ، ئۆفسایدی هه‌ڵه كه گۆڵ بێت‌و ڕه‌ت بكرێته‌وه، یان هه‌ر حاڵه‌تێكی تر بێته مایه‌ی مشت‌ومڕ"..
Caption
سه‌رتیپ ڕووف، ناوبژیوانى تۆپى پێ، له‌پاڵ كاریگه‌رییه باشه‌كانیدا، پێیوایه سیستمه‌كه كاریگه‌رى خراپیشى هه‌یه، ئه‌و ناو بژیوانه ده‌ڵێت:" من پێموایه كاریگه‌ری باش‌و خراپی هه‌یه، به‌ڵام باشه‌كانی زیاتره، كاریگه‌رییه باشه‌كانی ئه‌وه‌یه، كه مافی هه‌ڵبژارده‌كان ده‌درێت له‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه به‌رانبه‌ریان كراوه، واته مافی بۆ ده‌گێڕدرێته‌وه، زۆرجار گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌م مافه، كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر گۆڕینى ئه‌نجامی یارییه‌كه ده‌بێت، كاریگه‌ری خراپیشی ئه‌وه‌یه، كه هه‌ندێك جار به‌هۆی وه‌ستانی ماوه‌ی یارییه‌كانه‌وه، له چێژی یارییه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه، یارییه‌كان خاوده‌بنه‌وه، كه ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژارده‌كان دێنێته‌كایه‌وه، به‌هۆی وه‌ستانی زۆری ماوه‌ی یارییه‌كان، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاریگه‌ری باشه‌كانی زیاتره".
،،
سه‌رتیپ ڕووف، ناوبژیوانى تۆپى پێ: من پێموایه كاریگه‌ری باش‌و خراپی هه‌یه، به‌ڵام باشه‌كانی زیاتره، باشه‌كانی ئه‌وه‌یه، كه مافی هه‌ڵبژارده‌كان ده‌درێت له‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه به‌رانبه‌ریان كراوه، واته مافی بۆ ده‌گێڕدرێته‌وه، زۆرجار گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌م مافه، كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر گۆڕینى ئه‌نجامی یارییه‌كه ده‌بێت.
سه‌رتیپ ڕه‌ووف، ئاماژ به‌وه ده‌دات كه به‌هۆى ڤاره‌وه تا ئاستێكى زۆر دادپه‌روه‌رى له یارییه‌كاندا به‌رقه‌رار كراوه:" به ڕێژه‌یه‌كی زۆر دادگه‌ری هێناوه‌ته كایه‌وه، ئه‌ویش به‌تێڕوانینمان له‌و ڕووداوانه‌ی، كه له‌م مۆندیاله‌دا ڕوویان داوه‌و ڤار توانیویه‌تی هه‌ڵه‌كان ڕاست بكاته‌وه‌و مافی بۆ هه‌ڵبژارده‌كان گێڕاوه‌ته‌وه، كه ناوبژیوان پێشتر ئه‌وه‌ی مافه‌ی بۆنه‌گێڕابوونه‌وه و به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام به‌هۆی ته‌ماشاكردنه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی ڤاره‌وه، هه‌ڵه‌كه‌ی خۆی ڕاست كردۆته‌وه، كه ئه‌مه‌یش كارێكی گرنگه بۆ به‌دیهێنانی دادگه‌ری" .
Caption
به‌شدار عارف، پێیوایه جێبه‌جێكردنى ته‌كنه‌لۆژیاى ڤار، بووه‌ته مایه‌ى دروستبوونى پرسیار له‌سه‌ر دادوه‌ران‌و هه‌م كاریگه‌ری زۆر خراپیشى كردووه‌ته سه‌ر ئاستی ناوبژیوانان، :" باشه پێشتر كه ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیایه نه‌بووه ناوبژیوانان ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه ئاشكرانه‌یان كردووه؟! یاخود ته‌كنه‌لۆژیای ڤار وای لێكردوون ئاستی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان پیشان نه‌ده‌ن‌و به بێ پشت به‌ستن به‌هیچ شتێك بوێرانه بڕیاری خۆیان بده‌ن، چونكه هه‌ندێ له‌حاڵه‌ته‌كان زۆر ئاشكران‌و ناوبژیوانان ده‌یان توانی خۆیان تاك لایه‌نانه به‌ئاسانی بڕیار بده‌ن كه‌چی سودیان له ڤار وه‌رده‌گرت، وه‌ك ئه‌وه‌ی متمانه‌یان به بڕیاری خۆیان نه‌بێت" .
ئه‌و ناوبژیوانه باس له‌كاریگه‌رى خراپى دیكه‌ى سیستمه‌كه ده‌كات‌و ده‌ڵێت:" كاریگه‌رییه خراپه‌كانی نه‌ك به‌ته‌نها بۆ ناوبژیوان، به‌ڵكو بۆ یاریزانان‌و ڕاهێنه‌ران‌و هانده‌رانیش هه‌یه، هه‌ندێكجار بۆ بچوكترین حاڵه‌ت داوای ڤار ده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی خاوكردنه‌وه‌ی یارییه‌كان‌و به‌فیڕۆچونی كاتێكی زۆر‌و دروستبوونى مشتومڕێكی زۆر له‌سه‌ر حاڵه‌ته‌كان".
پشتیوان ئه‌حمه‌د بڕوایوایه به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆژیاى ڤار، به‌شێك له تام‌و چێژی یاری تۆپی پێی بردووه:" چونكه جاران هه‌ڵه‌ی ناوبژیوان به‌شێكبوو كه له‌یاریگا ڕوویده‌داو حاڵه‌تێكی وارید بوو، وه ئه‌م سیستمه یاری دواده‌خات‌و كاتی زیاتری ده‌وێت له‌دوای كاتی یاسایی گێمه‌كان، كه زۆرجار ئه‌نجامه‌كان گۆڕانكاری به‌سه‌ردادێت، بۆ نموونه یارى نێوان ئه‌ڵمانیاو سوید، یان یارى نێوان به‌ڕازیل‌و كۆسته‌ریكا كه له چركه‌ساته‌كانی كاتی زیادكراودا ئه‌نجامه‌كان گۆڕان".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه پێیوایه سیستمى ڤار ڕێگه ده‌گرێت له هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌و كاریگه‌ر، ئه‌و هه‌ڵانه‌ى ناوبژیوان كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌نجامى یارییه‌كان هه‌یه، سه‌رتیپ ڕه‌ووف ى ناوبژیوان ئاماژه به كاریگه‌رییه خراپه‌كانى سیستمه‌كه‌ش ده‌كات و ده‌ڵێت:" به‌كارهێنانی ڤار كارێكی زۆرباشه و مافی بۆ هه‌ڵبژارده‌كان ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام كاریگه‌ری خراپی ئه‌وه‌یه هه‌ندێكجار له خێرای یارییه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌هۆی وه‌ستانی زۆرێك له‌ماوه‌ی یاریی، كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌كاته سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژارده‌كان، هه‌روه‌ها له‌تام‌و چێژی یارییه‌كانیش كه‌مده‌كاته‌وه، كه زۆرجار له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا، چه‌ند حاڵه‌تێك ڕووده‌دات‌و دوو سێ‌جار ڤار به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی خاوبوونه‌وه‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی چێژی یارییه‌كان".