شافیعی و ئاینزاكەی، چۆنییه‌تی بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ناو كورددا

2018-07-12

راگری یەكەمی مێژوونوسانی كورد میر شەرەفخانی بەدلیسی لەسەدەی شازدەی زانینیدا پێداگریی كردووە لەسەر ئەوەی "هەموو نەتەوەی كورد پەیڕەوی لەئاینزای ئیمام شافیعی (سوننە) دەكەن لەدینداریدا"، بەڵام هەندێ توێژینەوەی نوێ پێیانوایە شافیعییەكان دەوروبەری 60% سەرجەم خەڵكی كورد پێكدەهێنن كە ئەمیش هەر زۆرینەی ڕەها دەكات بەلەبەرچاوگرتنی ئەو فرەییەی كە لەئاین وئاینزاكانی ناو كورددا هەیە.


ئیمام شافیعی كە ناوی (محمدی كوڕی ئیدریسە) لەبنەماڵەی عەبدولموتەلیبی مەككەیی باپیری پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ)، باپیریشی (شافیع) یەكێك بووە لەهاوەڵەكان (صحابە)، ئەم پێشەوا شەرعزانە، لەبەغدا شیكارو ڕاڤەكانی خۆی بۆ دەقەكان لەسەر شێوازێكی تایبەت و جیاوازتر لەپێشەواكانی پێش خۆی ئاشكراكردووە، دواتر لەوڵاتی میسر پەرەی پێداوەو پێداچوونەوەی بۆ كردوەو وەكو ئاینزایەكی سەربەخۆ نەخشاندوویەتی.

لەم گەشتە یەكجارییەشیدا بۆ میسر ئیمام شافیعی بەناوچە كوردنشینەكانی هەرێمی جەزیرە (باكوری كوردستان) گوزەریكردوەو بەقسەی بەیهەقی ماوەیەكیش لەشاری نسێبین ماوەتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەو گێڕانەوەیەكی مێژوییی لەبەردەستدا نییە لەسەر پەیوەندیكردنی هیچ زاناو فەقێیەكی كورد بەم پێشەوایەوە، بۆیە وادیارە لەژیانی ئیمام شافیعی خۆیدا (204ك/819ز مردووە) ئاینزاكەی لەناو كورددا شوێنكەوتەو لایەنگری ئەوتۆی پەیدا نەكردوە.

،،

ئیمام شافیعی بەناوچە كوردنشینەكانی هەرێمی جەزیرە (باكوری كوردستان) گوزەریكردوەو بەقسەی بەیهەقی ماوەیەكیش لەشاری نسێبین ماوەتەوە


نیمچە كۆدەنگییەك لەناو مێژوونوسان و توێژەراندا هەیە كە ئاینزای شافیعی لەسەدەی چوارەمی كۆچی/ دەیەمی زاینی و لەرێگای میسرەوە بەشێوەیەكی بەرچاو گەشتووە بەناوچە كوردنشینەكانی سەر بە قەڵەمڕەویی دەوڵەتی عەبباسی، دواتریش لەسەردەستی ئەیوبییەكان و سوڵتان سەلاحەدین (589ك/1193ز مردووە) لەزۆربەی شارە گەورەو ئاوەدانەكانی كوردستاندا بوەتە پرۆگرامی خوێندنی حوجرەی مزگەوت و خوێندنگا ئاینییەكان و یاساو رێسای دادگاكان، بەو پێیەی كە ئاینزایەكی میانڕەوو كۆكەرەوەی زۆربەی قووتابخانە ئیسلامییەكانی ئەوكاتە بووەو لێكدراوی هەردوو قوتابخانەی ڕا (رأی) و فەرموودە (حدیپ) بووە، كە یەكەمیان رێبازی بیركردنەوەی حەنەفییەكانی عێراق و دووەمیان رێبازی بیركردنەوەی مالیكییەكانی حیجاز بووە،

سەر باری ئەم تایبەتمەندییە چاك و ئیجابیەش كە خۆی لەگشتگیریی و دەوڵەمەندیدا دەبینێتەوە، ئەم ئاینزایە وەك هەر هەوڵێكیتری مرۆڤ و هەر قوتابخانەیەكیتری شەرعزانی بەدوور نییە لەئاڵۆسكان و رەخنە، لەم ڕوەوە دەگێڕنەوە كە مەلای گەورەی كۆیی وتویەتی "فیقهی شافیعی ئەوەندە ئاڵۆزە بەكەڵكی ئەوە نایەت تەنانەت ژنێكیشی پێ مارە ببڕیت".


جگە لەم رەخنەی مەلای گەورە كە پەیوەستە بەسەختی مەرجەكانی ئەو كەسەی دەبێتە شایەتی ژن مارەبڕین لەفیقهی شافیعیدا (ئیسلامەتی، باڵغبوون، عاقڵی، ئازادیی، دادگەریی: نەبوونی تاوانی گەورە، بەردەوام نەبوون لەسەر گوناهی بچوك، پاكێتی ژیانی پەنهانیی، دان بەخۆداگرتن لەكاتی توڕەیی، پارێزگاریكردن لەكەسایەتی و جوامێریی"، بەمدواییانەش هەندێك رەخنەو تۆمەتی ئەوەیان ئاراستەی ئاینزای شافیعی كرد كە هۆكارێك بووە بۆ كاڵكردنەوەی هەستی كوردایەتی و زاڵكردنی پیرۆزكردنی زمانی عەرەب لەناو نەتەوەی كورددا چونكە لەچەند جێگایەكدا ئیمام شافیعی نكوڵی دەكات لەبوونی وشەی عەجەمی لەقورئانداو لەوتەیەكیتریدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە عەرەبی زمانی پەسەندكراوی یەكەمە و دەڵێت "هەركەس دەتوانێت عەرەبی فێر ببێت، دەبێ هەوڵی بۆ بدات..."
جگە لەرەخنە فیقهییەكان كە بابەتی شەرعزانەكانەو وردەكاریی و لق و پۆپی زۆری هەیە، ئەو بۆچوونانەی پابەندیی كورد بەئاینزای شافیعییەوە بەهۆكاری تەعریب لەكوردستاندا دەدەنە قەڵەم جۆرێك لەپەلەپڕوزەیی و خێرایی و بگرە رواڵەتیبونیشیان لەحوكمدان پێوە دیارە،

،،

هەندێك رەخنەو تۆمەتی ئەوەیان ئاراستەی ئاینزای شافیعی كرد كە هۆكارێك بووە بۆ كاڵكردنەوەی هەستی كوردایەتی و زاڵكردنی پیرۆزكردنی زمانی عەرەب لەناو نەتەوەی كورددا چونكە لەچەند جێگایەكدا ئیمام شافیعی نكوڵی دەكات لەبوونی وشەی عەجەمی لەقورئانداو لەوتەیەكیتریدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە عەرەبی زمانی پەسەندكراوی یەكەمە و دەڵێت "هەركەس دەتوانێت عەرەبی فێر ببێت، دەبێ هەوڵی بۆ بدات..."

ئاینزای شافیعی هەر لەسەدەی چوارەمی كۆچییەوە/ دەیەمی زاینی كە گەشتوە بەكوردستان تائێستاش هۆیەكی سەرەكیی جیاكەرەوەی شوناسی ئاینی كوردە لەدەوروبەرە شیعەو سوننە (حەنەفی) یەكەی، لەزۆربەی سەرچاوە مێژوییی و ئاینییە كۆن و نوێیەكانیشدا باس لەوەكراوە كە كورد ئیسلامیان قبوڵ كردوە بەئاینی خۆیان و لەوردەكاریی ئیسلامەتیشدا پەیڕەویكردنی فیقهی شافیعیان هەڵبژاردووە، ئەمە لەكاتێكدا تێكڕای خەلیفەكانی دەوڵەتی عەبباسی لەسەردەمی حوكمی خەلیفە هارونە ڕەشیدەوە (193ك/809 ز مردووە) تا كۆتایی دەوڵەتەكەیان (656ك/1258ز) بەهەموو هێزو توانایانەوە پشتیوانییان لەئاینزای حەنەفی دەكرد و وەكو ئاینزای فەرمی دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵ دەكرد.


بوەیهییەكان كە لەسەدەكانی چوارو پێنجی كۆچی/دەو یازدەی زاینی حوكمڕانیی ئێران و عێراق و شام و نیوە دورگەی عەرەبیان كردوە شیعە بوون، هەرچی سەلجوقییە توركەكانی دراوسێی كوردیش هەیە كە لەسەدەی پێنجی كۆچیدا/ یازدەی زاینی كۆتاییان بەحوكمی میرنشینە كوردییەكان هێنا، سوننەی حەنەفی بوون، بەڵام موسوڵمانانی كورد هەر بەشافیعی مانەونەتەوەو هەردوو میری كورد بەدری كوڕی حەسنەوی (405ك/1014ز كوژراوە) لەهەرێمی چیاو شارەزوور، نەسرولدەولەی مەروانی (453ك/1061ز مردووە) لەهەرێمی جەزیرە ئەوپەڕی ئاسانكاریی و یارمەتییان بۆ رێبەرانی شافیعی مەزهەب فەراهەم كردوە، بەپێچەوانەی خواستی خەلیفەكانی عەبباسی و حوكمڕانە بوەیهی و سەلجوقییەكانەوە، بەهۆی ئەم بارودۆخانەو هەندێ هۆكاریترەوە كورد تا ئێستا پارێزگارییان لەم بژاردەی خۆیان و لەم میراتەی ئەیوبییەكان كردووە، دەكرێت ئەم خاڵەش وەك ئاماژەیەكی بەهێزی تایبەتمەندێتی و ماڵ جودایی كورد لەچەرخی عەبباسیدا بدرێتە قەڵەم كە چەرخی ئاڵۆسكان و فرەیی و جۆراوجۆرێتی ئاین و ئاینزاكانە.

،،

لەلایەكیترەوە ناكرێت پێداگریی ئیمامی شافیعی وەكو یەكێك لەپایە دیارو سەرەكییەكانی قورەیش و هۆزی بەنی هاشم لەسەر زەروورەتی دەستگرتن بەزمانی عەرەبی كە زمانی قورئان و فەرموودەیە وەكو هۆكارێكی سەرەكیی تەعریب لەناو كورددا لێكبدرێتەوە، لەكاتێكدا بەپێی بەڵگەو گێڕانەوە مێژوییەكان چەندین هۆزو كەسایەتی دیاری كورد لەسەدەكانی ناوەڕاستدا لەبەر سودو كەڵكی سیاسی و ئابوووری و كۆمەڵایەتی، نەك زمان بەڵكە رەچەڵەكی خۆشیان گۆڕیوە بۆ سەر نەتەوەی عەرەب


لەلایەكیترەوە ناكرێت پێداگریی ئیمامی شافیعی وەكو یەكێك لەپایە دیارو سەرەكییەكانی قورەیش و هۆزی بەنی هاشم لەسەر زەروورەتی دەستگرتن بەزمانی عەرەبی كە زمانی قورئان و فەرموودەیە وەكو هۆكارێكی سەرەكیی تەعریب لەناو كورددا لێكبدرێتەوە، لەكاتێكدا بەپێی بەڵگەو گێڕانەوە مێژوییەكان چەندین هۆزو كەسایەتی دیاری كورد لەسەدەكانی ناوەڕاستدا لەبەر سودو كەڵكی سیاسی و ئابوووری و كۆمەڵایەتی، نەك زمان بەڵكە رەچەڵەكی خۆشیان گۆڕیوە بۆ سەر نەتەوەی عەرەب و هەندێكیشیان پێشبڕكێیان بووە بۆ ئەوەی هەرچۆن بووەو بەهەر نرخێك بووە رەچەڵەكی خۆیان بەشەجەرەی ئالوبەیتەوە پەیوەست بكەنەوە (بڕوانە الكرد وفرچیە أصلهم العربی موحسین سەیدا).

ڕەنگی شین مەزهەبی شافیعیە و ڕەنگەکانیتر مەزهەبەکانیترن.