فه‌زڵی كچ به‌سه‌ركوڕدا

2018-08-02

رەگەزی "مێ" و بەرگریکردن لە مافەکانیان لە بواری ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیری، وەک بەشێک لە چینی چەوساوەکانی کوردستان پانتای تایبەت بە خۆیان لە هۆنراوەکانی قانعدا داگیر کردووە، ئەگەر چاوێک بە دیوانە شیعریەکەی قانعدا بخشێنین ئەوا دەبینین کە چەندین هۆنراوەی بۆ باسکردن لە ڕەگەزی "مێ" لە چەند پنتێکی جیاوازەوە تەرخان کردووە.


لەبەر ئەوەی شاعیر لە بنەماڵەی شێخەکانی "کابل"ی مەریوانە، کە چوارچێوەیەکی ئاینیان هەبووە، ئەوا "قانع" کاتێک لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە کە لەدایک دەبێت لە فەزایەکی ئاینی تۆکمەدا گەورە دەبێت و سەرەتای شیعر هۆنینەوەی بە شیعری ئاینی دەست پێدەکات، بەڵام دواترو لەسەدەی بیستەمدا بەهۆی ڕوداوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم‌و بەریەککەوتنی لە گەڵ چوار ئایدۆلۆژیاکەی سەدەی بیستەم " لیبرالیزم ، سۆشیالیزم ، فاشیزم، ئیسلامیزم" "قانع" لە فەزایەکی دەرەوەی ئایندا خۆی دەبینێتەوە.

لەپاش جەنگی جیهانی دووەمەوە ئایدۆلۆژیای سۆشیالیزم بووە ئایدۆلۆژیایەکەی هەرەباو لەجیهاندا. لەدوای بڵاو بوونەوەی ئەم بیرە لە جیهاندا، شارەزایانی ئەدەب لەسەر ئەوە کۆکن کە بیری "سۆسیالیزم" پانتایی ئەزموونی ئەدەبی قانعی داگیر کردووە.

،،

سەرەتای شیعر هۆنینەوەی بە شیعری ئاینی دەست پێدەکات، بەڵام دواترو لەسەدەی بیستەمدا بەهۆی ڕوداوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم‌و بەریەککەوتنی لە گەڵ چوار ئایدۆلۆژیاکەی سەدەی بیستەم " لیبرالیزم ، سۆشیالیزم ، فاشیزم، ئیسلامیزم" "قانع" لە فەزایەکی دەرەوەی ئایندا خۆی دەبینێتەوە.

سۆشیالیزم، لە ئەزموونی قانعدا، ناوێکی ترە بۆ تێکەڵەیەکی تایبەت لە بیرۆکەی پێشکەوتن و یەکسانی و داد پەروەری کۆمەڵایەتی، یان بۆ هەڵاوێری سیاسی و فەرهەنگی و ئایدۆلۆژیەک بۆ کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و داد پەروەر، لەسەر دەمەکەی خۆیدا.

ڕەنگە گشتگیرترین پێناسە بۆ"سۆشیالیزم" بریتی بێت لە:"بوونی هەرەوەزی و یەکسانی لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی جیاوازیەکان لە نێوان چینەکانی کۆمەڵدا". لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە بڵێین هەوڵ و تەقەلای ئەم ئایدۆلۆژیایە بوو لەو دەمەدا کە دەستگیرۆیی ژنانی کرد لە چەند وڵاتێکدا لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان و خۆیەکسان کردنیان بە پیاوان لە ماف و ئیمتیازاتی مرۆیدا لە خەباتی مەدەنیانەیان بەردەوام بن.

ئەگەر ئاوڕێک لە ڕیشەی مێژوویی ژیانکردنی ڕەگەزی مێ بدەینەوە ئەوا دەبینین گیرۆدەبوونی ڕەگەی مێ "ژن" بە چەوساندنەوە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیەو لەسەردەمی خەلقبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی و تا ئێستاش درێژەی هەیە.

دوای تیپەڕینی سەدە تاریکەکان و هاتنی سەردەمی ڕۆشنگەری بەهۆی دریژەکێشانی چەوسانەوەی "مێینە" لە بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەیدا، شان بەشانی سەر هەڵدانی ئایدۆلۆژیا گەورەکان لەهزری مرۆڤایەتیدا، ژنان توانیان لە ئاست ژێر پێ کەوتنی مافەکانیان و خۆڕزگار کردنیان لەدەستی کابوسی "پیاو سالاری"
لەبواری ژیانی کۆمەڵایەتیدا، چەندین بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی لەپێناو مافەکانی ژناندا لەبواری ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لەژێر ناوی چەمکی "فیمینیزم"دا،
پێکبێنن، کە ئەم زاراوەیە لە سەرەتادا لە بواری پزیشکیدا بەکارهات پاشان بۆ ناو کایەی خەباتی مەدەنی گوازرایەوە بۆ ناونان لە بزوتنەوەکانی بەرگریکردن لە ژنان بەکارهات.

ئاشکرایە، ئەم بزوتنەوانەش لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمەوە دەستیان بە خەبات کرد و چەندین ژن لە جیهاندا تەمەنی خۆیان بەخشییە لەسەر پێ وەستانی ئەم بزوتنەوانە، لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی ژندا.


دوای گەشەسەندن و باڵکێشانی ئایدۆلۆژیای "سۆشیالیزم" بەسەر زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا کە چوارچێوە گشتیەکەی یەکسانی و هەرەوەزی و وەک یەک بوونە، فیمینیزم، توانی لەڕووی جۆرییەوە بەشێکی خۆی تەرخان بکات بۆ خەباتکردن لە ژێر چەتری ئەم ئایدۆلۆژیایە.بەناوی "فیمینیزمی سۆشیالیستی"،کورتەی ئەم ڕوانگەیەی "فیمینیزم"یش ،بریتیە لە نەهێشتنی سیستمی"سەرمایەداری" و پیاو سالاری".

فیمینیسته‌ سۆشیالیستەکان، لەو بڕوایەدان بۆ تێگەستن و ڕزگار بوون لە گیرو گرفتەکان پێویستە هەردوو سیستمی"سەرمایەداری" و "پیاو سالاری" پێکەوە بخرێنە بەر لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.

،،

یەکێک لە هۆکارەکانی بەرگریکردنی "قانع" لە چینی چەوساوەکان و هەژاران، تەنانەت بەرگریکردن لە رەگەزی "مێ"ش، لە ژێر کاریگەری بیری سۆسیالیستیدا، ئەوە بوو کە لەلای ڕوون بوو بە گەشەکردنی سەرمایەداری ئالیەتەکان بۆ دروست بوونی زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە زۆرتر دەبن

یەکێک لە هۆکارەکانی بەرگریکردنی "قانع" لە چینی چەوساوەکان و هەژاران، تەنانەت بەرگریکردن لە رەگەزی "مێ"ش، لە ژێر کاریگەری بیری سۆسیالیستیدا، ئەوە بوو کە لەلای ڕوون بوو بە گەشەکردنی سەرمایەداری ئالیەتەکان بۆ دروست بوونی زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە زۆرتر دەبن و پیاو سالاریش زیاتر گەشە دەکات و دەستکراوەتر دەبێت بۆ چەوساندنەوەی مێینە و نەهێشتنەوەی مەوداکانی ئازادی مێینە.

لەبەر ئەوەی لە مێژوویەکی زۆر کۆنەوە، یاسا و دەسەڵات وەک پێکهاتەیەکی کلتوری یاسا و دەسەڵاتی خێڵ بووە بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگا،ئەوا بەشێوەیەکی بەرچاو ئەم دەسەڵات و هەیمەنە خێڵەکیە باڵی بەسەر سیستمی بەڕێوە بەردنی خێزان لە کۆمەڵگەدا کێشاوە.

هەر بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردی بەناو هەناوی پێوەرە ئاینیەکانیشدا تێپەڕیوە، بەڵام لەبەر خۆ بەکەم زانین و خەلەل کەوتنە کەرامەتێکی وابەستە بەژنەوە لە کۆمەڵگەدا بەهاتنە دنیای ڕەگەزی "مێ" فۆبیایەکەی کلتوری گەورە لە خێزانی کوردیدا بوونی هەبووە.


ئێستاشی لەگەڵدا بێت خێزانی کوردی بەهۆی بەربەستە کلتوریەکانەوە نەیتوانیوە ئەو قۆناغی ترسە تێپەرێنێت و بە هاتنە دنیای "مێینە" دڵگران نەبێت، لەهەر خێزانێکدا.

"قانع" لەبەر ئەوەی خۆی لەسەرەتاوە لە ژینگەیەکی ئاینیدا پەروەردە بووە و هزری بە باگراوندێکی ئاینی تەنراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە لەهۆنراوەکانیدا لە هەوڵدا بووە بۆ لێدان لەو پێوەرە کلتورییانەی کە بەرگێکی ئاینیان بەبەردا کراوە، چونکە "قانع" باش لەوە تێگەشتووە کە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا پێوەرە ئاینیەکان چۆن وەرگیراون و چۆن ئەدا کراون و بەرگێکی کلتورییان بەبەردا کراوە و تاکی کورد چۆن بۆ بەرژەوەندی خۆی مەتاتیانە بەکاری هێناون.

بۆ نموونە، ئەوەتا "قانع" لە هۆنراوەی "مارە بڕین"دا، هەر چەندە"مارە بڕین" یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی هاوسەر گیری و فۆڕمێكی ئاینی و یاسایشی هەیە، بەڵام "قانع" بە "بەپارەکڕین" وەسفی دەکات، دواتر لە ناوەڕۆکی هۆنراوەکەدا ڕوونی دەکاتەوە کە بۆ چی ناوی لیناوە بە "بەپارە کڕین".

،،

هۆنراوەی "پەروینە کچ" ی،"قانع" یەکێکە لە شاکارەکانی ئەم شاعیرە،هەم بۆ بەرگریکردن لەژن وەک کائینێکی سود بەخش بە کەون و مرۆڤایەتی و هەم بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ترسە کلتوریەش کەلەناو خێزانی کورد دا تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت،لە کاتی خستنەوەی ڕەگەزی "مێ" دا،ئامادەگی هەیە.

هۆنراوەی "پەروینە کچ" ی،"قانع" یەکێکە لە شاکارەکانی ئەم شاعیرە،هەم بۆ بەرگریکردن لەژن وەک کائینێکی سود بەخش بە کەون و مرۆڤایەتی و هەم بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ترسە کلتوریەش کەلەناو خێزانی کورد دا تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت،لە کاتی خستنەوەی ڕەگەزی "مێ" دا،ئامادەگی هەیە.


ئەگەر سەرنجێک لە شرۆڤەی هۆنراوەکە بدەین ئەوا ئەم هۆنراوە جیاوازی کردنێکی ئەدەبیانەی"قانع"ە، لە نێوان "کوڕ" و "کچ" وەک ڕەگەزی "نێر و مێ".
# ئەمەش دەقی هۆنراوەکەیە:


"پەروینە کچ"


کوڕ بە بێشک هەوری تاڵە،هەر وەکوو پەرونیە کچ
کوڕ وەکوو خاشاک و خارە، سۆسەن و نەسرینە کچ.
بۆ نەخۆشی دەردی عاشق، دوکتەری شافی کچە
کوڕ وەکوو هەنگی دڕندە و شانەیی هەنگوینە کچ.
خوێن ڕژان مەیل ئەکەی؟ فەرموو وەرە سەر سەیری کوڕ
دڵ بەڕەحم و لاشە نەرم و نازک و ڕەنگینە کچ.
کوڕ کە زۆر چاک هەڵکەوێ، فەرهادە یا مەجنوونی شێت
کچ لە پەردەی عیسمەتا، لەیلایە یا شیرینە کچ.
کچ کە کەوتە ڕاوە کوڕ، ئاسانە کوڕ گرتن لە لای
بازی تەڕلان و تەوار و واشە و شاهینە کچ.
گەر حەوا نەبوایە ئێستەش ئادەمی بوو بێ وەجاخ
بۆ زیادی ئادە میزاد، مایەی تەئمینە کچ.
هەر کەسێ مەیل و خەیاڵی حیفزی ئیسلامێ بکا
بۆ بەخێوی باخی ئیمان هەر وەکوو پەرژینە کچ.
کچ کە وەختی کوڕ ئەبینێ قانعی پەیدا ئەکا
جا کە وابوو کور بە هیچ و قابیلی تەحسینە کچ .

" قانع" هەر لە سەرەتادا لە ناونیشانی هۆنراوەکەدا، دەڵێت"پەروینە کچ"، واتە:
"کچ"ی وەک ڕەگەزی "مێ" بە پەروین شوبهاندووە.
وشەی "پەروین" بەپێی لێکدانەوە زمانیەکان، بەواتای "گەلە ئەستێرە ی حەوتەوانە" دێت لە ئاسماندا، کە درەوشانەوەیەکی ئێجگار پڕشنگداری هەیە و ئاسمان ڕووناک دەکاتەوە .

دێڕی یەکەم:
کوڕ بە بێشک هەوری تاڵە، هەر وەکوو پەرونیە کچ
کوڕ وەکو خاشاک و خارە، سۆسەن و نەسرینە کچ.

لە نیوە دێری یەکەمدا، شاعیر دەڵێت: کوڕ وەک هەوری تاڵە و کچ وەک پەروینە.
بێگومان "هەوری تاڵ" ڕەنگێکی تاریکی هەیە و بەری ڕووناکی خۆر دادەپۆشێت.
لەبەرامبەردا "پەروین" گەلە ئەستێرەی حەوتەوانەیە لەئاسماندا و لە شەوی تاریکیشدا ئاسمان ڕووناک دەکاتەوە.

پێدانی ئەم "دژیەکی" یە، بە وینەی "کوڕ" و "کچ" لەم نیوە دێڕەدا مەبەستی شاعیر ئەوەیە کە بە خێزان و کۆمەڵگەی کوردی بڵێت "کوڕ" ئەو گەوهەرە نییە کە ببێتە ڕووناککەرەوەی ژیانتان تا خۆزگە بە هەبوونی بخوازن بەڵکو "کچ" ئەو کائینە خەلق کراوەیە کە وەک گەلە ئەستێرەی پەروین دەبێتە ڕووناککەرەوەی چرای ژیانتان پێویستە خۆزگە بە لەدایک بوونی کچ بخوازن .

  • لەنیوە دێڕی دووەمدا،شاعیر دەڵێت: کوڕ زبڵ و زیخە وردە و دڕکە و کچ گوڵە سۆسەن و گوڵە نەسرینە.
    واتە جارێکی تر شاعیر کوڕ بە "خاشاک" واتە "زبڵ" و "خار" کە بە پێی هەمبانە بۆرینەی هەژار موکریانی چەند واتایەکی هەیە و هەموویان بۆ مرۆڤ زیان بەخش و بێکەڵکن لەوانە ( زەوییەکی زۆر سەخت ، زیخی ورد، دڕک....هتد)،دەشوبهێنێت.
    لەبەرامبەریشدا ، "کچ" بە "سۆسەن" واتە گوڵێکی جوانی ڕەنگاو ڕەنگە و "نەسرین" گوڵیکی جوانی ڕەنگ زەردی بۆنخۆشە لە نێرگز دەچێت، دەشوبێنێت.
    ئەمەش دیسانەوە هەوڵێکی تری شاعیرە بۆ هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگا و خێزانی کوردی، بەوەی کە "کوڕ" کائینێکی وەک زبڵ و پاشەڕۆ زیادەیە و وەک زیخی ورد و دڕک دەچەقێت بە جەستەدا و هەرکاتێک بێت زیان بەخش دەبێت، بەڵام "کچ" هاو شێوەی گوڵە "سۆسەن" و " گوڵە "نەسرین" هەر جوانی و بۆنی خۆش پەخش دەکات و ڕوئیا و ئاڵ و واڵایی و ڕەنگاو ڕەنگی جیاواز و خۆش گوزەرانی و چێژی خۆش بە هەستەوەرەکانمان دەبەخشن، کەواتە شاعیر دەیەوێت بڵێت "کچ" ڕەواجی لە "کوڕ" زیاترە و هەروەها دەیەوێت ئەو ڕوانینەی خێزانی کوردی لە بەر یەک هەڵوەشێنیت کە پێیان وایە "کوڕ" سود بەخشەو هەمیشە کوڕیان پێویستە بێتە دونیاوە.

- دێڕی دووەم:
بۆ نەخۆشی دەردی عاشق، دوکتەری شافی کچە
کوڕ وەکوو هەنگی دڕندە و شانەیی هەنگوینە کچ .

- لە نیوە دێڕی یەکەمدا شاعیر دەڵێت: کاتیک مرۆڤ توشی نەخۆشی"عاشق بوون" دەبێت.ئەوا دکتۆری هێور کردنەوەکە ی و نزمکردنەوەی پلەی گەرمای جەستەیی و نەهێشتنی هەموو ئەو ناڕەحەتیانەی کە بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە توشی دەبێت، کە
"شاف" دەرمانێکە و ئەو ڕۆڵە دەبینیت.

- لە نیوەدێڕی دووەمدا، شاعیر دیسانەوە "کوڕ" بە "هەنگی دڕندە" دە شوبهینێت.
پە پێی توێژینەوە زانستیەکان پیوەدانی هەنگ لەکاتێکدا کە ئازارێک بە مرۆڤ دەگەیەنێت بەڵام سودی بۆ مرۆڤ هەیە، کەواتە شاعیر دەیەوێت بڵێت "کوڕ" ئەگەر سودیشت پێ بگەیەنێت ئەوا لە بەرامبەر پی بەخشینی سودەکەدا، هەر زیانێکت پێ دەگەیەنێت. بەڵام لە بەرامبەردا "کچ" وەک شانەی هەنگوین بۆ مرۆڤ سود بەخشە، چۆن شانەی هەنگوین ڕۆڵی کۆکەرەوەی هەنگوین دەبینێت و هەرچی شیرینی و خۆشاوی هەنگوین هەیە لە خۆیدا کۆی دەکاتەوە ئاواش "کچ" هەرچی چێژ و خۆشەویستیەکان هەیە تێیدا کۆبووەتەوە.

- دێڕی سێ یەم:
خوێن ڕژان مەیل ئەکەی؟ فەرموو وەرە سەر سەیری کوڕ
دڵ بەڕەحم و لاشە نەرم و نازک و ڕەنگینە کچ


- لەنیوە دێری یەکەمدا، شاعیر پێمان دەڵێت: ئەگەر مەیلی خوێن ڕشتنتان هەیە، ئەوا سەیری "کوڕ" بکەن لەوەوە فێر بن، بێگومان لە پشت ئەم دێڕەوە شاعیر دەیەوێت پێمان بڵیت کە ئەم غەریزە شەڕانگێزییەی کە لە نێرینەدا بوونی هەیە، مێژوویەکی کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ کوڕانی"باوکە ئادەم". وە شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت، هەموو شەڕ و کوشتارەکان لەوکاتەوە تا ئێستا لەسەر دەستی نێرینە ڕوویداوە.

- لە بەرامبەردا، لە نیوە دێڕی دووەمدا، شاعیر دەڵێت: "کچ" خاوەن دڵێکی بەڕەحم و لاشەیەکی نەرم و ناسک و جوان و ڕەنگینی هەیە کە بە پێچەوانەی کوڕەوە نەرم و نیانی و میهرەبانی لی ئەچۆڕێ .


- دێڕی چوارەم:
کوڕ کە زۆر چاک هەڵکەوێ، فەرهادە یا مەجنوونی شێت
کچ لە پەردەی عیسمەتا، لەیلایە یا شیرینە کچ

- لە نیوە دێڕی یەکەم، شاعیر دەڵێت: "کوڕ" ئەگەر لە ژیانیدا زۆر چاک هەڵ بکەوێت و مایەی شانازی پێوە کردن بێت ، یان وەک "فەرهاد" یان وەک "مەجنونی شێت" دەبێت. کە دوو کارەکتەری نێرینەی ناو دوو داستانی کوردین، "کوڕ" وەک کورد دەڵێت خۆی بکوژێت و خۆی ببڕێت لەوان باشتر نابێت کە لەژیانیاندا هەر یەکەیان کارێکی شێتانەیان خستە ناو فەرهەنگی کۆمەڵایەتی کوردەوە .

- پاشان لە نیوە دێڕی دووەمدا، لە بەرامبەر ئەم پێکهاتە سەر شێتانەی کوڕ، شاعیر دەڵێت: "کچ" لەپەردەی پاکیزەیی"دا، "لەیلا"یە یان "شیرین" کە دوو کارەکتەری مێینەی ناو داستانە کوردیەکانی "شیرین و فەرهاد و لەیلا و مەجنوون"ن. بوونەتە سیمبولی پاکیزەیی و نەرم و نیانی و یاخی بوونی ژنی کورد.

- دێری پینجەم:
کچ کە کەوتە ڕاوە کوڕ، ئاسانە کوڕ گرتن لە لای
بازی تەڕلان و تەوار و واشە و شاهینە کچ

- لە نیوەدێڕی یەکەمدا ، شاعیر دەڵێت : "کچ" ڕاوچییەکی زۆر باشی کوڕ گرتنە، ئەگەر بیەوێت کوڕ ڕاو بکات زۆر ئاسانە بۆی چونکە، "کچ" خاوەنی جۆرەها ئالیەتی ڕاو کردنە و مەکر و ناز و عیشوەیەکی بێشومار لە هەگبەیدایە بۆ لە خشتە بردنی "کوڕ".

- لە نیوەدێڕی دووەمدا، شاعیر بۆ سەلماندنی ئەوەی کە لە نیوەدێڕی یەکەمدا دەیڵێت و "کچ" بە ڕاوچییەکی لێهاتووی ڕاوە کوڕ وەسف دەکات، ئەوا لەم نیوە دێڕەدا "کچ" دەشوبهێنێت بە "بازی تەڕلان" و "تەوار " و "واشە" و "شاهین" کە "بازی تەڕلان"، باڵندەیەکی ڕاوکەری زۆر لێهاتووە لە ڕاوکردنی نێچیرەکانیدا هاو کات تەڕلان بە واتای جوان چاکیێکی دڵ ڕفێن دێت واتە سەرنجی دەوروبەر ڕا دەکێشێت. "تەوار"،بەواتای "مێینەی باز" دێت کە ئەویش یەکێکە لە باڵندە ڕاوجییەکان و "واشە و شاهین" بەهەمان شێوە دوو باڵندەی خێزانی باڵندە ڕاوچیەکانن و زۆر شارەزایانە و لێهاتوانە نێچیر ڕاو بکەن.شوبهاندنی "کچ" بەم باڵندە ڕاوچییانە لەلایەن شاعیرەوە ئەوەیە کە دەیەوێت پێمان بڵیت کە "کچ" زۆر لێهاتوویەکی بێ وێنەیە لە ڕاوکردنی کوڕدا.

دێڕی شەشەم:
گەر حەوا نەبوایە ئێستەش ئادەمی بوو بێ وەجاخ
بۆ زیادی ئادە میزاد، مایەی تەئمینە کچ


لەنیوە دێڕی یەکەمدا، شاعیر ئاگادارمان دەکاتەوە : لەوەی کە گەر "دایکە حەوا" نەبوایە ئێستەش باوکە ئادەم بێ وەجاخ دەبوو، واتە مرۆڤایەیتی هیچ گەشەی نەدەکرد.
کەواتە شاعیر دەیەویت پێمان بڵێت لەو کاتەوەی خودا مرۆڤی لەسەر زەوی دروست کردووە لەسەردەمی "دایکە حەوا و باوکە ئادەم"ەوە، "نێر و مێ" هەردووکیان ڕۆڵی گرنگ و هاو شێوەیان هەبووە بۆ بەڕێوەبردنی شەمەندەفەری ژیان لە کەوندا .
شاعیر دەیەوێت ئەوەشمان تێ بگەیەنێت کە خودا سەرەتا ڕەگەزی "نێر"ی بەخەلق کردنی باوکە ئادەم دەست پێکرد ئەگەر ڕەگەزی مێ دایکە حەوای لە بەرامبەردا خەلق نەکردایە.ئەوا یەکێک لە "ئەسمائول سیفات" کە "خالق"ە، نەقسی تێدەکەوت.

- لەنیوە دێڕی دووەمیشدا بۆ پاڵپشتی کردن و سەلماندنی نیوە دێڕی یەکەم شاعیر،دەڵێت: بۆ زیاد بوون و گەشەکردنی مرۆڤایەتی کچ مایەی دڵنیاییە.


- دێڕی حەوتەم:
هەر کەسێ مەیل و خەیاڵی حیفزی ئیسلامێ بکا
بۆ بەخێوی باخی ئیمان هەر وەکوو پەرژینە کچ.


- لە نیوە دێڕی یەکەمدا، شاعیر دەڵێت: هەر کەسیک ویست و مەیلی ئەوەی هەبێت کە پارێزگاری لە دین و ئیمانی بکات ئەوا کچ دەبێتە باشترین قەڵغان.
- لەنیوە دیڕی دووەمدا، شاعیر دەڵێت: هەر کەس ویستی پارێزگاری لە باخی ئیمان بکات ئەوا "کچ" دەبێتە پەرژینێکی باش، بەوەی کە وەک "کوڕ" نییە، کە بەکارە نابەجێ کانی ببێتە مایەی لەق کردنی پێگەی ئیمانی دایک و باوکی .


دێڕی هەشتەم:
- کچ کە وەختی کوڕ ئەبینێ قانعی پەیدا ئەکا
جا کە وابوو کور بە هیچ و قابیلی تەحسینە کچ .


- لەنیوەدێڕی یەکەمدا، شاعیر دەڵێت "کچ" ئەوەندە مرۆڤێکی ڕەزامەندە کە کاتێک "کوڕ" دەبینێت قەناعەت پەیدا دەکات.

- لە نیوە دێری دووەمدا دەڵێت، جا کە ئەگەر "کچ" ئەوەندە مرۆڤیکی خاوەن قەناعەت بێت کەواتە "کوڕ" بە هیچ و شیاوی "چاکە" یە "کچ" ، واتە کا ئینێکی ئیجابی ترە لە کوڕ.

کەواتە شاعیر لە ڕێگەی ئەم هۆنراوەیەوە بە خێزانی کورد دەڵێت: چیتر بەهۆی پابەند بوونتان بە کۆت و بەندە کلتورییەکانەوە بە لەدایک بوونی کچ لە خێزانەکانتاندا، خۆتان خەمبار و ترساو لە کەلتوور مەکەن.


 سەرچاوە:
١.دیوانی قانع، کۆکردنەوەی بورهان قانع. ل ٨٧.
٢.ڕۆڤار، ژمارە ٨٢، تایبەت بە "قانع" شاعیری چەوساوەکان. ل ١٤.
٣.ئایدۆلۆژیای سیاسی هاوچەرخ ، ڕەیدان لاشۆن ، تەرجمەی لە سویدیەوە ، ئاسۆس شەفیق.ل ٨ .
٤.ئینتەرنێت: ‌ێ- ماڵپەری : www.serbexo.com کورەتیەکی مێژوویەکی فیمینیزم .
ب – ماڵپەری www.wikipedia.org بەشی کوردی، بابەتی "فێمینیزم".