لەدیدارێكی دورو درێژدا كە بیست ساڵ لەمەو پێش لەگەڵیدا سازدراوە، دەربارەی دۆزو بزووتنەوەی ژنان لەهەرێمی كوردستاندا، مەلا كرێكار باس لەوە دەكات كە كێشەی ژنان هێندەی كێشەی عەرەبانەچییەكانی ناوبازاڕ نییەو هەریەكە لەعەلمانییەكانو ئیسلامییەكانیش بۆ مەرامی خۆیان ژنان بەكاردێننو ئیستیغلالیان دەكەن، دەربارەی فرەژنیش دەڵێت:" ئەگەر ئینكاری لە فرە ژنیدا بكەمو رەتی بكەمەوە ئەچمە جەهەنەم".
بیست ساڵ لەمەوبەرو، ئەودەمەی كە هێشتا ئاگری شەڕی ناوخۆ بڵێسەی دەداو ئەو بەرپرسی مەكتەبی عەسكەری بزوتنەوەی ئیسلامی بوو، لە گفتوگۆیەكی دورو درێژدا كە پرۆژەی كتێبێك بووە لەسەر دۆزو بزوتنەوەی ژنان لەكوردستانداو بۆچوونی ئیسلامیو عەلمانییەكانی لەسەر ئەو پرسە تێدا خراوەتە روو، مەلا كرێكار لەمیانی گفتوگۆكەیدا ئاماژە بەوە دەدات ئەوەی كە ژنانی عەلمانیو پیاوانی دیفاعچی لە مافەكانی ژنان تەرحی دەكەنو دەیوروژێننو باسیدەكەن، ناگەن بە كێشەی عەرەبانەچییەكانی ناوبازاڕ.
،،
" ژنانی كوردستان، هەم لەلایەن عەلمانییەكانو هەم لە لایەن ئیسلامییەكانیشەوە زوڵم لێكراوونو هەردوولاشیان كێشەی ژنان ئیستیغلال دەكەنو بۆ مەرامی خۆیان بەكاری دێنن "
مەلا كرێكار لە گفتوگۆ دوورو درێژەكەیدا، كە لە كتێبی ( كێشەی ئافرەتانو بزوتنەوەی ژنان لە نێوان وەهمو واقیعدا) بڵاو كراوەتەوە، ئەوە دەخاتە ڕوو كە ژنانی كوردستان، هەم لەلایەن عەلمانییەكانو هەم لە لایەن ئیسلامییەكانیشەوە زوڵم لێكراوونو هەردوولاشیان كێشەی ژنان ئیستیغلال دەكەنو بۆ مەرامی خۆیان بەكاری دێنن، كرێكار دەڵێت:" ئەو ململانێو شەڕەی كە بەناوی ژنانو ئافرەتانەوە دەكرێت بە مەبەستی ئیستیغلالكردنیانە، هەندێك كەسو لایەن پێوویستیان بە وزەی ژنانە، ئافرەتان زڵملێكراوون هەم لە لایەن عەلمانییەكانو هەم لە لایەن ئیسلامییەكانیشەوە، لە بواری سیاسەتدا ئیستیغلال كراون، ئیسلامییەكانی كوردستان زۆربوونی ڕێژەی تەڵاق دەقۆزنەوەو دەڵێن هۆكارەكەی سفوریو دووركەوتنەوەیە لە ئیسلام".
مەلا كرێكار لەو دیدارەیەدا كە بیست ساڵ لەمەوبەر لەگەڵیدا سازدراوەو دیدارەكەش ماوەیەكی زۆری خایاندووە، باسلەوە دەكات كە لە ئیسلامدا كێشەیەكی دیاریكراو بەناوی كێشەی ژنانەوە بوونی نییەو بڕوایشی بەوە نییە كە داواكارییەكانی ژنان لە كوردستاندا جێبە جێبكرێت، هاوكات پێیشیوایە كە ئافرەتانی عەلمانی بە ئاراستەیەكی دژ بە ئاراستەی ژنانی كورددا دەڕۆن، ئەو دەڵێت:" لە ئیسلامدا كێشەیەكی دیاریكراو بەناوی كێشەی ئافرەتانەوە بوونی نییە، ئافرەتانی عەلمانی بە ئاراستەیەكدا دەڕۆن كە ئاڕاستەی ژنانی كورد نییە، ئەوان داوای سفوركردنی ژنان دەكەن، لەبەر ئەوەی ژنانی كوردستان خاوەنی سەرچاوەی داهاتی خۆیان نینو جێگەی تایبەت بەخۆیان نییە، بۆیە ئازاد نین لەكارو ڕەفتاریاندا، بۆیە بڕوا ناكەم هیچ لەو داواكارییانەی دەیكەن بۆیان جێبەجێبكرێت".
مەلا كرێكار پێیوایە كێشەكانی ژنان لەكوردستان كێشەی یاسایینو ئەگەر ئەوان لە ئەوروپا بوونایە بەیاسا بۆیان چارەسەر دەكرا:" ژنانی كورد ئەگەر بچنە ئەوروپا، زۆربەی ئەو كێشانەی كە لەكوردستان هەیانە نامێنن، چونكە لەوێ بەیاسا چارەسەری ئەو كێشانە كراوە".
،،
" لەبەر ئەوەی ژنانی كوردستان خاوەنی سەرچاوەی داهاتی خۆیان نینو جێگەی تایبەت بەخۆیان نییە، بۆیە ئازاد نین لەكارو ڕەفتاریاندا، بۆیە بڕوا ناكەم هیچ لەو داواكارییانەی دەیكەن بۆیان جێبەجێبكرێت". "
مەلا كرێكار لە گفتوگۆكەیدا باس لە ستەمباری ئافرەتانی كوردستان دەكاتو دیسان ئاماژە بە ستەمی عەلمانیو ئیسلامییەكان بەرانبەر بەوان دەكاتو دەڵێت:" ئافرەتانی ئێمە بەمانای وشە ستەملێكراوون، ستەم لێكراوون، هەم لەلایەن عەلمانییەكانو هەم لە لایەن ئیسلامییەكانیشەوە، عەلمانییەكان وزەی ئافرەتان ئیستیغلال دەكەن بۆ مەبەستو مەرامی خۆیان، ئیسلامییەكانیش دینەكەیان ئیستیغلال ئەكەن بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی پیاوانەی خۆیانو بەكارهێنانیان لە دژی ژنان".
مەلا كرێكار لە میانی دیدارەكەیدا دێتە سەرباسی فرەژنیو باسلەوە دەكات كە بەشێكی زۆری فرەژنی لەكوردستاندا بۆ ئیستیغلالكردنەو بەشێكی كەمی بۆچارەسەری زۆربوونی دیاردەی قەیرەییە، " فرەژنی بەشێكی ئیستیغلال كردنەو بەشێكی چارەسەرە، كابرا چووە ژنێكی گەنجی هێناوە، ئەوە نە چارەسەرەو نە پیاوەتی".
هاوكات مەلا كرێكار دەربارەی فرەژنی دەڵێت:" ئەگەر ئینكاری لە فرە ژنیدا بكەمو رەتی بكەمەوە ئەچمە جەهەنەم".
دەربارەی زەواجی مەدەنی كە هەندێككەس بانگەشەی بۆ دەكەن، كرێكار ئاماژە بەوە دەكات لەواقیعێكی وەكو كوردستاندا ناكرێت داوای زەواجی مەدەنی بكرێت، ئەو دەڵێت:" ناكرێت لە واقیعێكی وەكو كوردستاندا داوای زەواجی مەدەنی بكرێت، ئەوانەشی داوای دەكەن، جورئەتی جێبەجێكردنیان نییە".
كرێكار دێتە سەرباسی كوشتن بەناوی شەرەفەوەو دەڵێت ئەگەر بریارە ئەو دوو كەسەی زینایان كردووە سزا بدرێن، ئەوا دەبێت پیاویش وەك ژنەكە سزا بدرێت، كرێكار دەڵێت:" هیچ رەوای حەق نییە كە زیانكردن لەنێوان ژنو پیاوێكدا روو بداتو ژنەكە بكوژرێتو پیاوەكە دەستبێنێت بە سمێڵیداو سنگ دەرپەڕێنێت، پێوویستە هەردوولا سزا بدرێن".
،،
كرێكار دەڵێت:" هیچ رەوای حەق نییە كە زیانكردن لەنێوان ژنو پیاوێكدا روو بداتو ژنەكە بكوژرێتو پیاوەكە دەستبێنێت بە سمێڵیداو سنگ دەرپەڕێنێت، پێوویستە هەردوولا سزا بدرێن".
كرێكار بڕوای وایە ئەگەر حكومی رەجمكردنو دەست بڕین جێبەجێنەكرێت، هەرگیز ئەو تاوانانە بنبڕنابن، هاوكات ئاماژەش بەوە دەدات كە پاڵنەرەكانی ئەو تاوانانە نیوەیان حەقنو پاش نەهێشتنی پاڵنەرەكان پاشان پێوویستە حكومەكە جێبەجێبكرێت.
دەربارەی زەواجی میسیاریش كە بەشێكی زۆری زانایانی ئیسلامی رەتی دەكەنەوە، كرێكار بە شتێكی ئاسایی دەزانێت، بەلام وەكو خۆی دەڵێت بەو مەرجەی مەرجەكانی زەواجی تێدابێت.
دواجار دەربارەی سروشتو رەهەندی دەروونی هەریەكە لە ژنو پیاو دەدوێتو بەشێكی زۆری توندو تیژییەكانی بەرانبەر ژنان بۆ سروشتی ئەو دووانە دەگێڕێتەوەو دەڵێت:"پیاو سادییەو ژنیش ماسۆشییە".