بۆچی هێرشی زەمینی بۆسەر کەرتی غەزە قورسە؟!

سەرخێڵ ئەحمەد

2023-10-24

ئەگەرەکانی بەردەم دەوڵەت و سوپای ئیسرائیل، لەکاتی 
چونەناو کەرتی غەزەدا


شەڕو پێکدادانەکانی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس پێی نایە رۆژی هەژدەیەمەوە؛ پاشئەوەی لە بەرەبەیانی (7 ی ئۆکتۆبەری 2023) لە هێرشێکی شۆکهێنەردا بەناوی (تۆفانی ئەقصا) چەکدارانی حەماس هەڵمەتیان بردە سەر یەکە سەربازییەکان و کۆمەڵگە نیشتەجێببوەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەزە. هێرشێک نزیکەی (1400) هاوڵاتی و سەربازی ئیسرائیلی تێدا کوژران و (222) سەربازو هاوڵاتی تێدا بەدیل (بارمتە) گیران. وەک( جۆ بایدن)ی سەرۆکی ئەمەریکا وەسفی کرد، ئەوە یانزەی سێپتەمبەری ئیسرائیلیەکان بوو! چەند کاتژمێرێکی کەم دوای هێرشەکە (بنیامین نەتەنیاهۆ)ی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند ئیسرائیل لە جەنگدایەو (پرۆسەی شمشێری ئاسنین)ی ڕاگەیاند؛ داوای لە (365.000) سەربازی یەدەک کرد پەیوەندی بە سوپاوە بکەن. لەماوەی تەنها (48کاتژمێردا) کابینەی وەزاری جەنگ لە ئیسرائیل پێکهات؛ بڕیاریاندا هێرشی یەکلاکەرەوە بۆسەر کەرتی غەزە دەستپێبکرێت و جەنگی ئەمجارە جەنگی کۆتایی هێنان بێت بە حەماس. لەماوەی ئەم هەژدە ڕۆژەدا بەهەزاران موشەک داباریوە بەسەر غەزەدا؛ ژمارەی کوژراوانی فەلەستینیەکان گەشتوەتە نزیکەی (5000 کەس). سوپای ئیسرائیل بە تەواوی خەریکی خۆئامادەکردن و داڕشتنی پلانی هێرشی زەمینیە بۆ سەر کەرتی غەزە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کەی هێرشەکە دەست پێدەکات؟ شارەزایانی سەربازی ئەو هێرشە زۆر بە قورس و کارەساتاوی سەیر دەکەن لەبەر چەند هۆیەک؛ لەوانە:

یەکەم: هەڵکشانی زیاتری کارەساتی مرۆیی

کەرتی غەزە لەئێستادا لەهەر چوارلاوە بە تەواوی گەمارۆ دراوە، هاوڵاتیانی ناتوانن بە هیچ لایەکدا بڕۆن؛ ڕۆحی غەزەییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنرێت! لە ڕووبەری تەنها (365کیلۆمەتر دوجا)دا نزیکەی (2.375.000 هاوڵاتی) تێدایە. بەجۆرێک لە هەر یەک کیلۆمەتر چوارگۆشەدا نزیکەی (6.500) هاوڵاتی تێدا نیشتەجێن. بۆیە هێرشی زەمینی کارەساتی مرۆیی گەورەی لێدەکەوێتەوەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئاستێک بێدەنگ دەبێت لەوە. کە بزانین زوومی کامێرای هەموو دەزگا میدیاییەکانی جیهان لە غەزەدا ئامادەیی هەیەو سات بە سات وێنەی قوربانیەکان دەگوازنەوە. هەڵکشانی کارەساتی مرۆیی ئەگەری زیاتر توڕەبوونی کۆمەڵگە ئیسلامیەکانی لێدەکرێت، بەجۆرێک تەقینەوەو نائارامی کۆمەڵایەتی-سیاسی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت؛ وەک ئەوەی لەکاردانەوەی ڕووداوی بۆمبارانکردنی نەخۆشخانەی مەعمەدانیەدا سەرەتاکانیمان بینی.



دووەم: سەختی شەڕی ناوشارەکان

بێگومان شەڕی ناوشارەکان بۆ هەموو سوپایەک قورسە؛ قورسترە ئەگەر هێزی بەرامبەر گروپی چەکداری پارتیزانی خاوەن بیروباوەڕی ئاینی بن. دەستبەسەراگرتن و پاککردنەوەی باڵەخانەکان پێویستی بەهێزی زۆرو تۆکمەو ڕاهێنراو هەیە، شەڕی ناو کۆڵانەکان کاتی زیاتری دەوێت. ئەو سوپایەی هێرش دەکات بە ئاسانی دیارەو لەڕووە، ئەوەی بەرگری دەکات خۆی حەشارداوەو لە کون و کەلەبەری باڵەخانەکانەوە تەقەدەکات و سەنگەرسازی خۆی کردووە؛ بۆیە هەمیشە سوپای هێرشکار ژمارەی کوژراوانی زیاتر دەبێت. بەتایبەت قەناس بەدەستەکان زەبری کوشندە دەوەشێنن. ئەفسەرانی باڵای سوپای ئیسرائیل و دەزگای مۆساد باش ئەو ڕاستیە دەزانن حەماس بە تەواوی خۆی سازداوە بۆ ئەو جەنگە؛ بۆیە ترسی قوربانی زۆرو زیانی گەورەی جەنگ، پێویستی بە ئامادەسازی زیاترو کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری زۆرتر هەیە. لەکاتێکدا ئەو بەرپرسە باڵایانە باش ئەوە دەزانن لە دوای جەنگ و ئاسایبوونەوەی دۆخەکە، پەرلەمان (کنێست)ی ئیسرائیلی و دادگاکانی ئەو وڵاتە لێپرسینەوەی توندیان لێدەکەن لەسەر ئەوەی لە هێرشی تۆفانی ئەقصا ڕوویداو (1400) هاوڵاتی و سەربازی تێدا کوژرا؛ ڕووداوەکە گەورەیەو مایەی چاوپۆشی نییە. ئەوە ڕوونە ئیسرائیل لەناوخۆدا دەوڵەتێکی دیموکراتیەو یاسا تێیدا سەروەرە. بۆیە قوربانی زیاتری هێرشی زەمینی لەڕیزی سوپاکەیان، دۆخی لێپرسینەوەکانیان سەختر دەکات و پێویستیان بە هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیە.

سێیەم: تۆڕی تونێلەکان، شارێک لەژێر شاردا

چەکدارانی حەماس لە ڕووبەری (365 کیلۆمەتر چوارگۆشەی غەزەدا) بە قوڵایی (9 بۆ 30 مەتر) لەژێر زەویدا نزیکەی (500 کیلۆمەتر درێژی) تونێلیان لێداوە. تۆڕێکی فراوانی بەیەکداچوو، پڕ لە ژورو کۆگاو ڕێڕەوی ئاڵۆز، کە لەدەیان و سەدان جێگەی شاراوەوە سەریان دەرهێناوە لەناو خانوو باخ و دەشتاییەکاندا. لەچەندین کەناڵەوە درێژبوونەتەوە بۆ ناو بیابانی سینا لە میصر. ئەم تونێلانە کە جێگەی خۆحەشاردانی چەکدارانی حەماس و کۆگای هەڵگرتنی چەک و جێگای دروستکردنی موشەکەکانیانە، لەهەمان کاتدا ڕێڕەوی سەرەکی هێنانی ئەو (کەلوپەل ، چەک و ماددە) قاچاخانەیە کە لە دەروازەی نێوەدەڵەتی ڕەفەحەوە ناتوانن بیهێننە ناوەوە.
تونێلەکان بوون بە مۆتەکەیەکی ترسناک بۆ سەربازانی ئیسرائیل، چونکە نازانن لەپڕ لە چی کون و کەلەبەرێکەوە چەکدارانی حەماس سەردەردەهێنن و دەست دەوەشێنن، دواتر خۆیان دەکەنەوە بە ژێر زەویدا. (22ی ئەم مانگە) لە خان یونس دەستەیەکی تایبەتی سەربازانی ئیسرائیل تەنها  چەند سەد مەترێک چونە ناوەوە، لەپڕ کەوتن بەسەر بۆسەداو تەفروتونا کران. ئەمەش وا دەکا سوپا نەتوانێ بە ئاسانی پێشڕەوی بکا، چونکە ئەگەر هەیە لەهەر لەحزەیەکدا لەدواوە سەریان بۆ دەربهێنن. هەرکاتێک هێز لە پشتی  خۆی دڵنیا نەبوو، ورەی لاواز دەبێت. جەنگی لەو جۆرە دەبێتە (جەنگی تێکچڕەژان) لە وەها کاتێکدا هێزی ئاسمانی ناتوانێ هیچ گورزێ بوەشێنێ، تۆپخانە دەبێ بوەستێ، تەنها هێزی پیادە دەتوانێ شەڕ بکاو ئاراستەی تەقەکردنیش تێکەڵ دەبێت.

چوارەم: فراوانبوونی گۆڕەپانی جەنگەکە

ئیسرائیلیەکان باش دەزانن ئەو گورزەی لێیان وەشێنرا دەستی ئێران بوو، پێدەچێت بە ڕاسپاردەی ڕوسیاش کرابێت. ئێران تۆڵەی (کوشتنی زانا ئەتۆمیەکان، لێدان لە  بنکە ئەتۆمیەکان، گورزە سەربازییەکانی سوپای پاسداران لە سوریا) دەکاتەوە. بەڵام هەتا ئێستاش بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل دەڵێن هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەست نییە بیسەلمێنێ دەستی وڵاتانی تری تێدابێت. بێگومان ئەمە تەنها بۆ بەرتەسککردنەوەی گۆڕەپانی جەنگەکەیە. ترسی گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە پریشکی ئاگرەکە ناوچەکە بسوتێنێ. جۆ بایدن ڕایگەیاند نابێ ئامانجی ئیسرائیل داگیرکردنی غەزەبێت، چونکە ئەوە هەڵەیە. لە پشت ئەم قسەوە بەئاگاهێنانەوەیەک هەیە، ئەگەر سوپای ئیسرائیل بچێتە غەزەوە، ئاستی شەڕو کارەساتەکان زیاتر تاو دەسێنێ؛ دوورنیە حیزبوڵای لوبنانی لە باکوری ئیسرائیلەوە هێرش بکەن، کە ئەمە ئەگەرێکی زۆر بەهێزە بەئامانجی کەمکردنەوەی فشار لەسەر غەزە. کە دەزانین بەتایبەت لە دوای ڕوداوی نەخۆشخانەی مەعمەدانیەوە ناوبەناو شەڕو پێکدادانی بچوک لەسەر سنوری لوبنان ڕویانداوە؛ هەروەها سوپای ئیسرائیل هێزێکی زۆری لە باکور کۆکردووەتەوە بۆ هێرشی گریمانەکراوی حیزبوڵا. مەترسیەکە لە عيراقدا دەرکەوتووە، گروپە چەکدارەکانی پاڵپشتی ئێران چەند جارێک بنکەکانی (هەریر، عەین ئەسەد)یان موشەکباران کرد. فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل هەردوو فڕۆکەخانەی دیمەشق و حەلەبیان لە سوریا بۆردومان کردو لەکاریان خستن، ئەمەش وەک ئەگەرێک نەوەک ببنە ڕێڕەوی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ گروپە شیعەکانی سوریاو لەوێوە هێرش بکرێتە سەر سوپای ئیسرائیل. حوسیەکانی یەمەنیش هەڕەشەی هێرشی موشەکی دەکەن و موشەکەکانیان دەتوانێ بگاتە دڵی تەلئەبیب. بێگومان هەمووان باش دەزانن هێرشی زەمینی بۆسەر غەزە جەنگەکە سەخت دەکات و گۆڕەپانەکە فراوانتر دەکا؛ ئێران ناهێڵێت حەماس بکەوێت. حیزبوڵا باش دەزانێ دوای حەماس نۆرەی ئەو دێت، چۆن لێدەگەڕێت ئیسرائیل بە ئاسانی هێرشەکانی سەربگرێ. هاتنی دوو کەشتی جەنگی زەبەلاحی ئەمەریکا بۆ ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست، دەرخەری ترسی ئەو وڵاتەیە لە فراوان بوونی ئاگری جەنگەکە.



پێنجەم: دیل و بەبارمتەگیراوەکان

لە تۆفانی ئەقصادا، نزیکەی (222) کەس لە (ئەفسەرو سەربازانی ئیسرائیلی، هاوڵاتی مەدەنی، گەشتیارو هاوڵاتی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا) لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە دیل و بارمتەگیراون. بێگومان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەزە گیانی ئەوانە هەمووی دەخاتە مەترسیەوە. حەماس لەسەرەتادا لەبەرامبەر بۆردومانی غەزەدا دوو سەربازی ڕەمی کردو ڤیدیۆکانی بڵاوکردەوە. لە ڕۆژانی ڕابردووش کچ و دایکێکی ئەمەریکی ئازاد کرد، کە ئەوەش بەهەوڵی نێوەندگیری دەوڵەتی قەتەر بوو. حەماس دیلەکانی کردووەتە کەرەستەی دانوستان (بەتایبەت ئەزموونی پێشتری هەیە لە کەیسی جەلعات شالیت، ئەو سەربازە ئیسرائیلەی لە 2011 ئازادی کرد لەبەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە هەزار بەندکراوی فەلەستینی). ئەمەش وادەکا هێرشی زەمینی زیاتر دوابکەوێت بە ئامانجی پاراستنی گیان یاخود ئازادکردنی بارمتەکان. لە ئێستادا (200) سەربازی ئەمەریکی لە تیمی دەلتا چوونەتە ئیسرائیل بۆ مەبەستی بەشداریکردن لە پرۆسەی ڕزگارکردنەکانیاندا. هەم ئیسرائیل هەم دەوڵەتانی رۆژئاوا بە گرنگیەوە لە گیانی هاوڵاتیەکانیان دەڕوانن، دەیانەوێت بە هەر نرخێک بووە گیانی ئەوانە پارێزراو بێت.

شەشەم: سروشتی هێزی حەماس

دروشمی چەکدارانی حەماس لەم جەنگەدا بریتیەلە «ئەمە جەنگە، یان سەردەکەوین، یان شەهید دەبین» ئەوان شەڕی مان و نەمان دەکەن؛ خاوەن عەقیدەیەکی تۆکمەن؛ تا ئێستاش بە تەواوی ژمارەیان نازانرێت. شەڕکردن لەگەل ئەم هێزە تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەوان زیاتر چێژ لەشەڕو مردن دەبینن تا چێژ لە ژیان، زۆرینەیان لە گەنجە خێرلەخۆنەدیوەکانی فەلەستینن، هەموو خولیایان ئەوەیە زوو بگەن بە بەهەشت و لەوێ بە ئاواتەکانیان بگەن. سەربازانی ئیسرائیلی بە ئاسانی ناتوانن بچنە تونێلەکانەوە، لە هەر ڕێڕەوێکدا دەکرێت چەکدارێک خۆی بتەقێنێتەوە تونێلەکە بەسەر خۆی و سەربازەکاندا وێران بکات.
شێوازی شەڕو تەکتیکی سەربازییان زۆر تۆکمەیە، بەردەوام گۆڕانکاری تێدا دەکەن و ڕێگای نوێ دەگرنەبەر؛ تۆفانی ئەقصا و ئەو تەکتیکانەی بەکاریانهێنا هەمووی نوێ بوو، بێگومان تەکتیک و پلانی تۆکمەشیان داناوە بۆ کاتی هێرشی زەمینی. ئیسرائیلیەکان ترسێکی زۆریان لێ نیشتووە، چونکە توانا هەواڵگرییەکانیان کورتی هێنا لەوەی پلانەکانی حەماس پێشوەخت ئاشکرا بکەن؛ ئێستاش نایانەوێ بە ئاسانی خۆیان بخەنە نێو داوێکەوە کە باش نازانن چۆن تەنراوە.
توانای موشەکی و  هەمەجۆری چەکەکانی حەماس تا ئاستێکی بەرز ڕۆشتووە، بێگومان ئەندازیارانی پیشەسازی جەنگی ئێرانی ڕۆڵی گەروەیان لەمەدا هەبووە. تەنها لەماوەی یەک کاتژمێری بەرەبەیانی (7ی ئۆکتۆبەر) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی حەماس (5000) موشەکیان گرتە ئیسرائیل، بەجۆرێک سیستەمی گومەزی ئاسنینی دژە موشەکی ئیسرائیلی فریای خستنەخوارەوی بەشێکیان نەکەوت؛ ئەمەش تۆمارێکی گەورەیە لە توانای موشەکی چەکدارانی حەماسدا. لە سەرەتای تۆفانی ئەقصاوە تا ئێستا بەردەوام حەماس لە ڕێگەی ڤیدیۆی پرۆمۆوە موشەکە دروستکراوەکانی خۆیان نمایش دەکەن. ئەوان ئێستا خاوەن چەکی ڕوسی و ئەمەریکین، کە لەبازاڕی ڕەشا کڕیویانە؛ موشەکی مەودا درێژو کاتیۆشا بەرهەم دەهێنن؛ چەکی دژە تانک و زرێپۆشی تایبەت بەخۆیان دروستکردوەو چەند تانکێکی ئیسرائیلیان تێکشکاندووە؛ بوون بە خاوەنی موشەکی دژەفڕۆکەو درۆنی خۆکوژی. بێگومان ئەم توانا سەربازییە گەورەیە ترسی گەورەی لای ئیسرائیلیەکان دروستکردووە! دەبێت توانای سەربازی چەکدارانی حەماس چەندێک بێت و خۆیان بۆ چ جەنگێک ئامادەکردبێ؟ ئەوان لە سەعاتێکدا (5000) موشەک بنێن بە ئیسرائیلەوە، دەبێت چەندێک موشەکی تریان کۆگا کردبێ، خاوەنی چ چەکێکی تربن؟ ئایا لەکاتی هێرشی زەمینیدا سوپای ئیسرائیلی ڕووبەڕووی چ ئەگەرێکی تر دەبێتەوە کە خۆی بۆ ئامادە نەکردووە؟

بێگومان ئەم هۆکارانە سەرجەمیان بوونەتە هۆی دواکەوتنی هێرشە زەمینیەکەی سەر کەرتی غەزەو تا ئێستاش ڕوون نییە سوپای ئیسرائیل کەی هێرش دەکات؟! هەروەها ئەگەرەکانی بەردەم جەنگەکەی بە کراوەیی هێشتوەتەوە. بۆیە هەم دەوڵەتی ئیسرائیل لە ڕێگەی سیاسی و دیبلۆماسی و هەواڵگریەوە، هەم سوپاکەی لەڕێگەی خۆئامادەکردنی زیاترو مەشق و ڕاهێنانەوە، دەیانەوێت سەرکەوتنی هێرشی زەمینی بۆسەر کەرتی غەزە مسۆگەر بکەن؛ ئەمەش ئەرکێکی فرە قورسە، ئەگەر نەڵێین ئەستەمە!