زمانیان بگرن !

فارس نەورۆڵی

2023-10-28

زمان گرنگترین ئامرازە کە مرۆڤ لەڕێگایەوە پەیوەندیەکانی ڕێک دەخات و دروستی دەکات هەرلەڕێگەی زمانیشەوە وێرانی دەکات ، بۆیە زمان هەم هێزەو هەم دەسەڵاتە، لەهەمانکاتدا بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیەو بەتایبەتی لەکایەی سیاسیدا، کەواتە خراپ بەکارهێنانی زمان وەک کورد دەڵێ (زمانی بەو) کارەسات دروست دەکات ودەبێتە هۆی دروست بوونی ئاشوب وئاڵۆزی و قەیران. 

کاتێک کەسێک لە پۆستێکی سیاسی یا خود ئیداریدا لێدوانێکی توند یاخود نابەرپرسانە دەدات دەبێتە هۆی تێکچوونی بازاڕو شێواندی سایکۆلۆجیای خەڵک وشڵەژانی کۆمەڵا یە تی ،لێکەوتەکانی بۆماوەیەک کاریگەری نەرێنی دەمێنێ ، ئەمەش لە نەزانین وتێنەگەیشتنە لە ڕۆڵی زمان. 

بۆیە پێویستە کاتێک سیاسییەک، یاخود خاوەن بەرپرسیاریەتیەک قسەدەکات ئاگای لە (کات وشوێن) بێت و پێچەوانەی خواستی خەڵک نەبێت، دەبێت بزانێت خراپ بەکارهێنانی زمان باجی هەیە . ئەو دۆخە ئاڵۆزەی هەرێم بەشێکی پەیوەندی بە بەکارهێنانی زمانی زبرەوە هەیە کەحیزبەکان دژی یەکتر بەکاری دێنن بێ تێگەیشتنیان لەهەلومەرجە سیاسی ودەرونی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکە ی کوردستان .

بۆیە وا باشترە حیزبەکان بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە سنورێک بۆ زمانی زبرو نەشیاو دابنێن ،با قسە کەرەکانیان کادرەکانیان کەسانێک بن لە کاریگەرییەکانی زمان تێبگەن و بزانن زمان هەم بونیادنەرەو هەم وێرانکەر! بە تایبەتی بۆ ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان وا باشە زمانی ئەقڵ قسە بکات، ئەگینا زمانیان بگرن باشترە چونکە هەندێ کات بێ دەنگی خزمەتێکی گەورەیە