وێنە…چەکێکی بەهێز لە شەڕ و ئاشتی !

محمد خۆشناو

2023-10-28

شەڕەکان تەنها لە بەرەکانی شەڕدا ناکرێن ، بەڵکو لە ستۆدیۆیەکان و ژووری مۆنتاژکردنی ڕۆژنامەکان .
ڕیتشارد نیکسۆن
سەرۆکی پێشووتری وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا

جەنگی ئێستا و نوێ بەوەجیادەکریتەوە کە بە چەکێکی نوێ تەیارکراوە…ئەویش چەکی وێنەیە ، لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو کاریگەری چەکی وێنە بەدیارکەوت ، ئەویش کاتێک وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستی بە شەڕکردن کرد بۆ یارمەتیدانی سوپای باشووری ڤیەتنام دژی سوپای باکوور کە لە لایەن یەکێتی سۆڤیەت و چین پاڵپشتیدەکرا ، لەو شەڕەدا وێنەیەکی زۆری تراژیدیای ئەو جەنگە لە لایەن وێنەگرەکانەوە گیرا ، ئەو کات بەشێوەیەکی بەربڵاو بڕوایەک دروستبوو کە ئەمە ئەو کۆمەڵە وێنانە بوون کە یەکێک بووە لە هۆکاری بڕیاری کێشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و کۆتایی هێنان بەشەڕەکە ، هەر لەوکاتەوە تا ئیستا وێنە ڕۆلێکی کاریگەری هەبووە تا دەگاتە شەڕی کەنداوی ساڵی 1991 کە ئەمە یەکەم جەنگ بوو ڕاستەوخۆ لەمیانی تۆڕی هەواڵەکان دەگوازرایەوە ، کە بەڕاستی ئەمە شۆڕشێکی بێوێنەی لە جیهاندا ڕاگەیاند و دروستکرد ، کە ڕاستەوخۆ هەموو موشەکەکانت دەدیت کە بەسەر شارەکاندا دەبارێ و ، گوێشت لە زەنگی ئاگادارکردنەوە دەبوو وەک ئەوەی گوێت لە سیمفۆنیای مۆسیقا بێت ، هەروەها ئەوە کاریگەری وێنەی کۆڕەوی ملیۆنی بەهاری 1991 ی خەڵکی باشووری کوردستان بوو ، کە ڕای گشتی لە ئەمەریکا و ئەورپا دروستکرد و ، گووشاریان لە حکوماتی ئەو وڵاتانە کرد ، کە تەدەخول بکەن و بڕیاری نەوای ئارمیان بۆ کوردستان دەرکرد .
لەجەنگی ئێستای غەززە وێنە ڕۆلێکی کاریگەری وازیکردووە و ، ئیسرائیل توانی سوودێکی زۆر لەو وێنە فۆتۆگرافی و ڤیدیۆیانە وەرگرێت ، کە حەماس لەسەرتای هێرشی «باهۆزی ئەقسا » پەخشیکرد و ، وێنەکانی بەشێوەیەکی بەربڵاو لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهانی بڵاوکردەوە و ، ڕاگەیاندنی وێنەی کچ و منداڵ و ژنانی ئیسرائیل کە وەک سەبایا دەخرانەڕوو و لەگەڵ کوشتنی خەڵکی سڤیل و مەدەنی ، کاریگەری خۆی لەهەموو ئاستەکاندا لە مرۆڤی ئاساییەوە تا سەرکردەی وڵاتان هەبوو ، ئیسرائیل توانی ئەو وێنانەلە ئەوروپا  بە بازاڕ بکات و سەرکەوێت بەوەی خۆی وەک قوربانی و بەرانبەرەکەشی وەک جەلاد و تیرۆرست پێشان بدات ، ئەمە وای لە بێژەرە بەناوبانگەکانی «C.N.N » و «B.B.C » و کەناڵەکانی تری خۆرئاوا کرد کە هێمای ڕەش لە شاشە و بێژەرەکانیشیان جلی ڕەش بپۆشن ، لەهەمان کاتیش دروشمی « فڕەیان دەدەینە دەریا » بیر جیهان هێنایەوە کە لە ساڵی 1967  « ئەحمەد شەقیری» یەکەم سەرۆکی رێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین دژ بە ئیسرائیل لە غەززە بەکاریهێنا، جگە لەمەش هەر لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل هەموو ئیزگە و ڕۆژنامەکانی وڵاتانی عەرەبی لەڕووی ڕاگەیاندنەوە  بەڵێنی مردن بە ئیسرائیل دەدەن  ، ئەمانە وایکردووە کە ئیسرائیل وەک قوربانی سەیر بکرێت ، ئێستا جیهان لە چرکەساتی ڕاگەیاندندا دەژیت ، چرکەساتی وێنە ، چرکەساتی ڕاستگۆیی ڕاستەقینە ، لەو شەڕەدا تاکە زەرەرمەند فەڵەستینیەکان بوون کە بەهۆی نەزانی و کەلەگایی حەماس لەپەخشکردنی وێنەکان تووشی ئەو ترژیدیایە هاتن ، کە چەکدارەکانی حەماس ووریا نەبوون لە بایەخی وێنە و ، بەو وێنانە بەها  ڕاستەقینەکەی خۆیان ئاشکرا کرد و  ئەو مەرگەساتەیان بەسەر ئەو گەلە خێرلەخۆنەدیووە هێنا و ، نەیاتوانی ببنە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزی و پشتیوانی بەڵکو بەر ئیدانە و تووڕەیی زۆربەی وڵاتانی جیهان کەوتن .