دەستەواژەی وڵاتانی موسڵمان لە ڕووە سیاسییەکەیەوە دەستەواژەیەکی ساختەیە!

ڕەوا موسا

2023-11-03

شوناسە ساختەکان خاوەنی هیچ هەژموون و ڕۆڵێک نین لەناو ڕووداوەکاندا

لەوەتەی دەوڵەتی نوێی ئیسرائیل درووستکراوە میسڕ لەچاو وڵاتانی زۆرینە موسڵمان وڵاتێکە زۆرترین قوربانی بۆ فەلەستین داوە. بەشێوەیەک خودی فەلەستینییەکان خۆیان بەقەد ژمارەی میسڕییەکان قوربانی گیانیان نەبووە، جگە لە زیانی گیانی میسڕ زۆرترین زیانی ئابوری بەرکەوتووە بەهۆی جەنگەکانیان لەدژی ئیسڕائیل کە ملیارەها دۆلارە و هەزاران کەرەستە و ئامێری سەربازی و مەدەنی لەدەستداوە، زۆرترین شەڕکەریان بۆ فەلەستین ناردووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە میسڕییەکان هەمیشە فەلەستینیان بە بەشێک لەخۆیان زانیووە و پێیان وایە فەلەستین لە میسڕ داگیرکراوە نەک ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی! بەڵام لاتان سەیرنەبێت کە ئێستا دەبینن حکومەتی میسڕ تەنانەت ئامادەنییە ئاوارەکانیش وەربگرێت و لە نیمچەدوورگەی سینا نیشتەجێیان بکات، لەکاتێکدا لەئێستادا نزیکەی 9 ملیۆن ئاوارە و پەنابەری بیانی لە وڵاتەکەیاندا هەیە بەڵام ئامادەنین تەنانەت چەند هەزار فەلەستینییەکیش وەربگرن. 


ئەو 9 ملیۆن پەنابەر و کۆچکردووانەی لە میسڕدا هەن  سەرجەمیان هی وڵاتانی غەیرە عەرەبی و زۆرینە عەرەبین کە کێشەی سیاسی و نەتەوەیی عەرەبیان تێدانییە. ئەگەر کۆمەڵێک هەبن بە دۆسیەیەکی ئاینی سەیری بکەن بەڵام حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی میسڕ هەمیشە فەلەستینیان بە کێشەیەکی سیاسی و نەتەوەیی جیهانی عەرەبی زانیووە، وە باشیش دەزانن ئەگەر دەرگاکانیان بکەنەوە دوو ملیۆن عەرەبی غەزە ئاوارەدەبن و هەرگیز ناتوانن بگەڕێنەوە فەلەستین. ئیسڕائیل هەر ئەوەندە بە بیانووێک دەریپەڕاندن ئیدی بە شەڕ نەبێت بەهیچ ڕێگایەکی تر ڕازی نابێت عەرەب و موسڵمانان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و بەمشێوەیە بەیەکجاری دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت و دەبێتە جولەکەنشین. میسڕ پێشبینی ئەوە دەکات ئەگەر ئەمڕۆ غەزە بەتاڵ بکەن لە عەرەب سبەی بەبیانووێکی تر کەرتی رۆژئاواش بەتاڵ دەکەن و ئیدی دۆسیەیەک بەناوی دۆسیەی فەلەستین نامێنێتەوە و نفوزی عەرەب کۆتاییدێت مەگەر جەنگێکی تری وێرانکەر هاوکێشەکە بگۆڕێت.

 ئەگەرچی لەسەدەی پێشوودا فەلەستینییەکان ناوبانگێکی خراپیان لە ئوردەن و لوبنان بەجێهێشتووە و حکومەتەکانیان کە دەرگایان بۆ کردنەوە ناچاربوون بەزەبری هێز دووبارە دەریانبکەن بەڵام ئەوان وڵاتی بچوکن دەوڵەتی میسڕ بایی ئەوەندە گەورە و بەهێز و زەبەلاحە کە ئاوارەی فەلەستینی نەتوانن کێشەی ئەمنی و جیۆپۆلەتیکی بۆ درووستبکەن، ئەوەی میسڕ لێی دەترسێت گۆڕانی دیمۆگرافیایە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە ئەوان گۆڕانی دیمۆگرافییان تەنانەت لە ژیانی خەڵکیش لەلا گرنگتر و لەپێشترە، ئێمەی کوردیش بەداخەوە لەکاتێکدا قەوارە و هێزێکی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان بوونی هەبوو بەڵام کارئاسانیمان دەکرد و بە سەدان هەزار ئاوارەی کوردی رۆژئاوامان وەردەگرت بەبێ ئەوەی بیربکەینەوە ئەم کارە نفوز و هەژموونی کورد لە رۆژئاوا لاواز دەکات، ئێستاش کە ناوچەکانیان سەلامەتن و وەکو پێشتریش هەڕەشەی گەورەیان لەسەر نەماوە هێشتا نزیکەی 250 هەزار ئاوارەی کوردی رۆژئاوا لە باشوردا دەژین و حکومەت بەمەبەست و بێ مەبەست کارێکی وا ناکات بیانگەڕێنێتەوە لەگەڵ ئەوەی سەدان هەزاری تریش رۆژئاوای کوردستانیان بەرەو تورکیا چۆڵکردووە و تورکیا بە ئەنقەست ڕێگایدان لەوێوە کۆچ بکەن بۆ ئەورووپا، کەچی لەلایەکی ترەوە تورکمانەکانی بەسەر یەکتریدا کۆدەکردنەوە و ئێستا لەهیچەوە کردوونیەتە بەرەیەکی دیاری ناو ئەو قەوارەیەی لەسەر خاکی کوردان لە ئەعزاز و عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی درووستکراون، بەهۆی ئەم سیاسەتە شکستخواردوانەی ئێمە و جێگیرەی ئەوان ڕێژەی کورد لە قامیشلۆی پایتەختی مەعنەوی رۆژئاوای کوردستان لە نزیکەی %70ەوە بۆ %40 دابەزیووە! لەزۆرێک ناوچە جیاوازەکانی تری رۆژئاوای کوردستانیش کورد لە زۆرینەوە بۆتە کەمینە!

وەک لە وتارەکانی پێشووشدا باسمان کردووە بۆ بەرخۆدانی فەلەستین تاکە شتێک لەئێستادا موسڵمانان پێیان بکرێت بەرگری ناو شار و شارۆچکەکانە، بە دڵنیایی سەد لە سەدەوە پێتان دەڵێم ئەگەر لەئێستادا بەم حاڵەوە هەموو هێز و سوپا و لەشکری وڵاتانی موسڵمان لە هەموو کون و کەلەبەر و قوژبنێکی ئەم جیهانەوە بەرەو فەلەستین بکشێن دڵنیابن ناتوانن قودس فەتح بکەنەوە. چونکە لەگەڵ ئەوەی دەبێت بەندەیەکی راستەقینە و سەر ڕاستی خودابین هەتاوەکو سەرکەوتنێکی وا گەورەمان بە نسیب ببێت لەهەمانکاتدا بەشێوەیەکی گشتی جەنگ زانستە و بەشێکی کەمی هونەرە! بەپێی هەموو بنەماکانی زانستی جەنگ و سەربازی سوپاکانی موسڵمانان ناتوانن لەبەرامبەر ئیسڕائیلدا سەربکەون، چونکە فەرماندەییەکی زنجیرەیی یەکگرتوو و هەماهەنگییەکی توند و تۆڵی سەربازی و هەواڵگری و تەکنۆلۆژییان لەنێواندانییە و هەریەکەیان لە ڕێگای جیاوازدا دەفەوتێن و لەناودەچن هاوشێوەی سێ جەنگە گەورەکەی رابردووی وڵاتانی عەرەبی دژی ئیسڕائیل. 

بەڵام ئەگەر بەمن بڵێی موسڵمانان یەکگرتووبن، ئەوا بەدڵنیاییەوە نەک هەر 55 وڵاتە موسڵمانەکەی جیهان، بەڵکو ئەگەر تەنها هەماهەنگییەکی بێ بەرژەوەندی و قازانج نەویستانەی سەربازی و هەواڵگری و تەکنۆلۆژی لەنێوان تەنها پێنج وڵاتی موسڵماندا بەهاوپێچی فەرماندەییەکی زنجیرەیی یەکگرتوو هەبێت بەدڵنیاییەوە ئیسڕائیل لەناودەچێت و ئەمریکاش ناچێتە جەنگی بەرەییەوە لەگەڵ تەحەدایەکی وا گەورە....

خەڵکی پێیانوایە ئیسڕائیل یەک وڵاتە هەمیشە بە تەنزەوە دەڵێن 22 وڵاتی عەرەبی دەرەقەتی یەک وڵات نایەن، بەڵام ئەم جۆرە کەسانە لە جیهانی جیۆپۆلەتیکی و سەربازی و ئابوری جیهان تێنەگەیشتوون. بێگومان ئیسڕائیل ئەمریکایە و ئەمریکاش 51 وڵاتە( بە پۆتۆ ریکۆ)ەوە و یەکیانگرتووە لەشێوەی یەک وڵاتی فیدڕاڵیدا! ئەگەر بهاتبا ولایەتەکانی ئەمریکاش وەکو موسڵمانانی ئێرە خۆیان پەرتەوازە بکردبا ئێستا ئەم هێزە گەورەیان نەدەبوو، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوەی 51 دەستور و ئەنجومەنی نوێنەران و حاکم و سەروەری جیاوازیان هەیە و 22 ویلایەتیشیان هێزی شێوە سەربازیان هەیە، بەڵام هەموویان لەژێر یەک سیادە و ناوەندی فیدڕاڵیدا یەکیانگرتووە کە لە شاری واشنتۆنی کۆڵۆمبیا دایانمەزراندووە. 
ئەگەر هەر ویلایەتێک سەربەخۆیی وەرگرتبا ئێستا کۆمەڵێک وڵاتی بچوک و لاواز دەبوون و ڕۆڵ و کاریگەریی و هەژموونی نێودەوڵەتیان نەدەبوو. ئەمریکا شەش ڕەگەز بەس ڕەگەزیان هەیە لەگەڵ پانزە نەتەوەی جیاواز کە پێکهێنەری بنەڕەتین، هەمووشیان لەسەر ئاستی ناوچەیی خۆیان مافەکانیان بەتەواوی پارێزراوە لەوانەیە بەلاتانەوە سەیربێت هەتا ئەم ساتەش ئەمریکا زمانی فەرمی فیدڕاڵی نییە! لەلایەکی ترەوە وڵاتێکی وەک بەریتانیا بەس لە فیفا بە چوار هەڵبژاردە بەشداری دەکات وەک ئەوەی لە چوار وڵاتی جیاوازەوە هاتبن جگە لە حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرایەتی و یاسا و ڕێسای تایبەتی خۆیان هەیە، هەروەها وڵاتانی ئەورووپا لەناو یەکیتییەکی ئابوری و سیاسی و نیمچە سەربازی بەهێزدان. 

کەچی لەو سەرەوە تورکیایەک کە خۆی بە جێنشینی عوسمانییەکان و سەڵتەنەتی موسڵمانانی جیهان دەزانێت لە تەنها دوو نەتەوەی بنەڕەتی پێکهاتوون هەتا ئێستا تورک ئەو نەتەوەیەی پایتەختیان بەدەستەوەیە ئامادەنین دان بەهیچ مافێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و کەلتوری و سیاسی نەتەوەکەی تردا بنێن کە کوردن و هاوشێوەی خۆیان سوننەشن، ئیدی بە چ ئەقڵێکەوە بەتەمان خودا بەسەر ئەمریکادا سەریانبخات؟! یان عەرەبانێک کە هەر چەند شارێکیان دەوڵەتێکیان بۆخۆیان درووستکردووە و وڵاتیان هەیە تەنها یەک شارە! وڵاتیان هەیە لە پارێزگای سلێمانی بچوکترە هەیانە بەس کەنار دەریایەکە کەچی شەڕە پەڕۆ و شەڕە خەت و هێڵ لەگەڵ یەکتریدا دەکەن و چاوچنۆک و لەبرسامردوو و ڕەزیلن بەرامبەر بەیەک، بەشێوەیەک وڵاتیان هەیە وەکو کوەیت لە تێرییا وەختە ورگیان بدڕێت لەو لاوە وڵاتێکی تریان وەکو یەمەن پێستیان بە ئێسکەوە نوساوەتەوە لەبرساندا، ئامادەنین بەڕێژەی زەکاتی ئیسلامیش کە %2.5ە ئەگەر وەکو خێر و سەدەقەش نەبێت وەکو فەریزەی زەکات هاوکاری یەکتری بکەن و دەستی یەکتربگرن.
کەچی بەهەموو ئەقڵیانەوە دەست بەرەو ئاسمان بەرزدەکەنەوە و بەتەمان خودا ئەو سەرکەوتن و هەیبەت و شکۆمەندییەیان پێبدات کە بە سوڵتان سەڵاحەدینی داوە! عەرەبەکان نەک حاشا لەکورد و ئەمازیغ و بەربەر دەکەن، تەنانەت لەناو خۆشیاندا ئیعتراف بەیەکتری ناکەن و خەمی هاوزمانی یەکتری هەڵناگرن و دەشیانەوێت بە گجیلۆکە شار و فەرخە وڵاتەوە بەسەر ئەورووپایەکی زل و زەبەلاح و ئەمریکایەکی 51 وڵاتیدا سەربکەون! پونجابەکانی پاکستان دوو نەتەوەی بەلوچ و پشتونیان لەژێر دەستە، لەخۆیان کردوونەتە بەڵا و پڕ بەدڵ حەزدەکەن لەناویان بەرن و زمانیان بفەوتێنن و بیانتوێننەوە و ڕێگەنادەن بەزمانی دایکی خۆیان بخوێنن، کەچی دوعای سەرکەوتنیش دەکەن بەسەر هیندستانێکدا کە بە 22 زمانی فەرمی قسە دەکات! 

هەڵەکە زۆر ڕوونە لەکوێدایە، لەوێدایە کە دەڵێن وڵاتانی موسڵمان یان وڵاتانی ئیسلامی. لەڕاستیدا لەم ناوچەیەدا نە موسڵمان و نە ئیسلام شوناسێکی سیاسییان نییە و ئەم قسانە هەمووی درۆ و چەواشەکارین. نفوزی ئەم گەلانەی ئێرە لەئێستادا لەسەر بنەمای هێزی قەوارە و ئایدۆلۆژیای لۆکاڵی و لەهەندێکیاندا نەتەوەییە، ئەمانە نیشتیمانی ساختە و شوناسی بەزۆر پەیدابوون! نیشتیمانە ساختەکان و شوناسە سەپێندراوەکان هەرگیز ناتوانن بەسەر نیشتیمانە ڕەسەنەکان و شوناسە ڕێککەوتووەکانی تردا زاڵ ببن و ناتوانن هیچ جۆرە جەنگێکیان لێ ببەنەوە.