قەیرانی نوخبەی سیاسی کورد !!

محمد خۆشناو

2023-11-04

لەو چرکەساتە یەکلاکەرەی مێژوو لە مێژووی نوێدا ، هیچ لێکۆڵەرەوەیەک ناتوانێت ئینکاری ئەوە بکات ، کە قەیرانی کورد لە دەستبژێر و توێژە سیاسیەکەیدایە ، ئەو سیاسیەی کە دەبێت ڕەسمی ڕێڕەوی ئایندە بکات و ، ڕێنمایی بۆ پێدانی ئەو پێداویستیەی کە کۆمەڵگاکەیان لەو چرکەساتەدا دەیەویت بکات .
هەر لەدوای ڕاپەڕین و قۆناخەکانی دروستبوونی پەرلەمان و حکومەت و شەڕی نەگریسی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی و تا بەئێستا دەگات ڕۆلی نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری لەپاشەکشەیەکی تووندایە بۆ بەرژەوەندی حزبە ئایینیەکان و ڕەوتی پۆپۆلیستی و  تەسکی حزبی و ، هەروەها بۆ بەرژەوەندی تەدەخولاتی دەرەوە ، ئەو نوخبەیە ڕۆلی وا وازیدەکات کە نزیک بێت لە خیانەتی نیشتیمانی و ، دەیکاتە ڕەهنێک بۆ بەرژەوەندی هێزە دەرەکیەکانی دراوسێ ، بەداخەوە کار دەگاتە ئەوەی کە خیانەت بە شەرعی بکرێت ، پاشەکشەی ڕۆلی دروستی نوخبەی سیاسی یان وازهێنان لەو ڕۆلە ،  بۆتە مایەی بەشداربوون لە لێکهەڵوەشانەوەی کۆمەڵگە و خاپوورکردنی پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی تەسک نەک بەرژەوەندی نیشتیمان و کۆمەڵگا ، لە سەیروسەمەرەکانی نوخبەی سیاسی و عەقلی کوردی ئەوەیە ، کە لە تاقیکردنەوە و ئەزموونەکان فێرنابیت ، ئەمەیە وایکردووە کە کوردستان بکەوێتە هەمان ئەو تەڵەیەی کە بۆی دانراوە ، بەڕاستی سەیرە ئەو تەڵانە چەندین جار دووبارە دەبنەوە بێڕوودانی هۆشیاری و بەخەبەرهاتنەوە ، تەنها سیاسەتە دەتوانێت پاڵ بە دانیشتوانی کوردستان بنێت لە دۆڵێکی تەسکەوە بۆ کەناری دەریا و کەنداو و سەرزەمینی بەرفراوان ، سیاسی ئەو کەسەیە کە چاودەگێڕێت بۆئەوەی بزانێت فورسەتەکە لەکوێیە تا بیقۆزێتەوە ، وەکو ووشیە ترێیەک کە لەهەودا هەڵواسراوە لێیدەکاتەوە ، ڕەتناکاتەوە و پشتگوێشی ناخات ، سیاسی ئەو کەسەیە کە سەیری هاوپەیمانەکان یان ڕێککەوتنەکان…هتد دەکات بژاردە باشەکە هەڵدەبژێرێت بۆئەوەی بگاتە باشترین ئەنجام تا بەرژەوەندیە میللیەکەی مسۆگەر بکات ، کورد بەدریژایی ئەم سی ساڵەی فورسەتی زێڕینی هاتۆتە پێش بەڵام لەبەر هۆکاری ناوخۆ نوخبەی سیاسی نەیتوانیووە بیقۆزێتەوە ، هەر ئەوە نا بەڵکو بەدەستی خۆی لەناوی بردووە ، ئێستا بەهۆی ئەو زەلزەلەی دارستانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ، کە پڕیشکی ئەو ئاگرە بەئێمەش دەکەوێت و گۆڕانکاری لەناوچەکە دروست دەکات ، دەبێت ئەمجارە نوخبەی سیاسی کورد خاوەن دیدگایەکی وابێت کە لەو دائیرە ترسناکە ئاگراویە دەرمان بێنێی و ، ئەم هەلە بقۆزیتەوە و بەیەکگرتوویی ببێتە یاریکەرێک نەک وەکو جاران ببێتە یاریگا…هەر لەساڵی 1945 وە ئەمە یەکەمین جارە زیاتر لە «50 » کەشتی جەنگی « 11» وڵات لە دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای سوور بەسەرۆکایەتی وڵاتەیەکگرتوەەکان بوونیان هەیە ، پاساوەکە ئەوەیە کە ناهێڵن وڵاتانی تر لەو جەنگەدا بەشداربن ، بەڵام ئەو هاوپەیمانیە ئەمەریکی و ئەوروپیە ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گڕ دەگرێت و ، پڕیشکی دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ، ئێستا ئيمە لەهەموو کات زیاتر پێویستیمان بە هەڵوێستی یکگرتوویی بەهێز هەیە کە تاکە چارەسەری ئەو نەخۆشیە مێژووییە درێژخایەنەیە کە تووشی بووین  ، با لەسەر شانی ئەو شتانەی بەدەستهاتووە بونیات بنێن ، نەک لەسەر پاشماوەی ئەو شتانەی کە دوای هەر قۆناغێکی سیاسی دەڕوخێنین .