پارە و ماڵ و منداڵ

محمد خۆشناو

2023-11-11

منداڵەکانتان ناچار مەکەن شوێن ڕەوشتی خۆتان کەون ، چونکە ئەوان بۆ زەمەنێکی تر جگە لە زەمەنی ئێوە خەلقکراون .
ئەرستۆ

پارە و کۆکردنەوەی و لەسەریەکدانانی وەهمێکی گەورەیە و خەیالە ، وەهمێکە هەموو شت دەجوولێنێت  ، بەڵام پێویستیشە بۆ پێشخستن و گەشەکردن و سەرلەنوێ وەبەرهێنان  ، پارە و منداڵ هەروەک دەڵێن( ڕازاوەی ژیانی دونیایە ) بەڵام لەسەرێکی تردا چەکێکی دوو دەوە ، دەشێت پارەی زۆر ژیان لە خاوەنەی بکاتە دۆزەخ و نیگەرانی و ڕاڕایی و ، دووچاری تەنگوچەڵەمەکردنێکی وا کە ببێتە مایەی لێکهەڵوەشانەوەی خێزان و ، بەدواهاتنی کوشتن و ئابڕووچوون ، گەورەترین کێشە و هەڵەی ئێمە هەموومان بە دەوڵەمەند و هەژار و مامناوەند ئەوەیە کە دەمانەوێت منداڵەکانمان فۆتۆکۆپیکراوی خۆمان بن ، لێگەڕێ با کچەکەت یان کوڕەکەت لە ژیاندا بەسەرکەوتوویی نەشونوما بکات و پشت بەخۆی ببەستێت و ، هەوڵ و توانای خۆی لە ژیاندا بەکاربهێنێت ، ئەگەر کوڕەکەت یان کچەکەت ئەوەی کرد ، ئەوکات ئەوان پێویستیان بە پارەی باوکیان یان هیج کەسیکی تر نیە ،«کار و بەرهەم »لەسەر ئاستی حکومات و وڵاتان و تاکەکەسەکاندا بریتیە لە گۆچانەکەی موسا ، واتە دۆزینەوەی هەلی کار و بەرهەم ،  کاتێک کوڕەکەت یان کچەکەت کە سەرکەوتووبن بچنە هەر شوێنێک سەرکەوتن وەدەست دەهێنن و ، لەهەر وڵاتێکدا بن دەتوانن کار بدۆزنەوە و خێزان پێکبهێنن و خانوو و ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی ناو ماڵ و هەموو پێداویستیەکانی ژیان دەستەبەر بکات ئایا ئەمە هەمووی بەختەوەری نیە ؟!  ، جاری واش هەیە کە پارەی زۆر دەبێتە بەڵا و تێکدانی ڕەوشتی منداڵانی خێزانی پارەدار ، کوڕ یان کچی پارەدار دەبنە ئامانجێک کە خەڵکی خەراپ بەهەموو جۆرەکانیەوە  دەوریان بدەن ، چونکە هەر لەمنداڵیەوە تێر پارە کراون و شەکەت و ماندووبونیان نەدیووە و و دوورن لە هەوڵدان و کارکردن و نموونەی سەرکەوتن ، ئەوان دێن تەنها نموونەی فاشیلی وەک خۆیان دەدۆزنەوە و ڕەفتاری شاز و نامۆ هەڵدەگرن ، هەر تەنها پارە کچەکەت یان کوڕەکەت ڕزگار ناکات و ناشتوانێت بەختەوەری پێبکڕیت ، بە پێچەوانە لەوانەیە مرۆڤەکە بەرەو هەلاکەت ببات و خۆی لەناو خزم و دۆست و خەڵکی لەدەست بدات  ، مەسیح سەڵاوی خوای لێبێت دەڵێت : (ئەگەر دونیا بەدەستبهێنیت و خۆت لەدەست بدەیت ، سوودی بۆتۆ چییە ؟) دەیان نموونەمان بینی لەپێناوی پارە خۆی لەدەستدا !! 
چەندان جار چیڕۆکی بەدڕەفتاری کوڕان ئەوانەی لە دۆخێکی باشی دارایی و ژایاندان بینیووە کە دایکی یان باوکی دەرکردوەوە یان بەتووندی لە باوک دەدرێت و دەردرکرێت ، یان پارە و میرات چ کارەساتیک بەسەر خێزاندا دەهێنێت ، پەیوەندی پارە و منداڵ زۆر سەیر و ئاڵۆزە ؟!
پێم وایە کە ئەوەی وادەکات کە پارە و منداڵ ببنە نیعمەتێک و نەبێتە نەفرەتێک کە مرۆڤ بەهۆی پارە بخاتە ناو تەنگوچەلەمە و ، یان بەهۆی منداڵەکانی تێوەبگلێتە ناو ناخۆشی و تەنگوچەلەمەوە ، ئەوەیە کە پێویستە دایک و باوکان وا مامڵە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن ، نەک وەک ئەوەی موڵکی خۆیانن ، یان وەک ئەوەی کە ئەوان کاڵا بن نەک کەسەکان بن و ، دەبێت دایک و باوکان ئەوە بزانن کە هەموو مرۆڤێک خەون و خۆزگە و هەستوسۆز و خوولیای تایبەتی خۆی هەیە کە هەوڵی بۆ دەدا و دەیەویت بیهێنێتەدی ، «ئەو »بۆئەوە لەدایک نەبووە کە خەونی دایک و باوکی بهینێتەدی ، ئەوان لەسەر ڕیگایەک دەڕۆن جیا لە ڕێگەی ئێمە ، منداڵە باشەکان بەردەوامن لە ڕێنماییکردنی دایک و باوکیان و لێیان دانابڕێن و ، ئەو پەتە لەگەڵ ئەو ئاییندەیە ناپچڕێنن کە بۆخۆیان دایاناوە .