هەڵبژاردنی داهاتوو، رەوتی ململانێکان

سەردار قادر

2023-11-13

لەم دۆخە ناهەموارە کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، تاکی کوردی قوربانی یەکەمی بارودۆخەکەیە، سەرەتای ململانێکان لە هەرێم و بە تایبەت لە سنوری سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین بنەماکانی لە رەوتی دەرکەوتندایە، ئەم ململانێیانە لە ئێستادا لە بارودۆخی خۆ ئامادەکردن و سەرەتای دەرکەوتنی تان و پۆکانێتی، مەنزڵگای ململانێی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
ئەم نوسینە هەوڵدانە بۆ لێکدانەوەی پێش وەختی ململانێکان، لە دەڤەرەی سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی، چوار رەوت لە پرۆسەی خۆئامادەکردندایە بۆ ململانێیەکی سەختی هەڵبژاردنی داهاتوو:
رەوتی یەکەم: رەوتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆکەکەی دوای کۆنگرەی پێنجەمێتی، ئەم رەوتە لەهەڵبژاردنی داهاتوو لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، بونیادی یەکێتی لە ئێستادا کۆمەڵێک گرفت و ململانێی هەنووکەیی هەیە، دوای کۆنگرە هەموو ململانێکان ئامادەیی هەیە.
1-  ململانێ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە ململانێیەکی مێژوویی هەمیشەییە بە شەڕو ئاشتیدا تێپەڕیوە، جۆرێکە لە نەخۆشییە بێچارەکان، لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا ئەم ململانێیە نە کۆتایی دێت و نە رێککەوتنی ستراتیژی چارەسەرێتی، ئەوەی ئەم ململانێیە کەمێک بێدەنگ دەکات دوو ئیدارەییە، واتە تۆ لە سنوری دەسەڵاتی خۆت و منیش لە سنوری دەسەڵاتی خۆم، نە دەکرێت پێکەوە بن و نە دەکرێت دووری هەمیشەییان هەبێت بەتایبەت لەگەڵ بەغداو بەرژەوەندییەکان.
2-   ململانێ لەگەڵ ناڕەزایی ناو خودی یەکێتی دوای کۆنگرە، زۆرن ئەوانەی لە سیاسەتی  گشتی سەرۆک و گوتاری یەکێتی ناڕازین، زۆرن ئەوانەی پێگەو دەسەڵاتیان کەمکراوەتەوە، هەموویان پێدەچێت بۆ کاتی هەڵبژاردن هەڵوێستییان دەربکەوێت و ناڕەزایەتییان بگاتە لوتکە و ئەوکات مامەڵەو سەودا و گوتارییان دەردەکەوێت.
3-  ئەم رەوتە بەو بونیادەی کە ئێستا هەیەتی ئامانجەکەی زامنکردنی دەنگەکانی خۆیەتی واتە حەسمکردنی دەنگ بۆ خودی یەکێتی لە ناو خودی خۆیدا، مەودای کارکردنی بونیادی ئێستای خۆیەتی.
رەوتی دووەم: هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی و ناڕازییەکان
 لەدوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی مەنزڵگای ململانێ لای شێخ لاهور دەرەوەی یەکێتییە، ئیتر دەرگای یەکێتی داخراوە بە روویدا، تا ئێستا گوتاری هاوسەرۆکی پێشوو پیشاندانی خۆیەتی وەک قوربانی، قوربانی دەستی سەرۆکی یەکێتی.
ئەوەی ئیتر دەبینرێت گوتاری داهاتووی هاوسەرۆکی پێشووە کە ئیتر مەنزڵگای خۆ تاقیکردنەوەی ناڕازییەکانی ناو یەکێتی دوای کۆنگرەیە، ئەم رەوتە بەدەر لە جەستەی یەکێتی وەک رەوتێکی سەربەخۆ نەبینراوە، نازانرێت کە شەقام چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکات؟ وەک فریادڕەس!! تا ئێستا باوەڕبوونە کە فریادڕەسێک دەبێت بێت و هەوڵدانە بۆ زیندوکرنەوەی چەمکی کاریزما!



رەوتی سێیەم: نەوەی نوێ و ئەزموونی تر
نەوەی نوێ لە بۆشایی سیاسیدا بۆ شەقامی کوردی خۆی بە فریادڕەس دەزانێت، ئەو بۆ بەرامبەرەکانی ئۆپۆزسیۆن بوونی کردووەتە سەنگەر، نەوەی نوێ و سەرکردەکەی لەسەر خەم و ئازاری تاکی کوردی مامەڵەی سیاسی دەکات، گرفتی ئەم رەوتە لەبەریەک هەڵوەشانی خودی خۆیەتی، ئەمڕۆ یەک لیست و سبەی جیابوونەوەی کاندیدەکانی لە خودی بزاوتەکە کە ئەم ئەزمونەشیان دیوە، ئەم رەوتە لە نەبوونی ئومێد لای تاکی کوردی تاکە رەوتە کە هەوڵی کۆکردنەوەی ناڕەزایی خەڵک دەدات، واتە ئومێد دەباتە لای خۆی، ئەم رەوتە لەدەرەوەی سنوری سلێمانی جۆرێک یاری سیاسی دەکات بەتایبەت لەگەڵ پارتیدا،  ئەم رەوتە لەسەر مێژوو کارناکات و زیاتر خۆی بەستووەتەوە بە واقعی تاڵی شەقامەوە.
رەوتی چوارەم: ناڕازییەکانی شەقام
ئەم رەوتە زۆرێک لە جیابووەکانی گۆڕان و ئاڕاستە ئیسلامییەکانن، ئەم رەوتە گەنج و دەنگە ناڕازییەکانی ناو پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی لە خۆگرتووە، ئەم رەوتە کەسانی وەک عەلی حەمەساڵح و هاورێکانی تێدا دەبینرێت، رەتی بونیادی پێشووی گۆڕان دەکەن و باوەڕیان بەوەیە کە جەستەی گۆڕان جەستەیەکی شەکەتەو جارێکی تر نابێتەوە گۆڕانی جاران.
ئەم رەوتە لە پرۆسەی راوێژدان بۆ خۆئامادەکردن و دروستکردنی بونیادی خۆیان.
ئەم رەوتە هەوڵ دەدات کە ئەمانن بە بەدیلی داهاتوو بەڵام بەدیلێکی خێرا نا!
ئەمان رەوتی سێهەم بە بزنسی سیاسی ئەناسن و خۆیان بە ئومێد ئەبینن بۆ داهاتوو بەتایبەت بۆ گەنج و شەقام .
ئەم رەوتە لای نەیارەکانیان بە پۆپۆلیست ناوزەند دەکەن.
ململانێی رەوتەکان:
رەوتی یەکەم (سەرۆکی یەکێتی) لەگەڵ رەوتی دووەم (هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی) تا سەر ئێسقان هەوڵی ئەوە دەدەن یەکتری تەحجیم بکەن، ململانێی ئەمان ململانێی دوای کۆنگرە لەجەستەی یەکێتی تێئەپەڕێت.
رەوتی سێیەم (نەوەی نوێ) و رەوتی چوارەم (عەلی حەمەساڵح و هاورێکانی) ململانێی قورسی ناو شەقامە، ئەمان خاوەن چەمکی ئۆپۆزسیۆنن.
لە داهاتوودا دەکرێت ئەم چوار رەوتە هەم ناکۆک بن وهەم دەرگای لە یەک نزیکبوونەوە لە ئارادا بێت، دەکرێت رەوتێکی دەسەڵات لەگەڵ رەوتێکی ئۆپۆسزیۆن تا ئاستی هاوپەیمانی بڕوات.
ئەوەی گرفتە لای ئەم چوار رەوتە ئاستی بەشدارییە لە هەڵبژاردندا، ئایا بایکۆت کۆی بەرنامەکانیان لەم سنورە وێران ناکات.