هێندەی پەڕی تاوسێ کوردایەتیت لێ جوانە 

فارس نەورۆڵی

2023-11-13

ئینتیمای من بۆ نیشتیمانە نەک شارێک، بەڵام شارەکان و پەیوەندی نێوان شارە کان پرۆسەیەکن بۆ پێکهێنانی نیشتیمان، بۆیە خۆشەویستیم بۆ کۆی شارەکانی کوردستان هەیە، سلێمانی ئەو شارەیە بە درێژای مێژووی خۆی لە کێشمەکێش و ڕوبەڕوبونەوەدا بووە لەتەک داگیرکەرانی کوردستاندا و هەرگیز ئۆقرەی نەگرتوە، سلێمانی لەهەموو کایەکاندا ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری هەبوە لەخەباتی شاخ لەخەباتی شار کاتێک تەقەی تفەنگێک لەشاخ هاتبێت لەشار شانۆیەک پێشکەش کراوە شیعرێک لەدایکبوە  سلێمانی هەمیشە هاو ڕاز وهاونیاز و هاوئاواز لەتەک شارەکانی دیکەی کوردستان دا مارشی کوردایەتی و برایەتی وتوەتەوە. ڕژێمی بەعس بەهەموو هێز و فێڵی خۆی نەیتوانی ترازان لەنێوان سلێمانی و شارەکانی کوردستاندا دروست بکات و ڕق لەنێوانیاندا بچێنێ بەڵام بەداخەوە ململانێی نادروستی حیزبی و شەڕی ناوخۆ جۆرێک لەڕقی چاند و ترازانی دروست کرد، هەرچەندە باوەڕم وایە هۆشیاری خەڵک ئەو بارە سایکۆلۆجیەش تێ دەپەڕێنێ و خۆشەویستی و کورد بوون بەیان دەکاتەوە  چونکە سلێمانی سروشتێکی هەیە هەمیشە پەیتا پەیتا لەجوڵەدایە و لەدۆخێکدا ناوەستێت، سلێمانی سەرەڕای ئەو هەلومەرجە قورسە سیاسی و ئابورییە کەتێیدایە لەبزاو نەکەوتوە ڕۆژانە لەهۆڵێکدا لەسینەمایەکدا لەناوەندێکدا  کۆڕێکی شیعر نمایشی شانۆیەک نیشاندانی فیلمێک کۆرسێکی فەلسەفی گفتوگۆیەکی سیاسی بەڕێوە دەچێت  سلێمانی بەجۆرێکی جیاواز و شێوازی جیاجیا بەپێی پێداویستی قۆناغەکە لەخەباتی کوردایەتی و ئازادیخوازی بەردەوامە، بۆیە پایتەختی ڕۆشنبیری و داینەمۆی کوردایەتییە ڕەنگا و ڕەنگە وەک پەڕەکانی تاوس بۆیە لەیادی ٢٣٩ ساڵەی دامەزراندنی سلێمانی دا دەڵێم هێندەی پەڕی تاوسێ کوردایەتیت لێ جوانە .