ڕێکخستنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست !!

محمد خۆشناو

2023-11-18

هەر لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی غەزە ، لەچەندین بۆنەدا باس لەوە کراوە کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستێکی تر دروست دەبێت  ،  ئەمە دەرگایەکی گەورەی بۆ شیکردنەوەی سیاسی و ستراتیژی کردەوە لەگەڵ چالاکردنی ڕێساکانی جەگرافیا و ستراتیژی و سەربازی بۆ پێشبینیکردنی ئەنجام و ئاییندەی شەڕەکە ، ئەوەی کە لە غەزە ڕوودەدات پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی قوڵ هەیە و ، پێویستی بە خستنەڕووی هەموو پرسیارێکی  ڕێگەپێدرا و قەدەخەکرا و هەیە  چونکە پەیوەستە بەناوچەکە کە کوردستان بەشێکە لێی ، ئایا دەبێت پڕۆسەی باهۆزی ئەقسا لە لایەن حەماسەوە ئیختیراقی ڕاستەقینەی هەموو بەرگریەکانی ئیسرائیل کردبێت ، یان ئەوەتا چاوپۆشی کراوە و ڕێگا واڵاکراوە بۆ هێنانەدی ئامانجی گەورەتر لە ژیانی دەیان هەزار مرۆڤ ؟ لەبەرچی هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی یەکەمین ڕۆژی شەڕی غەزە ، کەشتی بارهەڵگری فڕۆکەی « گێراڵد فۆرد» گەیشتە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ، بەدوای ئەویش کەشتی بارهەڵگری « ئەیزنهاوەر» و پاشان ژێر دەریایی ئەتۆمی و کەشتیە سەربازیەکانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و لەگەڵیدا هێزی تایبەت و وەک گەمەی شەترەنج لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خرانە جوولە ، ئایا هەموو ئەوانە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی حەماس هاتوون ؟ یان ئەوەتا نەخشە و پلانی ستراتیژی پێمان دەڵێت ؛ ئەو ململانێیە فراوان دەبێت و وڵاتانی تر تەدەخول دەکەن و جەنگەکە پەل داهاوێت بۆ وڵاتانی تر ؟ با دوور نەڕۆین و بیر لە پاڵنەرەکانی حەماس بۆ ئەو هێرشە بکەینەوە ، کە چۆن توانی ئەو هێرشە سەرسەختە بێ تەرتیبات لەگەڵ لایانێکی دەولی دیاریکراو بکات ، لایەنێک کە پاڵپشتی دارایی حەماس دەکات و دەیەوێت وەرەقەکان تێکەڵ و پێکەڵ بکات و ، لەپشتیەوەش لایەنەکانی تر هەن کە لە سوریا پشتیوانی لێدەکەن و دەیانەوێت سەرنج لەسەر ئۆکراینا لابدەن ، کێ دەڵێت ئەگەری ئەوەش نیە کە حەماسیش وەک قاعیدە ئیختیراق کرابێت ، یان تەحریک کرابیت بۆ جێبەجێکردنی ڕووداوێک وەک ڕووداوی (11) ی سیبتەمبەر  ، بەدرێژایی ماوەی شەڕی غەزە داوای ئاگربەس دەکرێت بەڵام ئاگربەس ڕاناگەیەنرێت  ، ئەمە بەڕوونی ئەوەمان پێدەڵێت کە ئامانجەکە فراوانکردنی دائیرەی جەنگەکە و گڕگرتنی ناوچەکەیە و ، کەشتیەکانیش ئامادەن و ئەوکات سەرلەنوێ تەرتیبی دۆخی ئەو ناوچەیە دەکەنەوە !
توێژەران و لێکۆلەرەوان و پسپۆران لە ژوورەکانی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی و موخابەرات لەناوەندەکانی هزر لەکاردان بۆ دەستنیشانکردنی کاریگەری ئەو جەنگە و ڕادەی کاریگەری ئەگەرەکانی لەسەر ناوچەکە و جیهان و لەسەر پێکهێنانی سیستەمی نوێی جیهان ، بایەخەکە هەمووی کەوتۆتە سەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ، جەنگی ئۆکراینا خەریکە لەبیر دەچێت  ، ئەوروپا پاشەکشەی لە جەنگەکە کردووە و ئەگەر وابڕوات لەو زستانە ڕوسیا ئۆکراینا هەڵدەلوشێت ، هەمان شت لە دەریای چین کە چین داوای گەڕاندنەوەی تایوان دەکات هەروەکچۆن هونگ کۆنگ گەڕایەوە ، هەموو ئەوانە باری سەرنجی لەسەر هەڵگیراوە و بایەخەکە کەوتۆتە سەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست  کە لە زەمەنی کۆندا مەرکەزی جیهان بوو کە چەندین شارستانی و ئایینە ئاسمانیەکانی لێبەدیارکەوت و ، ئێستاش بە بوونی پیترۆل و غاز بۆتە جێی بایەخی وڵاتە گەورە خۆرئاواییەکان .
دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کوردستان  بەیەکگرتوویی چاودێری دۆخەکە بکات و ، سیناریۆی هەمەجۆر بۆ هەموو ئەگەرێک دابنێت و ، ئەمجارە هیچ بوارێک بۆ هەڵەی ستراتیژی نیە ، دەبێت ئێمە بەتەواوی لەو گەلەکۆمەکێی نێودوڵەتیەی کە ئێستا دەگوزەرێت بزانین و ، دەبێت خەڵکانی تووێژەر و لێکۆلەرانی بواری سیاسی کوردستان دیدو بۆچوونی خۆیان بۆ پێشبینی هەموو ئەگەر و سیناریۆکان بجەنەڕوو و ، دۆخی ئێمە و ئاسایشی نەتەوەیی لەمەترسیدایە و دوژمنانی کورد لە ئامادەباشیدان بۆ لێدان و نەهێشتنی تاکە قەوارەی سەد ساڵیمان و ، خەڵکی کوردستان باش دەزانن کە دۆخی ئێستا  بەهۆی ئەو لێکترازانەی کە دۆژمنانی کورد توانیان دروستی بکەن و ، لەگەڵیدا نەمانی متمانە لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات و حزبەکان چەند مەترسیدارە !! و ، ئەوەش دەزانن کە هەلێکی گەورە و زێڕینی بەڕێوەیە و نابێت بە بێباکی سەیری دۆخەکە بکرێت ، پێویستی بەخۆڕێخستەنەوە و کۆکردنەوەی تواناکان بۆ پێشوازیکردن لەو پەرەسەندنانەی کە ڕوودەدەن هەیە .