ئایا دادگای فیدراڵی دەتوانێت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دوور بخاتەوە؟

ئومێد مەحمود

2023-11-19

بەپێی بڕگەکانی ماددەی (١٢) یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە چەند بارێکدا کۆتایی بە ئەندامیەتی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دێت: مردن، دەستلەکارکێشانەوە، لەدەستدانی یەکێک لە مەرجەکانی ئەندامیەتی، دەرچوونی بڕیاری دادگای دژی لەو تاوانانەی سزاکەیان بەندکردنە هێندەی ماوەی ئەندامیەتی لە ئەنجومەنەکە، دوورخستنەوەی لە ڕێگای دەنگدانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، توشبوونی بە نەخۆشی و پەککەوتەیی.
بە گەڕانەوەمان بۆ ئەم بڕگە و ماددانە و دەسەڵاتەکانی دادگای فیدرالی بەهیچ شێوەیەک ئاماژەیان بە دەسەڵاتی دادگاکە نەکردووە لە بابەتی دوورخستنەوەی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لە بڕگەی سێیەمی ماددەی (١٢) یاسای ئەنجومەنی نوێنەران کە باس لە لەدەستدانی یەکێک لە مەرجەکانی ئەندامیەتی دەکات، ئەو لایەنەی دیاری نەکردووە کە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە ئەو ئەندامە مەرجی ئەندامیەتی لەدەستداوە، جێهێشتنی ئەم بۆشاییە ڕێگا لەبەردەم دادگای فیدرالی دەکاتەوە، کە خۆی وا نیشان بدات، کە ئەوە دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەم پرسە بدات، بەڵام بەدیدی ئێمە ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانە و تەنیا ئەو دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەم پرسەش بدات.
لە  ماددەی (٥٢) دەستور ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە تەنیا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەتوانێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ بڕیار لەسەر دروستی ئەندامیەتی بدات، دوای ئەوەی بڕیارەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەچێت، ئەو کاتە دەتوانرێت تانەی لێ بدرێت لەبەردەم دادگای فیدرالی، ئەگەر کارێکی وا بکرێت و پێش دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران دادگای فیدرالی بڕیار لەسەر ئەم پرسە بدات، ئەوا  پێچەوانەی ماددەی (١) یاسای ژمارە (٦) ساڵی (٢٠٠٦) یاسای جێگۆڕکێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ماددەی (١٢) یاسای ژمارە (١٣) ساڵی (٢٠١٨) یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهاتەکانی دەبێت، لەم بابەتەدا دەسەڵاتی ڕاستەقینە لای ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە، تاکو خۆی بڕیار دەرنەکات، هیچ دامەزراوەیەکی تر ناتوانێت ئەم پرسە یەکلایی بکاتەوە، لە زۆر باردا بەرلەوەی بڕیار لە بارەی دروستی ئەندامیەتی ئەندامێکەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە دەربچێت، پەنا براوە بۆ دادگای فیدرالی، بەڵام دادگاکەی کۆی ئەو داوایانەی ڕەتکردۆتەوە، بە پاساوەی ئەوەی هێشتا بڕیار لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەرنەچووە، نمونەی بەشێک لەو داوایانە: داوای ژمارە ( ٣٥/فیدرالی/٢٠١١) لەم داوایەدا دادگای فیدرالی داوای کەسێکی ڕەتکردۆتەوە کە لەسەر دروستی ئەندامیەتی (سەید جەمال شیبان حەمادە عەبد) لە دادگاکە تۆماری کردووە، بە پاساوی ئەوەی کە پێویستە داواکار سەرەتا و بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی (٥٢) لە ئەنجومەنی نوێنەران تانە لە دروستی ئەندامیەتی داوالێکراو بدات، دادگای فیدرالی ئەو دەسەڵات و تایبەتمەندیەی نیە، بەڵکو ئەم بابەتە لە دەسەڵات و تایبەتمەندی ئەنجومەنی نوێنەرانە. داوای ژمارە (٩١/فیدرالی/٢٠٢١) لەم داوایەدا دادگاکە داوای داواکاری ڕەتکردۆتەوە کە بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامیەتی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران بە ناوی (فەیسەل حەسان سکر) تۆماری کردووە، پاساوی ڕەتکردنەوەی داواکە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەسەڵات و تایبەتمەندی دادگاکە لەم پرسەدا، بەڵکو ئەو لایەنەی دەسەڵات و تایبەتمەندی هەیە لەم پرسەدا تەنیا ئەنجومەنی نوێنەرانە. داوای ژمارە (١٠٢/فیدرالی/٢٠١٥) لەم داوایەشدا دادگاکە داوای دواکاری ڕەتکردۆتەوە کە داوای کردووە ئەندامیەتی (م.ا.ف.م) هەڵبوەشێنێتەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەم بابەتە لە دەسەڵات و تایبەتمەندی ئەنجومەنی نوێنەرانە نەک دادگای فیدرالی. داوای ژمارە (٧٣/فیدرالی/٢٠١٩) لەم داوایەدا دادگای فیدرالی داوای داواکاری ڕەتکردۆتەوە کە پەیوەندیدارە بە دروستی ئەندامیەتی (عدی حاتەم راجوج) بە پاساوی ئەوەی ئەم پرسە لە دەسەڵات و تایبەتمەندی دادگاکە نیە، بەڵكو لە دەسەڵات و تایبەتمەندی ئەنجومەنی نوێنەرانە. داوای ژمارە (١٥٨/فیدرالی/٢٠١٩) لەم داوایەشدا دادگاکە داوای داواکاری ڕەتکردۆتەوە کە پەیوەستە بە دروستی ئەندامیەتی (سعران عەبید شانی) بە پاساوی ئەوەی ئەم پرسە بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی (٥٢)  یەکەم جار لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندی ئەنجومەنی نوێنەرانە.