گوتارە ناکاریگەرەکان 

فارس نەورۆڵی

2023-11-22

ڕێکخستنی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە پێویستی بەگوتاری زانستی و کاریگەر هەیە گوتارێک تەعبیر لەناخ و کێشەو گرفتەکانی نیشتیمان و هاونیشتیمانی بکات ، جاران بەشیعرێک بەڕۆمانێک بەشانۆیەک بە گوتاری سیاسیەک  نەتەوەیەک ئاراستەدەکرا شەقام دەجوڵا و ڕووبەڕوی ستەمکارترین داگیرکەر دەبوەوەلەڕێگای سەرەتایترین هۆکارەکانی گەیاندنەوە کەچی ئێستا لەسەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هۆکارەکانی گەیاندنی خێرا و ئەو هەموو تۆڕە گەیەنەرانە ڕۆژانە لەم نیشتیمانە پڕ لەکێشەیەدا حیزبەکان ،حکومەت ،نوسەرەکان ،ڕۆژنامەنوسەکان ،مەلاکان ڕۆژانە قسەیان هەیە وتاریان هەیە بەڵام بۆچی کاریگەرییان نیە ؟ چونکە ڕاستە زۆر دەڵێن بەڵام هیچ ناڵێن لەبەر ئەوەی گوتارەکان گوزارشت لەڕۆحی گشتی ناکەن ئەوەندەی بەرژەوەندی خودی و ئایدۆلۆجی لەبەرچاو گیراوە لەگوتارەکاندا چاکەی گشتی لەبەرچاو نەگیراوە وتەیەک هەیە دەڵێ ( ساتێک درێژە کەهیچت نەبێت بۆ گوتن ، سەدەیەک کورتە شتێکت هەبێت بۆگوتن ) سرودی ئەی ڕەقیب  مێژوویەک ئاراستەی ڕای گشتی کوردی دەکرد چەمکی ڕزگاری و ئازادی سەدەیەک زیاتر لەئەقڵ و ڕۆحی کوردیدا جێگەی خۆی گر تبوو  بۆیە قوربانی بۆدەدا ، واتە خاوەنی گوتاری ئامانجدار بوین، بەڵام کەگەشتینە ئامانج کردارمان جیاواز بوو لە گوتارمان بۆیە خەڵک ئێستا هۆشیارە و گوتارەکان ناتوانن خەڵک چەواشەکەن و کاریگەری لەسەر ڕای گشتی دروست بکەن زۆربەی وتارەکان گوێیان بۆ ناگیرێت ئەو گوتارانەش گوێیان بۆ دەگیرێت بەگوێیان ناکرێت  چونکە ناتوانن خاوەندارێتی ڕۆحی نەتەوەو ڕای گشتی و چاکەی گشتی بکەن، ئەمەش هۆکاری نادادی و ناتەندوستی بەڕێوەبردنی ململانێی سیاسی و جیاوازییەکانە کەوایکردوە وزەی کوردی لەئێسک شکاندنی یەکتردا بخەینەگەڕ بێ ئاگا لەوەی لەدەرەوەی ماڵی کورد چی گەمەیەک خراوەتەگەڕ بۆ تێکشکاندنی ڕۆح و متمانە و ئینتیمای کوردی بۆکوردبوون.  بۆیە پێویستە خاوەن گوتارەکان دەستیان لەسەر دڵی ڕای گشتی بێت و گوتار وکرداریان ڕێکخەنەوە کە گوزارشت لە داوا و ئامانجی ڕای گشتی ونیشتیمان و هاو نیشتیمانیان بکات ئەم میللەتەش ئەوەندە هۆشیارە دەزانێ کام گوتار لەبەرژەوەندی گشتی و کۆکردنەوەی ماڵی کوردیدایە ئەگەرنا دڵنیابن گوتارەکان دەچنە هەواوەو هیچ بۆشاییەک پڕناکەنەوە و بە ناکاریگەری دەمێننەوە کاریگەری نەرێنی دژەکور د زاڵ دەبێت بەسەر ڕای گشتی دا .