پێکەوەژیانێکی کلتووری لەگەڵ گەندەڵی !!

محمد خۆشناو

2023-12-02

ئایا هەر سیاسیەکان گەندەڵن ؟! بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە زۆربەی زۆری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانی بەشدارن لە گەندەڵی ، هەر لە دەوڵەمەند و کەمدەرامەت و مامۆستا و فەرمانبەر و پیاوانی ئایینی و پزیشک و دکتۆر و ئەندازیار…هتد ، خانەنشینانی لێدەرچێت کە کاریان نیە « گومانم لەوانیش هەیە » ، ئەوانیتر هەمووی بوونەتە بەشێک لە مەنزومەی گەندەڵی و پێکەوەژیانێکی کلتووری لەگەڵ گەندەڵی بەسەر دەبەین ، واتە گەندەڵی لە چینە سیاسیەکەی و پێکهاتە ئابووری و کۆمەڵاتیەکەی بەشێوەی تاکەکەسی و دەستەجەمعی بڵاوبۆتەوە ، گەندەڵی لەکن ئێمە هەر لەسەرەتای منداڵیمانەوە ڕیشەیەکی پەروەرەیی لە لای منداڵان هەیە ، چونکە هەر لەگەڵ یەکەم گەشەکردنیدا خەیاڵێکی وێرانکەر و نەبوونی دیسپلین لە ماڵ و قووتابخانە بەسەریاندا  دەسەپێنرێت ، بوونی گەندەڵی لەنێو هەموو چینە کۆمەڵاتیەکان کەلێنی کۆمەڵایەتی فراوان کردووە کە ئێستا ئێمە لەژێر  سایەی داین ، ئەمە هەلی کۆمەڵایەتیشی زیاتر فراوان کردووە .
نکوکی لەوە ناکرێت کە گەندەڵی دیاردەیەکی جیهانیە و لەهەموو وڵاتانی جیهان هەیە و لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت  بەڵام لەکن ئێمە قووڵە و جێگەی ئازارە ، پێشکەوتنی ژیانی  مرۆڤایەتی لەگەڵ جۆری گەندەڵی پێشکەوتووە ، هەر لە دەستپێکی بازرگانی کۆیلەکانەوە تا دەگاتە سەر دەستدریژیکردنە سەر ژن و منداڵ و کوشتن و دزین و بەرتیل و چەک و بازرگانی و مادەی هۆشبەر و پشتگوێخستن و تەوزیفکردنی ئایین و دەستەواژەکانی لە زمانی ڕۆژانە لە درۆکردن و دووڕوویی و فریودان و فێڵ…هتد گەندەڵین ، مرۆڤی گەندەڵ قانون جێبەجێ ناکات و ، پيشێلکردنی قانون بە ڕەوا دەزانیت ، لە وڵاتێک کە گەندەڵی باو بێت شکۆی یاسا و دامەزراوەکان لەدەست دەچن و ، تاکەکان متمانەیان بە حکومەت و دامەزراوەکان نامێنێت و ، روحی نائومێدی و بێزاری لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگا بڵاودەبیتەوە ، لەهەمووشی ترسناکتر نەبوونی دەرفەتی یەکسان و ژینگەیەکی هەندەر بۆ گەندەڵی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ- ە ، ئاستی گەندەڵی کاتێک پاشەکشە دەکات کە ئازادیە گشتیەکان و تاکەکەس و باڵادەستی قانون بەسەر سەری هەمووان بێجیاوازی بێت ، هەر کەسێک بێت لەهەر پێگەیەکی سیاسی و سوڵتەوی و کۆمەڵایەتی ، ئەمە گەندەڵیە کە دەبیتە مایەی تێکچوونی ئاستی ئەدا و کارایی و ،  کارکردن جدی و ، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی تاکەکەس و بەکۆمەڵ ، کە ئەمانەش بەرەو هەڵوەشانەوەی پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان دەبات ، کە بەشدار دەبن لە خەرابوونی قەیرانەکانی ئینتیمای نیشتیمانی کە بەهاکان و ئەخلاق ناهێڵیت  ،  ڕوبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە هەموو ووردو درشتی ژیانی ڕۆژانەماندا ئەرکە و زەڕوریە بۆ گەڕاندنەوی شکۆی دەسەڵات و نیشتیمان ، ئێمە هەموومان ئەو فەزا گەورە گەندەڵیەمان دروستکرد ، با لەخۆمان زیاتر لۆمەی کەسی تر نەکەین