من شۆڤینیم برسیتان دەکەم ، کەواتە من هەم !!

محمد خۆشناو

2023-12-09

شمشێرەکە بگەڕێنەوە شوێنی خۆی ، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر دەگرن بە شمشێر لەناودەچن .
ئایەتێک لە ئینجیل

لەسەر ڕیسای قسەکەی دیکارت-ی فەیلەسوف کە دەڵێت «من بیردەکەمەوە ، کەواتە من هەم » ئێمەی عەرەبی عیراقیش دەڵێین ( من شوڤینیم برسیتان دەکەم ، کەواتە من هەم و ، پێویستە وەک سەدام ئیبادەتان بکەم ، بۆ سەلماندنه بوونی خۆم ) چونکە هەموو ئامرازەکانی چەوسانەوە لەبەردەستی مندایە  ، عەقلیەتی من هەر لەوکاتەی کە ئینگلیز ئەو عێراقەی بۆ ئێمە دروستکرد ، هەمان عەقلیەتە جا شیعە بێت یان سونە ، شوعی بیت یان بەناو لیبڕالی ، ئێوەی کورد تا ئێستا نهێنی ڕقلێبوونەوەم لە ئێوە نازانن !!
من نازانم پاش ئەو هەموو کوشتار و کیمیاباران و ئەنفال کە نموونەی نەبووە لە ژیانی هەوچەرخدا بەرانبەر ئێوەمان کرد ، کەچی دێن داوای ژیانی هاوبەش لەسەر بنچینەی سازان وهاوبەشی و هاوسەنگی دەکەن ، بەڕاستی ئێوە ساویلکەن وادەزانن کە یەک ئاین پێکەوەمان دەبەستیتەوە بەرەو یەک ڕێگامان دەبات !! واتێگەیشتوون  مرۆڤ خەلیفەی خودایە لەسەر زەوی بۆ ئەوەی ئاوەدانی بکاتەوە نەک تێکیبدات ، بۆ ئەوەی بژیت و بمینیت نەک بکوژریت و برسی بکریت ! ئەگەر تا دوێنێ لەسارا دۆزەخیاکاندا زیندەبەچاڵ کران کە کەس بەهاوارتانەوە نەدەهات ، ئەوە ئەمڕۆ بە برسیکردن دەتانخەمە ناو کابووسێک ، کابوسێک بەرەوە هەورێکی ڕەشتان ببات کە دوکەڵە ژاراویکەی وەک دوکەڵی گازی کیمیایی هەڵتان لووشێت ،  تا تەفروتونا دەبن و تا سەد ساڵی تر ناوی قەوارەی کوردستان نەهێنن ، لە خەیاڵی مندا تەنها ئیبادەی بەکۆمەڵ دەبینرێت تا کۆنتڕۆلی سامان و دەسەڵاتەکەتان دەکەم .
ئەوە منم لەگەڵ هاوسێکانم لێکترازانێکی قوڵم لەناو ئێوە دروستکردووە و گەلەکەی ئێوەمان دابەشکردووە و ، کۆمەڵەکەسێکی قۆنتەراتچی کە پێیان دەوترێت ئۆپۆزۆسیۆن لە ئێوە کڕیووە ، کە ئێوە ناوتان ناوە جاش یان خۆفرۆش « منیش دەزانم ئۆپۆزۆسیۆن دەبێت سیمایەکی نیشتیمانی هەبێت کە قەیرانێک ڕوودەدات بەشداردەبێت بۆ تێپەڕاندنی و چارەسەرکردنی » لەڕاستیدا ئەوانە خۆشەویستی منن و کەسایەتی نیشتیمانیی عێراقی خۆشەویستن و تروسکایی ئومێدی ئێوەیان کز کردووە ، ئەوە ڕۆیی کە چاوتان بە سەرکردایەتیکردنی کەسێکی وەکو مستەفا بارزانی بکەویتەوە کە تووخمێک بوو بۆ یەکبوون و یەکگرتویی بۆ ووشەی کوردستان کە هەموو لایەک پابەندبوون پێیەوە  ، من چاکتان دەناسم ئێوە ماڵەکەی خۆتان بەدەستی خۆتان تێکدەدەن و منیش هاوکارێکی سەرسەختم بۆتان .
ئێستا خۆتان چاک دەبینن ، کە کۆمەڵگەی کوردستانم چەند تووڕەکردوە و خەون و خۆزگەکانیانم تێکشکاندووە و ، خەریکە بەرگەی ئازاری دۆخی خەراپی بژێوی ناگرن ، لەوەشدا  جێگەی خۆشحاڵیمە کە دەسەڵات و حزبەکانتان بەشدارن لەگەڵمدا ، بڕۆن سەیری سەروسیمای ئەو خەڵکە بکەن کە بەسەر شۆستە و شەقامەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و گەرمیان دێن و دەچن کە هەست بە یەک دونیا تووڕەیی و ڕقوکینە و خەمۆکی دەکەیت کە بە ڕووخساریانەوە دیارە ، سوپاسی ئەو خوشک و برا ئۆپۆزۆسیۆنانەش دەکەم کە هاندەرێکی بەهێزن بۆ ڕووخاندنی وورەی خەڵکی و کزکردنی تروسکایی هیوا .
باشە ئێوە نازانن کە ئەوە تەبعی مرۆڤە کە لەکاتی بەروەڕووبونەوەی نەهامەتی و ناخۆشی و تەنگدەستی ئامانجە گەورەکانیان نایەتە بەرچاو ، چوونکە توناو و ووزەیان بەرگەی برسێتی و گرانی بازاڕ و ئەو گووشارانە ناگرێت کە لەژیانی ڕۆژانەیاندا بەرەوەڕوویان دەبێتەوە ، بەرگەگرتن و بەرخۆدان ڕادە و سنووری خۆی هەیە ، کە ئەمە من بووم لەگەڵ برایانم لەکن ئێوە ئەو قیرانانەم دروستکرد تا تسۆنامیەکی گەورە بەسەرتان دادەدات و لەناو دەچن، ئەوە بەچاوی خۆتان دەبینن کە ئێستا شەڕوململانێکان کەوتۆتە دەستی تاریکی و ، هەرگیز لێناگەڕێم ڕووناکی داگیرسێنن و هەر دەبێت تەسلیم بن !!