مەلابەختیار بۆچی ئاوا دەدوێ؟ شكست یان قۆناغی بەرژەوەندی

نەجات نوری

2023-12-09

لەم چەند ڕۆژەدا گوێم لە بەڕێز(مەلابەختیار)بوو كە لە چاوپێكەوتنێكدا ڕاگەیاند كە ئیتر وەكو ساڵی هەشتاكان و نەوەدەكان دژایەتی پارتی و ئیسلامیەكان و شیوعیەكان ناكات و لەو عەقڵێتە دابڕاوە و ناگەڕێتەوە بۆی، بەڵام كاك بەختیار لە پشتی ئەم قسانەیەوە بەرەیەكی تری دژایەتی یەكێتیەكی جارانی خۆی كردۆتەوە و بۆ ئەمە خۆی تەرخاندەكات كە دەیخاتە بەردەم هەڵەیەكی گەورەوە.

 جارێ باپرسم مرۆڤی چەپی كامڵ چۆن چۆنی لە باوەڕ و بیر و فەلسەفەی كۆمۆنیزم دادەبڕێت؟ كاك بەختیار لەو مرۆڤە چەپانەبوو تا ئەو كاتانەی ساڵی 1993 ئاڵای شۆڕشی بردەوە ناو یەكێتی و ئەو ڕێكخراوە باش و بەباوەڕە ماندووەی كردە قوربانی هەندێ پۆستی ناو یەكێتی و سەرئەنجامیش ئەمە چارەنووسێتی، ئیتر لەو ساڵەوە لە بیری سۆشیالیزم دابڕا و پشتی كردە باوەڕە ڕەسەنەكەی خۆی.

 خۆ ئەگەر كاك مەلابەختیار گوێی لە زۆری هاوڕێیانی ناو ئاڵای شۆڕش بگرتایە و نەگەڕایەتەوە ناو یەكێتی ئێستا لە قۆناغێكی تری گەورەی ئاڵای شۆڕشدا دەبوو... دابڕان لە باوەڕی خۆت بە تایبەت بۆ كەسە باڵاو ڕابەرەكانی ناو جوڵانەوەكان لە هەموو قۆناغێكدا مرۆڤ توشی شكستی گەورە دەكات، لەو ڕۆژەوەی كاك بە ختیاریش پشتی كردە باوەڕی سۆشیالیزم شكستی خوارد و داهاتووی كەوتە لێژی، بەمە ئیتر دەبوو بزانێت كە ئەوە مەلابەختیارەكەی جاران نیە لەلای ڕابەر و سەركردەكانی ناو یەكێتی.

 یەكێتی بە تاكتیك هاتن لە چەند قۆناغێكدا هەندێ پۆستی باڵایان بە كاك بەختیار بەخشی، لای وابوو ئیتر ئاوا سەركەوتووە و لەوێوە تۆڵە لە نەیارەكانی جارانی خۆی دەكاتەوە، ئەو نەیدەزانی لە پشتی ئەو پۆستانەوە خراوەتە ناو تەڵەیەكی كوشندەوە و بەرەو دابڕانێكی گەورەی دەبەن لە باوەڕ و جەماوەر و دۆستەكانی خۆی، ئەوەی یەكێتی بە كاك بەختیاری بەخشتی لەو ساڵانەدا جگە لە شكست هیچی ترنەبوو، ئێستا خۆیشی ئەم وێنەیە زۆرباش دەبینێت ئەگەر درەنگ وەختیش بێت، ئێمە چەند هاوڕێیەكی ناو ئاڵای شۆڕش دەمێكبوو گفتووگۆمان لە سەر ئەوە دەكرد كە كاك بەختیار لەناو یەكێتیدا بەرەو شكست دەچێت و بینیشمان كە چۆن چۆنی بەم تەمەنی ئێستای گەیشت.      

با بگەڕێمەوە سەر قسەكانی كە دەڵێت: ئیتر دژایەتی پارتی و ئیسلامیەكان و شیوعیەكان ناكات وەكو جاران، بەڵام بۆ یەكێتی وەڵامی تری دەبێت و وەها دانانیشێت، ئەم هاوكێشە نوێیەی بیری كاك بەختیار خۆی لە خۆیدا دەیخاتە ەردەم بێباوەڕییەكی گەورەوە، من نازانم كاك بەختیار ئێستا لەسەر چ باوەڕ و فیكرێكە! كاك بەختیار كەوتۆتە نێوان هۆشێكی سەرگەردانەوە و شپرزەوە، هیچ ڕابەرێكم نەبینیوە كە ئاوا توشی داڕمانی فیكر و شپرزەی بووبێت لەم ڕۆژگارەدا، كەوتۆتە بۆشاییەكی هێجگار سەیرەوە، كاتێك دێت ئاوا بە ئاشكرا بانگەوازی زیندوو ڕاگرتنی بوونی پارتی و ئیسلامیەكان و شیوعیەكان دەكەیت، ئەمە گەڕانەوەنیە بۆ ڕاگەیاندنی بەرەیەكی چەپ و پشتگیری جەماوەر، بەڵكو قۆناغێكی تری شكستی ژیانی سیاسی كاك مەلابەختیار بەدەردەخات و دەیبەستێتەوە بە قۆناغێكی بەرژەوەندخوازانەوە.

 ئێستا كاك بەختیار نەدەتوانێت لە بەرەی جەماوەری برسی و بێموچەو بێ كاردابێت، نە دەتوانێت پێ بخاتە قۆناغێكی تری ژیانی سیاسی  خۆیەوە و بچێتە بەرەی دەنگە ناڕازیەكانەوە یان خۆی حزبێك ڕابگەیەنێت، كەسێك نەتوانێ دژایەتی ئەو هەموو ستەمەی دەسەڵات بكات بە هی پارتی و ئیسلامیەكانەوە و ڕایشیبگەیەنێت و بڵێت من ئیتر دژایەتی دەسەڵاتی پارتی و ئیسلامیەكان ناكەم.

 لێرەدا ئەو قۆناغە لە ژیانی ڕابەرەكان دێتە پێشەوە كە بە قۆناغی بەرژەوەندی ناودەبرێت، ئاخر ئەمە دەكاتە قۆناغێكی هێجگار ترسناك لە ژیانی ئەو كەسانەی كە خۆیان بە چەپی ڕاستەقینە دەزانن، قۆناغێكە دەتخاتە بەرەی ئەو دەسەڵاتەوە كە نەك ئازادی و خۆشگوزەرانی بەرهەم ناهێنێت بەڵكو ستەم لە دوای ستەم و ئازار بە ڕوی كۆمەڵگادا دەكاتەوە، كاك بەختیار لەم قۆناغەدا بتەوێت یان نا بەو قسانەت چوویتە سەر ڕێگای پارتی و هێزە ئیسلامیەكان، خۆت بە دەمی خۆت قۆناغێكی هێجگار خراپ بۆ خۆت ڕاگەیاند و خەڵك ئەمەیان لە تۆ نەدەویست، دژایەتی نەكردنی پارتی و ئیسلامیەكان تۆ دەخاتە بەرەی ئەو هێزانەوە كە كۆمەڵگا دەچەوسێننەوە و بەرەو كۆمەڵگایەكی سەربازگەی دەبن.

 مرۆڤی بەباوەڕی سۆشیالێزم نایەت وەكو بەڕێزت پێ بخاتە قۆناغێكی تری دابڕاو لە جەماوەرەوە بەوەی ئیتر وەكو ساڵانی زوو نەیاری كەسانی تر ناكات، لە قووڵایی باوەڕی ئەو ئینسانانەی كە بە كۆمۆنیزم گەیشتوون نەهاتوون دەستبەرداری ڕزگاری كۆمەڵگاكانیان بوون و پشتی دەسەڵات و نەیارەكانی جارانی خۆیان بگرن لە هیچ قۆناغێكدا، ئەمە ئەو قۆناغە ترسناكەیە كە مرۆڤ تێیدا باوەڕی لە دەست دەدات و بە شوێن ڕێگاكانی مانەوەی خۆیدا دەگەڕێت.

ئەگەر كاك بەختیار ئاوای نەوتیایە و بە دیوەكەی تردا ڕایبگەیاندایە كە ئەو بە باوەڕەوە جارێكی تر ڕایدەگەیەنێت دژی هەموو بنەماڵە و ڕوتە ئیسلامیەكۆنە پەرستەكانی و ستەمكارەكانی ئێستای هەرێمە شتێكمان بۆ دەردەكەوت كە دەیەوێت چیبكات لە ئایندەیەدا، بەڵام بەو قسانەی ڕاگەیاندنێكی هێجگار ترسناكی بۆ تەمەنی خۆی ڕاگەیاند و كردی بە كارەكتەرێكی سیاسی بەرژەوەندخوازی دوور لە جەماوەر، بە ڕێزت دەمێكە بە جوڵەكانت هەمیشە خۆت دەخەیتە ناو هەندێ گەمەی بێ بەرنامەوە و ئەمەش بۆتە دەردێكی كوشندە بۆ بواری كاری سیاسیت.
ببینە خۆ ئەگەر كاتی خۆی بەڕێزت و بەشێك لە مەكتەب سیاسیەكانی یەكێتی شان بە شانی پارتی و ئیسلامیەكان بە هەموو پارە و ڕاگەیاندانە زەبەلاحانەتانەوە دژی جوڵە و بەرنامەكانی نەوشیروان مستەفای ڕەحمەتی نەجوڵانایەتە كە خۆت لەوماوەیەدا ڕاتگەیاند كە لەسەداشەستی بۆچوونەكانی گۆڕان هەقبووە لە دژی یەكێتی، ئێستات ئاوا ئەمە ڕۆژانی سیاسەت نەدەبوو، ئەگەر ئەوكاتانە سەرسەختانەی دژی نەوشیروان و هەڤاڵەكانی نەجوڵایتایەتەوە دڵنیام ئێستا تۆ ڕابەرایەتی بەشێكی زۆری دەنگە ناڕازیەكانی ناو گۆڕانت دەكرد و دەبوویتە پێشەوای جەماوەرێكی ستەمدیدە، بەڵام ئەوەتان لە خۆتان شێواند و دەیان هەزاركەسی ناو گۆڕانت لەخۆت كرد بە دوژمن، كە بەشێكی زۆری ئەو دەنگانە هاوڕێ ماندووكانی ناو ئاڵای شۆڕشت بوون، ئەم قۆناغەیشتمانمان بینی كە دواجار یەكێتی بۆبەڕێزت نەبووە ئەو بەهەشتەی كە خۆزگەت پێ دەخواست، ئێستا كە دژی پارتی و ئیسلامیەكان ناجوڵییتەوە، بگەڕێرەوە سەر ئەم بۆچوونە كە هەندێك ڕق هەیە نابێت كەسانی سیاسی لە هیچ قۆناغێكدا بیكاتە شا ڕێگای خۆیان وەكو چۆن لەشاخ كردنی بە بەرەی ئاڵای شۆڕش و دژی یەكێتی جوڵانەوە و شكستیشمان خوارد، ئەم بەردی ڕقە لەم قۆناغەدا بە بەرنامەی هیچ لایەنێك مەگرە یەكێتی بە هەموو هەڵە و كەموكوڕیەكانیەوە، ڕاستە كوڕانی مام جەلال هەڵەیەكی مێژووی گەورەیان كرد كە یەكێتیان كردە حزبی بنەماڵەو دەستیان بەسەرداگرت و بە هەزاران تێكۆشەریان خستە دەرەوەی خۆیان، بەڵام كادران و جەماوەری یەكێتی بوونێكی ڕەسەنیان هەیە و خاوەنی ڕۆحیەتی ئەو هەزاران شەهیدن كە  لە هەموو قۆناغێكدا دەتوانن هەڵە و كەمووكوڕیەكانیان بە باوەڕەوە ڕاستبكەنەوە و ببنەوە بە هێزێكی زیندووی ناو خەڵك، خستنی یەكێتی لەم قۆناغەدا هێجگار ترسناكە و كەوتنی یەكێتی دەبێتە قۆناغێكی گەورە بۆ هێنانە كایەیی سیتەمێكی ئیسلامی تووندڕەو سەپاندنی دەسەڵاتی هێزێكی نادیموكراسی لەم هەرێمەدا.
 لەمەوە دەكرێ ئەم قۆناغە وەكو مەلابەختیار بێدەنگی لێ بكەیت و لێ بگەڕێ تا قۆناغی ڕزگاری جەماوەر لە سایەی قۆناغێكی نوێ دا سەرهەڵدەدات و خۆی چارەنووسی خۆی دیاری دەكات، دڵنیابە كەوتنی یەكێتی بۆ بەڕێزت دەبێتە دوا قۆناغی كاری سیاسیت و دەتخاتە بەردەم هەڵدێرانێكی هێجگار گەورەوە، چونكە تۆ خۆت بە دەستی خۆت لە گەڕانەوەت بۆ ناو یەكێتی پشتت كردە باوەڕی چەپگەرای خۆت و خۆت دا بەدەم بەرنامەیەكی تەڵەئاساوە كە ئەمە چارەنووسەكەی بوو.