ناتانیاهۆو ئەمیر حوسێنی ڕاشکاوانە قسەیان کرد

ڕەوا موسا

2023-12-12

لەدوای سەردەمی تڕەمپەوە وتار و پەیامی سەرۆکەکانی جیهان هەتادێت ڕاشکاوتر و ڕوونتر دەبن، لەدوایین لێدواندا نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل ڕایگەیاند:

"تاکە جیاوازی لەنێوان حەماس و دەسەڵاتی فەلەستینی هەبێت ئەوەیە، کە حەماس دەیەوێت هەر ئێستا لەناومان بەرێت بەڵام دەسەڵاتی فەلەستینی دەیەوێت قۆناغ بە قۆناغ لەناومان بەرێت..."

ئەم وتارە ئەوەندە ڕاشکاوە دەتوانرێت زۆر شتی لێ بخوێندرێتەوە، ئیدی سەردەمی دیبلۆماسیەت و پڕۆتۆکۆڵەکان بەسەرچوون لەمەودا بەتەواوی هەر قەوارە و لایەن و هێزێک ئەو فۆڕمەی پێدەدرێت کە ئێستا هەیەتی و بە کردەوەکانی پێشکەشی دەکات. قەوارەکان دەبنە ئەو هێزەی کە هەن نەک ئەوەی دەبێت چۆنبن، وە بەوشێوەیەش دەبیندرێن کە دەردەکەون نەک ئەو شێوەیەی خودی خۆیان بیانەوێت پێی دەربکەون یان بانگەشەی بۆ بکەن. 

لەلایەکی ترەوە ئەمیر حوسێنی وەزیری دەرەوەی ئێران لە دەوحە لە وەڵامی پرسیارێکدا گووتی " دەمەوێ زۆر ڕاشکاوبم لەگەڵتان، بەڵێ ئێمە هەر شتێکمان لەدەستبهاتایە هاوکاری تەواوی حزبوڵا و حەماسمان دەکرد لەکاتێکدا یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەگەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەریشمان(ئیسڕائیل) لەپێشچاوبوو، بەڵام لەئێستادا ئەوان بەئاسانی هەرچییەکیان بوێت لە بازاڕی ڕەشی ئۆکرانیا دەستیان دەکەوێت" 

لەئێستادا بەرەبەرە سەرۆکانی جیهان بە ئاشکرا وتار دژی یەکتر دەدەن، بەئاشکراش کردەوە و سیاسەتەکانی خۆیان باس دەکەن و پاساوی بۆ دەهێننەوە. وتارەکان لەدژی سیستەمی نەتەوەیەکگرتووەکانیش گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک، بەشێوەیەک ئەگەر ململانێکان بەم ئەندازەیە بڕۆن ڕێکخراوەکە هاوشێوەی کۆڕی گەلان شەریعەت لەدەستدەدات. سیستەمی جیهانی ئێستا لەدۆخی فڕێدانی پێستەکەی سەرەوەیدایە و خەریکە فۆڕمێکی دیکە وەردەگرێت، هەتا گەیشتن بە فۆڕمی داهاتووش دەیان شۆڕش و ڕاپەڕین و بەرخۆدانی گەلان ڕوودەدەن. هەموو ئەمانەش لە دیدگا ئیکۆسیاسییەکانی تڕەمپەوە دەستیان بە دەرکەوتن کرد، بەئەگەری زۆرەوە ساڵی ئایندە دەبێتەوە سەرۆک و پەرەی زیاتر بە مەزهەبەکەی دەدات.....