کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
وتار
سیستەمی هیچوپووچی
حەمەسەعید حەسەن
2023-12-14
فەیلەسووف: ئالان دوونۆ کە لە پاریس دۆکتۆرای لە فەلسەفەدا وەرگرتووە و لە زانکۆی کیوبیک ئوستادی کۆمەڵناسییە، کتیبێکی هەیە، ناوی لێ ناوە: مێدیۆکراتی کە بە کوردی دەبێت بە: (سیستەمی هیچوپووچی) و مەبەستی ئەم قۆناغەی سەرمایەدارییە کە جۆرێکی مۆدێرنە لە کۆیلایەتی. ئالان دوونۆ پێی وایە، ئەوە خەڵکی هیچوپووچ و بەدئاکارن کۆمەڵ بەڕێوە دەبەن و زۆرینەی ئەوانەی بە پۆشاکی زاناوە خۆیان نمایش دەکەن، لەبنەوە ویژدانیان بە هیچوپووچەکان فرۆشتووە.
ئالان دوونۆ پێی وایە لە سیستەمی هیچوپووچەکاندا، دەوڵەت دەخرێتە بن هەژموونی کەرتی تایبەتەوە، بەو پاساوەی کەرتی تایبەت باشتر دەزگا گشتییەکان بەڕێوە دەبات. سیستەمی هیچوپووچەکان هەڕەشەیەکی سامناکە لەسەر ئاکار، قوربانییەکانی هەر چینەکانی خوارەوە نین، بەڵکوو ڕۆشنبیران و ئەکادیمییەکانیشن. ئالان دوونۆ وای بۆ دەچێت، شەڕی پیرۆزی ئەم سەردەمە، شەڕە لەگەڵ هیچوپووچەکاندا کە لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، خەریکی ئەوەن، کام کەس زۆر هیچوپووچە بیکەن بە ڕەمز.
سیستەمی هیچوپووچی ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت، بیرکردنەوەمان ئیفلیج بکات و بمانگەوجێنێت، تا بەو بارودۆخە دژوارەی زاڵە، نەک هەر قایل بین، بەڵکوو بە ڕاست و بە دروستیشی بزانین. لە ڕوانگەی ئالان دوونۆوە، هیچوپووچی دونیای گرتووەتەوە و دەسەڵات بە دەست هیچوپووچەکانەوەیە، ئاخر لە هەموو بوارێکدا ناوەندی بڕیاریان جڵەو کردووە و قسەی کاربڕ خۆیان دەیکەن. ئالان دوونۆ زەنگی مەترسی لێ دەدات و دەڵێت: هیچوپووچان بەسەر هەموو بوارەکاندا زاڵن، ئیدی هەر لە بوارەکانی سیاسی، ئەکادیمی، ئابووری وبازرگانییەوە، تا بوارەیلی هونەری و ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنیش.
فەیلەسووف: ئالان دوونۆ دەڵێت: هیچوپووچان دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانی زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوەدا گرتووە و بەناوبانگترین زانکۆکانی دونیا، لەبن هەژموونی کەسانی هیچوپووچدان. ڕۆشنبیر حەقیقەتی مەبەستە، بەرلەوەی بڕیار بدات، پرس بە ویژدانی دەکات، نە بە زەبری هەڕەشە ڕای خۆی دەگۆڕێت، نە بە دەستکەوت. جیاوازیی نێوان ڕۆشنبیر و شارەزا ئەوەیە، شارەزا لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆیدا، ئامادەیە ڕاستییەکان بشێوێنیت و خەڵک فریو بدات. زانکۆ کە دەبوو گۆڕەپانی توێژینەوەی زانستی و ئاکاری جوان بێت، بە هیچوپووچ کراوە. ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە بۆ بڕینی پلە ئەکادیمییەکان، تاک دەبوو بەهرەدار و داهێنەر بێت، ئێستا تەنیا پێویستی بەوەیە شارەزای هونەری پانکردنەوە و فریودان بێت و مل بۆ سیستەمی هیچوپووچی کەچ بکات.
ئالان دوونۆ دەڵێت: بۆخزمەتکردن بە بازاڕ و بۆ ڕۆنانی جیهانێک تێیدا ملیاردێران دەسەڵاتدار بن، ناوەندە زانستییەکان بە هیچوپووچ دەکرێن. با خوێندکارێکی زیرەکیش بیت، کۆلێژی ئابووری تەواو دەکەیت و هیچ لەبارەی ئابوورییەوە فێر نابێت. ئەوانەی گەمە بە سیستەمی دارایی دونیا دەکەن، بژاردەیەکن نهێنییەکان لای کەس نادرکێنن، ئەرکی کۆلێژی ئابوورییش ئەوەیە، لەڕێی فریوانی خەڵکەوە، ڕەوایی بە سیستەمی هیچوپووچی بدات. بۆیە دونیایان تاریکاندووە، تا ڕێساکانی گەمەکە بە دیار نەکەون و تاڵانکردنی خێروبێری زەوی هەر درێژەی هەبێت. هەموو ئەو باجەی کۆ دەکرێتەوە، دەڕژیتە گیرفانی دوو توێژی دیاریکراوەوە: خاوەنی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و ناوەندە کیشوەربڕە تاڵانچییەکان.
لە سیستەمی هیچوپووچیدا، دەتوانیت هونەرمەند بیت، بەبێ ئەوەی هیچ توانایەکی هونەری شک ببەیت، بەبێ ئەوەی هیچ پەیامێکت هەبێت، بەبێ ئەوەی دوو ڕستەی بەسوود بزانیت. کام قسە نزمە بیڵێ، کام کار ناماقووڵە بیکە، لە سیستەمی هیچوپووچیدا جێگەیەکی باشت بە نسیب دەبێت. بە هیچوپووچکردنی کۆمەڵ، لەڕێی بەتاڵکردنەوەیەوە، لە هەموو بەهایەکی بەرز و چێژێکی جوان و ئاکارێکی دروست، ئەرکی لەپێشینەی سیستەمی هیچوپووچییە، تا هەموو گەلان بکەونە خزمەتی بژاردەیەکەوە.
سیستەمی هیچوپووچی، سیستەمی هیچوپووچەکانە، ڕەمزی هیچوپووچی هەیە، زمانێکی هیچوپووچی هەیە، ئامرازی هیچوپووچی هەیە و خەڵکانی هیچوپووچ بەڕێوەی دەبەن. هەر کەسێک لەلای خۆیەوە، لە هەر کوێ بژی، هەندێک لەو هیچوپووچانە دەناسێت. نهێنیی سەرکەوتنی سیستەمی هیچوپووچی لەوەدایە، هەرچەندە ئەو خەڵکەی بە مێگەل کردووە، کەچی لە خۆیان وایە ئازادن. ئالان دوونۆ دەڵێت: ئێستا کە سیستەمی هیچوپووچی بەهۆی هێزی سەربازی و هێزی نەرمەوە، دەستی بەسەر دونیادا گرتووە و گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە، ئەگەر خۆمان بە ڕۆشنبیری سەربەخۆ دەزانین، تاقە رێگەچارە ئەوەیە، ڕادیکالانە سیستەمی هیچوپووچی ڕەت بکەینەوە.
کتێبی: سیستەمی هیچوپووچی کە ئالان دوونۆ نووسیویەتی، جۆرێکە لە ڕەخنە لە خۆ گرتن، ڕەخنەگرتنێکی بابەتی کە یەکێکە لە پێویستییەکانی ژیان. نووسەر لەو کتێبەیدا داوا لە گەلان دەکات، لە خەوی قووڵ بێدار ببنەوە و بەگژ سیستەمە ستەمکارەکاندا بچنەوە. ئالان دوونۆ لە سیستەمی هیچوپووچیدا پێمان دەڵێت: سەردەمی بەها باڵاکان بەسەرچوو، هیچوپووچەکان هەموو شتێکیان لە قازانجی خۆیان یەکلایی کردووەتەوە. گەندەڵکاری هەموو جومگەکانی ژیانی گرتووەتەوە، سەردەمی خەڵکانی بێ پرەنسیپە و ئینسان تا بە زەلکاودا ڕۆ بچێت، بەناوبانگتر دەبێت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆڵێکی گرنگ لە بەڕەمزکردنی کەسانی هیچوپووچدا وازی دەکەن. هەر جوانێکی گەمژە، یان هەر قۆزێکی ناخپووچ بخوازێت، لە ماوەیەکی کەمدا ناوبانگ پەیدا دەکات. کام کەس زۆر بەڕێزە، ئەگەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، وەڵامی هیچوپووچێکی دایەوە، ئەگەری ئەوە بەهێزە، بکەوێتە زەلکاوی هیچوپووچییەوە.
*
(*) ألان دونو، نظام التفاهة، ترجمة: مشاعل عبدالعزیز الهاجري، دار سؤال للنشر والتوزیع ٢٠٢٠ بیروت
زیاتر بخوێنەرەوە
تەنیا کوردی
سەرۆکی ھەرێم رێگەی ئاسمان بەرنادا
عوسمان گوڵپی
پارتی چۆن هەڵبژاردنی دواخست؟
فارس نەورۆڵی
پێوەرەکانی کورد بوون
محمد خۆشناو
ڕێ لە جەنگاوەرە ئاگرکوژێنەوەکە مەگرن !!
ڕەوا موسا
شەڕی غەززە لەنێوان تاکتیکێکی جەنگی و بانگەشەکانی مۆڕاڵدا
د. شێرکۆ کرمانج
پارتی و یەکێتی و مەحکەمەی فیدراڵی
محمد خۆشناو
هۆشیارکردنەوە و سنووردار بوونی هۆشیاری کورد !!
بێستون شەهیدجەبار
ئەم هەرێمە چۆن چاک دەبێت؟
ئەلەند مەحوى
سودانی، ئەو پیاوەی بە "چانس" گەمەکان دەباتەوە
بڕوا ستار
حکومەتی عێراق غەدری لە هەرێمی کوردستان کردووە؟
ئەمانەش ببینە
زانکۆی ئەمریکی پێشەنگایەک دەکاتەوە
شێرپەنجە تەنگ بە هونەرمەندانی کورد هەڵدەچنێت ! ... پەرواز و بەیان بۆمبا و دەشنێ موراد نەخۆشن
سەرچاوەی بۆنە ناخۆشەكەی سلێمانی لادەبرێت ... بۆچی هەندێك كەس دژی دەوەستن؟
کۆمپانیای ئێل جی بۆ ئامێری ئەلیکترۆنی بەرهەمی نوێ و ئاست بەرزی ناوماڵی نمایش کرد لە ناوچەکەدا
خانەنشینان ئەمرۆ مووچە وەردەگرن ”ئەو پارەیەی لەبەغداوە بۆمان دێت ئەوەشمان نادەنێ”
بەشێك لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە تاسلوجە گردبوونەوە
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2024 Diplomatic Magazine