دەستانخۆش زۆر چاکی تێکدەدەن

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-12-15

ئەمڕۆ دایکم لێی پرسیم "مەکتەب هەر نەکراوەتەوە؟ وتم نا، ناوی یەک دو مناڵی گەڕەکی هێنا کە بێبەشن لە خوێندن و دایە پڕمەی گریان بۆیان". مەلیحەخانم ژنێکی نەخوێندەوارە، بە عاستەم ناوی خۆی دەنووسێت و قایمەی کەلوپەلی ناوماڵ دەنووسێتەوە، پێشتر ئەم ژنێکی نانبدە بووە بە پێشمەرگە، دەگێڕێتەوە دەڵێت: دەهاتنە دێکەمان ساوەرمان لێدەنا بۆیان نەیاندەخوارد دەیانگوت ئێمە نان بەنانەوە ناخۆین، دەبوو مریشکی نێو کولانەکەیان بۆ سەربڕین و لە هێلکەکەی بێبەش بین، ئەمڕۆ پەشیمانە لەوەی میوانداری کردوون چونکە پێی وایە ئەوان هۆکاری نەچوونی میر و ئەحمەدی شەش ساڵانی هاوسێ و ئەهلی گەڕەکن بۆ قوتابخانە و نەخوێندەوار دەرچونیان.

 چوزانەوەی داخی سەر دڵی  مەلیحەکان لەم وڵاتەدا و لەم تەمەنەدا حیرەت بە مرۆڤ ئەهێنێت، شەست و ئەوەندە ساڵە ئەم ژنە لە دەست زوڵمی بێگانە ماڵی کاول دەبێ، ڕادەکا، خێمە و ئۆردوگا دەگۆڕێ، دێهاتی دەسوتێندرێ، دەجار لە سیفرەوە خانووی دروستدەکاتەوە، کرێکاری دەکا، ئاکام حوکمی خۆماڵی تێزابی ناعەدالەتی و بێ مۆراڵی دەکاتە سەر هەموو ئەم برینانەی و لە هەموو کات خراپتر دەیزووڕێنێتەوە. کە دەستی بەرزکردەوە بۆ ئاسمان و وتی "خوایە موسەبیبی ئەم وەزعە بە فەتار فەترا چێ، خوایە بۆ فڵانی تاین کەی" موچڕکەیەک بەلەشمدا هات چونکە هەمان دوعام دیبوو لە ئاوارەیی ئێران لە سەددام و کوڕەکانی دەکرد، نەمتوانی بۆ ساتێک بەزەییم بە کاک فڵان و کوڕەکانیدا نەیەتەوە.

 ئەم ژنە نەخوێندەوارە ئەمڕۆ بۆ نەکرانەوەی دەرگای قوتابخانە دەگری، بەڵام پانێڵیست و ئەکادیمیسیان و پارلەمانتار و حکومەت و دادوەر و ...هتد تەماشا دەکەن و قاقا پێدەکەنن.

 نیوەی ساڵێک ڕۆیشتووە بەبێ بوونی هیچ شەڕێکی جیهانی لە وڵاتەکەدا، بەبێ هیچ جۆڕە تەقینەوەیەکی ناوەکی و ئەتۆمی و بەبێ ئەوەی ئاوارەیی و ژێرخێمەیی هەبێت جیلێک کوێرە، نازانێت ناوی خۆی بنووسێت، ناتوانێت بخوێنێت و بخوێنێتەوە و نازانێت کە ئەبێ بچێت بۆشوێنێک، بەناوی مەکتەب.

کاتی خۆی گاڵتەمان بە سلۆگانەکانی حکومەت و یونیسێف دەهات سەبارەت بەوەی "خوێندن و پەروەردەی خۆڕایی مافی هەموانە، مناڵ نابێ ئازاری جەستەیی و دەروونی بدرێت، مناڵ دەبێت ژینگەی لەباری خێزانی و پەروەردەیی بۆ بڕەخسێندرێت"، خوێندنی خۆڕایی وەک نوکتەش سەیر نەدەکرا،  ئەمڕۆ  پاش سی ساڵ لە حوکمڕانی هومەزە و  لومەزەی دەوڵەتمەدارە دەستنووقاوەکانی پترۆ-کوردایەتی خوێندن تەنها مافی دەوڵەمەند و پارەدارەکانە، ژینگەی خێزان بووە بەقوربانی ویست و ئیرادەی کەمینەیەکی موتەسەڵیتی پولەکی و دەستقوچاو کە  ئەوەندە قوچاوە ناگاتە پشتەملی خۆی، خێزان لەبەر نەبوونی لێکهەڵدەوەشێت و مناڵ دەبێت بە دوو کەرتەوە لە نێوەدا، مناڵ ئازاری جەستەیی و دەروونی دەدرێت بەوەی دەرگای خوێندنگەکەی لێناکرێتەوە، بە ئەنقەست کوێر دەکرێت و شیرازەی مێشکی لە تەمەنێکدا بەجۆرێک تێکدەدرێت کە مانەند و مەسلی نەبێت، وێڵ و سەرگەردانی کۆڵان و و بازاڕ و کارکردنی بەزۆرکراوە. هەر بە جیدی چ دوژمنێک دەیتوانی ئەمە بە مناڵەکانی ئێمە بکات؟
وَيۡلٞ لِّكُلِّ هُمَزَةٖ لُّمَزَةٍ

 کاتی حەسار و پیتاکی نەوت بەرامبەر خۆراک و بڕیاری ۹٨٨ یونیسێف داوای دەکرد کیژانیش بچنە قوتابخانە تا فێری خوێندەواری بن، حکومەتە نێرسالارەکە کوردستانی عێراق بۆ پاراستنی یەکسانی جێندەری وا کوڕانیش لە خوێندن بێبەش دەکات.