هاکان فیدان، سێبەرو جێنشینەکەی ئاردۆگان

2023-06-04

دیبلۆماتیک

کوردە، بەڵام هەرگیز باسی کوردبوونی خۆی ناکات و تەنانەت نکولیشی لێدەکات.

لە تورکیا بە سێبەرو جێنشینی ئاردۆگان و بە پیاوی سێبەرو تارمایی ناودەبرێت و زۆرجاریش تورکەکان بە ڕێوی دونیای هەواڵگری و بە گورگی ئەنادۆڵ ناوی دێنن.

بوونی ئەو بە وەزیری دەرەوەی تورکیا، فراوانترین دەنگدانەوەی لێکەوتەوەو بوویە سەرنجڕاکێشترین دیاردەی هەڵبژاردنەکەی تورکیاو کابینەی نوێی حکومەتی ئەو وڵاتە.

جیا لە گێڕانی هەر ڕۆڵێکی دیکە، چاودێران پێیانوایە کە دانانی هاکان فیدان بە وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئامادەکردنی ئەوە بۆ دوای ئاردۆگان و سازدانییەتی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جێگەی ئاردۆگان بگرێتەوە.

چاودێران دەڵێن، لە پاش سیازدە ساڵ لە ڕێبەرایەتیکردنی دەزگای هەوڵگری تورکیا، ئێستا هاکان فیدان ئەرکی سەرۆکایەتیکردنی دیبلۆماسییەتی تورکیای پێسپێردراوەو دەیەوێت لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە خواستەکانی ئاردۆگان جێبەجێ بکات، چونکە ئەو بە یەکەمین پیاوی تورکیا دا دەنێرێت بۆ بەرجەستەکردنی خواست و پلانەکانی ئاردۆگان.

فیدان، لە ساڵی ۱۹٦٨ لە دایکبووەو ساڵی ۱۹٨٦ کۆلێژی سەربازی خوێندووەو لە ئەمەریکا بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان و ئیدارەدا بەدەستهێناوەو دواتریش ماستەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دکتۆرای لە " ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە گەشتن بە ئامانجەکان" دا به دەستهێناوە.

ساڵی ۲۰۱۰ بووە بە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا " میت" و 
وەک بەهێزترین کەسی هەواڵگری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێتە هەژمارو چەند ساڵێکیشە وەکو دووەم پیاوی تورکیا ناوی دەبرێت.

هاکان فیدان، لە ساڵی ۲۰۱۱ سەرۆکایەتی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورددا کرد کە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەڕێوە چوو، هاوکات هەر لەو دەمەوە ڕۆڵی مامەڵە کردن لەگەڵ پرسی کوردو ڕۆڵی ڕووبەڕووبوونەوەی کوردی لە سوریاو لە عێراقیش پێسپێردراوە.

بەوتەی سەرکردەی دەستگیرکراوی کورد، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاکان فیدان زۆر بە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرسامەو لەزۆر ڕووەوە لەژێر کاریگەری ئۆجەلاندایە.


هاکان فیدان، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری تورکیاو وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەو وڵاتە، موسڵ و کەرکوک بە خاکی تورکیا دا دەنێت و هاوشێوەی ئاردۆگان خەون بە گەڕانەوەی خەلافەتی عوسمانیی و ویلایەتی موسڵەوە دەبینێت.

ڕۆڵ و کاریگەری و ناوی هاکان فیدان لە شەش ساڵ بەر لە ئێستاوە زۆر بڵاو بوویەوە، کاتێک ئەو توانی شکست بە کودەتاکەی ساڵی ۲۰۱٦ بێنێت و ئاردۆگان و حکومەتەکەی و پارتەکەی لە کودەتاچییەکان ڕزگار بکات.

لە ساڵی ۲۰۱٥ دەستلەکارکێشانەوەی لە سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری تورکیا کێشایەوەو بۆ هەڵبژاردنەکەی تورکیا لەو ساڵەدا، خۆی بۆ ئەندامی پەرلەمان پاڵاوت، بەڵام لەسەر خواستی ئاردۆگان کشایەوەو لە سەرۆکایەتیکردنی دەزگای هەواڵگری بەردەوام بوو.

گولەنییەکان و شوێنکەوتوانی فەتحوڵا گولەن، هاکان فیدان بە نەیاری سەرسەختی خۆیان دەزانن و کاتێک پۆستی سەرۆکایەتیکردنی دەزگای هەواڵگری تورکیای پێسپێردرا، گوڵەنییەکان لە میدیاکانەوە هێرشی بەرفراوانیان کردە سەری و بە پیاوی ئێران ناویان هێنا.

ئەو، لە ڕووبەڕبوونەوەو گوڵەنییەکاندا ڕۆڵی گەورەی گێڕاوەو وەکو میدیا تورکییەکان دەیڵێن، هاکان فیدان بووە کە کۆتایی بەو دەوڵەتە قوڵە هێناوە کە گولەنییەکان لە هەناوی حکومەت و وڵاتی تورکیادا دروستیان کردبوو.

یەکێک لەو کارەکتەرە دیارانەبوو کە لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیهان هەوڵی ڕاگرتنی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی داو ماوەیەک بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لەگەڵ قاسم سلیمانی، سەرۆکی سوپای قودسدا، بە نهێنی هاتنە هەولێر بۆ ئەوەی داوا لە مەسعود بارزانی و ڕێبەرانی ڕیفراندۆم بکەن کە پرۆسەکە ڕابگرن و ئەنجامی نەدەن.

هاکان فیدان بە یەکێک لەو کارەکتەرە سیاسی و هەواڵگریانە دا دەنرێت کە کاریگەری لە سەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیەو شارەزایانی کاروباری تورکیا ڕایانوایە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هاکان فیدان سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای هەڵسوڕاندووەو دیبلۆماسییەتی تورکیای لە ئاستی دەرەوەدا داڕشتووەو ئێستاش لە پۆستی وەزیری دەرەوەدا ئەو ڕۆڵە تەواو دەکات کە چەند ساڵێکە لە ئەستۆی گرتووە.