سەڵاحەدین بەهادین:  تاوانێکی گەورەمان کرد کە بانگخوازو ڕەمزە ئاینییەکانمان لە هەڵبژاردنەکاندا کاندید کرد

2023-06-06

دیبلۆماتیک

سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، دەڵێت، هەڵەی کوشندەو تاوانێکی گەورەمان کرد کە بۆ دەستخستنی دەنگی جەماوەرو بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر، بانگخوازو ڕەمزە ئاینییەکانمان لە هەڵبژاردنەکاندا کاندید کرد.

" کەشکۆڵی بیرو دیدو سەرنج" کتێبێکی سەڵاحەدین محەمەد بەهادینەو کتێبەکە لە ساڵی ۲۰۱٤ و ۲۰۱٥ نوسراوەو ناوەرۆکەکەی کۆمەڵێک پرس و بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی لە خۆگرتووە.

لە لاپەڕە ٥٨ تا لاپەڕە ٦۳ی کتێبەکە، بەناونیشانی " بانگخواز ڕەمزێکی ئایینی و کۆمەڵایەتییە" سەڵاحەدین بەهادین باس لە پرسی کاندیدکردنی بانگخوازو ڕەمزە ئاینییەکان دەکات و دەڵێت:" بۆ دەستخستنی دەنگی جەماوەرو بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر، بانگخوازو ڕەمزە ئاینییەکانمان لە هەڵبژاردنەکاندا کاندید کرد".

سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئاماژە بەوە دەدات ئەگەر لە هەڵبژاردنی ۲۰۱۰ کاندیدکردنی بانگخوازەکان بۆ بەڕێکردنی ئەو شکستەی کە یەکگرتوو لە هەڵبژاردنی ۲۰۰۹ دا دووچاری بوو تا ڕادەیەک جائیز بووبێت، ئەوا بۆ ساڵەکانی دواتر جائیز نییەو هەڵەیەکی کوشندەو گەورەیە.

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، لە میانی پێنج خاڵدا خراپی و ناجائیزبوونی کاندیدکردنی بانگخوازو ڕەمزە ئاینییەکان باسدەکات و لە خاڵی یەکەمدا دەڵێت:" دەنگ پەیداکردن و شکاندن و کوژاندنەوەی کەسایەتی ڕەمزە دەعەوییەکان و کردنیان بە کەسایەتی سیاسی کارێکی سەقەت و سەرنەکەوتووەو تەنها دەرئەنجامی شکاندنی ڕەمزیەتی ئەو کەسەیەو هەرگیز ناتوانێت بەو سەنگەوە ببێتە پەرلەمانتارێکی سەرکەوتوو.

لە خاڵی دووەمدا، سەبارەت بە خراپی و نا جائیزبوونی کاندیدبوونی کەسایەتییە ئاینییەکان و بانگخوازەکان بۆ پەرلەمان، سەڵاحەدین بەهادین لە کتێبەکەیدا دەڵێت:" هەڵخەڵەتاندن و فریودانی تیایە بۆ دەنگدەری سادەی هەواداری ئیسلامی کە خۆشەویستی و ئیعجابی ئەو جەماوەرە دەنگدەرە لە بوارێکدا بەدەست هاتووەو لە بوارێکی تردا بەکاردەهێنرێت کە زۆر جیاوازەو  ئەم بەیع و مامەڵەیە نادروستە".

لە خاڵێکی دیکەدا، سەڵاحەدین بەهادین، هۆکاری خراپی و ناجائیزبوونی کاندیدکردنی بانگخوازو ڕەمزە ئاینییەکان بەمجۆرە لێکدەداتەوەو دەڵێت:" ئەگەر پاساو ئەوەبێ کە دەنگیان پێ کۆدەکەنەوە بۆ سەرخستنی ئەوکەسانەیتر کە ناتوانن بە تواناو لێهاتنی سیاسی خۆیان دەنگی پێوویست بهێنن، ئەمە هەڵەیەکیترە، چونکە کونێک ئەگیرێ بە کردنەوەی کونێکیتر، ڕەمزیەتی کەسێک ئەکەی بەقوربانی بۆ کەسێکیتر کە دەبوو ئەو کەسە خۆی لەو ئاستەدا بوایەو سەنگی سیاسی و متمانەی جەماوەری هەبوایە".

خۆی واتەنی، سەڵاحەدین بەهادین، لە خاڵی دواتر ڕوونتر دەربارەی ئەو پرسە دەنووسێت و دەڵێت:" وردترو ڕوونتر بڵێین، ئێمە لە هەڵبژاردنی ۲۰۱۰ دا دوو ڕەمزی بانگخوازیمان کاندید کرد، لە دهۆک یەکێک و لە سلێمانی یەکێک، هەردووکیان ئەو ڕەمزیەت و میسداقیەتە دەعەویی و بانگخوازییەیان لە دەستدا کە هەیان بوو، یەکێکیان بۆ خولیتری پەرلەمان لە ساڵی ۲۰۱٤ کاندید کرایەوە دەرنەچوو".

سەڵاحەدین بەهادین دەشڵێت:" بەداخەوە ئەم هەڵە کوشندەو ستراتیژییە بوو بەمۆدێل و دووبارە بوویەوە، بەمەش گومان کەوتووەتە سەر هەر بانگخوازێک کە دەرئەکەوێ و جەماوەر دەیناسێ، داخۆ کەی خۆی کاندید ئەکات، چ دڵێک بەو دەنگانە خۆشکەین کە بە شێوەیەک لە هەڵخەڵەتاندن بۆ کەسێک دراوەو کەسێکیتری پێدەرئەچێنرێ".

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، توندتر لەوبارەیەوە دەنووسێت و هێرش دەکاتە سەر سەرکردایەتی و بڕیار بەدەستانی یەکگرتوو، ئەو دەڵێت:" عیبرەتمان وەرنەگرت،  لە هەڵبژاردنی ۲۰۱٤ دا، هەڵەکە سێبارە کرایەوە بەخڕاپتر، باشە ئەگەر یەکگرتوو لە پرۆژە سیاسییەکەدا شکستی هێناوەو جەماوەری کوردستان ممانەی ناداتێ، بۆچی دەیەوێ ئەو یەک دوو کەسە ڕەمزەشی کە متمانەی ئاینیی و کۆمەڵایەتییان ماوە بکاتە کۆچی قوربانی سەرخستنی سیاسەتمەدارە سەرنەکەوتووەکان، بۆچی سەرکردایەتی بەجورئەت و بوێرانە موراجەعەی هەڵوێستی سیاسی خۆی ناکات، لە جیاتی ئەم پینەو پەڕۆیە؟

سەڵاحەدین بەهادین، کاندیدکردنی بانگخوازو ڕەمزە ئاینییەکان بە تاوان دەزانێت و داوای لێخۆشبوون لەخوا دەکات ئەگەر دەستی لەو کارەدا هەبووبێت و دەڵێت:" ئەمە هەڵەیەکی کوشندەو تاوانێکی گەورەیە کە سەرکردایەتی یەکگرتوو خەریکە ئەنجامی دەدات، لە خودا ئەپاڕێمەوە ئەو ئەندازەی کە لە دەورانی خۆمدا لە سالی ۲۰۱۰ دا دەستم بووە لەم ڕەوشەدا، لەبەر ڕەحمی خۆیی و نەزانکاری خۆم لێم خۆشبێت".

ســەرنج:

ــ سەڵاحەدین بەهادین، لە ساڵی ۲۰۱۳ تا کۆتایی ساڵی ۲۰۱٥، ئەم کتێبەی نووسیوەو لەسەر ئەم پرسە دواوە، واتا ئەو ساڵانەی کە ئەمینداری یەکگرتوو نەبووەو محەمەد فەرەج، سەرۆک و ئەمینداری حیزب بووە.

ــ لەکاتێکدا داوای لێخۆشبوون لە خوا دەکات ئەگەر لە دەورانی ئەمینداریی ئەودا لە ساڵی ۲۰۱۰دا دەستی لەو ڕەوشەدا هەبووبێت، بەڵام لە دوای دووبارە بوونەوەی بە ئەمینداری یەکگرتوو، لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستاندا لە ساڵی ۲۰۱٨، چەندان کەسایەتی ئاینیی و بانگخواز لە لایەن یەکگرتووەوە بۆ ئەو دوو هەڵبژاردنە کاندید کران.