لە ئەتا تورکەوە تا ئاردۆگان

2023-06-10

دیبۆماتیک

لەپاش کۆتاییهاتنی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و گۆڕینی سیستمی حکومڕانی وڵاتەکە بۆ کۆماری سەرۆکایەتی و لە دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە تا ئێستا، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ۱۲ سەرۆکی بەخۆیەوە بینیوە.


لە ماوەی سەدو دوو ساڵی ڕابردوودا، سەرۆکایەتی تورکیا چەندین گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی سەبارەت بەو دەسەڵاتانەی کە بە سەرۆک دراوە.
هاوکات زۆربەی سەرۆکەکان لەڕێگەی حیزبەکانیانەوە گەشتوون بە دەسەڵات و چەند کەسێکیشیان لەڕێگەی کودەتای سەربازییەوە دەسەڵاتیان وەرگرتووەو بوونەتە سەرۆککۆمار.

سەرۆکەکانی تورکیا لە مێژووی سەدو دوو ساڵەی کۆماری تورکیا کامانەن، چەند ساڵ حکومڕانییان کردووەو چۆن گەشتوون بە دەسەڵات؟.


مستەفا کەمال ئەتا تورک

یەکەم سەرۆکی کۆماری تورکیایە، لە ساڵی۱۸۸۱ لە شاری سالۆنیک لە دایکبووە، کە ئەودەمە لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بووەو ئێستا دەکەوێتە ناو خاکی وڵاتی یۆنانەوە.
ئەو لە دەورانی عوسمانیدا فەرماندەی سوپا بوو، لە ۲۹ی تشرینی یەکەمی ۱۹۲۳وە، وەک سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێردراو چوار جار لەسەر یەک وەک نوێنەری پارتی گەلی کۆماری بۆ سەرۆک هەڵبژێردرایەوەو  هەتا کاتی مردنی لە ۱۰ی تشرینی دووەمی ۱۹۳۸ لە پۆستەکەیدا مایەوەو، لەناو هەموو سەرۆککۆمارەکاندا، درێژترین ماوەو زۆرترین ساڵ سەرۆکایەتی تورکیای کڕدووە.

عیسمەت ئینۆنۆ

لە ساڵی ۱٨٨٤ لە شاری ئیزمیری ڕۆژئاوای تورکیا لەدایکبووە،  بە فەرمی وەک سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرا،
 دوای مردنی ئەتاتورک لە ۱۱ی تشرینی دووەمی ۱۹۳۸، لەسەر پشکی پارتی گەلی کۆماری وەک سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژێردرا، و دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ۱۹۵۰ و سەرکەوتنی پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردندا، ڕێبەری بەرەی ئۆپۆزسیۆنی کردو لە ۱۹٦۰، کودەتای سەربازی بەسەر سەرۆکۆماری هەڵبژێردراودا کردو لەساڵی ۱۹۷۳ کۆچی دواییکرد.


جەلال بایار

لە ساڵی ۱۸۸۳ لە شاری بورسای باکوری ڕۆژئاوای تورکیا لەدایکبووە، لەگەڵ سەرهەڵدانی فرەحیزبیدا، لەگەڵ عەدنان مەندەریس و فواد کوبرولی دا پارتی دیموکراتیان دامەزراندو پاش سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردندا، لە ساڵی ۱۹۵۰ لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی تورکیاوە وەک سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردراو بوو بە سێیەم سەرۆک، لە ساڵی ۱۹٦۰ لە لایەن  " عیسمەت ئینۆنۆ"ی سەرۆکی پارتی گەلی کۆمارییەوە کودەتای سەربازی بەسەردا کراو خرایە زیندانەوەو حوکمی لە سێدارەدانیشی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دوای سێ ساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە ئازاد کرا.

جەمال غورسال

لە ساڵی ۱٨۹٥ لە شاری ئەرزەرۆم لە لەدایکبووە. چوارەم سەرۆک کۆماری تورکیایە.
لە پاش کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ۱۹٦۰ هەتا ساڵی ۱۹٦٦ لە پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیادا مایەوە.


جەودەت سۆنای

لە ساڵی ۱۸۹۹ لە شاری ئەرزەرۆم لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا لەدایکبووە، لە ۲۸ی ئازاری ۱۹٦٦ بوو بە پێنجەم سەرۆک کۆماری تورکیاو بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە پۆستەکەیدا مایەوە.


فەخری کوروتورک

 سەشەم سەرۆک کۆماری تورکیایە، لە ساڵی ۱۹۰۳ لە ئەستەنبوڵ لەدایکبووەو باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لە مۆسکۆ و مەدرید، لە ٤ی نیسانی ۱۹۷۳ تا ٤ی نیسانی ۱۹۸۰ سەرۆکی تورکیا بوو.

کەنعان ئیفیرین

لە ساڵی ۱۹۱۷ لە شاری مانیسای ڕۆژئاوای تورکیا لەدایکبووە، سەرکردایەتی کودەتای سەربازی کرد دژی دەسەڵات لە ساڵی ۱۹٨۰ کە بە توندوتیژترین کودەتا لە مێژووی تورکیادا دادەنرێت.
  لە ۱۲ی ئەیلوولی ۱۹۸۰، پۆستی حەوتەمین سەرۆکی تورکیای گرتە دەست و تا ۹ی تشرینی دووەمی ۱۹۸۹ لە دەسەڵاتدا مایەوە.

تورکەت ئۆزال

لە مەلاتیای ناوچەکانی ئەنادۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا لەدایکبووە، ساڵی ۱۹٨۹ تا ۱۹۹۳ وەکو هەشتەمین سەرۆک کۆماری تورکیا لە دەسەڵاتدا بووەو لەسەر کورسی سەرۆک کۆماریدا بووە کە بە جەڵدەی دڵ کۆچی دوایی کردووە.


سلێمان دیمیریل

ئەو چەند جارێک سەرۆکایەتی حکومەتی کردووە،  دوای کودەتا سەربازییەکەی ۱۲ی ئەیلوولی ۱۹۸۰ بۆ ماوەی حەوت ساڵ کاری سیاسی لێقەدەغەکرا، ساڵی ۱۹٨۷ گەڕایەوە نێو کاری سیاسی و لە ۱٤ی ئایاری ۱۹۹۳ وەک سەرۆکی کۆماری تورکیا هەڵبژێردرا، دوو خول سەرۆکایەتی کۆماری کردو تا  ئایاری سای ۲۰۰۰ لە پۆستەکەیدا مایەوە.

نەجدەت سیزار

لە ساڵی ۱۹٤۱ لە شاری ئەفیۆن لە ڕۆژئاوای تورکیا لەدایکبووە، ئەندامی دادگای دەستووری بووەو دواتر لە ساڵی ۱۹۹۸ بووە بە سەرۆکی ئەو دادگایەو لە ٥ی ئایاری ۲۰۰۰ لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە وەک سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردراو تا ۲۸ی ئابی ۲۰۰۷ لە پۆستەکەیدا مایەوە.


عه بدوڵڵا گوڵ

هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایەو یەکێکبووە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان، پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی وەرگرتووە، لە ۲۸ی ئابی ۲۰۰۷ تا ۲۸ی ئابی ۲۰۱٤ سەرۆک کۆماری تورکیا بووە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

لە شاری ئەستەنبوڵ لەدایکبووە، دوازدەهەمین سەرۆکی وڵاتەکەیەتی،  لە ساڵی ۱۹۹٤ وەک سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ هەڵبژێردراو توانی گۆڕانکاری گەورەو بنەڕەتی لە شارەکەدا ئەنجام بدات.
 لە ساڵی ۲۰۰۳ بوو بە سەرۆک وەزیرانی تورکیاو لە ۱۰ی ئابی ۲۰۱٤ بۆ یەکەمجار وەک سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردراو لە ۲٤ی حوزەیرانی ساڵی ۲۰۱۸، بۆ دووەمجار وەک سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردراو ساڵی ۲۰۲۳ بۆ سێیەمجار بوویەوە بە سەرۆککۆماری تورکیاو تا پێنج ساڵی دیکە سەرۆککۆماری توڕکیا دەبێت.

درێژترین ماوەو کورتترین ماوەی سەرۆکایەتی

مستەفا کەمال ئەتاتورک کە یەکەمین سەرۆککۆمار بووە، زۆرترین ماوە کە پازدە ساڵە لەسەر کورسی سەرۆککۆمار ماوەتەوەو پاش ئەو ئاردۆگان دێت بە چواردە ساڵ، ئەگەر ئەو تا ساڵی ۲۰۲٨ لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوەو سێیەمین کەسیش کە زۆرترین ساڵ لەسەر کورسی سەرۆکایەتی بووە، عیسمەت ئینۆنۆیە بەدوازدە ساڵ.

سەرۆکایەتی تورکەت ئۆزال کورتترین ماوەی سەرۆکایەتییەو ئەو سێ ساڵ و ۱۵۹ ڕۆژی لەسەر کورسی دەسەڵات بەسەر برد.

ئەو سەرۆکانەی بە کودەتایەی سەربازی بوونە سەرۆک کۆمار

جەمال غورسال یەکەم سەرۆکی تورکیا بوو کە لە ساڵی ۱۹٦۰ بە کودەتای سەربازی گەشتە پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیاو دوای ئەویش کینان عێفیرین لە ساڵی ۱۹۸۰ بە کودەتای سەربازی دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری گرتە دەست.

لەکاتی سەرۆکایەتیدا مردن

لە مێژووی سەرۆکەکانی تورکیادا، لە کۆی ۱۲ سەرۆک تەنها دوو سەرۆک لە ماوەی سەرۆکایەتیدا گیانیان لەدەستداوە، یەکەمیان مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ساڵی ۱۹۳٦، دووەمیان تورکەت ئۆزال بوو لە ساڵی ۱۹۹۳.

جەمال غورسالیش کە لە ساڵی ۱۹٦۰ تا ۱۹٦٦ لەسەر کورسی دەسەڵات بوو، بەهۆی نەخۆشییەوە کورسی سەرۆک کۆماری جێهێشت.

کام سەرۆکانە سەربازیی بوون

شەش لە سەرۆکەکانی مێژووی سەرۆکایەتی تورکیا پلەی بەرزی سەربازییان هەبووەو لەدامەزراوە سەربازییەکانی وڵاتدا پۆست و پلەی سەربازییان هەبووە.

 مستەفا کەمال ئەتاتورک، ژەنەڕاڵ بووە بە پلەی مشیر، عیسمەت ئینۆنۆ ژەنەڕاڵ بووە، جەمال گورسال ژەنەڕاڵ بووە،

 جەودەت سونای ژەنەڕاڵ بووە، فەخری کوروتۆرک ئەدمیڕاڵی دەریایی بووەو و کەنعان ئیفیرین ژەنەڕاڵ بووە.


گەنجترین و بەتەمەنترین سەرۆک 

کەمال ئەتا تورک، گەنجترین سەرۆک کۆمارە لەمێژووی سەرۆکایەتی توڕکیا کە لە تەمەنی ٤۲ ساڵیدا پۆستی سەرۆکایەتی وەرگرت و فەخری کوروتورک بە تەمەنترین سەرۆکەو ئەو لە تەمەنی ٦۹ ساڵیدا پۆستەکەی وەرگرت.

سەرۆکی ژن!

نەک هەر هیچکام لە سەرۆکەکان ژن نەبوون، بەڵکو لە مێژووی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا تەنها یەک ژن خۆی بۆ ئەو پۆستە پاڵاوتووە، ئەویش میراڵ ئاکشنەری سەرۆکی پارتی " باش"ە کە لە ساڵی 2018 دا، خۆی کاندید کردو لە هەڵبژاردنەکەدا سەرنەکەوت.


ئاستی خوێندنی سەرۆکەکان

 زۆرێک لە سەرۆک کۆمارەکانی تورکیا بڕوانامەی ماستەریان هەبووە،  تاکە سەرۆکێک کە دکتۆرای هەبووە عەبدوڵا گوڵ


تەنها دوانیان لەژیاندان

هەموو ئەوانەی کە پێشتر پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیایان وەرگرتووە، جگە لە دوانیان هیچکامیان لە ژیاندا نەماون، کە ئەوانیش نەجدەت سیزارو عەبدوڵا گوڵن.