محەمەدی حاجی مەحمود، شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەیەک یان تێرێک ئاگای لە برسی نیە

2023-06-17

ئەم پیاوە هەر ئەوەندە قسەی کرد، ئیتر سۆشیال میدیا گڕ دەدات
ئەو گوێ نادات بەوەی کێ چۆن بیر دەکاتەوە، ئەوەی دەیەوێت دەیڵێت..
گوێ لەم پیاوە بگرە، لەگەڵ ناوی بەغدا بەرگوێی دەکەوێت، موی گرژ دەبێت
ئەوانەی کۆمێنت بۆ کاکە حەمە دەنوسن، زۆرینەیان دەکەونە گیانی، کەمینەیەکیش بەرگری لێ دەکەن...
پرسیارەکە ئەوەیە، کاکە حەمە، بۆ وا دەکات؟ لەبەر ئەوەیە ئەو هێشتا هەر شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەکەی شاخە یان تێرێکە ئاگای لە برسی نیە..
محمد حاجی محمود، ئەو پیاوەی وەک چۆن سەیری سەدام و رژێمەکەی دەکرد، ئێستاش هەمان وێنە لە بەرپرسانی بەغدادا دەبینێتەوە..
کاکە حەمە، تەنها جل و بەرگ و تفەنگەکەی وەک پێشمەرگەیەک نیە، ئەو بەم تەمەن و کێشە زۆرەشەوە، گورج و گۆڵ ئامادەیە بۆ بەرگری لە کورستان و لە شەڕی داعشدا ئەمەی بە رونی پیشاندا و کوڕێکیشی بەدەستی داعش شەهید کرا..
ئەم پیاوە پێناچێت هیچ بڕوای بەوە بێت هیچ کات کورد لە سایەی دەوڵەتێکدا بەناوی عێراق بحەسێتەوە، کاکە حەمە، ھەر کات توڕە دەبێت داوا دەکات ئاوەکەی دەربەندیخان لە عەرەبی عێراق بگیرێتەوە یا داوا دەکات کارتی ڕیفراندۆم بخرێتە گەڕ و بەکاربھێندرێت یاخود داوای دەست دانە چەک دەکات .

 


کێشەی ئەم کاکە حەمەیە ئەوەیە، کات و شوێن گونجاو نیە بۆ قسەکانی، ئەو راست دەکات کوردایەتی رەوایە، دەوڵەتی کوردی رەوایە، خراپی دەسەڵاتدارانی بەغدا و بیرکردنەوە خراپ و شۆڤێنیەکانیان بەرامبەر کورد حاشا هەڵنەگرە، بەڵام قسەکانی کاکە حەمە لەم کاتەدا بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان، نەک قبوڵکراو نیە، تایان بەرز دەکاتەوە..
کاکە حەمە لەکاتێکدا باسی پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێڕی و چەک هەڵگرتن بەرامبەر بەغدا دەکات، کە خەڵکی کوردستان لە سایەی دەسەڵاتدارانی ئێستایدا، ئینتیمای کوردایەتیان بەستویەتی و کار گەیشتۆتە ئەوەی بە رۆژی روناک و لەبەردەم مایکی راگەیاندندا ئاوات بە سەردەمی بەعس بخوازن..
هەر ئەوەندە نا، کاکە حەمە لە کاتێکدا دەلێت، قەیچیەکا با لە برسا بمرین بەس لە بەغدا نەبین، کە خەڵکی کوردستان، ئەمڕۆ پەنجا رۆژە موچەیان وەرنەگرتوە، کە موچەیان دەیان مانگیان لەلایەن ئەم دەسەڵاتدارانەوە بەناوی پاشەکەوتەوە خوراوە..
کاکە حەمە لەکاتێکدا دەڵێت، با لەپێنا کوردستاندا نیوەی کورد بکوژرێن، کە گەنجەکانی هیچ خێریان لە کوردستان نەبینوە و رۆژانە لەپێناو ژیانێکی باشتردا سەری خۆیان هەڵدەگرن و روو لە ئەوروپا دەکەن.
کاکە حەمە داوای بەرگری لە کوردستانێک دەکات، کە لەسایەیدا کەمینە دەوڵەمەندن و هەموو شتیان هەیە و زۆرینە هەژار و برسین.
هەربۆیە، بەشێک لەوانەی کۆمێنتیان بۆ نوسیوە، بە کاکە حەمە دەلێن ، تێر ئاگای لە برسی نیە، بۆ خۆی لە گوڵە خانە دانیشتوە و لە هیچی کەم نیە و باسی کوردایەتی دەکات...
کورد و پوخت، ئەگەر کاکە حەمە هێشتا پێشمەرگە بێت و لە بیری کوردایەتیدا بێت، بەڵام ئەم بیر و باوەڕەی، لەسایەی حکومڕانی ٣٠ ساڵی رابردوی دەسەڵاتدارەکانی ئەم هەرێمەدا، رەواجێکی نیە...