مەشعان جبوری کێیە؟

ئەو پیاوەی بۆ دژایەتی کورد لەگەڵ شەیتانیشدا ڕێدەکەوت
2023-06-19
دیبلۆماتیک

ئەو هێندە دژایەتی کوردو هەرێمی کوردستانی دەکرد کە دەیووت ئامادەین لەگەڵ شەیتانیشدا ڕێبکەوین بۆ دژایەتی و لەناوبردنی هەرێمی کوردستان.

ئێستا ئەو، لەناو جەرگەی هەولێری پایتەختی ئەو هەرێمەدا کە پێشر لەگەڵ شەیتانیشدا ڕێدەکەوت بۆ ڕووخاندنی، پەنجا هەزار مەتر زەوی بە دیاری پێدراوەو بەهای زەویەکەش سیی ملیۆن دۆلارە.

لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە ساڵی ۲۰۰۳ و تا سەروەختی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، هیچکەس هێندەی ئەو دژ بە هەرێمی کوردستان قسەی نەدەکردو هەڵوێستی نەدەنواند.

ئەو دەیووت، پرۆژەمان هەیە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە کوردەکان و دەیشیووت هەرێمێک دروستدەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێمی کوردستان.



مەشعان جبوری، سیاسەتمەدارێکی دیاری عێراقەو لە ساڵی ۱۹٥۷ لە ناوچەی " شەرقات"ی باشووری موسڵ لەدایکبووە، باوکی لەسەردەمی عەبدولڕەحمان عارفی سەرۆک کۆماری عێراقدا لە ڕیزی سوپای عێراقدا بووەو لەشەڕی سوپای عێراق بەرانبەر شۆڕشی ئەیلوول کوژاوە.

مەشعان جبوری، لە ساڵانی کۆتایی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق ئێراندا، عێراق جێدەهێڵێت و هەڵدێت بۆ سووریاو پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ۲۰۰۳ دەگەڕێتەوە بۆ عێراق و هەر لەو ساڵەدا دەبێتە حاکمی شاری موسڵ.

لە چوار خولدا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووەو پار ساڵ بەهۆی ساختەبوونی بڕوانامەکەیەوەو بە تۆمەتی فێڵکردن لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و پەرلەمان، دادگای فیدڕاڵی عێراق مافی ئەندامێتی پەرلەمانی لێسەندەوە.

ئەو تا ساڵی ۲۰۱۷ و سەروەختی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، سەرسەختانە دژایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە وتەی عادل نوری پەرلەمانتاری کۆچکردووی یەکگرتوو کە ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق بووە، مەشعان جبوری لە ساڵی ۲۰۱٦ دا لەناو پەرلەمانی عێراقدا وتوویەتی، ئێمە ئامادەین هێزی ئێرانتان بۆ بێنین و لەو ناوچانە دەرتان بکەین کە لەژێر دەستی پێشمەرگەدایە.
عادل نوری، کە هاوکات لەگەڵ ئەودا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، ئەوەشی باسکردووە کە مەشعان جبوری وتوویەتی نەک لەگەڵ ئێراندا، بەڵکو ئێمە ئامادەین لەگەڵ شەیتانیشدا هاوکاری بکەین لە دژی کرد، چونکە دوژمنی سەرسەختی ئێمە ئێوەن.



دوو ساڵە بەهۆی نزیکبوونەوەی لە مەسعود بارزانی بەتایبەت لەپاش دروستبوونی هاوپەیمانی " سەدرو بارزانی و حەلبووسی" هەڵوێست و لێدوانەکانی مەشعان جبوری دەربارەی هەرێمی کوردستان تەواو پێچەوانە بووەتەوە، تا ئەو ئاستەی کە نەناردنی بودجەی لە لایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم بە کۆمەڵکوژی ناوبرد.

لە پرسی هەڵبژاردنی پرسی سەرۆک کۆماری عێراقیشدا، تەواو پشتیوانی لە کاندیدەکەی پارتی و بارزانی دەکردو بەردەوام دەیووت ئێمە لە پرسی کاندیدی سەرۆک کۆماردا لە بارزانی نەبێت، ڕێنمایی لە هیچ کەسێکی دیکە وەرناگرین و  دەنگ بەو کاندیدە دەدەین کە بارزانی بۆمان دیاری دەکات، ئەو چەندینجاریش ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئەحمەد سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراقە.

لە ماوەی ڕابردوشدا، لە پرسی پەسەنکردنی بودجەی عێراقدا، هێرشی کردە سەر یەکێتی و نەوەی نوێ و وتی، ئەگەر ئەو دوو حیزبە نەبوونایە کەس جورئەتی ئەوەی نەدەکرد کە دەستکاری مافی کورد بکات لە بودجەدا.