دوای دوو ساڵ لەڕووداوە نێوخۆییەکانی یەکێتی خەریکی چیە بە نھێنی ؟

لاھور شێخ جەنگی دەگەڕێتەوە ؟
2023-07-09
دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە نیوەڕۆیەکی گەرم و بە سود بینین لە کاتی پشووی ھەفتە سەد و پەنجا ئۆتۆمبێلی سەربازی هێزەكانی كۆماندۆ كە لەژێر فەرمانی شێخ جەعفەردا بوون لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی و بە ئاگاداری سێ لەئەندامان و کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی ڕوەو قەڵاچوالان کشان و لە نێوان یەکەمین جوڵەیان لە فەرماندەیی و یەکەمین کردەیان کە دەست بەسەردا گرتنی بارەگای دەزگای زانیاری بوو تەنھا کاتژمێرێک و پەنجا خولەکی پێچوو .

ڕوداوەکان  بەبێدەنگی و وەک ئەوەی پلانی بۆ دادەنران دەچونە پێش  و لە ماوەی شەش کاتژمێردا دەست بەسەر هەموو ئەو جومگە هەستیارانەدا گیرا كە لەژێر كۆنتڕۆڵی لاهور شێخ جەنگیدا بوون کە پێش ئەو وادە کەمە شەش لە دەزگا ھەستیارەکانی حزبەکەیان لە بن دەست بوو لە نێویاندا  دەزگای زانیاری و دژەتیرۆرو ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای دارایی .

ڕووداوەكانی هەشتی تەموز لەلایەن لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی بە  کودەتای سپی و لایەنگرانی بافڵ تاڵەبانی بە ھەوڵی نوێ کردنەوەی حزبەکە ناو دەبرێت.

روداوەكان ئەوەندە بەخێرایی دەچونە پێش لە هەموو ئان و ساتێكدا ئەگەری تەقینەوەی دۆخەكە و پێكادانی سەربازی لێدەكرا،بە چونە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگیشەوە.

هەرچەندە لەو روداوانەدا بافڵ تاڵەبانی هەموو ئەو شتانەی چنگ كەوت كە دەویویست لەلاهور شێخ جەنگی وەربگرێتەوە،بەڵام نەیتوانی بە یەكجاری كۆتایی بەخۆری سیاسی لاهور شێخ جەنگی بهێنێت و بەتەواوی بیسڕێتەوە.

لەوانەیە هەر ئەوەش خواستی راستەقینەی بافڵ تاڵەبانی بوبێت،هەربۆیە وازی لەهەموو ئەو تۆمەتانەش هێنا كە كردبویە بەهانە بۆ دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی.


لەدوای ئەو ڕوداوانە لاھور شێخ جەنگی تاڵەبانی کە ھاوکات ئامۆزای بافڵ و قوباد تاڵەبانیە لە دەسەڵات دورخرایەوە و شوێنی کاری گواستەوە بۆ ھۆتێلی لالەزاری گەڕەکی سەرچنار و لەوەێوە دوور لە حزبەکە سەرقاڵی درێژەدان بوە بە کاروبارەکانی خۆی .

لە دوای ئەو ڕوداوانە ھەر بە تەنھا لاھور شێخ جەنگی دوور نەخرایەوە بەڵکو براو و ھاوکارەکانی و شەش لە ئەندامانی سەرکردایەتی نزیک لەو  و چوار بەرپرسی مەڵبەند و دوو بەرپرس لە حکومەتی ھەرێم دوورخرانەوە .




ئێستا حزبەکە بە تەواوی لەڕووی دەسەڵات و دارایی و ئیداریەوە لەژێر كۆنتڕڵی رەهای كزڕەكانی تاڵەبانیدایە،ھێندێک بە تەواوی بونەتە دۆستیان و ھێندێکیش بە تەواوی بونەتە دژبەریان .

دوای دوو ساڵ لەو ڕوداوانە ھێشتاش لاھور شێخ جەنگی بە نیازی گەڕانەوەیە بۆ نێوخۆی حزبەکە و بەپێی زانیاریە نافەرمیەکان چەندجارێك بۆ ئەو مەبەستە دیداری لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ھەبوە بێ ئەوەی بگەنە ھیچ ئەنجامێکی کۆنکرێتی بەڵام لەسەر ئەم پرسە ھەر یەکە لە قوباد تاڵەبانی وشاناز ئیبراھیم ئەحمەد ڤیتۆیان ھەیە و دەڵێن بەھیچ جۆرێک نابێت لاھور جەنگی بگەڕێتەوە .

لە دوای دورکەوتنەوەی لاهور شێخ جەنگی پەیوەندیەكلنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ پارتەکانی تر بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتوەتە ئەوپەڕی خراپی بەتایبەت لەسەر پرسی ئیدارەدانی حکومەت و داھات تا رادەی ئەوەی پەیوەندی ھەردوو پارتەکە بەشێوەی تەواوەتی گەیشتوەتە بنبەست.

هەرچەندە یەكێك لە بەهانەكانی دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی جگە لەدەستگررتن بەسەر مەلەفی ئەمنی حیزبەكەدا پرسی بازرگانیكردن و قاچاخچێتی و سەرانە وەرگرتن بوو لە بازرگان و سەرمایەدارەكان،بەڵام هەموو ئەو بابەتانە هەتا ئێستا بونیان هەیە و دوای لاهور شێخ جەنگیش بەجۆر و شێوازی جیاواز درێژەیان هەیە.ئەوەی لەم بابەتەدا گۆڕاوە تەنها خاوەنی دەخیلەكەیە.

لەدوای روداوەكانی 8ی تەموزەوە، بەرپرسی یەکەمی حزبەکە ئەوەی زیاتر گرنگی پێدەدات پرسی سەربازیە و بەردەوامیش وەکو سەرکردەیەکی سەربازی دەردەکەوێت و زۆربەی کاتیش لەنێو ئەو ھێزانە و بەجلێکی سەوزی سەربازی دەبینرێت.

ئەمەش لای ھێندێک بە ھەوڵی یەکخستنی ھێزە  جیاوازەکانی یەکێتی دادەنرێت و ھێندێکیش بە دروست کردنی دۆخی نائاسایی سەربازی دەدەنە قەڵەم و پێیان وایە ئەو دۆخە سەربازیە باڵی کێشاوە بەسەر سلێمانی و ناوچەکەدا .

ئەمڕۆش دوای دوو ساڵ لەو ڕوداوانە بافڵ تاڵەبانی جارێکی تر بە جلێکی سەربازی بەشداریكرد لە مانۆڕێکی سەربازی  چەند ھێزێکی حزبەکەیدا و وەکو پەیامێکیش لە کۆتایی مانۆڕەکەدا دەستی ڕاستی بە بەھێزی بەرز کردەوە و گوتی چاوەڕێبن .