پەڕلەمانتارانی كوردستان لە 4 ساڵدا چیان بۆ خۆیان كرد و چیان بۆخەڵكیش كرد

ــ ھەر پەرلەمانتارێک لەم خولەدا زیاتر لە 25دەفتەر دۆلاری وەرگرتووە
2023-07-16
خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی ھات،ئەو خولەی لە ماوەی پێنج ساڵدا بە بەراورد بە چوار خولەکەی تر لە 300% خەرجیان زیادی کردو لەكاتێكدا  60% ی بەرھەمیان لە دەرکردنی پرۆژە یاسا و لێپرسینەوەی حکومەت و چاودێری کەمی کردووە .

لەم خولەدا سەد و یازدە پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خوارد جگە لە ٧٩ ڕاوێژکار و ١١١ شۆفێر و ٥٢٧ پاسەوان کە تەنھا موچەی مانگانەی پەرلەمانتارەکان بە نەقدی سەد دەفتەر دۆلار بووە،جگە لە دابین کردنی شوقە و ڤێلا لە ناز سیتی و ھێندێک خانوی گوندی ئیتاڵی بە بەھای ھەزار و شەش سەد دەفتەر دۆلار ئەوە جگە لە خەرجی پاسەوان مانگانە بە بری ٥٠٠ ملیۆن دینار .

ئەوە جگە لەو مەسروفاتەی لە ئیفادە و خەرجی نەخۆشخانە و نەخۆشی و خواردن وەریان گرتوە کە ئەویش بەم جۆرە بوە :
مانگانە ھەر پەرلەمانتارەی سەد ھەزاری بۆ چایی و قاوە و ئاو وەرگرتوە لە نێو فراکسیۆنەکەی و لە چوار ساڵەکەشدا بەھەر ١١١ پەرلەمانتارەکە بڕی ٣٤٥ دەفتەر دۆلاریان بۆ ئیفادی دەرەوەی وڵات و نەخۆشی و چاک کردنەوەی بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکانیان وەرگرتوە .

ئەم خەرجی و موچە و مەسروفاتانە جیاوازن لەو موچە و خەرجیانەی كە دەستەی سەرۆکایەتی و ڕاوێژکارەکان ھەیان بوە کە بڕ و مەبلەغەکەی زۆر زیاتر بوە لەوەی بۆ پەڕلەمانتاران خەرجكراوە.

دەستەی سەرۆکایەتی لە ساتی کۆتایی ھێنان بە ئەرکەکانیان بە ھەرسێکیان بڕی 21 دەفتەر دۆلاریان وەک ئیکرامیە و پاداشت وەرگرت لە کاتێکدا پێشتریش موچەی ھەرسێکیان مانگانە ١٠٠ ملیۆن دینار بوە جگە لە چل و دوو پاسەوان و ھەژدە ئۆتۆمبێل و دوازدە ڕاوێژکار .



ھەر ئەوە نا بەڵکو پەرلەمانتارەکان خانەنشین دەکرێن و بەھەر ١١١ پەرلەمانتارەکە و دەستەی سەرۆکایەتی شەش موچەی بەسەر یەک وەکو دیاری خانەنشینیان وەردەگرن واتا ئەم مانگە بڕی پێنج سەد و یازدە دەفتەری تر بەنەقدی دەچێتەوە گیرفانی پەرلەمانتاران .

ئەمانە ھەموو ئەو پارانە بون کە ڕاستەوخۆ بۆ گیرفان و حیسابی پەرلەمانتارەکان چوون لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا،جگە لەوە بینای پەرلەمان خۆی مانگانە 600 ملیۆن دیناری وەك نەسرییە لە وەزارەتی دارایەوە بۆ ھاتووە ، ئەو پارەیەش بۆ خەرجی و کاروبارەکان، ئیفاد و شاند و نەسریەی فراکسیۆنەکان و سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان بەکاردەهێنراوە .

جگە لەمانیش ڕاوێژکار و کارمەند و فەرمانبەرانی پەرلەمانیش ھەبوون کە بەم جۆرە دابەش بوون ٧٩ ڕاوێژکاری کە دامەزراوی وەزارەتی دارایی بوون بە پلەی ڕاوێژکاری پێشکەوتوو بە مانگانەی سێ ملیۆن دینار و چوار سەد پاسەوان و کارمەند و و کاربەڕێکەر و شۆفێر کە کاریان لە قازانجی ئەو دامەزراوە دەکرد و کەمترین مووچەش لەو بینایەدا یەک ملیۆن و دوو سەد ھەزار دینار بوە.

هەروەها لەناو پەڕلەماندا ستافێكی تایبەتی پڕۆاۆكۆل و  جوانکاری و قاوە دروستكەر و پاککەرەوە و چایچی و چێشتلێنەر هەبوو.


لەبەرامبەردا ژمارە و داتای سەیر و سەرنج ڕاکیش دەبینین کاتێک باسی ئەرک و فەرمانی پەرلەمانتارەکان دەکەین 


لەم خولەدا تەنھا توانرا ئەو یاسایانە تێپەڕێندرێت کە پێشتر خوێندنەوەیان بۆ کراوە و بە ماوەی ١٨٣٤ ڕۆژ تەنھا 6یاسای نوێ دەرکراون 

 لە ماوەی كاركردنی تەمەنی پەڕلەماندا بە ١١١ پەرلەمانتار توانیویانە تەنھا 13پرۆژە یاسا تێبپەڕێنن و بەپێی بەدواداچونەکانی دیپلۆماتیک لەو ماوەیەدا تەنھا 6پەرلەمانتار بەشێوەی کردارەکی توانیویانە پڕۆژە یاسا ئامادە بكەن و ئەوانی تر تەنھا خوێندویانەتەوە .

لە نێو ئەو ژمارەیەدا و لە ماوەی ئەو  ١٨٣٤ ڕۆژەدا 9پەرلەمانتار تەنھا 20تا 22خولەک قسەیان کردوە و 7پەرلەمانتاریش ھیچ قسەیەکیان تۆمار نەکراوە لە پرۆتۆکۆل و تەنھا دەستیان بڵند کردوە لەکاتی دەنگدان بە پڕۆژە یاساکاندا .

جگە لەوانەش چوار پەرلەمانتار تا تەواو بونی خولی پێنج بە دیاری کراوی نەیان زانیوە لیژنەکانیان کامەیە و ھەر جارە و لە کۆبونەوەیەک بەشداریان کردوە تا ئەوەی لە دواین دانیشتنی لیژنەی وەبەرھێنان پەرلەمانتارێکی زیادە بەشداری کردوە و گوتویەتی منیش لەم لیژنەیەدا ھەم .

لەنێو ئەم خولەدا شەش جار شەڕ ڕویداوە و سێ جار شەڕەکان پەرلەمانتاری تێدا بریندار بوون و جارێکیش مستەکۆڵە بەر سەری پەرلەمانتارێک کەوتوە ،جگە لە هەڵدانی قۆندەرە لەلایەن پەرلەمانتارێک و موبایلی ئایفۆن و دوو دەبەی ئاو لەلایەن پەرلەمانتارێکی تر و شکاندنی شاشەیەک و دوو مایک لەلایەن دوو لە پەرلەمانتارانی تر، لە دواین ڕۆژەکانیشیدا ڕفاندنی چەکوشەکەی سەرۆکی پەرلەمان .