سووریا دەبێتە موڵکی ئێران

2023-07-16
دیبلۆماتیک

 شەڕی ئۆکرانیاو ڕووسیاو سەرهەڵدانی قەیرانە ناوخۆییەکانی ئەم دواییەی ڕووسیاو سەرهەڵدان و یاخیبوونەکەی گروپی ڤاگنەر، وایکردووە کە دەسەڵاتی ئێران لە سووریا فراوان ببێت.

لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و شەڕی ناوخۆیی لە سوریا، ڕووسیا بەشێوەیەکی فراوان ڕووی لەو وڵاتە کردو سوریا بوو بە خاڵێکی سەرەکی بۆ ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ڕووسیا ناچار بووە کە زۆرێک لە هێزەکانی لە سوریاوە بگەڕێنێتەوە بۆ بەرەکانی شەڕی ئۆکرانیا.

شارەزایانی ئەمنی و سەربازی دەڵێن، کشانەوەی  هێزەکانی ڕووسیا ڕێگەی بۆ هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کردووەتەوە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەو زیادکردنی سنووری هێزو دەسەڵاتیان لە سوریا.



شارەزایان دەڵێن، ڕووسیا بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێراندا، هەر ناوچەیەک لە سووریا چۆڵ دەکات دەیدات بە سوپای پاسدارانی ئێران.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی " ئێندیپێندت" لە بەرانبەر دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیا، کە لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیادا بەکاریان دێنێ، ڕووسیا بە بەخشین و یارمەتیدانی دەسەڵاتی سوپای پاسداران لە سووریا، قەرەبووی ئێران دەکاتەوەو قەرزەکەی دەداتەوە.

ژەنەڕاڵ ئەلێکسوس گرینکیویچ لە هێزی ئاسمانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەدات کە ئێران پێیوایە کە ڕووسیا قەرزاریەتی و ڕووسیاش لە سووریا قەرزەکانی بە ئێران دەداتەوە.

شارەزایان دەڵێن کشانەوەی ڕووسیا لە سووریا لە سەرانسەری ناوچەکانی سووریا ڕوویداوەو ئەو ناوچانەش لە لایەن گروپ و میلیشیاکانی ئێرانەوە پڕکراونەتەوە، بە تایبەتی لە دیمەشق و حەلەب و بادیە و دێرەزوور.

فەتحی سەید، پسپۆڕی کاروباری ئێران لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوەی هەرێمی و ستراتیژی دەڵێت، ئێران و ڕووسیا لە پێشبڕکێیەکی شێتانەدان بۆ کۆنترۆڵکردنی سوریا، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەجۆرێکە کە ڕووسیا هێدی هێدی دەکشێتەوەو هەیمەنەی ئێران لە سووریا هەڵدەکشێت.

بە وتەی فەتحی سەید، خواستەکانی ڕووسیاو ئێران لە سوریا جیاوازن، ڕووسیا سوریا وەک پێگەیەکی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاست دەبینێت و ئێرانیش سووریا وەک ڕێڕەوێکی سەرەکی دەبینێت بۆ بڵاوکردنەوەی دەسەڵاتی لە شام، نەک تەنها بەهۆی هەیمەنەی سیاسی و سەربازییەوە، بەڵکو بەهۆی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی بازرگانیشەوە."

مەحمود مستەفا، ئابووریناس و مامۆستای سوری لە زانکۆی دیمەشقی سوریا وتوویەتی "سوریا وەک بازاڕێکی گەورە بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵای ئێرانی دەبینرێت."



ئەو ئابووریناسە وتووشیەتی، گرنگترین شت بۆ ئێران ئەوەیە کە هەوڵدەدات سوود لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی سوریا وەک فۆسفات و نەوت و ئەوانی دیکە وەربگرێت، لە ڕێگەی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ حکومەتی سوریادا مۆری کردووە."

شارەزایان دەڵێن پێگەو ڕۆڵی ڕووسیا لە سووریا دوای یاخیبوونەکەی گروپی ڤاگنەر زیاتر لاواز بوو، وە دەرفەتی زۆرتری دایە ئێران بۆ ئەوەی پێگەی سەربازی و سیاسی خۆی لەو وڵاتە بەهێزتر بکات.

موحیدین غەنیم، پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی قاهیرە بە پێگەی " مشرق"ی وتووە: " گەورەترین زیانی ڕووسیا بەهۆی قەیرانی گروپی ڤاگنەرەوە لە سوریا دەبێت".