ڕووسیا خاکی ئۆکرانیا مین ڕێژ دەکات

2023-08-13
دیبلۆماتیک

لە ماوەی ساڵ و نیوێک جەنگی نێوان ڕووسیاو ئۆکرانیاو لەو شوێنانەی خاکی ئۆکرانیا کە داگیری کردووە، ڕووسیا ملیۆنان " مین"ی چاندووە.

پسپۆڕانی بواری چەک و تەمەقەمەنی، وای مەزەندە دەکەن پاککردنەوەی خاکی ئۆکرانیا لەو مینانەی ڕووسیا چاندوویەتی، دەیان ساڵ و لانیکەم چل ملیار دۆلاری پێوویستبێت.

جیاواز لە گشت ئەو زەرەرو زیانە گیانی و مادییانەی کە لە ئەنجامی ڕووبەڕووبونەوەی هەوڵی داگیرکاری ڕووسیا تووشی بووە، چاندنی ملیۆنان مین لە خاکەکەیدا لە لایەن ڕووسیاوە، ئۆکرانیای ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەوڕەو درێژخایەن کردووەتەوە.



دێنیس شمیهال، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند،  کە نزیکەی 250 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەوی وڵاتەکەیان لە لایەن ڕووسیاوە بە مین یان تەقەمەنی نەتەقێنراوە چێنراوە..

سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەیان لە ئێستادا گەورەترین کێڵگەی مینە لە جیهاندا.

ئۆلێکسی دانیلۆڤ، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئۆکرانیا دەڵێت، ڕووسەکان پێنج مینیان لە هەر مەترێکی چوارگۆشەدا چاندووە لەو خاکەی ئۆکرانیا کە دەستیان بەسەردا گرتووە.

بەپێی وتەی، دێنیس شمیهال، سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا، ڕووبەری ئەو خاکەی ئۆکرانیا کە ڕووسیا بە مین چاندوویەتی، بە نیوەی ڕووبەری خاکی وڵاتی ئەڵمانیا دەخەمڵێنرێت.

ڕاپۆرتێکی گۆڤاری " نیوزویک"ی ئەمەریکیش ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئۆکرانیا زۆرترین ژمارەی مینی تێدا چێنراوەو ئەو وڵاتە زۆرترین ڕووبەری بە مین چێنراوی هەیە.

لەپاش ئەوەی کە سوپای ڕووسیا، وازی لە هێرشبڕدن هێناوە، دەستیکردووە بە پرۆسەی مین ڕێژکردنی ئەو ڕووبەرانەی خاکی ئۆکرانیا کە دەستی بەسەردا گرتووە، بەپرسانی سەربازی ئۆکرانیا دڵێن، ڕووسیا لە مین ڕێژکردنی خاکی ئۆکرانیا چەند ئامانجێکی هەیە، وەکو ئەوان دەڵێن، بەهۆی ئەو قەیرانانەوە کە ڕووبەڕووی سوپای ڕووسیا بووەتەوە، بەتایبەتی لە پاش قەیرانی " گروپی ڤاگنەر"ەوە، ڕووسیا چووەتە قۆناغی بەرگرییەوەو مینڕێژ کردنەکە بە پلەی یەکەم بۆ ئەوەیە کە سوپای ئۆکرانیا  نەتوانێت ئەوناوچانە 
بگرێتەوە کە ڕووسیا داگیری کردووە.



بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی " نیویۆرک تایمز"، بەهۆی ئەو ملیۆنان مینەوە کە ڕووسیا لە خاکی ئۆکرانیادا چاندوویەتی، سوپای ئۆکرانیا وازی لە هێرشی زەمینی و بەکارهێنانی تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش هێناوەو بە پشتبەستن بە تۆپخانە و موشەکی مەودا درێژ  دەیەوێت هێزەکانی سوپای ڕوسیا لاواز بکات و تێکبشکێنێت.

ئۆپەراسیۆنی دژە سەربازی ئۆکرانیا زیاتر لە دوو مانگ لەمەوبەر دەستیپێکرد بە مەبەستی گرتنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان لە دەست هێزەکانی سوپای ڕووسیا، بەڵام بەهۆی ملیۆنان مینی چێنراوی جۆراوجۆڕو دژە تانکەوە لە لایەن سوپای ڕووسیاوە، پرۆسەکە زۆر بەهێواشی بەرەوپێش دەچێت.

سەرۆکی سەنتەری ئۆکرانیا بۆ هاوبەشی نێودەوڵەتی، ئەناتۆلی پولکڤانیکۆڤ، بە ڕۆژنامەی " نیویۆرک تایمز"ی ڕاگەیاندووە کە حکومەتی ئۆکرانیا پێیوایە پێویستی بە 35 ساڵ و چل ملیار دولار  دەبێت بۆ پاککردنەوەی خاکەکەی لەو ملیۆنان مینەی کە ڕووسیا چاندوویەتی. 

ئەو بەرپرسە ئۆکرانییە، ئاماژەی بەوەش داوە، کە ڕووسیا بەچاندنی ملیۆنان مین لە ڕووبەرێکی گەورەی خاکەکەیدا، دەیەوێت دانیشتوانی ئەو ناوچانە وا لێبکات کە بیر لەگەڕانەوە نەکەنەوە بۆ ناوچەکانیان و ئامانجێکی دیکەش ئەوەیە کە ئەو ڕووبەرە زۆرەی لە زەوی کشتوکاڵی مین ڕێژ کردووەو بەوەش زیانێکی گەورە لە بواری کەرتی کستوکاڵ و ئابووری ئۆکرانیا دەدات