کوژرانی هاوڕێکەی قاسم سلێمانی ئاگر لە ئێران بەردەدات

2023-12-26
دیپلۆماتیک 


 ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، ڕاوێژکار و فەرماندەی دیاری سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران، رەزا موسەوی، لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئیسرائیلی  ناوچەی " سەیدە زەینەب"  لە دیمەشق کوژرا.

کوژرانی ئەو فەرماندە سەربازییەی سوپای پاسداران، ئاگری لە ئێران بەرداوەو هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی دەکەن و سەرۆک کۆماری ئێرانیش دەڵێت، ئیسرائیل باجی ئەم تاوانەی دەدات.

بەپێی هەواڵی ڕوانگەی سوری بۆمافەکانی مرۆڤ،  ڕەزا موسەوی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و کەسایەتی نزیک لە قاسم سلێمانی و حەسەن نەسرولڵای سەرکردەی حزبوللای لوبنانی، لە کێڵگەیەکی سەر بە میلیشیاکانی حزبوللادا لە ناوچەی" سەیدە زەینەب"ی دیمەشق لە هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیلدا کوژراوەو هاوکات  چوار پاسەوانیش کە لە گەڵیدابوون برینداربوون.


بەپێی زانیارییەکان، ڕەزا موسەوی، دوای كۆبونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە سوریا کەوتووەتە بەر هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوەو کوژراوە.

ڕەزا موسەوی، یەکێک لە فەرماندە گەورەو دیارەکانی جەنگبووە لە سوریاو زانیارییەکان دەگوترێت ئەو بەرپرس بووە لە گواستنەوەی چەک لە تارانەوە بۆ بەیروت.

هاوکات بەرپرس بووە لە هەماهەنگیكردن لەنێوان فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران و حكومەتی سوریا, لەگەڵ ئاسانكاریكردن بۆ بردنە ناوەوەی ئەو هێزانەی ئێران سەركردایەتیان دەكات و ناردنی بارە چەك بۆ سوریاو حزبوڵای لوبنان.

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لەپاش کوژرانی رەزا موسەوی لە سووریا بە هۆی هێرشی ئیسرائیلەوە وتی، ئەم جەنەڕاڵە کە هاوەڵی قاسم سولەیمانی بوو، لەژێر پەردەی راوێژکاری میحوەری مقاوەمەی ئیسلامی بۆ پاراستنی مەزارگەی " ئەهلی بەیت" لە سوریا کوژراوە

كوژرانی ڕەزاو موسەوی، کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر ئێران و میدیاکان کوژرانی ئەو فەرماندە سەربازییە، هاوتا دەکەن بە كوژرانی قاسم سولیمانی.

زانیارییەکان سەبارەت بەو فەرماندە کوژراوەی ئێران دەڵێن، کە ئیسماعیل قائانی, فەرماندەی ئێستا فەیلەقی قودس, ڕهرا موسەوی كردووە بە سەرۆكی ئەركانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی ئێران و ئەوەش وا لێکدەدرلتەوە کە موسەوی دووەم پایە بەرزترین ئەفسەری سەربازی ئێران بووە لەو وڵاتەدا.
سەرۆک کۆماری ئێران، هەڕەشەی توندی لە ئیسرائیل کردو وتی، گومانی تێدا نییە کە ئەم کارە نیشانەیەکی دیکەی بێدەسەڵاتی ئیسرائیلە و بە دڵنیاییەوە باجی ئەم تاوانەش دەدات.