ماوەیەکی زۆرە تەنانەت پێش کەوتنی ئەسەدیش باس لەوە دەکەم کە بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئیسرائیل و تورکیا بەریەک دەکەون. دوای کەوتنی ئەسەد ئەم بابەتە زیاتر خۆی دەرخست. من لە چەندین بابەتی ڤیدیۆیی، چاوپێکەوتن و نووسیندا باسم لەم بابەتە کردووە. ئیسرائیل بۆ یەکەمجار وەک هێزی هەرێمیی دەستێوەردەر لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەردەکەوێت و ئەمەش خەون و خەیاڵی نیۆعوسمانیی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە. ئەمڕۆ ئەم وتارەی جوریسەلم پۆست بەڕوونیی پەنجە لەسەر ئەم خاڵە گرنگە دادەنێت:
بەستێنی هەرێمیی
ئەم نووسینە باس لە ڕوانینی دژە-ئیسرائیلیی تورکیا دەکات و پشتیوانیی تورکیا بۆ حەماس کە بەهۆی ئایدیۆلۆژیای ئیخوان موسلیمینەوە زیاتر ڕادیکاڵیزە بووە. جەنگی ئیسرائیل-حەماس خاڵە گەرم و قووڵەکەی خۆی لە سوریادا لەگەڵ تورکیا بینییەوە.
کەوتنی ئەسەد ناوچەکەی ناسەقامگیرکردووە، وتارەکە باس لە هەڕەشەی تورکیا لەسەر «کوردی هاوپەیمانی ئەمریکا» دەکات لە سوریا و خەونی لەناوبردنی سەربەخۆیی کورد و باس لەوەش دەکات ئیسرائیل لەکاتێکدا وەک باڵانسی پێچەوانە پشتیوانیی لە کورد کردووە، ڕاستەوخۆ ئێستا بەر تورکیا دەکەوێت.
پەیوەندییە مێژووییەکان
وتارەکە باس لەوە دەکات لە ڕووداوەکانی پێکدادانی کەشتییەکەی غەزە لە ٢٠١٠ پەیوەندیی تورکیی-ئیسرائیلیی گرژتر کردووە. هەروەها دەڵێت هەوڵ بۆ چاککردنی پەیوەندییەکان لەسەردەمی سەرۆکایەتیی هێرزۆگ لە ٢٠٢٢دا لە سەردانیدا بۆ ئەنقەرە مامەڵە و پەیوەندییە دارایی و دیپلۆماتییەکان زیاتر داکشاون و کەوتوون.
داینامیکە هەنوکەییەکان
هەردوو وڵاتەکە لە سوریا ئامادەیی سەربازییان هەیە، و بەئەگەری زۆریشەوە پۆتێنشیەڵیی ناوەکیی پێکدادانیان هەیە، چونکە تورکیا خەونی هەرێمایەتیی و پانتایی و سیاسەتی پانتایی فراوانی هەیە و ئێستا ئیسرائیلیش دەیەوێت ڕۆڵی نەک تەنها چاودێری ناچالاک، بەڵکو دەستێوەردەر و هەروەها پارێزبەندی بەرژەوەندییەکانی و ئەوانەشی لێیەوە نزیکن، بگێڕێت. زیاتر هاتنە ناوەوەی تورکیا، ئاساییش و دەسەڵاتی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە.
هەروەها ڕوانگەی دژە-ئیسرائیلییانەی تورکەکان و ئەردۆغان وا دەکات لەسەردەمی حوکمی نەتانیاهودا زیاتر دەنگی دژە-تورکیی لەناوخۆی ئیسرائیل زیاد ببێت، وەک لەپێشەوە ڕوویداوە.
ڕوانگەکان
پسپۆڕانی بواری جیۆپۆلەتیک باس لە پێکدادانی بێ پێشینەی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دەکەن و ئەم گرژییانەش دانامرکێنەوە بەڵکو بەرەو هەڵکشان دەڕۆن.
هەروەها دەشڵێن سەرەڕای ئەوەی هێشتا پەیوەندییەکان بەتەواویی نەچوونەتە حاڵەتی دوژمنایەتییەوە، بەڵام پێکدادانی سەربازیی نێوان هەردوو وڵاتەکە ئەگەرێکی کراوەیە.
کورد ئەگەر بزانێت (وەک تا ئێستا باش هێناویەتی) سیاسەتێکی ژیرانە بکات، دەتوانێت پەیوەندیی تورکیی-ئیسرائیلیی زیاتر بەرەو کزیی ببات و ئەمەش لەبەرژەوەندییەتی. دواجار سیاسەت بریتییە لە پاراستنی بەرژەوەندیی.