کە جاهیلێک خۆی دەکاتە پسپۆر و شرۆڤەکار !!

محمد خۆشناو

2025-02-01

فەزای ئەلکتڕۆنی لە کوردستان بۆتە ترسناکترین چڵپاو لە ژیانی مرۆڤدا ، کە پڕبووە لە عەقلی نەزان و کەللەپووت ، نەزانیی خۆی بەسەر عەقلی ڕووناکدا دەسەپێنن ، باسی کەشێکی «گەمژانە» دەکەم کە هەندێک لەناو ئەو جەهالەتە ئەستێرە و شارەزا و پسپۆر و سەرکردەی ڕا و پاڵەوان دروستبووە و ، شرۆڤە دەکەن و دۆخەکە دەگەیننە پەڕەکەی ئاسمان و هەندێک جاریش «تەبەقەی حەوتەمی زەوی» ، ئەو بەناو چالاکوان و تیکتۆکچی-یانە  کە فەزای ئەلکترۆنیان کردۆتە مەیدان بۆ خۆنمایشکردن ، دەزانن لە کوێ ئیستیفزازی بکەن و ختووکەی هەستەکان بکات یان ئاهی سەرسامیی یان هاواری ناڕەزایی بهێنن ،  وایان لەو فەزایە کردووە کە لە ئامانجە دروستەکانی لابدات ، هەندێک لەوانە کە لە سۆشیالمیدیا دەردەکەوێت وەک ئەوەی لەبەردەم قووتابیەکانی « واتە جەماوەر» بێت وایە ، هەرچی لەناو مێشکی هەیە هەندێک جار هی زگیشی قسەی پێدەکات ، ئەمە مادەی هۆشبەری هزریە لە پەخشێکدا دەیخاتەڕوو  کە ڕێگایەکی نوێیە بۆ جەهل ، جا سەیر لەوەدایە هەرچەند لەکن جەماوەر بەرزتر بێت زیاتر بەدەردەکەوێت ، هەرکاتێکیش ناوی بزربوو ، پرسێکی ڕای گشتی هەڵدەگرێت بۆئەوەی بۆچوونێکی مشتومڕاوی پێشکەشبکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەدیارکەوێتەوە ، لەکن ئەو  هیچ کێشەیەک نیە کە ئەگەر جارێک یان دووجار داوای لێبووردن بکات یان بەتۆبزی دیار نەمێنێت و ، دواتر بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مومارەسەی ئارەزووەکەی بکات ، جێی داخە کە بڵێین ئارەزوو ، بەڵکو هەروەک « ئالان دونۆ » لە « سیستەمی هیچوپوچیی » دا دەڵێت ( پیشەیی بوونە لە جیهانێکدا کە هیچووپووچەکان پیرۆز دەکەن ) ، لەو فەزایە لافاوی ڕیکلام و بەربڵاوی بازرگانی و تەراتێنکردنی کارەکتەری بێنرخ و بێناوەڕۆک  و گورگە تاکەکان بەکیفی خۆیان تێدا دەسوڕێنەوە بۆ شێواندنی مێشک و فریودان  ، ئەوە ئەو تەکنۆلۆژیایەیە كە هەمووی لە «چین» وە هاتووە ، تەکنۆلۆژیای پەخش ، تەلەفۆن ، پەتا و ڤاکسین و «کۆڤید19» و « تیک تۆک» کە نەخۆشیەکی موزمینە ڕۆلێکی ترسناک دەگێڕێت لە ژیانماندا ، کە خۆی لە کاتبەسەربردن لەگەڵ گەمژەکان و بیرووبۆچوونی سەتحی لەجیاتی سەرچاوەی زانیاری و کلتوور دەبینێتەوە و مەترسی لەسەر مێشکی منداڵ و هەرزەکار و ڕەفتاریان دەهێڵێتەوە ، لێکۆلەرەوان لە بواری سۆشیالمیدیا لە چین زاراوەکی گرنگیان بۆ هەندێک لە بەشداربووانی سۆشیالمیدیا داناوە بەناوی ( چەتە پەنجا سنتیەکان ) ، بەوپێیەی کە هەندێک هێزی سیاسی و ئابووری دیاریکراو ئەو بەشداربووانە بەکرێ دەگرن بۆ وروژاندنی گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی دیاریکراو کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان بکات و ، هەر بەشداربووێک لەوانەی تێکەڵی « چەتەی ئەلکتڕۆنی » دەبێت و « 50 » سەنت بەرانبەر هەر لێدوانێک کە پەخشی دەکات بۆ ئاراستەی دیاریکراو وەردەگرێت ، بەڵام گەورەترین کێشە کاتێک دەردەکەوێت کە بەشداربووان بەهۆی پاڵنەرێکی بێمانا یان مەبەستی زیانبەخشەوە بەشداریدەکەن لە لادان و ژاراویکردنی گفتوگۆکە بەخۆڕایی و ، لەزۆر حالەتدا ،  کاتێک ئێمە بەشداری ئەو دوژمنایەتییە دەستکردە ئازادە دەکەین  دەرئەنجامەکەی دەبێتە مایەی شەرمەزاری کە خزمەت بە پێکەوەژیانی ئێمە و کێشەکانمان ناکات .