مرۆڤە دەمامک چیەکان 

فارس نەورۆڵی

2025-01-30

مرۆڤ ئاڵۆزترین مەخلوقی خودایە، لە هەمانکاتدا ئاقڵترینە. دواجار بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و ناتوانێ بەتەنها بژی، بۆیە پێویستی بە دەوروبەرەکەیەتی، لێرەوە لە چالاکیەکانی ڕۆژانەیدا پەیوەندییەکانی فراوان دەبێت و پێناسەی خۆی لە کۆمەڵگەدا دەکات، هەندێجار مرۆڤەکان هەڵگری پێناسەی جیاجیان، واتە حەقیقەتێکی دیاریان نیە دەکرێ بەو مرۆڤانە بڵێی دەمامک دارەکان، ئەوانەی ڕوبەڕو وەک فریشتە نمایش دەکەن دەمامکیان  بەستووە، بەڵام لە پشتی دەمامکەکەیانەوە قوڵاییەکی دیکە هەیە پڕە لە فێڵی شەیتانانەو بیرکردنەوەی قێزەون، لە دیدی نیچە دەمامک نوێنەرایەتی ژیانی ئاڵۆزی مرۆڤ دەکات، واتە نوێنەرایەتی ساختە ئەو دەمامک وساختانە  قوڵاییەکی لەپشتە ئەگەر بۆ ڕەچەڵەکی دەمامک بگەڕێینەوە لە پێداویستی مرۆڤی ساختەوە هاتووە دەتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر بەهۆی دەمامکەوە ببێتە خاوەنی ڕاستییەکی ساختە، بۆیە دەبێ بزانین لەناو ڕاستییەکانی ئەم ڕۆژگارەدا لەهەموو کایەکاندا ساختەو دەمامک  ئامادەیی هەیە، کەواتە قووڵایی پشت دەمامک بەردەوام ڕاستیەکان تێکدەدەن، ئەمڕۆ بابەتە گەورەکان بەدەمامکەوە خۆیان نمایشدەکەن، بۆیە سەختە لە حەقیقەتی مرۆڤە دەمامک  دارەکان بگەین، ئەمڕۆ سیاسی دەمامک چیمان هەیە پیاوی ئاینی دەمامک چیمان هەیە بازرگانی گەورەی دەمامک دارمان هەیە دکتۆری دەمامک دارمان هەیە زانکۆی دەمامک دارمان هەیە حیزبی دەمامک دارمان هەیە ناسراوی دەمامک چی زۆرمان هەیە (گوایە هاوڕێیە) لێرەدا ڕۆشنبیرەکان بەرپرسیاری یەکەمن لەم دۆخی دەمامکەدا، چونکە ڕۆشنبیرەکان بۆ خۆیان زۆربەیان هەڵگری دەمامکن هەموو کردارەکانیان پێچەوانەی گوفتارەکانیانە. بۆیە خۆشیان و خەڵکیشیان گرفتار کردووە ئیتر  لەم سەردەمەدا  مرۆڤی دەمامک چی و ساختەچی لە مرۆڤی ڕاستگۆ و بێ دەمامک زۆر زۆرترن، هەر بۆیە کە مرۆڤی دەمامک دار زۆربوون کاڵاو بەرهەمی ساختەو دەمامکدار زۆر دەبن، لێرەوە نەخۆشی ترسناک سەرهەڵدەدات. ئەوەتا بەگەمەی مرۆڤە دەمامک دارەکان کۆمەڵگەکەوتوەتەبەردەم هەڕەشەی جدییەووە لەهەموو کایە کانی ژیاندا .