لێکدانەوەی ئێمەو واقیعی حاڵی ئەوان و پلانی بەرامبەر

د. سەلام عەبدولکەریم

2025-04-07

پێش روداوی (٧ی ئۆکتۆبەر) کە حەماس پەلاماری ئیسرائیلی دا، پلانی چۆڵکردنی غەززەو راگواستنی خەڵکەکەی بۆ دۆڵی سینای میسر پێشوەخت داڕێژرابوو، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامیش لەو پلانە هەم ئاگاداربوون و هەم زۆربەشیان تیایدا بەشداربوون.  بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە لەژێر گوشاری ئەمەریکادا زۆربەی ئەو وڵاتانە پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوەو گەیشتە ئاستی رێکەتننامەش. تەنها سعودیە مابوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەتەواوی ئاسایی بکاتەوەو گەیشتبووە دوایین قۆناغ و بەرەو ئیمزاکردنی رێکەوتننامە لەگەڵیدا. بۆیە ئەگەر روداوی (٧ی ئۆکتۆبەر)ی بەدوادا نەهاتایە، ئەوا سعودیەش دوای دوایین قۆناغ و ئیمزاکردنی رێکەوتننامە لەگەڵ ئیسرائیل دەچووە ریزی وڵاتانی دیکەی بەشدار لەپلانەکەی ئیسرائیلدا بۆ چۆڵکردن و راگواستنی غەززە.
ئەوەی حەماسیش لە (٧ی ئۆکتۆبەر) ئەنجامیدا هەوڵدان بوو بۆ تێکدانی پلانەکە یان لانیکەم پەکخستن و دواخستن و لەمپەر بۆ دروستکردنی، چونکە ئەگەر ئەوکات و ئێستاش، کە سیاسەتی سوتماک کردنی زەوی و خەڵکی غەززە دەستیپێکردووە بەڵگەی بەهێزن، کە کارێکی حەتمی بوو دەبوو ئیسرائیل ئەو پلانە جێبەجێ بکات و ئەوەتا ئێستاش سورە لەسەر جێبەجێکردنی و کوشتوبڕ لەسەر کوشتوبڕ ئەنجامی دەدات وەکچۆن دوای روداوی (٧ی ئۆکتۆبەر) سەرەداوەکان دەرکەوتن و دواتریش خۆیان ئاشکرایان کرد بەترەمپیشەوە. 
سەیرە لێرەوە ئێمە دانیشتووین ئەڵێین حەماس بۆوایکرد ؟ ئەبو واینەکردایە؟ تۆ بڵێی هێزێک بەدرێژایی تەمەنی دروستبوونی نەیزانیبێ  کاردانەوەکانی نەیارەکەی چی دەبێت؟ هێزێک بەرامبەر دەوڵەتێکی سەربازی بەهێز چەند ساڵە راوەستاوە تۆ بڵێی دوو خوێنەواریان تێدا نەبووبێت نەیانزانیایە دوایی چیدەگوزەرێت؟
تۆ بیهێنە پێشچاوی خۆت عێراق یا وڵاتێکی تر بەکورد بڵێت ئیلا ئەبێ نیشتیمانەکەت چۆڵ بکەیت و رابگوازی بۆ خاکێکی دەرەوەی نیشتیمانەکەت هەڵوێستت چی دەبێت؟
بۆیە ئەوەی حەماس ئەنجامی داو ئەوەی ئێستاش دەیکات بەرگری ڕەوایە لەخاک و نیشتیمانی رەسەنی خۆی بەرامبەر دەوڵەت وهێزو تەنێکی نامۆو غەوارە بەخاک و ئاوی ناوچەکە، هیچ بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازیش سازش لەسەر فرۆشتنی خاک و نیشتیمان و خەڵکەکەی ناکات، مەگەر لەبنەما و پرنسیپە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی لایدابێت. بۆیە لۆمەی حەماس مەکەن ئەوانیش وەک شۆڕشی ئێمەی کورد بەرگری لەناسنامەو شوناس و خاک و نیشتیمانیان ئەکەن و ئامادەن لەپێناویدا گیانیان ببەخشن