ململانێی هیندستان و پاکستان لەسێبەری چین و ئەمەریکا

بەهروز حاجی

2025-05-10

ئەوەی لە نێوان هیندستان و پاکستاندا دەگوزەرێت تەنها هەڵکشانی سنوورەکان نییە شەڕێکی بە وەکالەتی چین و ئەمریکایە!
هیندستان ئەمریکای لە پشتەوەیە، لە ڕووی سەربازی و هەواڵگرییەوە پشتگیری لێدەکات. ئەوەی لە جیۆپۆلەتیک تێبگات پەنجەمۆری سی ئای ئەی دەبینێت.
لە لایەکی ترەوە پاکستان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی وەڵام ناداتەوە،چین لەپشتییەوە وەستاوە ، وەک ئامرازێکی فشار بەکاری دەهێنێت لە شەڕە درێژخایەنەکەی لەگەڵ واشنتۆن.

ئەمەش واتە ئێمە لەبەردەم زەمینەیەکی نوێی تاقیکردنەوەداین لە نێوان دوو زلهێزدا، هەردووکیشیان چەکی ئەتۆمییان هەیە!

هەر بۆیە ئەمجارە جیاوازە لە هەموو کاتەکانی تر چونکە جەمسەرە نێودەوڵەتییەکان چڕتر نمایشی خۆیان لەڕێی وەکالەتەکانیانەوە  دەکەن. 
کاتێکیش وەها خۆیاننیشان دەدەن کە زمانی دیپلۆماسی بەکاردەهێنن و لەبەردەم کامێراکاندا باسی ئاشتی دەکەن،بەڵام لەواقیعدا، وجودێکی تریان هەیەو شەڕی بەرژەوەندییەکانیان بەو دوو چەکە قورسە دەکەن.

چین و ئەمریکا وەک لایەنی ناڕاستەوخۆ لە شەڕەکەدا دەردەکەون.

بەڵام بوونی ئەوان لە پاشخاندا ئاڕاستەی ناکۆکییەکە دەکات و هەندێکجاریش دەیسازێنن.
کاریگەریان لەسەر ئەگەرەکانی هێوربوونەوە یان تەقینەوە هەیە، بەهۆی تێکەڵبوونی بەرژەوەندی و هاوپەیمانیەکانیان لە ناوچەکەدا.

چین لەپێشتر و بەئێستاشەوە لەگەڵ پاکستان وەستاوە، کە ئەویش بەچەند هۆکاری ستراتیژی و جیاواز، لەوانە: 
 هیندستان بەهێزترین ڕکابەری ئابوورییە لە ناوچەکە ،
بۆیە ئەمریکا هیندستان بەکاردەهێنێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەرییە ئابوری و جوڵە سیاسیەکانیشی.
هۆکارە ئابوورییە زەقەکەشی ، وەک پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابووری چین-پاکستان (CPEC)، 
کە بەناو خاکی کێشە لەسەری کشمیردا تێدەپەڕێت، نوێنەرایەتی ملیارەها دۆلاری وەبەرهێنان دەکات کە گەرەنتی دەستڕاگەیشتن بە چین بە زەریای هیندی دەکات.

هەر بۆیە چین پێی وایە سەقامگیری لە کشمیر دەبێت لە پاکستانەوە بێت نەک لە هەژموونی هیندستانەوە.
چین چەندین جار ڤیتۆی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە دژی ئەو بڕیارانەی کە ڕەخنە لە پاکستان دەگرێت بەکار هێناوە.
چین ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە بڕیارەکەی هیندستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێگەی تایبەتی کشمیر لە ساڵی ٢٠١٩ دا. 
جگە لەوەش چین ناکۆکی ڕاستەوخۆی سنووری لەگەڵ هیندستان هەیە. 
چین بە کردەوە هەرگیز لە ڕووی سەربازییەوە دەستوەردانی لە ململانێی کشمیردا نەکردووە.
بەڵام ئەم پرسە وەک کارتی فشار لەسەر هیندستان لە کاتی قەیرانەکاندا بەکاردەهێنێت.
ئەمەش لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دیار بووە، وەک کاتێک بەرەیەکی سنووری نوێ لەگەڵ هیندستان لە لاداخ کرایەوە دوای پەرەسەندنی کشمیر، کە لەو کاتەدا وەک هۆشدارییەکی پەردەپۆشکراو بۆ هیندستان لێکدرایەوە.

سەبارەت بە ئەمریکاش ئێستا لە جاران لە هیندستان نزیکترە.
ئەم پەیوەندییە بەهۆی بەرزبوونەوەی نفوزی چینەوە بەهێزتر بووە.
هیندستان وەک بەشێکی سەرەکی ستراتیژی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکین لە ناوچەکەو و زەریای هێمن ماوەتەوە.
بە تایبەتی لەناو هاوپەیمانی کواد کە ژاپۆن و ئوسترالیاش دەگرێتەوە.
ئەمریکا ڕێککەوتنی بەرگری و تەکنەلۆژیای لەگەڵ هیندستان دا هەیە
وە پشتگیری لە هەڵوێستی خۆی دەکات لە ڕووبەڕوو بوونەوەی گروپە چەکدارەکان لە کشمیر.
بەڵام سەرەڕای هاوبەشی بەهێزی لەگەڵ هیندستان، ئەمریکا دەرگا لەسەر پاکستان دانەخستووە بەو پێیەی هێشتا کەناڵە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەپارێزێت و ڕۆڵی "بەڕێوەبەری قەیران" دەبینێت کاتێک گرژییەکان دەگەنە لێواری شەڕ.

 ئەگەر سەیرێکی مێژووی نزیکی پەیوەندی نێوان ئەمریکاو پاکستان بکەین، بۆنمونە لە سەردەمی قەیرانی کارگیل لە ساڵی ١٩٩٩(کەشەڕێکی سەربازی بوو لەنێوان هیندستان و پاکستان،لەهەرێمی کشمیر) کاتێک کلینتۆن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا فشاری خستە سەر پاکستان بۆ کشانەوە، هەروەها دوای هێرشی پولواما لە ساڵی ٢٠١٩، کاتێک واشنتۆن وەک پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییە ئەتۆمییەکانی نێوان هەردوولا کاری کرد.
.
لە کۆتاییدا دەڵێین نە ئەمریکا و نە چین ناچنە ناو شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەسەر کشمیر، بەڵکو هەر لایەنێک هەوڵدەدات ململانێکان بە ئاراستەیەکدا ببات کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بکات.
بەڵام ململانێی هیندستان و پاکستان چیتر تەنیا ناکۆکییەکی ناوچەیی نییە، بەڵکو گۆڕەپانی کارلێکی نێوان دوو زلهێزی جیهانییە کە هەوڵی دیاریکردنی هاوسەنگی هێز لە ئاسیا دەدەن.
لەگەڵ هەر پەرەسەندنێکی نوێدا، شوێن پەنجەی واشنتۆن و پەکین، بەڕوونی لەناوچەکەدا دەردەکەون.