بۆچی نابێت گوێ بۆ ئاپۆ بگرین؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2025-05-16

"سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کە من لە هەوادارانی ماڵی هاوبەشم نەک سەرۆک و مەرجەعی هاوبەش"

ئایا مەرجەع هەڵە دەکات؟ لە سیستم و مەنزوومە مەرکەزی و ئۆتۆکراسییەکاندا بەیەک وشە نەخێر مەرجەع هەڵەناکات، گەر بشیکات ئێمە ناتوانین بیبینین، خۆ گەر کەسێک بوێری ئەوەی هەبێت هەڵەی مەرجەع ببینێت ئەوا دەبێت لە ناخی خۆیدا بینێژیت دەنا بەهاکەی بە گیانی خۆی تەواو دەبێت.
سادەترین پێناسە بۆ مەنزوومە یان حکومەتی دیموکراتیک ئەو پێناسەیەیە کە پێی وایە مەنزومەکە نوێنەری خەڵکە نەوەک خودا و ڕۆحی نەتەوە و بابەتی ئایدۆلۆژیی، لەهەمانکاتدا ئەم سیستمە لە هەڵەکانی خۆی پەند و وانە وەردەگرێت بۆ ئیسڵاحی داهاتوو. هەڵەکردن و پاشان پەند وەرگرتن لەهەڵەکان و نادیدە نەگرتنیان جەوهەریتریین سیمای ناسینەوەی مەنزومەی یاسایی و خەڵک سەنتەر و دیموکراتەکانە.
گەورەترین سەرچاوەی ژیان و قوتی مەنزومهیەکی دیموکرات ئەنجامدانی هەڵەیە، بەڵام ئەوەی جیای دەکاتەوە لە مەنزومەیەکی دیکتاتۆر و تۆتالیتار ئەوەیە ئەم باز نادات بەسەر هەڵەکانیدا و هەمیشە دەرگای بۆ ڕەخنەی سیاسیی و ئیداریی لەسەر پشتە، ئەگەر چی ڕەخنەکان لەدژی سیستمەکەش بن و تا لێواری لێکهەڵوەشانەوەشی بەرن.  هەڵە بۆ ئەم جۆرە لە سیستم سووتەمەنی وئەنەرژییە بۆ جوڵە و دەرچوون لە مەنگی، ئەویش تەنها لەپێناو چاکە و  بەرژەوەندیی گشتییدا. 

کاتێک سیستمێک نیەتی ئەوە دەهێنێت لەهەڵەکانی خۆی پەند وەربگرێت، ئیدی هەموو شتێک بۆی وەک ڕوبارێک لە دۆخی جەرەیان و جوڵەدایە، هیچ شتێک لەشوێنی خۆی جێگیر نابێت، کە جوڵە هەبوو هیچ شتێک ئیدی جێگیر و هەمیشەیی نابێت. پەیکەری دۆگما و نەجوڵاوی فیگەرە سیاسییەکان لە مەیدانە سیاسییەکەیدا جێگایان نابێتەوە.
 کاتیی بوون و جوڵەی بەردەوامی هەموو  کەس و هەموو شتێک لە هەموو جێگایەک ئۆتۆماتیکیی دەبێتە عورفێکی چەسپاو کەس ناتوانێت لێی لابدات. ئەم جوڵە بەردەوامە وادەکات ئیدی ئاینیش وەزیفەی خۆی بگۆڕێت لە کایە ژیاریی و سیاسییەکاندا، بە پێچەوانەی ئیدیعای زۆر نووسەر و ڕۆشنگەری ئیسلامیست و عەلمانیی  کوردەوە، لەم جۆرە سیستمانەدا ئایین ناکرێتە دەرەوە بەڵکو تەنها وەزیفەکەی دەگۆڕێت. 
 لەبەر ئەوەی سیستمەکە تەواو عەقڵانییە ئیدی  چەمکە ئەرکسەنتەر و عاتیفیی وڕۆحییەکانی وەک خۆبەختکردن،خوێنڕشتن لەپێناو سیستم و  دەوڵەت و نیشتمان، سووتان بۆ سیستم، چەمکەکانی شەهیدبوون، خوێنڕشتن و ئەدەبیاتی بەرگری موزەیەف بۆ سەرکردە و مەرجەع و خەلیفە و سوڵتان گرنگییەکەی جارانیان نامێنێت، لەبری ئەمان ژیانسەنتەری دەبێتە عورفی جێگرەوە. لەبری ئەرک ئەمجارە ماف دێتە پێشەوە. تۆ تاکێکی خاوەن مافی پێش ئەوەی ئەرکدار بیت بەرامبەر سیستمەکە. مافسەنتەریی جێ بە ئەرکسەنتەریی لێژ دەکات. هەموو هەوڵێکی کودەتا گەر هەشبێت لەم جۆرە سیستمەدا بە چاکسازیی و لەبەرژەوەندی سیستمەکە کۆتایی دێت.

نهێنی سەرکەوتنی سیستمە لیبراڵدیموکراتەکانی ڕۆژئاوا لەبەرامبەر سیستمەکانی وەک کۆمیونیزمی یەکێتی سۆڤێتی جاران و فاشیزم و نازیزم هەر لێرەوە سەرچاوە دەگرێت: هەڵە نادیدە ناگیردرێت و هەڵەش لەکەس قەبوڵ ناکرێت، هەموو شتێک لەحاڵەتی جوڵەدایە، کەس جێگیر و هەمیشەیی نییە و ئەبەدی نییە.

بە پێچەوانەوە سادەتریین پێناسە بۆ سیستمی دیکتاتۆریی یا تۆتالیتاریی ئەوەیە کەسی "مەرجەع، خەلیفە، سەرۆک، قائیدی ضەرورە یا ویلایەتی فەقیێ" لەبری خەڵک نوێنەرایەتی وەهمێکێک دەکات  کە خۆی ناوی خودا یا ڕۆحی نەتەو یا هەر ئایدۆلۆژیایەکی دیکەی لێدەنێت. هەندێک جار لە نوێنەرایەتییەوە بەرزتر دەبێتەوە بۆ باوک و باوکی ڕۆحیش.

 لەم جۆرە سیستمانەدا نەک هەر پەند لەهەڵە وەرناگیردرێت، کەسی مەرجەع یان خەلیفە لە ئەساسەوە هەر هەڵە ناکات. هەڵە واتە شکانی ئیرادە و ئیگۆی کەسی یەکەمی سیستم. ئەوەی هەیە خەڵک دەبێت ئیتاعەتی بێ چەندوچوونی مەرجەع و مەرجەعیەت بکات. ژێردەستە مافی ڕەخنەگرتنی نییە چونکە قەرار وایە کەسی یەکەمی سیستمەکە هەڵە نەکات، گەر هەڵەیەکیشی کرد ئەوا لە توانای بینینی ئێمەدا نییە و بۆ ئێمە نییە هەڵە دیاری بکەین، ئەو خۆی دواتر  لەگەڵ خوای خۆی چارەسەری دەکات. 
دیارترین سیمای ئەم جۆرە لە سیستم وەستاویی و جێگیرییەتی. سادەتر قسەبکەین سیستمەکە دەقیق  سیستمێکی بت پەرەستە، پێویستی بە بتێک لە فۆڕمی خوایەکدا  هەیە تا ئەم بۆ هەموو جوڵەیەکی ئوسوڵی و فەرعی ئەم بۆی بکەڕێتەوە . بچوکترین بەرەوپێشچوون لەهیچ دەروازەیەک سیستمەکەوە بەدی ناکرێت، چونکە وەستاو و جێگیرە. هەموو کەس و شتێک لە جێگاکەی خۆیدا سەنگین و جێگیرە. ئەم جۆرە سیستمانە بەگوێرەی خۆیان فەلسەفەش بۆخۆیان دادەتاشن، هەندێکیان وەک خەلیفە " لای سوننە" هەندێکیان ویلایەتی فەقێ "شیعە" هەندێکی دیکەیان ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی "کوردایەتی، چەپبون یان پلۆریتاریا" دەکەنە چەق و دەستکەلای ئارگیومێت و یارییەکانیان.

لەم جۆرە سیستمانەدا دین هەر دینە کلاسیکەکەی جارانە و بە وەزیفە کۆنەکەیەوە دێت تەقوییەی سیستمەکە دەکات  لەبەرژەوەندی و هەوەسی کەسی یەکەمی هەرەمی سیستم. تێرمەکانی شەهیدیی لەپێناو سیستم، سۆز بۆ سیستم، هۆنینەوەی شیعر بەباڵای کەسی یەکەمی سیستمەکە و تەرکیزکردنەوە لەوەی کە ئەم کەسە هەڵە ناکات سیمای هەرە دیاری دەبن. مادەم دین وەزیفەی خۆی لەبەرامبەر سیسەمەکەوە ناگۆڕێت هەروەک جاران تاک ئەرکسەنتەرە، دەبێت بەشوێن واجباتی خۆی بەرامبەر بە سیستمەکە بگەڕێت و بەجێیانبهێنێت بەبێ ئەوەی کەس باسی مافەکانی لەبەرامبەر سیستمەکەوە بکات. تاک لێردا تاکێکی پاسیڤی ئەرکسەنتەری بێ ماف و ئیرادە و خەسیوە.
لەم جۆرە سیستمە کەسی یەکەم  سەنتەرانەدا هەموو هەوڵێکی چاکسازیی بە قڵپکردنەوەی سیستمەکە و کودەتا و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر کۆتایی پێ دێت. سوڕانەوە لەنێو ئەم بازنەیەدا بەردەوامە تا سیستمەکە خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە سیستمێکی عەقڵانیی جوڵاوی کاتیی و لە نوێنەرایەتی خوداوە دەگوازێتەوە بۆ نوێنەرایەتیی خەڵک.