لیستی كوردستانی یەكگرتوو و دەروازەیەك بۆ داهاتوویەكی باشتر

2021-01-28

اسماعیل حمەعلی خورماڵی... پسپۆڕی بواری هەڵبژاردن

پێشەكی:
بڕیارە تا كۆتایی ساڵی 2021 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنی ئەمجارەش جیاوازە لەسەرجەم هەڵبژاردنەكانی پێشتر، چونكە سیستمی هەڵبژاردن ئەمجارە لە سیستمی ڕێژەیی فرە بازنەیی گۆڕدراوە بۆ سیستمی تاك دەنگی نەگوێزراوە. ئەمەش دەشێت ببێتە هەل یان مەترسی بۆ هەر پارتێكی سیاسی بەشدار بووی هەڵبژاردنەكان.
ئەوەی جێگەی داخە لەئێستادا هێزە كوردستانیەكان دابەشبوون و ناكۆكییەكی زۆر لەنێوانیاندا هەیە، بێگومان ئەم پەرتەوازەییەی كوردیش جگە لەوەی زیانی گەورەی هەبووە لە ڕابردوودا بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوری و سیاسی و كارگێڕیی و كۆمەڵایەتیەوە، لە بەغدادیش دەبێتە مایەی شكستی گەورە بۆ كورد و لاوازكردنی بەرانبەر بە هێزە عەرەبییەكان. بەپێی ئەم سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن بێت هێزە گەورەكان بەیەكجاری لەعێراقدا دەست بەسەر جومگەكانی دەسەڵاتدا دەگرن و ئەو هێزانەش لە ئێستاشدا لە هەمووكات زیاتر دژن بە كورد و داواكارییەكانی، ئەگەر كورد بەم شێوەیە بچێتە هەڵبژاردن جگە لەوەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم چەند كورسیەك لە دەست دەدات، لە داهاتووشدا لەوپەڕی لاوازیدا خۆی دەبینێتەوە بەرانبەر بە هێزە عێراقیەكان. ئەم نوسینە بناغەی پرۆژەیەكە بۆ دروستكردنی لیستێكی كوردستانی یەكگرتوو كە سەرجەم یان زۆرینەی پارتە سیاسیە كوردییەكان لەخۆ بگرێت و ببێتە دەرچەیەك بۆ دەرباز بوونی هەرێمی كوردستان لەم چەقبەستوویی و قەیرانە هەمەلایەنەی كە تێیكەوتووە بۆ كۆتایی هێنان بە پەرتەوازەیی و هەنگاونان بۆ ئاشتەوایی گشتی و چاكسازی ڕاستەقینە لە هەرێمی كوردستان و بونیادنانی كوتلەیەكی بەهێزی یەكگرتوو لە بەغداد كە بە یەكدەنگی و بەهێزی بەرگری لە مافە دەستووریەكانی گەلی كورد بكات. 


سیستمی هەڵبژاردنی 2021
پێشتر لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنەكان بە سیستمی ڕێژەیی پیادە دەكرا و بۆ دابەشكردنی كورسیەكانیش سیستمی سانتلیگۆی هەموار كراو پیادە دەكرا، هەر پارێزگایەكیش یەك بازنەی هەڵبژاردن بوو، لەم جۆرە سیستمەشدا هەر لایەنێك بەنزیك لە قەبارەی دەنگی خۆی كورسی بەدەست دەهێنا، جگە لەو پارتە بچوكانەی كە دەنگەكانیان لە بازنەیەكدا نەدەگەیشتە كورسی و لەو بازنەیەدا دەنگەكانی دەفەوتا. سیستمی نوێی هەڵبژاردن بەشێوەیەكە كە بازنەكانی هەر پارێزگایەكی بچووكتر كردووەتەوە بۆ چەند بازنەیەك كە لە هەر یەكێكیان سێ تا پێنج پاڵێوراو سەردەكەون كە یەكێكیان دەبێت ئافرەت بێت، سیستمی هەڵبژاردنیش تاك دەنگی نەگوازراوەیە. واتە تەنها یەك دەنگ دەدات بە یەك پاڵێوراو و دەنگەكەش تەنها ئەو پاڵێوراوە سودی لێدەبینێت، ئەگەر پێشتر دەنگی زیادەی پاڵێوراوێك بیتوانیایە یارمەتی سەركەوتنی پاڵێوراوێك یان زیاتری هەمان لیست بدات بۆ بەدەستهێنانی كورسی، ئەوا لەم هەڵبژاردنانەدا دەنگی هەر پاڵێوراوێك تەنها خۆی سودی لێدەبینێت و كەسی تر ناتوانێت لە دەنگە زیادەكانی سودمەند بێت.
تایبەتمەندی ئەم جۆرە سیستمانە لەو وڵاتانەدا كە پیادە دەكرێن بۆ ماوەیەكی درێژخایەن، وایكردووە كە هێزە بچووكەكان بەرەو پوكانەوە بچن یاخود لە بەرە و هاوپەیمانێتیدا خۆیان ڕێك بخەنەوە. بەشێوەیەك زۆربەی كات تەنها دوو بەرە یان سێ بەرە بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن. بۆ نمونە لە مالیزیا لەماوەی شەست ساڵی ڕابردوودا تا ساڵی 2018 بەرەی نیشتمانی یەكگرتوو كە لە (13) پارتی جیاوازی مالایۆ و چینی و هیندی پێكهاتبوون توانیویانە پێكەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەن و بیبەنەوە. لەبەرانبەریشدا پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان توانیویانە خۆیان لەبەرەیەكدا ڕێك بخەن و ڕكابەریان بكەن و كۆتا جاریش لە ساڵی 2018 پاش شەست ساڵ توانیان دەسەڵات بگرنە دەست. يان لە بەریتانیا تەنها دوو پارتی سەرەكی كاریگەر هەیە كە پارتی كرێكاران و پارتی پارێزگارانە. هەڵبژاردنی ئەمریكاش ئەگەرچی هەڵبژاردنێكی تێكەڵاوی ئاڵۆزە بەڵام تەنها پارتی كۆماریەكان و پارتی دیموكراتەكان بونی كاریگەریان هەیە.


ئەگەرەكانی بەشداری كردنی پارتەكان لەكوردستان
بەشێوەیەكی گشتی لە خولەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێنج پارتی سەرەكی نوێنەریان هەبووە كە بریتین لە (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ)، لە كۆتا هەڵبژاردنیش هەریەك لە نەوەی نوێ و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیش بوونە خاوەنی كورسی. بەڵام هاوپەیمانی پاشتر تووشی داكشان بوو و كاریگەری نەما. بۆیە لەشیكارییەكاندا تەنها باس لەو پێنج پارتە و نەوەی نوێ دەكەین. لەحاڵەتی بوونی شەش پارتی سیاسی لە هەڵبژاردنەكاندا ئەگەرەكانی بەشداریكردن زۆرن و بەپێی بنەما بیركارییەكان بۆ ڕیزكردنی شەش ژمارە دەیان ئەگەر هەیە. هەر لە ئەگەری سەربەخۆی دابەزینی پارتەكان تا ئەگەری یەك هاوپەیمانی سەرتا سەری و دوو هاوپەیمانی دژ بەیەك و سێ هاوپەیمانی. ئێمە لێرەدا گرنگترین ئەگەرەكان دەخەینەڕوو، بەدەر لەوەی كە ئەو ئەگەرانە ڕوو دەدەن یاخود نا، چونكە هەندێ لەو پارتانە ناتوانن بچنە هاوپەیمانی پێكەوە، بۆ نمونە نەوەی نوێ لە ڕابردوودا ئەوەی ڕەت كردۆتەوە كە بچێتە هیچ هاوپەیمانیەتیەك یەكێتی و پارتی تێدا بێت.
بەگشتی ئەگەرەكان بەم شێوەیە دەبن.
1) هەموو لیستەكان بەسەربەخۆیی، كە ئەمە ئەگەرێكی قورسە بۆ پارتەكان بەتایبەت (گۆڕان، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) چونكە ناتوانن بە تەنها كورسی ئەوتۆ بەدەست بهێنن.
2) هاوپەیمانی هێزەكانی دەسەڵات (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) لەبەرانبەردا هاوپەیمانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن (نەوەی نوێ و یەكگرتوو و كۆمەڵ).
3) هاوپەیمانی (پارتی و یەكێتی) لەبەرانبەر لەبەرانبەردا هاوپەیمانی (گۆڕان و نەوەی نوێ و یەكگرتوو و كۆمەڵ).
4) دەشێت یەكێتی و پارتی سەربەخۆ دابەزن و لەبەرانبەردا هاوپەیمانی (گۆڕان و نەوەی نوێ) و هاوپەیمانی ئیسلامیەكان (یەكگرتوو و كۆمەڵ و دەشێت بزوتنەوە و ئیسلامیە سەربەخۆكانیشی لەگەڵ بێت).
5) پارتی بەسەربەخۆیی لەبەرانبەردا هاوپەیمانی (یەكێتی و گۆڕان) و هاوپەیمانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن (نەوەی نوێ و یەكگرتوو و كۆمەڵ).
6) پارتی و یەكێتی و نەوەی نوێ بەسەربەخۆیی و هاوپەیمانی (گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ).
7) هاوپەیمانی (یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ) لەبەرانبەردا هاوپەیمانی (پارتی و یەكگرتوو و نەوەی نوێ).
8) هاوپەیمانی (یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ) لەبەرانبەردا هاوپەیمانی (پارتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ).
9) هاوپەیمانی (یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ) لەبەرانبەردا هاوپەیمانی (پارتی و گۆڕان و نەوەی نوێ).
10) هاوپەیمانی (یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ) لەبەرانبەردا هاوپەیمانی (پارتی و گۆڕان) و نەوەی نوێ بەسەربەخۆیی.
11) ئەگەر هەر پارتێك لەو پارتانە بڕیاریدا بەتەنها بەشداری بكات، ئەوا تەنها دوو جۆر هاوپەیمانی دەمێنێتەوە بۆ پێنج پارتەكەی تر كە یەكێكیان سێ قۆڵی و ئەویتریان دوو قۆڵی.
12) ئەگەر دوو پارت لەو پارتانە بڕیاریدا بەتەنها بەشداری بكات، ئەوا تەنها دوو جۆر هاوپەیمانی دەمێنێتەوە بۆ چوار پارتەكەی دیكە كە بە دوو قۆڵی بەشدار بن.
13) خۆ ئەگەر سێ پارت لەو پارتانە بڕیاریدا بەتەنها بەشداری بكات، ئەوا تەنها ئەگەری یەك هاوپەیمانی دەمێنێتەوە بۆ سێ پارتەكەی دیكە كە پێكەوە بەشدار بن.
بەو شێوەیە دەتوانین دەیان ئەگەری تر ڕیز بكەین.
كەواتە تا كۆتا كاتی تۆماركردنی هاوپەیمانیەتییەكان دەبێ چاوەڕوانی دەیان ئەگەر بكەین.

پێویستە بوترێت سیستمی ئەم جارەی هەڵبژاردن هەموو ئەگەرێك هەڵدەگرێت بۆ هێنانی كورسی بەتایبەت لەو بازنانەی كە سەرجەم پارتەكان دەنگیان هەیە. بەڵام بەگشتی جۆری هاوپەیمانیەتییەكان بەرچاوڕوونیەك دەداتە شارەزایانی بواری هەڵبژاردن كە بەنزیكەیی بزانن ئەنجامەكان بە چ ئاراستەیەكە. لە كۆتاییشدا هێزەكان بەنزیكەیی ئەو كورسیانەیان دەستگیر دەبێت كە پلانیان بۆ داناوە بەداتا و شیكاری و خوێندنەوەی ورد، نەك ئەوەی لە میدیاكان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن باسی لێوە دەكەن.


بۆچی لسیتی كوردستانی یەكگرتوو ؟
ئاشكرایە كە ساڵانێكە هەرێمی كوردستان بەدەست پەرتەوازەیی و قەیرانی هەمەچەشنەوە دەناڵێنێت، ئێستاش ناڕەزایەتی و قەیرانەكان لە لوتكەدان و خۆپیشاندان و سوتاندنی بارەگاكان و دامەزراوە فەرمییەكان خراپترین ئەو حاڵەتانەن كە لەماوەی ڕابردوودا چەند بارە بوونەتەوە.
بێگومان ماوەی پاش و پێشی هەڵبژاردنەكانیش خراپترین ماوە بوون بۆ زیادكردنی ئەو قەیرانانە و ڕۆڵیان هەبووە لە زیاتر دابڕان و دوركەوتنەوەی لایەنەكان. لە ئاوها حاڵەتێكە سەرەڕای بوونی بەربەست و گرفتی هەمەچەشنە، سەرەڕای توندی هێزەكان بەرانبەر بەیەكتر و دوركەوتنەوەیان، بەڵام گرنگە دڵسۆزان و خەمخۆران بەجدی بیر بكەنەوە لەوەی كە ئەم هەڵبژاردنە بكەنە وێستگەیەك بۆ یەكڕیزی و سەرەتایەك بۆ چاكسازی، بێگومان كۆبوونەوەی پارتەكان لەبەرەیەكدا و یەكهەڵوێستیان هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئاشتەوایی و یەكدەنگی و ساڕێژبوونی برینەكان.

لایەنە سلبیەكانی نەبوونی لیستی كوردستانی یەكگرتوو
نەبوونی لیستێكی نیشتمانی كوردستانی یەكگرتوو ڕێخۆشكەرە بۆ ئەوەی لایەنەكان بەسەربەخۆیی دابەزن یاخود دوو قۆڵی یان سێ قۆڵی هاوپەیمانێتی پێكبهێنن. كە ئەم سلبیاتانەی خوارەوەی لێ دەكەوێتەوە:
1) بەپێی بازنەكانی هەڵبژاردن لەناوچە كوردستانیەكان زۆرینەی بازنەكان جگە لەكورد دەنگی پێكهاتەكانی تری عێراقی تێدایە لەعەرەب و توركمان، نەبوونی كۆدەنگی دەبێتە هۆی لەدەستدانی چەند كورسیەكی كورد لەو ناوچانە، كەئەمەش بەزیان بۆ كورد دەشكێتەوە بەگشتی و یەكێتی و پارتی بەتایبەتی، چونكە لە ڕابردوودا تەنها ئەوان كورسیەكانی ئەو ناوچانەیان بردووە.
2) هەڵمەتی توندی دژ بەیەكی میدیایی دابڕانی نێوان پارتەكان قووڵتر دەكاتەوەو دەبێتەوە ڕێخۆشكەر بۆ ئەوەی جارێكی تر ئەوەی لە ڕابردوودا ڕویدا دووبارە ببێتەوە لە خۆپشاندان و هێرشكردنە سەر یەكتر و سوتاندنی بنكەی كەمپینەكان و بارەگاكان، جگە لە شەڕ و پێكدادانی نێوان لایەنگر و هەوادارانی پارتەكان. كە ئەمەش سەرجەمیان بە زیانی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی دەشكێتەوە و برینی قوڵ دروست دەكات كە ساڕێژكردنی زەحمەتە.
3) لەئیستادا هەڵوێستی بەغداد بەرانبەر بە هەولێر و تێڕوانین و هەڵوێستی لایەنە عێراقیەكان بەرانبەر بە كورد زۆر توند و خراپە، كە ئەم پەرتەوازەییە لە ڕابردوودا بووەتە خاڵی لاوازی كورد و باڵادەست بوونی ئەوان، بەردەوامیدان بەم حاڵەتە زیاتر كورد لاواز دەكات و زیانی گەورەی پێدەگەیەنێت.
4) ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكەمینجارە بە یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بۆیە داهاتوو بۆ هێزە سیاسیەكان ڕوون نیە و ئەگەرەكانی هاوپەیمانیش زۆرن كە كاریگەری گەورە دروست دەكەن لەسەر پارتەكان و بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو ترە كە هەر پارتێك دەیزانی بەنزیكەیی قەبارەی چەندە. ئەم مەترسیە وادەكات بەشێك لە پارتەكان دەست بۆ هەموو هۆكارەكانی توندو تیژی و ساختەكاری ببەن، كە لەكۆتاییدا بەزیانی گەورە كۆتایی دێت و دور نیە پرۆسەكەش شكست بهێنێت و وێنەیەكی ناشیرینی كورد نمایش دەكات لای چاودێران و ڕێكخراوە ناوخۆیی و بیانیەكان و زیان بە پێگەی كورد دەگەیەنێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و لاوازتری دەكات لەبەرانبەر نەیارەكانی.
5) لەحاڵەتی نەبوونی هاوڕایی و ئاشتەوای و بوونی ئەو خاڵانەی سەرەوە و كۆی قەیران و گرفتە هەمەچەشنەكانی ئێستا و ڕابردووی هەرێم، هاندەرە بۆ بێمتمانەیی زیاتر لای هاوڵاتیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەگەری زۆرە بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكرێت و ئەمەش سەر بكێشێ بۆ دەستبردن بۆ كۆمەڵە بژاردەیەك كە كارەسات بەدوای خۆیدا بهێنێت.
6) بوونی خەرجیەكی زۆر بۆ هەڵمەت و بانگەشەی هەڵبژاردن.
7) دەستێوەردانی دەرەكی و نائومێدكردنی زیاتری پارتەكان و هاوڵاتیان بە پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن.

لایەنە باشەكانی لیستی كوردستانی یەكگرتوو
1) لە ئێستادا باس لە گەورەترین كوتلەی هەڵبژاردن دەكرێت، كەڕۆڵی گەورەی دەبێت لە دانانی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار و دابەشكارییەكانی حكومەتی داهاتوو، ئەگەر كورد هەمووی پێكەوە ببنە یەك هاوپەیمانی دوور نیە ببنە گەورەترین كوتلە یان لانیكەم دووهەم كوتلەی هەڵبژاردن، چونكە دەتوانن نزیكەی (60) كورسی مسۆگەر بكەن، ئەمەش گرنگە بۆ ڕەنگڕێژی حكومەتی داهاتوو و دەستخستنی بەركەوتەی زیاتری هەڵبژاردن لە حكومەتدا.
2) یەكڕیزی و یەكدەنگی كورد لەناوچە كوردستانییەكان گەرەنتی ئەوە دەكات كە پارتە كوردییەكان زۆرترین كورسی ببەن و ئەم كورسیانەش لەڕابردوودا تەنها بۆ یەكێتی و پارتی بووە.
3) جارێكی تر هەرێمی كوردستان بەهێز دەكاتەوە بەرانبەر بە بەغداد و نەیارەكانی و بە یەكدەنگی لەگەڵ لایەنەكان هەڵوێست وەردەگرێت و كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر دەستخستنی مافە دەستووریەكانی كورد.
4) جارێكی تر ئاشتی و تەبایی بۆ نێو پارتە كوردستانیەكان دەگێڕدرێتەوە و خەڵكی متمانەیان لا دروست دەبێتەوە بە پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن.
5) هێزەكان بیر لە ساختەكاری و توندوتیژی ناكەنەوە و دەتوانن هەڵبژاردنێكی پاك بێگەرد ئەنجام بدەن كە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئیجابی دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی و پێگەی كورد بەهێز دەكات.
6) پارە و سامانی وڵات بەهەدەر نادرێ لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و شەڕی میدیایی و تێكدان و ناشیرینكردنی بازاڕ و شوێنەگشتیەكان.
7) پارتەكان ناچار نابن پاڵێوراویك دابنێن كە ناشایستە بێت، بەڵام لەبەر ئیعتیباراتی تر كە بۆ هێنانی دەنگ پێویستە بیانپاڵێون.
8) لەداهاتوودا زیاتر هەماهەنگی لە نێوان هێزە كوردستانیەكان لە هەرێم و لە بەغدادیش دروست دەكات و دەبێتە دەروازەیەك بۆ ئاشتەوایی و چاكسازی و گەشەپێدان، كە هەمووی بەقازانجی خەڵكی كوردستان دەشكێتەوە.
9) دەستێوەردانی دەرەكی كەم دەكاتەوە.

گرفتەكانی بەردەم لیستی كوردستانی یەكگرتوو
بێگومان پرۆژەیەكی ئاوها گەورە و گرنگ بێ گرفت و كۆسپ و تەگەرە نیە، پێویستی بە لە خۆبوردەیی و دڵسۆزی و خەمخۆریە، لێرەدا ئاماژە بە دیارترین ئەو گرفتانە دەكەین كە ڕێگر دەبێت لەبەردەم دروستكردنی ئەم لیستەدا.
1) یەكەمین خاڵ و دیارترین و كارگەرترینیان دەستیوەردانی دەرەكی یە، چونكە هەرگیز نەیارەكانی كورد حەزیان بە یەكدەنگی و كۆدەنگی و یەكڕیزی كورد نیە، بۆیە هێندەی لە توانایاندا بێت فشار دەخەنە سەر لایەنەكان بۆ دروست نەكردنی ئەم لیستە و دروستكردنی كۆسپ و تەگەرە لەبەردەمیدا.
2) برینەكانی ڕابردوو و ئەو دژایەتیە مێژووییەی كە لەنێوان پارتەكان و بەرپرسەكاندا هەیە، كە زۆربەی كات لە بەر گرێی نەفسی و شەخسی زیانی گەورەیان بە كورد و كوردستان گەیاندووە.
3) شێوازی دابەشكردنی بازنەكان و كورسیەكان یەكێكی تر دەبێت لە ڕێگرییەكانی بەردەم ئەم لیستە، چونكە هەر پارتێك دەیەوێت زۆرترین كورسی بۆ خۆی مسۆگەر بكات و هەوڵی كەمكردنەوەی كورسی ئەوانیتر دەدات.
4) هەندێ لەپارتەكان پێیانوایە كە قازانجیان لە هاوپەیمانێتیدا نیە و دەتوانن بە جیا بوونەوە و دژایەتی ئەوانی تر كورسی زیاتر بەدەست بخەن.
5) ئەزموونی ڕابردوو وایكردووە كە پارتەكان متمانەیان بەیەكتر نەبێت بۆ سەرخستنی پاڵێوراوەكانیان، چونكە لەڕابردودا لیستی داخرا و هەبوو دەتوانرا ڕیزبەندی پاڵێوراوەكان دیاری بكرێت، بەڵام لەم هەڵبژاردندا تەنها دەتوانرێت هەماهەنگی نێوان پارتەكان بكرێت بۆ دانانی ژمارەی پاڵێوراوەكانی هەر بازنەیەك، هیچ گەرەنتیەكیش نیە كە دەنگدەرانی پارتەكان بە مەبەست یان بێ مەبەست ئاراستە نەكرێن دەنگ بە پاڵێوراوێكی تری دەرەوەی هاوپەیمانیەتیەكە بدەن.
6) دژایەتی و ڕقئەستوری لایەنگرانی پارتەكان بەرانبەر بە یەكتر لە ڕابردوودا هۆكار دەبێت بۆ ئەوەی كە لایەنگری پارتەكان فشار بۆ پارتەكانیان دروست بكەن بۆ بەشداری نەكردنی پارتەكەیان لەو لیستەدا.

ئەم پرۆسەیە چۆن ئەنجام دەدریت؟
هەموو ئەو خاڵە ئیجابی و سلبیانەی كە لە سەرەوە باسكرا، دەخوازێت لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی كورد كە سەرجەم هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن پێكەوە لیستێكی كوردستانی یەكگرتوو دروست بكەن، لیستێك كە سەرجەم یان زۆرینەی هێزەكان لەخۆ بگرێت بەتایبەت یەكێتی و پارتی كەبەردەوام لە هەڵبژاردنەكاندا 60-70% كورسی و دەنگەكانیان بردووە، خۆ ئەگەر پارتێك یان دوو پارت نەچوونە ژێرباری ئەو هاوپەیمانیەتیە ئەوا لانیكەم دوو پارتی تر لەگەڵ یەكێتی و پارتی بتوانن ئەو كۆدەنگیە دروست بكەن.
لێرەدا باشترین حاڵەت شیكار كراوە بۆ ئەوەی هەر شەش پارتەكە پێكەوە هاوپەیماینەتی پێك بهێنن، ئەگەر پارتێك یان زیاتر بەشدار نەبوو لەو هاوپەیمانیەتیە، ئەوا دەكرێت هەمان ئەنجامی ئەو خشانەی خوارەوە بەشێوەیەكی زانستی سەرلەنوێ شیكار بكرێتەوە و ڕێژە و ژمارەی پاڵێوراو دەربهێنرێتەوە و بدرێتە لایەنەكان.
خاڵێكی تری گرنگ لێرەدا پێویستە ڕەچاو بكرێت بۆ ئەوەی ترسی لایەنە بەشدار بووەكانی هاوپەیماینەتەكە بڕەوێنێتەوە ئەوەیە كە گەرەنتی بەدەستهێنانی ژمارەی كورسیەكانی پێ بدرێت، لەحاڵەتێكیشدا ئەگەر ئەنجامەكان بەو شێوەیە نەبوو، ئەوا لەبەركەوتەی هەڵبژاردن لە حكومەتی داهاتوودا قەرەبوو بۆ ئەو پارتانە بكرێتەوە كە زیانیان بەركەوتووە بە پێدانی ئەو پۆستانەی بەركەوتەی كوردن لە حكومەت و پەرلەمان.
جێبەجێكردنی ئەم پرۆسەش پێویستی بە بنەمایەكە بۆ شێوازی دابەشكردنی پاڵێوراوەكان.

دانانی بنەما بۆ ژمارەی كورسیەكان و شێوازی دابەشبوونی بەسەر پارتەكاندا
لەهەرێمی كوردستان تا ئێستا (11) هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامدراوە (5) هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان، (4) هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (2) هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان.
ئەم هەڵبژاردنانە سەرەڕای ئەو ناڕەزایەتیانەی بەدوای خۆیدا هێناویەتی و گلەیی و گازندەی هەندێ لەپارتەكان لە بوونی ساختەكاری و دەستێوەردان لە ئەنجامەكان، بەڵام لە كۆتاییدا پەسەند كراون لەلایەن كۆمسیۆن و دادگاش ڕاستاندنی بۆ كرواوە و لەسەر ئەو بنەمایەش پەرلەمان و حكومەت پێكهاتووە. هەربۆیە دەكرێت ئەو ئەنجامانە بكرێتە بنەمایەك بۆ ڕێككەوتن. لەگەڵ ڕەچاوكردنی ئەوەی لە ئێستادا خەڵك زۆر ناڕازییە لە پارتەكانی دەسەڵات و هەروەها لە دوو هەڵبژاردنی ڕابردوودا هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دەنگەكانیان داكشاوە، پاشان یاسای هەڵبژاردنەكانیش گۆڕدراوە.
سەبارەت بەناوچە كوردستانیەكانیش پێویستە تەنها یەكێتی و پارتی بەهەماهەنگی پاڵێوراویان هەبێت و سەرجەم لایەنەكانی تر دەنگیان بدەنێ، لەبەرانبەریشدا یەكێتی و پارتی ڕەچاوی ئەوە بكەن لە هەرێمی كوردستان قەرەبوویان بۆ بكەنەوە، ئەگەر وانەبێت ئەوا چەند كورسیەك لەكورسی كورد بچێت بۆ لایەنە عەرەب و توركمانەكان.
ئەم خشتەیەی خوارەوە دەنگ و ڕێژەی پێنج پارتە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستانە لەو هەڵبژاردنانەدا كە توانراوە دەنگەكانیان جیا بكرێتەوە، چونكە هەندێ لە هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانی هەبووە و لیستی داخراو بووە نەتوانراوە قەبارەی پارتەكان بزانرێت.

بەو پێیەی لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگ و ڕێژەی لایەنەكان هەڵكشان و داكشانی بەسەردا هاتووە، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێژە و دەنگەكان لە واقیع نزیك بكەینەوە، تێكڕایی بۆ ئەو خشتەیەی سەرەوە وەردەگرین ئەوا ئەنجامەكان بەو شێوەیە دەبێت كە لەخشتەكەی خوراوەدا ڕوون كراوەتەوە.

تێكڕای دەنگ و ڕێژەی پارتەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان

ئەم ئەنجامە دەكرێت وەربگێڕدرێت بۆ كورسی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، چونكە لەسەرئاستی ناوچە كوردستانیەكان لەسەرجەم هەڵبژاردنەكان تەنها یەكێتی و پارتی كورسیان بردووە و دەبێت تەنها ئەوان پاڵێوراویان هەبێت كە دواتر باسی لێوە دەكەین.

لە دوو هەڵبژاردنی كوتایی ساڵی 2018 گۆڕانكاری زۆر بەسەر دەنگ و ڕێژەی لایەنەكاندا هات، لەلایەك دوو پارتی نوێ بەشدار بوون (نەوەی نوێ و هاوپەیمانی) لەلایەكی تریش لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران سیستمی ئەلیكترۆنی بەكارهێنرا كە ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە و زۆرینەی پارتەكان لە ئەنجامەكان ناڕازی بوون و كاریگەری سلبیشی هەبوو لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە چەند مانگێك دواتر ئەنجامدرا و ڕێژەی دەنگدان زۆر كەم بوو بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر.

ئەگەر دەنگ و رێژەی دوو هەڵبژاردنی كۆتایی وەرگرین كە لەساڵی 2018 دا ئەنجامدرا ئەوا ئەنجامەكان بەم شێوەیە دەبن:

ئەگەر تێكڕای ئەو دوو هەڵبژاردنە وەرگرین ئەنجامەكان و بەركەوتەی كورسی لە هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە دەبن:

ئەگەر بەراوردی كورسیەكانی دوو خشەی سەرەوە بكەین دەگەینە ئەم ئەنجامەی خوارەوە:

ئاشكرایە لە پاش ئەو هەڵبژاردنانە و لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا كۆمەڵێك گۆڕانكاری ڕویانداوە، ئەگەر هەموو ئەو گۆڕانكاریانەی لەپاش ئەو دوو هەڵبژاردنە هاتووەتە ئارا لە ناڕەزایەتی خەڵكی بەرانبەر بە پارتەكانی دەسەڵات (پارتی، یەكێتی، گۆڕان)، سەرەڕای هەڵكشانی دەنگەكانی یەكێتی لەكۆتا هەڵبژاردن و داكشانی دەنگەكانی گۆڕان بۆ نیوە و پاشان وازهێنانی ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد لە پارتەكەیان و دابەشبوونی فراكسیۆنەكەیان لە كوردستان و ناڕەزایەتی جەماوەر. هەروەها وازهێنانی بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغداد و لە جوڵانەوەكەیان و دابەشبوونی فراكسیۆنەكەیان لە كوردستان، كەمكردنی دەنگەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵ لەدوا هەڵبژاردن بەڵام كۆمەڵ كورسی زیاد كردووە و ئەم دوو ساڵەش هەردوكیان لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن بوون و یەكگرتوو لەبەر هەڵوێستەكانی لە پەرلەمان پۆستەكانی حكومەتی خۆجێەتی لیسەندرایەوە، سەرەڕای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەكان كە بەزیانی پارتە بچوك و مامناوەندەكان كۆتایی دێت، ئەوا دەكرێت (44) كورسی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە ڕێككەوتنی لەبارەوە بكرێت:

سەبارەت بە ناوچە كوردستانیەكانیش لەهەڵبژاردنەكانی ساڵانی (2010، 2014، 2018) تەنها پارتی و یەكێتی كورسیەكانیان بردووە، لەگەڵ ڕەچاوكردنی ئەوەی پارتی ساڵی 2018 لە كەركوك بەشداری نەكرد، ئەنجامی كورسیەكانیش بەم شێوەیە بوو:

واتە تێكڕای ژمارەی كورسی هەردولا لەنێوان (7 بۆ 8) كورسی بووە. بەشێوەیەك لە كەركوك (4) كورسی بۆ یەكێتی و (2)  كورسی بۆ پارتی، لەنەینەوا (6) كورسی بۆ پارتی و (1-2) كورسی بۆ یەكێتی، لە دیالە (1-2) كورسی بۆ یەكێتی.

لە ئیستادا پارێزگای كەركوك كە (12) كورسی بۆ تەرخان كراوە بۆ (3) بازنە دابەشكراوە، بازنەیەك كە (5) كورسی لەخۆ گرتووە بۆ كورد یەكلایی بووەتەوە، بازنەیەكیش كە (3) كورسی لەخۆ گرتووە بۆ عەرەب یەكلایی بووەتەوە ، بازنەیەكیش كە (4) كورسی لەخۆ گرتووە هاوبەشە لەنێوان كورد و عەرەب و توركمان. واتە كورد ئەگەر لە بازنە هاوبەشەكەدا (1) كاندیدان هەبێت گەرەنتی دەرچوونی دەكرێت و بەمەش لە پارێزگای كەركوك (6) كورسی مسۆگەرە. بە پشتبەستوو بە داتاكانی پێشتر و گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییە دەكرێت یەكێتی (4) پاڵێوراو و پارتی (2) پاڵێوراوی هەبێت.

پارێزگای نەینەوا كە (31) كورسی بۆ تەرخان كراوە بۆ (8) بازنە دابەشكراوە، بازنەی مخمور كە (3) كورسیە و بازنەی شێخان كە (4) كورسیە دەتوانرێت بە یەمدەنگی بۆ كورد یەكلایی بكرێتەوە، بازنەی شەنگال كە (3) كورسی یەو كورد دەتوانێت (1) كورسی مسۆگەر بكات ئەگەر یەك پاڵێوراوی هەبێت، واتە (8) كورسی مسۆگەر دەكرێت، پارتی (6) پاڵێورا و یەكێتی (2) پاڵێوراو.

پارێزگای ديالە كە (14) كورسی بۆ تەرخان كراوە بۆ (4) بازنە دابەشكراوە، ئەگەرچی لە هەلبژاردنەكانی پێشتر كورد تەنها یەك كورسی بردووە و تەنها جارێك دوو كورسی بردووە، بەڵام دابەشبوونی بازنەكان لە ئێستادا چانسی ئەوە بە كورد دەدات كە (2) كورسی مسۆگەر بكات لە  و لە بازنەكانی تریش كێبەركێ بكات، بەپێی دەرەنجامەكانی پێشتر دەكرێت تەنها پاڵێوراوی یەكێتی لەم پارێزگایە هەبێت.

بەكورتی لە ناوچە كوردستانیەكان دەتوانرێت (16) كورسی مسۆگەر بكرێت (8) كورسی بۆ یەكێتی و (8) كورسی بۆ پارتی.

 

قۆناغی دووەم: شێوازی دابەشبوونی پاڵێوراوی پارتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا

بەپشت بەستن بەو شیكاریانەی سەرەوە و سەنگ و قورسایی پارتەكان لە پارێزگاكان و لە بازنەكانی هەڵبژاردن لەڕابردوودا، هەروەها بەڕەچاوكردنی یاسای نوێی هەڵبژاردن، دەتوانرێت پاڵێوراوەكان بەسەر بازنەكان دابەش بكرێن.

سەبارەت بە هەرێمی كوردستان كە تەنها (44) كورسی هەیە، ئەوا پێویستە سەرجەم هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی زەمانەتی كورسیەكانیان بۆ بكرێت. ئەمەش بەدابەشكردنی پاڵێوراوەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، بەو مەرجەی ئەو لیستە تەنها چوار پاڵێوراوی هەبێت بۆ بازنەی چواری كە یەكێكیان ئافرەت بیت و سێ پاڵێوراویشی هەبێت بۆ بازنەی سیانی كە یەكێكیان ئافرەت بێت، ناوچە كوردستانیەكانیش بەو شێوەیەی باس كرا بۆ یەكێتی و پارتی یەكلا بكرێتەوە، بەم شێوەیە:

 

لەكۆتاییدا ئەنجامەكانی پارتە كوردییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەم شێوەیە دەبێت:

 

لەكۆتاییدا:

ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا بەشەڕی میدیایی و یەكتر شكاندن و دابڕان و تێكدانی میزاجی خەڵكی و بەهەدەردانی سامانی وڵات بەدەست هاتووە بۆ پارتەكان، ئەمجارە دەتوانرێت بە خۆشی و یەكڕیزی و یەكدەنگی بەدەست بهێنرێت و زیاتر لەوەش بكرێتە وێستگەیەك بۆ بەخۆداچوونەوە و دەستكردن بە پرۆسەی ئاشتەوایی گشتی و چاكسازی و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان، و بەهێز كردنەوەی كورد بەرانبەر بە بەغداد و هێزە نەیارەكانی كورد و هێنانە ئارای وتارێكی یەكگرتووی بەهێز كە سەراپای بە قازانجی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی كۆتایی دێت.

 

تێبینی/ ئەم پرۆژەیە هەوڵێكی تاكە كەسیە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتێك بە خەڵكی كوردستان بە گشتی و  پارتە سیاسیەكان بە تایبەتی لە ئەنجامی ئەزموون و خوێندنەوەم بۆ هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو و تێڕوانینم بۆ داهاتوو.