دیپلۆماتیك
بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییو هەڵبژاردنەكانە سەرەتاییەكانی دیاریكردنی كاندیدی كۆمارییەكان بۆ كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، جارێكیتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، بۆ بردنەوەی كورسی سەرۆكی ئەمەریكا ڕووبەڕووی جۆ بایدن دەبێتەوە.
لە یازدە ویلایەتی ئەمەریكا، لە هەڵبژاردنی سەرەتایی بۆ دیاریكردنی كاندیدی حیزبی كۆمارییەكان بۆ كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ لە سەركەوتن نزیك دەبێتەوەو بەڕێژەیەكی زۆر پێش ڕكابەرەكەی "نیكی هێلی" باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەوێت.
پاش دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرەتاییەكانیش، دۆناڵد ترەمپ ئاهەنگی سەركەوتنی گێڕاو ئەنجامەكانی بە گەورەو "سەرسوڕهێنەر" وەسف كرد.
دۆناڵ ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، كە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ دا لەبەرانبەر جۆ بایدندا شكستی هێنا، بە جۆش و خرۆشەوە بەدوای گەڕانەوەی كۆشكی سپیدا دەگەڕێتو پێدەچێت سێ شەممەی داهاتوو لە 15 ویلایەتی دیكەی ئەمەریكا سەركەوتن وەدەستبێنێتو كاندیدبوونی لەسەر پارتی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا مسۆگەر بكات.
پاش بردنەوەكەی لە 11 ویلایەتدا، ترەمپ سوپاسی خۆی بۆ ویلایەتەكانی ئەلاباما، ئاركانساس، مەین، كارۆلینای باكوور، ئۆكلاهۆما، تێنسی، تەكساس و ڤێرجینیا دەربڕیو نیكی هێلی ڕكابەریشی ڕەتی دەكاتەوە كە لە كێبركێكە بكشێتەوەو وا بەئاسانی مەیدانەكە بۆ ترەمپ چۆڵبكات.
لەگەڵ سەركەوتنەكانی ترەمپو نزیكبوونەوەی لەبەربژێربوونی لە لایەن كۆمارییەكانەوە، جۆ بایدن، هێرشی كردە سەریو وتی:" ترەمپ بڕیاریداوە دیموكراسیمان لەناوببات".
بایدن لە ڕێگەی كەمپینەكەیەوە ڕایگەیاندووە، كە سەرۆكەكەی پێش خۆی “بڕیاربووە بۆ لەناوبردنی” دیموكراسی ئەمەریكا كار بكاتو وتوویەتی:" بڕیارە دیموكراسیمان لەناوببات و ئازادییە سەرەتاییەكانمان لێبسەنێتەوەو هەموو شتێكی خراپ دەكات لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا.
ڕاپرسییەكانی تایبەت بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا، دەریدەخەن سەرباری ئەوەی كە ترەمپ بە ڕێژەیەی زۆر لە پێش ڕكابەرەكانیدایە، هاوكات بە دوو خاڵیش لە پێش جۆ بایدنەوەیە.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لەمیانی كەمپینی هەڵبژاردنەكاندا، ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەربڕی، ئەوەش لەكاتێكدایە كە فشارە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئەمەریكا توندترو زیاتر دەبن لەسەر ئەمەریكا بۆ گەشتن بە ئاگربەست.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی " فۆكس نیوز" پرسیار لە ترەمپ كرا كە ئایا لە كەمپی ئیسرائیلدا، ڕاشكاوانە وتی بەڵێ.
سەبارەت بە شێوازی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ترەمپ وەڵامی " فۆكس نیوز" ی دایەوەو وتی"دەبێت كۆتایی بە كێشەكە بهێنێت"."
پشتگیریكردنی ترەمپ بۆ ئیسرائیل لە كاتێكدایە كە بەهۆی پشتگیركردنی ئیسرائیل لە جەنگی سەر غەززەدا، هێرشێكی توند لەسەر جۆ بایدن هەیەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیو لەناو پارتی دیموكراتەكانیشەوە ڕەخنەی توندی لێدەگیرێتو هاوكات بزووتنەوە ناڕەزایەتییەكانی لە ئەمەریكا داوایان لە دەنگدەران كردووە كە لە سەر سندوقی دەنگداندا سزای بایدن بدەن، بەهۆی پشتگیریكردنی لە ئیسرائیل.