دیبلۆماتیك
هەرچەندە دەستبەسەرداگرتنی " یانەی وەرزشی بەختیاری" كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان دوو براكەی تەقاندەوە، بەڵام ململانێكانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای برای كە سەرۆكو جێگری حیزبەكەن، بۆ پاش كۆنگرەی حەوتەمی حیزبەكەیان دەگەڕێتەوە.
هەروەك چۆن لە دوای كۆنگرەی حەوتەمی حیزبەكەیانەوە، عەبدوڵای برای، لەناو حیزبدا بەهێزو كاریگەربوو، محەمەدی حاجی مەحمود دەیەوێت بە بەستنی كۆنگرەیەكی خێراو نائاسایی قەڵاكەی عەبدوڵای برای لەناو حیزبدا بڕوخێنێت.
لەپاش ئەو ڕۆژەوە كە لایەنگرانی دوو براكە لە گوڵەخانە بە تەقەكردن ڕووبەڕووی یەك بوونەوە ئیدی ناكۆكییەكان چونە دۆخێكەوە كە ئاشتەوایی نێوان محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدولای برای كردە مەحاڵو بەپێی زانیارییەكان لێدوانەكانی عەبدوڵا لەو ڕۆژدا، براكەی تەواو توڕەو نییگەران كردووەو ئومێدی بۆ پێكهاتنەوە نەهێشتووەتەوە.
لەپاش ڕووبەڕووبوونەوە چەكدارییەكەی گوڵەخانە، محەمەدی حاجی مەحمود لەناو حیزبو دەرەوەی حیزبدا مانۆڕی دژی عەبدوڵای برای خستەڕێو دوایین مانۆڕیشی كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حیزبەكەی بوو كە بڕیاری كۆنگرەی تێدا دراو هەر لەوێوە نەخشەی كۆتاییهێنان بە هەیمەنەی عەبدوڵای تێدا داڕێژرا.
کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە عەبدوڵای حاجی مەحمود لەناو حیزبدا، لە لایەن محەمەدی حاجی مەحمودی برایەوە، توندتربوویەوەو گەشتە ئەو ڕادەیەی کە ئەمڕۆ سەرکردایەتی حیزب کۆبکاتەوەو بڕیاری دەرکردنی بدەن.
عەبدوڵای حاجی مەحمود، سەبارەت بە دوورخستنەوەی لە حیزب ڕایگەیاند، ئەوە بڕیاڕێکی ناپەیڕەوییەو ئەنجومەنی سەرکردایەتی مافی ئەوەی نییە جێگری سەرۆکی حیزب دوور بخاتەوە.
بەپێی زانیارییەكان كە لە بەرپرسانی باڵای ناو پارتی سۆسیالستو نزیك لە ململانێكانەوە دەستكەوتوون، لە پاش كۆنگرەی حەوتمەی حیزبەكەوە كە لە 5 – 3- 2022دا ئەنجامدرا، عەبدوڵای حاجی مەحمود نەك هەر بوو بەجێگری سەرۆكی پارتەكە، بەڵكو لە سیوحەوت ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، زۆرینەیان ئەو كەسانەبوون كە لەوەوە نزیكبوونو بە پاڵپشتی ئەو بۆ سەركردایەتی دەرچوون.
كاریگەری عەبدوڵا لەناو سەركردایەتیدا ئەوكاتە زۆرتر بوو كە لە پاش شەش مانگ لە كۆنگرە، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە دیاریكرانو لە دیاریكردنیشیاندا براكەی محەمەدی حاجی مەحمود ڕۆڵی سەرەكی هەبوو.
ئەندامبوونی لە خولی سێیەمو چوارەمی پەرلەمانی كوردستانداو، پشان پۆستی وەزیری شەهیدان، پێگەی عەبدوڵای حاجی مەحمودی لەناو حیزبدا بەهێزكردووەو ئەو لەم ڕێگەیەشەوە توانیویەتی دەستەو گروپی خۆی لەناو حیزبەكەدا بەهێزو فراوان بكاتو هەم پەیوەندی لەگەڵ حیزبەكانیشدا بەتایبەتی پارتیو یەكێتی دروست بكات، ئەوەش نیگەرانی گەورەی لای محەمەدی حاجی مەحمودی برای دروستكرد بوو.
لە دوا كۆنگرەی فراوانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی سۆسیالستدا كە هەینی ڕابردوو لە گوڵەخانە ئەنجامدرا، لە بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەكەوە كە بە خواستی محەمەدی حاجی مەحمود نووسراوە، بە قەولی ئەوان پەیامی توند ئاڕاستەی " گێرەشیوێن"ەكانی حیزب كراو هاوكات لەو كۆبوونەوەیەوە محەمەدی حاجی مەحمود نەخشەی كۆتاییهێنان بە هەیمەنەی عەبدوڵای برای داڕشت كە بەستنی كۆنگرەی نا ئاساییو پێشوەختەی حیزبە.
بەپێی زانیارییەكانی دیبلۆماتیك كە لە لەسەركردایەتی پارتی سۆسیالستەوە دەستیكەوتووە، هەموو ئەوانەی لە كۆبوونەوەكەی هەینی ڕابردووی گوڵەخانەدا بەشدارییان كردووە، لەبەرەی محەمەدی حاجی مەحمود نینو هەندێك لەو ئەندام سەركردایەتییانە تەنانەت بە ئاگاداریو خواستی عەبدوڵای حاجی مەحمود بەشداری كۆبوونەوەكەیان كردووە.
جیا لەوەی هەندێك ئەندامی سەركردایەتی بەشدار لە كۆبوونەوە فراوانەكەی ئەنجوومەنی سەركرایەتی هەینی ڕابردوو هێشتا لەگەڵ عەبدوڵای حاجی مەحموددا ماونەتەوە، هاوكات دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسیو دوو ئەندامی سەركردایەتی لە هەولێرو ڕەفعەت محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیو بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنو شاڵاو عومەر، ئەندامی سەركردایەتیو بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی كە خوشكەزای محەمەدی حاجی مەحمودیشە، لەگەڵ حەوت ئەندامی سەركردایەتی دیكەدا بەشداری دوا كۆبوونەوەی سەركردایەتییان لە گوڵەخانە نەكرد.
سەرباری ئەوەی كە بڕیاری تەجمیدكردنو لەكارخستنی كۆمەڵێك بەرپرسی لەناو حیزبدا داوە، محەمەدی حاجی مەحمود دەیەوێت لە ڕێگەی بەستنی كۆنگرەوە دوا قەڵای عەبدوڵای برای لەناو حیزبدا بڕوخێنێت، چونكە ئەو پێیوایە براكەی لەڕێگەی كۆنگرەوە هەیمەنەی بەسەر حیزبدا كردووەو دەبێت بە كۆنگرەكەش قەڵاكەی بڕوخێنێت.
جیاواز لەوەی بەستنی كۆنگرەی پێشوەختە لە لایەن محەمەدی حاجی مەحمودەوە ئاماج لێی كۆتایهێنانە بە هەیمەنەی براكەی لەناو حیزبدا، هاوكات گەڕانەوەی ناوی حیزبەكە لە پارتی سۆسیالستەوە بۆ " حیزبی سۆسیالست" ئامانجێكی دیكەی محەمەدی حاجی مەحمودەو ئەو دەیەوێت ناوە دڵخوازەی خۆی كە لە كۆنگرەی پێشوودا لە حیزب كرایەوە بۆی بگەڕێنێتەوە، چونكە وەكو زانراوە، ئەو گۆڕانكارییە لەناوی حیزبدا بە كاریگەری عەبدولای برای كراوەو محەمەدی حاجی مەحمودیش جگە لە " حسك" هیچ ناوێكیتر بە شایستەی حیزبەكەكە نازانێت.