سوێندەکەی وەزیری "پارچە پارچەکردن" کەوت

2021-07-06

حەکیم داود قەرەداغی

لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا، وەزیری سامانە سرووشتییەکان د. کەمال ئەترووشی هەڕەشەی "پارچە پارچەکردنی" هەر کارمەندێکی ناوخۆیی و تەنانەت "چاو سەوزی"یشی کرد ئەگەر بە گەندەڵییەوە بیانگرێت. هەڕەشەیەک دەبوو پەرلەمانتاران لێی قبوڵنەکەن و پێیبڵێن بەپێی کام یاسا دەسەڵاتی پارچە پارچەکردنی کارمەند بە تۆی وەزیر دراوە. بەڵام بەداخەوە، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی زەرد، بێ ئاگایانە چەپڵەیان بۆ لێدا و هەڵەیەکی گەورەیان بەسەردا تێپەڕی. ئەگەر کەسێک گەندەڵی بکات دەبێ بدرێتە دادگا و دوای بڕیاری دادوەر سزای یاسایی وەردەگرێت، کە بێگومان پارچە پارچەکردنی تێدا نییە.
ئەم سوێندە قورسە نازانین دەکەوێ یان نا، چونکە وەزیر بە دەمی داهاتوو قسەی کرد. رەنگیشە خەڵک بکوژێ، چونکە وتی کارمەندی من، هەمووشمان دەزانین لە دۆسیەی نەوتدا کارمەندی ئاسایی گەندەڵی ناکات، ئەوانەی سەرەوەی وەزیر دەیکەن کە ئەوان ئەم-یان لەو پۆستە داناوە.
 

،،

تەنها کات دەریدەخات کە ئایا وەزیر کەس لەسەر گەندەڵی پارچە پارچە دەکات و ئەم سوێندەکەی ناکەوێ؟ بەڵام من شاهیدم کە سوێندەکەی دیکەی کەوت کاتێک وتی تەنیا خودا و من و بەڕێوەبەرێک ئاگاداری گرێبەستەکانی نەوت و دۆسیەکەین.

دۆسیەی نەوت و وزەی کوردستان زۆر ئاڵۆزە، لەدەستی حکومەت و تەنانەت پارتیی دیموکراتی کوردستانیشدا نییە. هەموو دۆسیەکە لەلای بنەماڵەی بارزانییە و ئەندازیارەکەشی تاوەکو ٢٠١٩ نێچیرڤان بارزانی بوو. بەڵام ٢٠١٩ کاتی گۆڕینی ئەندازیار هات، چونکە دۆخی ئابووری کوردستان گەیشتە ئاستێک کە بارزانی باوک دڵنیابوو کۆتاییەکەی بە کۆتایی دەسەڵاتی بنەماڵەکەی کۆتایی دێت.
هەر بۆیە لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت، چاوی میدیا و خەڵک تەنیا لەسەر ناکۆکیەکانی پارتی بوو لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان بۆ چۆنێتی دابەشکردنی پۆستەکان. بەڵام لەڕاستیدا دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەکە بەشێکی پەیوەندی بە ململانێی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی هەبوو لەبارەی دۆسیەی نەوت و پێگەی نێچیرڤان لەو پرسەدا.
نێچیرڤان بارزانی نەیدەویست بە جێهێشتی پۆستی سەرۆکوەزیران بەتەواوی لە دۆسیەی نەوت بکرێتە دەرەوە، بۆیە سوربوو لەسەر ئەوەی کەسانی سەر بە خۆی لە کابینەکەدا جێبهێڵێت. بۆ ئەوەش ناوی ئاشتی هەورامی بۆ نەوت و رێباز حەملانی بۆ دارایی ناردبووە بەردەستی ئامۆزاکەی. بەڵام مەسروور بارزانی رەتیدەکردەوە پۆستی وەزیر بەو دوو کەسە بدات، ئەوەش زیاتر پێکهێنانی کابینەکەی دواخست.
دواجار پێکهێنانی کابینەکە لە رۆژی ١٠ی مانگی ٧ی ٢٠١٩ بەبێ ناوی ئاشتی هەورامی و رێباز حەملان راگەیێندرا. سوپرایزەکە پێنج رۆژ دواتر ئاشکرابوو، ئەوەش ئەو کاتەی میدیای نێچیرڤان بارزانی نووسراوێکی مەسروور بارزانی بڵاوکردەوە کە بەبێ پشتبەستن بە هیچ یاسایەک ئاشتی هەورامی وەک 'یاریدەدەر'ی سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە دیایکردبوو (میدیای مەسروور بارزانی باسی ئەم هەواڵەیان نەکرد).
دروستکردنی ئەو پۆستە تازەیە چارەسەرێکی مامناوەندی بوو بۆ هەردوو ئامۆزاکە؛ هەم مەسروور بە فەرمی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سرووشتییەکان دوورخستەوە و هەم نێیچیرڤانیش کەسێکی نزیک لە خۆی لە دۆسیەی نەوتدا جێهێشت. زەرەرمەندی سەرەکیش دوای خەڵک، یەکێتی و گۆڕان بوون کە بەبێ پرس و راوێژ پێیان، بەهۆی ناکۆکی دوو ئامۆزاکەوە پۆستی تازە لە ئاستی باڵا و بۆ دوو پرسی گرنگی نەوت و دارایی دروستکرا. ئەوە بوو دواتر لە مانگی نۆی هەمان ساڵ رێباز حەملانیش کرا بە یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دارایی.
سەرەڕای ئەوەش، ئەوەی لەو کاتەدا مەسروور بارزانی نەیهێشتووە بگاتە دەستی میدیاکان، بڕیارێکی خۆی بووە بۆ دانانی کەمال ئەترووشی وەک 'راوێژکار'ی سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە. واتە دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت، بەهۆی ناکۆکی نێوان نێچیرڤان و مەسروور بارزانی دوو پۆستی تازە دروستکراون؛ یاریدەدەر بۆ ئاشتی و راوێژکار بۆ ئەترووشی هەردووکیان لە بواری نەوتدا.
 

،،

بەهۆی ناکۆکی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لەبارەی ئەوەی کێ وەزیری سامانە سرووشتییەکان بێت، دۆخەکە بەو جۆرە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەردەوام بوو، تاوەکو دواجار لە سەرەتای ئەمساڵ کەمال ئەترووشی بۆ پۆستەکە دیاریکرا.

هەرچەندە دیارنییە لەم کاتەدا کە ئەترووشی وەزیری سامانە سرووشتییەکانە، رۆڵی هەورامی لە دۆسیەی نەوتدا لە چی ئاستێکدایە، بەڵام ئەوەی روونە سوێندەکەی ئەترووشی بە خودا و بە قورئان راست نییە کە دەڵێ تەنیا خۆی ئاگاداری ئەو دۆسیەیە.
دۆسیەی نەوت و گازی کوردستان لەوە ئاڵۆزترە نەک خەڵک و پەرلەمان، بەڵکو یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کە سەدا ٥٠ی هێز و خاکی کوردستانی بەپێی ئەمری واقیع لەژێر دەستە، بتوانێ لێی تێبگات. یەکێتی دوای زیاتر لە ١٥ ساڵ هێشتا ئاگاداری وردەکاریی و فرۆشتن و داهاتەکەی نییە، نە ئەو کاتەی سەرۆکوەزیران بەرهەم ساڵح بوو، نە کە عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکوەزیران و نە ئێستاش کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانە.
لە سیاسەتدا بڕبڕەی هێز ئابوورییە، هێزی ئابووری کوردستانیش ئێستا نەوتە، هەر ئەوەش پارتی بەهێز کردووە. هەر کات نەوت نرخی و قورسایی ئێستای نەما (کە زۆر دوور نییە)، ئەو کاتە پارتیش لاواز دەبێت. بەڵام ئەو رۆژانە نە ئاشتی ماوە و نە ئەترووشی تاوەکو بزانین بەڕاستی ئاگاداری دۆسیەکە بوون یان نا!