بۆ یەکەم جار وێنەی زالمای خەلیل زاد نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان و مەلا برادەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی تالیبان و بەرپرسی کاروباری سیاسی ئەو بزوتنەوەیە لە ڕۆژی (٢٩/٢/٢٠٢٠) لە دەوحەی قەتەر لە کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی نێوان ئەمریکا و بزوتنەوەی تاڵیبان بڵاوبوویەوە ئەو ڕێککەوتنەی کە کۆتایی ھێنا بە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری نێوانیان کە ھەژدە ساڵی خایاند.
دەقی ڕێککەوتنەکە لە سێ بەش پێکدێت و گرنگترین بەشی ڕێککەوتنەکە کشانەوەی سەربازی ئەمریکا ھاوپەیمانەکانیەتی لە ماوەی (١٤) مانگ و ئازادکردنی نزیکەی شەش ھەزار زیندانی تاڵیبانە، لەبەرامبەردا تالیبان پابەند دەکرێت بەوەی خاکی ئەفغانستان بەکارنەھێنێت بۆ ھێرشکردنەسەر بەرژەوەندی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی.
،،
ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی ھێنا بە شەڕێک کە لە ڕووی داراییەوە زیاتر لە (٨٢٢) ملیار دۆلار لەسەر ئەمریکا کەوت، لە ڕووی زیانی مرۆیەوە (٢٣٠٠) سەربازی ئەمریکی کوژراون و (٢٠٦٦٠) سەربازیش بریندار بوون.
،،
لەو (٦٧) گروپە شیعەیەی ناو حەشدی شەعبی (٤٤) گروپیان سەر بە بەرەی مقاوەمەن و لە ئێران نزیکن، (١٧) گروپی تریان سەر بە سیستانین ، (٦) گروپی تریان سەر بە مەرجەعیاتی ترن.
ئەوەی لەم گروپانە بە ڕوونی دژایەتی ئەمریکا دەکات گروپەکانی سەر بەبەرەی مقاومەن ، ھەرچی دوو گرپەکەی ترە بێدەنگن ، ھاوشێوەی بزوتنەوەی تاڵیبان کە تەنیا گروپی سێیەم بە ڕوونی دژایەتی ئەمریکای دەکرد ، گروپەکانی یەکەم و دووەم یان بێگارگەر کرا بوون یان کەمتر لەو دژایەتیە بەشدار بوون.
لەناو ئەو گروپانەی حەشدی شەعبی کە لە بەرەی مقامەوەن سێ گروپیان لە ئێستادا لە ڕووی قەبارە و ئەو ھێرشانەی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجامی دەدەن لەوانی تر لە پێشترن: كتائب سيد الشهداء ، كتائب حزب الله ، النجباء.
لەو ھێرشانەی لە ئێستادا دەکرێتە سەر بەرژەوەندی ئەمریکا لە سوریا و عیراق و ھەرێمی کوردستان زیاتر پەنجەی تۆمەت ئاراستەی كتائب سيد الشهداء دەکرێت، ئەو گروپەی ساڵی (٢٠١٣) لە كتائب حزب الله جیا دەبێتەوە، لە ساڵی (٢٠١٤) ھەڕەشەی لە سعودیە و لە ساڵی (٢٠١٨) ھەڕەشەی لە سوپای یەمەن کرد، لە سوریا لە ناوچەکانی ريف ديمشق ، بوكمال ، نزیکی تنف نیشتەجێن، لە عیراقیش لە دەشتی نەینەوا و قائم لە پارێزگای ئەنبار و بەغداد نیشتەجێن و وەک باس دەکرێت ژمارەیان نزیکەی چوار ھەزار چەکدارە.
ئەو ھێرشانەی ئێستا ئەم گروپانە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجامی دەدەن دەکرێت خوێندنەوەی جۆراو جۆری بۆ بکرێت ، بەڵام دەکرێت بەشێکی زۆری ھۆکاری چڕبوونەوەی ئەم ھێرشانە لە ئێستادا بۆ دروستکردنی فشار بێت لەسەر ئیدارەی ئەمریکا بۆ ئەوەی ناچار بێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە عیراقییەکان بە تایبەت حەشدی شەعبی لە عیراق بکشێتەوە.
ئەمریکا لە ئەفغانستان دەکشێتەوە سەرباری ئەو زیانە ئابوری و گیانیانەی لێی کەوتووە، لەگەڵ ئەوەی ئەفغانستان لە ڕووی جیۆپۆلتیکیەوە بایەخێکی گرنگی بۆ ئەمریکا ھەیە و سنوری ھاوبەشی نێوان ئەفغانستان و چین کە وڵاتێکی ڕکابەری ئەمریکایە (٧٦) کیلۆمەترە لە لایەکی تر سنوری ھاوبەشی نێوان ئەفغانستان و ئێران کە وڵاتێکی دژبەری ئەمریکایە (٩٤٥) کیلۆمەترە.
لە کاتێکدا ئەگەر لەم ڕەوە سەیری بکەین لە ئێستا عیراق ئەو گرنگە جیۆپۆلیتیکەی بۆ ئەمریکا نیە عیراق تەنیا (١٢٠٠) کیلۆمەتر سنوری ھاوبەشی لەگەڵ ئیران ھەیە، ئەگەر سوریا لە ھاوکشەکە دەربکەین، باقی وڵاتە ھاوسێکانی تری عیراق ھاوپەیمانی ئەمریکان.