بارام سوبحی
یاسین موحێدین، له گوندی هه‌شه‌زینی ناحیه‌ی سه‌نگاو له‌دایكبووه. كه‌سێكی خوێنه‌رو روناكبیره. به‌شداری له راپه‌ڕینی چه‌مچه‌ماڵ‌و ئازادكردنی كه‌ركوكدا كردوه. دواتر بۆ خوێندن رووده‌كاته زانكۆیه‌كی سوریا، پاشان له نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له دیمه‌شق ده‌بێته كارمه‌ند. به هاندانی چه‌ند هاوڕێیه‌كی ده‌چێته ئۆفیسی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان‌و داوای مافی په‌ناهه‌نده‌یی ده‌كات.
له ئۆفیسه‌كه‌ی (UN) كارمه‌نده‌كه لێی ده‌پرسێت ناوچه‌كه‌ی ئێوه له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی عێراقدا نییه‌و كورده‌كان فه‌رمانڕه‌وان، ئیدی بۆچی ناگه‌ڕێیته‌وه؟ ئه‌ویش ده‌ڵێ: راسته له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا نییه
،،
به‌ڵام ئاو‌و كاره‌باو خزمه‌تگوزاری‌و هه‌لی كار نییه. دواجار ناوی له شاری ئه‌لبانی "ئۆلبانی" پایته‌ختی ویلایه‌تی نیویۆركی ئه‌مه‌ریكا ده‌رده‌چێ، كه تا ئه‌و كاته ناوی شاره‌كه‌ی نه‌بیستوه‌و واده‌زانێ ئه‌لبانیایه.
به‌هه‌رحاڵ، یاسین ده‌گاته ئۆلبانی، له‌وێ له نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ده‌بێته كارگوزار، پاشان بۆ نوێژكردن رووده‌كاته مزگه‌وتی شاره‌كه. له‌به‌رئه‌وه‌ی له سوریا خوێندكاری ماسته‌ر بوه له شه‌ریعه‌تداو خۆشی له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئاینی بووه، ده‌بێته پێشنوێژ‌و وتارخوێنی مزگه‌وته‌كه. دوای رووداوی (11/ئه‌یلول/2001: ته‌قاندنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی سه‌نته‌ری بازرگانی ئه‌مه‌ریكا له نیویۆرك)، به له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی ئازادی بیروڕا له ئه‌مه‌ریكا، یاسین له وتاره‌كانیدا هه‌ندێك ره‌خنه‌ی میدیای ئه‌مه‌ریكیه‌كان له ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌یان باس ده‌كات. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێكی رۆژهه‌ڵاتی‌و موسڵمان بوه‌و هێشتا نه‌بۆته هاوڵاتیه‌كی ئه‌مه‌ریكی، له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه ده‌خرێته ژێر چاودێرییه‌وه‌و پاشان ده‌ستگیرده‌كرێت‌و سزای (15) ساڵ زیندانی بۆ ده‌رده‌چێت.
دۆسیه‌كه‌ی یاسین‌و گیراوه‌كانی بادینان
هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنی یاسیندا، دوو به‌رپرسی باڵای ئه‌مه‌ریكی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له واشنتۆنه‌وه ده‌ڵێن "حوته گه‌وره‌كه‌مان ده‌ستگیركرد". سه‌ره‌تا به هه‌وڵدان بۆ كوشتنی كونسڵی پاكستان تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن، به‌ڵام كونسڵخانه‌ی پاكستان به به‌یاننامه‌یه‌ك تۆمه‌ته‌كه ره‌تده‌كاته‌وه. دواتر زنجیره‌یه‌ك تۆمه‌تی ئاراسته ده‌كه‌ن، هاوشێوه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی بۆ گیراوه‌كانی بادینان له‌مساڵدا دروستكران.
سه‌ره‌نجام یاسین به پازده ساڵ زیندانی سزاده‌درێت. وه‌كو خۆی ده‌ڵێت:
،،
ته‌نها تاوانم موسڵمان بوون‌و ئه‌سمه‌رییه‌كه‌م‌و ریشه‌كه‌م بوو، ئه‌گینا حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكی نه‌یتوانی یه‌ك تۆمه‌تی خۆی بسه‌لمێنێ‌و ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیان‌و میدیای ئه‌مه‌ریكی پشتیوانی بێتاوانی منیان ده‌كرد.
قوتابخانه‌ی زیندان
یاسین ده‌ڵێت: له ماوه‌ی ئه‌و پازده ساڵه‌دا تێكڕا هه‌فتانه كتێبێكم خوێندۆته‌وه. هه‌ر له زینداندا كتێبێك به‌ناونیشانی "كوڕی چیاكان" ده‌نوسێت، تیایدا ژیانی خۆی‌و نه‌هامه‌تیه‌كانی كورد ده‌گێڕێته‌وه. له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كتێبه‌شه‌وه ده‌یان زیندانی‌و سه‌دان هاوڵاتی ئه‌مه‌ریكی به دۆزی كورد ئاشنا ده‌بن. به ره‌فتاره‌كانیشی له زینداندا ده‌یسه‌لمێنێ كه موسڵمانێكی په‌یامداره‌و ئیسلام دووره له‌و وێنایه‌ی میدیای رۆژئاوایی بۆی دروستكردوه.
ئه‌زمون‌و تێڕامان
كتێبه دوو به‌رگیه‌كه‌ی نووسه‌ر ته‌نها گێڕانه‌وه‌ی ساڵانی زیندان نییه، به‌ڵكو باسكردنه له ئایین، نه‌ته‌وه، كه‌لتور، شارستانیه‌ت، سیاسه‌ت، ئیداره‌و دادگای ئه‌مه‌ریكی، ژیان له رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاوا. ئه‌و پازده ساڵه‌ی زیندان نه‌بۆته هۆی ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ته‌نها لایه‌نه ره‌شه‌كان باس بكات، به‌ڵكو به‌راورد ده‌كات‌و لایه‌نه جوانه‌كانیش باس ده‌كات. هه‌ڵوێسته جۆراوجۆره‌كان ده‌خاته‌ڕوو. به زمانێكی ئه‌ده‌بی سه‌رنجڕاكێش رووداوه‌كاون ده‌گێڕێته‌وه. له هۆڵه سارد‌و سڕه‌كانی زیندانه‌كانه‌وه ده‌تهێنێته‌وه بۆ ناو سروشتی گونده‌كه‌ی‌و باسی جریوه‌ی چۆله‌كه‌و هاژه‌ی چه‌م‌و ژیانی گوند ده‌كات.
چێشتی مجێورو داگیركردنی تاریكی
ئه‌م كتێبه له باس‌و به‌سه‌رهاته‌كان‌و زمانی گێڕانه‌وه‌دا له چێشتی مجێوره‌كه‌ی مام هه‌ژار ده‌كات. ژماره‌یه‌ك له هاوڕێیان ده‌ڵێن دوایین رۆمانی به‌ختیار عه‌لی "داگیركردنی تاریكی" سه‌رچاوه‌یه‌كی باشه بۆ ئاشنابوون به سته‌مكارییه‌كانی تورك ده‌رهه‌ق به كورد. منیش ده‌ڵێم كتێبه‌كه‌ی كاك یاسین سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ‌و به‌پێزه بۆ ئاشنابوون به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ی ژیان‌و ئیداره‌و دادگا له ئه‌مه‌ریكا.
ره‌نگه هه‌ر ئه‌وه‌ش وای له نووسه‌ر كردبێت له به‌رگی كتیبه‌كه‌یدا بنووسێت: كاتێك كتێبه‌كه‌ت ته‌واوكرد، ئه‌گه‌ر ئاهێكی قوڵی پێ هه‌ڵنه‌كێشایت، بۆچونت ده‌رباره‌ی ژیان نه‌گۆڕا، پاره‌ی كتیبه‌كه‌ت بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌و داوای لێبوردنیشت لێ بكه‌م بۆ كات به زایه‌دانت.