چۆن لە ھەرێمی کوردستان دەڕوانن؟

2021-08-05

ئومێد مەحمود

لەکاتێکدا دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان یان حزبێکی سیاسی ھەرێم تووشی تەنگژە و کێشەیەکی ناخۆیی یان تووشی کێشە دەبن لەگەڵ بەغدا یان وڵاتێکی ھەرێمی، لە زۆر ڕاگەیاندن و سەرچاوەی سیاسی گوێمان لێ دەبێت و دەخوێنینەوە بە ڕەھایی دەگوترێت: ئەمەیە بۆچوون یان دیدی لایەنە شیعەکانی عیراقە بەرامبەر ئەم کێشەیە.

پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە: ئایا لایەنە شیعەکانی عیراق ھەموویان یەک دیدگای ھاوبەشیان ھەیە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان؟ یان نەخێر، ھەر لایەنەو بەپێی سروشتی پێکھاتەی ناوخۆیی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر خاوەن دیدگای تایبەتی خۆیەتی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان و حزبە سیاسیە کوردییەکان.

بێشک ھەموو لایەنە شیعەکانی عیراق خاوەن یەک دید نین بەرامبەر ھەرێمی کوردستان ، ھەر لایەنە و بەپێی پێکھاتەی ناوخۆیی و سروشتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر خاوەن دیدگایەکی تایبەتی دەبێت بۆ پرسە ناوخۆییەکانی عیراق ، ھەروەھا دیدگایەکی تایبەتی خۆی دەبێت بەرامبەر حزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان.


کاریگەرترین لایەنە سیاسییەکانی شیعە و دیدگاکانیان لەئێستادا:

یەکێک لە کاریگەرترین لایەنە شیعییەکان لە ئێستادا ڕێکخراوی بەدرە کە وەک باڵی سەربازی مەجلیسی ئەعلای ئیسلامی لە ساڵی (١٩٨٢) دادەمەزرێت ، بەڵام دواتر لە ساڵی (٢٠١٢) ڕێكخڕاوی بەدر بە سەرۆکایەتی (ھادی عامری) لە مجلسی ئەعلا جیا دەبێتەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشداری پڕۆسەی سیاسی دەکات و لە دواین ھەڵبژاردن (٤٧) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بەدەست ھێنا.
لە ڕوانینی سەرەتا وا دەر دەکەوێت بەو پێیەی ڕێکخراوی بەدر باڵی سەربازی مجلسی ئەعلا بووە ، پێویستە ھەمان دیدی مجلسی ئەعلای ھەبێت بەرامبەر ھەرێمی کوردستان حزبە سیاسییەکان

،،

بەڵام ئەم بابەتە بەم شێوەیە نیە، بەدر بە تایبەت دوای جیابوونەوە لە مەجلیسی ئەعلا دیدێکی جیاوازتری ھەیە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان.

بۆ نمونە لەدوای دەرچوونی دەستوری عیراق و بە دیاریکراوی لە ساڵی (٢٠٠٦) کە ڕێبەرایەتی مجلسی ئەعلای ئەو کاتە بە سەرۆکایەتی (عەبدولعەزیز حەکیم) ئامادەیی ئەوەی نیشان داوە تا گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان پشتگیری لە فیدرالیەتی ھەرێمی کوردستان بکەن ، بەڵام ڕێکخراوی بەدر لە ئێستادا تەواو پێچەوانەی ئەم دیدە کار دەکات و لەگەڵ ئەوەدایە ھەرێمی کوردستان کەمترین دەسەڵاتی ھەبێت ، بە دیاریکراوی لە ساڵی (٢٠١٦) لە ناوچەکانی سعدیە و لە نزیکی بەعقوبە لە دیالە و دوزخورماتوو لە باشوری کەرکوک چەند بەیەکدادانێکی چەکداری لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ڕوویاندا ، بەپێی سەرچاوەکان ھێزەکانی حەشدی شەعبی نزیکی ڕێکخراوی بەدر بوون، ڕێکخراوی بەدر زیاتر لەگەڵ ئەو حزبانە پەیوەندی باشە کە لە بەرەی مقاومەوە نزیکن و پشتگیری مانەوەی ھەرێمی کوردستانن لە چوارچێوەی عیراقدا.

لایەنێکی تری گرنگی شیعی حزبی دەعوەیە:

حزبی دەعوە یەکێکە لە کۆنترین ھێزە سیاسییە شیعییەکان ، ئەگەرچی دیدی ئەم حزبە پێش ڕووخانی سەدام بە تایبەت لەنێوان ساڵەکانی (١٩٦٠ - ١٩٩٠) بەرامبەر کورد و ھێزە سیاسییە کوردییە لەو ماوەیە ڕوون نیە ، یان باشترە بڵێین ھیچ ھەڵوێستێکی جدی بەرامبەر کورد نەبووە، تەنیا ئەوە نەبێت لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ڕای گەیاندووە: پێویستە کێشەی کورد بە ڕێگای نا سەربازی چارەسەر بکرێت ، دوای ڕووخانی ڕژێم تا ساڵی (٢٠٠٨) حزب ھەمان دیدی بەرامبەر ھەرێم ھەبووە

،،

بەڵام لەو ساڵەوە دیدێکی نوێی حزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی مالکی بەرامبەر کورد دەبینین ، کە خۆی لە باسکردن لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی (مجالس الاسناد العشائرية) دەبینێتەوە ،

بە تایبەت لە شاری کەرکوک ، کە لەو کاتەدا ناڕەزایی توندی ھێزە سیاسییە کوردییەکانی لێکەوتەوە، ئەم وەرزی ناکۆکییەی نێوان ھەرێم و حزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی مالکی تا دوای ھەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٠) بەردەوام دەبێت ، بەڵام دوای ئەوەی کە بە پشتیوانی ھێزە کوردییەکان بۆ جاری دووەم پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرێتەوە ، بۆ ماوەیەک ناکۆکی نێوان حزبی دەعوە و ھەرێم و ھێزە سیاسییە کوردییەکان خامۆش دەبێت ، بەڵام زۆر ناخایەنێت بەھۆی داڵدەدانی تارق ھاشمی ، ئەندامێکی پایە بڵندی حزبی دەعوە لە مانگی یەکی (٢٠١٢) داوای بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان دەکات ، دواتر لە مانگی شەشی ھەمان ساڵ (حسێن شەھرستانی) بە فەرمی داوای بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی کرد ، مالکی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و جەزیرە و بادیەی لە ناوچەکانی کەرکوک و شەنگال ڕاگەیاند ، گرژی حزبی دەعوە و ھەرێم گەیشتە لوتکە ، حزبی دەعوە وەک حزبێکی بەرەی مقاومە ھەمیشە ھەوڵیداوە لەو کارتەش سود وەربگرێت ، لەبەرئەوە لە سەردەمی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەم حزبە و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لە ساڵی (٢٠١٢) حزبەکە ھەوڵی دا گرفت پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و ئێران دروست بکات.



سەدرییەکان لایەنێکی تری گرنگی شیعەن لە عیراقدا:

سەرەتای دەرکەوتنی سەدرییەکان بزاوتێکی چەکدارییە بەناوی سوپای مەھدی ، کە لە مانگی (٨) ساڵی (٢٠٠٤) چالاکییە چەکدارییەکانیان دژی ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ھێزە حکومییە عیراقییەکان دەست پێ دەکەن ، ئەم چالاکیانە تاوەکو ساڵی (٢٠٠٨) درێژەیان دەبێت ، ھاوتای ئەم بزاوتە سەدرییەکان بەشداری پڕۆسەی سیاسیان کردووە لە حکومەتەکەی (ئیبراھیم جەعفەری) بەشدار بوون ، دواتر لە حکومەتەکەی خولی یەکەمی سەرۆک وەزیرانی مالکی بە چوار وەزیر بەشدار بوون ، بەڵام ڕووداوەکانی ئەو کاتە کە بە (صولة الفرسان) ناسراوە ، تیایدا مالکی ھێزەکانی حکومەتی دژی سوپای مەھدی بەکارھێنا ، سەدرییەکانی ناچار کرد لە حکومەت بکشێنەوە ، ئەمە سەرەتا دامەزراندنی ھێڵی تایبەتی سیاسی سەدرییەکانە کە ھێڵێکی تەواو جیاوازە لەو ھێڵەی حزبی دەعوە گرتویەتی ، ئەگەرچی سەدر دواتر لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق بەشداری دەکات ، بۆ نمونە لە حکومەتی دوای ھەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٠) بە ھەشت وەزیر بەشدار بوو ، دواتر لە حکومەتی دوای ھەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٤) پێنج پۆستی گرنگی وەرگرت ، بەڵام سەباری ئەمەش سەدرییەکان دەستبەرداری ھێڵی سیاسی تایبەت بە خۆیان نەبوون ، کە ھێڵێکی دوور لە بەرەی مقاوەمە و ئێرانە ، ئەمەش سەدرییەکانی ناچار کرد دوو جار لە ساڵەکانی (٢٠١٤ و ٢٠١٦) لە پڕۆسەی سیاسی بکشێنەوە ، لە دەستپێکی بەشداری سەدرییەکان لە پڕۆسەی سیاسی عیراق ھەمان سیاسەتی حزبی دەعوەیان بەرامبەر ھەرێمی کوردستان و ھێزە کوردییەکان پیادە دەکرد ، بەڵام دواتر کاتێک سەدرییەکان ھێڵی کارکردنی سیاسی خۆیان لە حزبی دەعوە جیا دەکەنەوە ، دیدیان بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەگۆڕێت ، بۆ نمونە لە گەرمەی ناکۆییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و مالکی سەرۆکی حزبی دەعوە لە ساڵی (٢٠١٢) ڕەوتی سەدر لە بەیانێکدا لە ڕۆژی (٢٩/١١٢٠١٢) ڕای گەیاند کە پێویستە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بە زووی و بە ڕێگای ئاشتیانە چارەسەر بکرێن ، دواتریش سەدرییەکان لە بابەتەکانی وەک مافی چارەی خۆنووسین و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک ، خاوەن دیدێکی ئیجابی بوون لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان.

لایەنێکی تری گرنگی ناو لانە شیعەکان لە ئێستادا تەیاری حیکمەیە:
سەرەتای دەرکەوتنی ئەم ڕەوتە بۆ ساڵی (٢٠١٧) دەگەڕێتەوە ، ئەو کاتەی کە (عمار حکیم) سەرۆکی مەجلیسی ئەعلای ئەو کاتە ڕای گەیاند دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت و ڕای گەیاند ، ڕەوتێکی نوێ بە ناوی ڕەوتی حیکمە دادەمەزرێنێت ، ئەمەش لەو کاتەدا وا لێکدانەوەی بۆ کرا کە لادانی (عمار حەکیم) و بەشێکی زۆری سەرکردایەتی مەجلسی ئەعلای ئیسلامییە لەو ھێڵە سیاسیەی کە حزبەکەی لە ساڵی (١٩٨٢) لەسەر دامەزراوە ، کە ھێڵێکی ئێرانیە و کار دەکات بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی ئیسلامی لە عیراق ، ھاوشێوەی ئەو شۆڕشەی لە ئێران ڕوویداوە ، بەڵام مەجلیسی ئەعلا ھەر لەسەر ئەو ھێڵە کۆنەی مایەوە ، بۆ نمونە لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠١٨) مجلیسەکە لەگەڵ لسیتی فەتحی (ھادی عامری) ھاوپەیمانی بەست ، کە لەسەر ھەمان ھێڵی سیاسیە ،

،،

بەڵام وەک ئاماژەیەک بۆ جیاوازی ھێڵی سیاسی تەیاری حیکمە ، لەو ھەڵبژاردنەدا تەیارەکە بە تەنیا بەشداری ھەڵبژاردنەکانی کرد.


دیدی تەیاری حیکمە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان و ھێزە سیاسییەکان بە جۆرێک بووە ، ھەمیشە جەختی لەوە کردۆتەوە کە پێویستە کێشەکانی نێوان ھەولێر بەغدا بەپێی دەستور چارەسەر بکرێن ، لە بابەتی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان دیدی تەیاری حیکمە لە ھەموو ھێزە شیعیەکانی تر ڕۆشن تر بووە ، پشتیوانی چەسپاندنی بەشە بودجەی ھەرێمی کردووە لە یاساکانی بودجەی عیراقدا ، ئەوەی دیدی تەیاری حیکمە لە دیدی ڕەوتی سەدر بەرامبەر ھەرێمی کوردستان جیا دەکاتەوە ، ئەوەیە کە تەیاری حیکمە پەیوەندیەکی دۆستانەتری لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە ، ڕاشکاوانەتر لە سەدرییەکان پشتیوانی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکات.


ڕەوتێکی تری دیاری شیعە لە ئێستادا ھاوپەیمانی نەسری حیدر عەبادیە:
عەبادی لە ساڵی (١٩٨٠) لەناو حزبی دەعوە بەرپرسیارەتی گرنگی ھەیە ، بەڵام کاتێک لە ساڵی (٢٠١٤) پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت تەنیا (٢٢) ئەندام پەرلەمانی بەدر لەو کاتە پشتگریان کرد ، دواتر بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی ساڵی (٢٠١٨) لیستێکی بە ناوی ھاوپەیمانی نەسر دروست کرد و توانی (٤٢) کورسی بەدەستبھێنێت.
لە زۆر ڕەوەوە دیدی عەبادی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان زۆر جیاواز نیە لە دیدی حزبی دعوە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان ، بەڵام لەبەر ئەوەی تا ڕادەیەکی زۆر عەبادی جیاواز لەو ھێڵە سیاسیەی حزبی دەعوە گرتویەتی کە پەیوەستە بە بەرەی مقاومە، کار دەکات دەکرێت ھیوا ھەبێت لە ئایندەدا دیدی عەبادی لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان بگۆڕێت.