نەوەكانی ئاگر و ئاگركەوتنەوەكەی توركیا

2021-08-06

ئاگركەوتنەوەكەی دارستانەكانی باشوری رۆژئاوای توركیا، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە كەوتۆتەوەو هێشتا كۆنترۆڵ نەكراوە، دەربارەی هۆكاری كەوتنەوەكەی ئاگرەكە، رۆژنامەیەكی نزیك لە پارتی داد و گەشەی توركیا، بانگەشەی ئەوە دەكات كە ڕێكخراوێك بە ناوی " نەوەكانی ئاگر" بەرپرسن لە كەوتنەوەی ئاگرەكە.

رۆژنامەكە ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەو گروپە سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستانن، كە ماوەی چوار دەیەیە لەگەڵ حكومەتی توركیا لە جەنگدان، توركیاش پەكەكە بە پارتێكی " تیرۆرستی" ناوزەند دەكات.
رۆژنامەی " یەنی شەفەق"ی توركی، ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە گروپەكە بەشێوەیەكی بەربڵاو ڕێكخراوێكی ناسراو نین، بەڵام بەرپرسن لە كەوتنەوەی ئەم ئاگرەی ئێستا كە زۆرینەی دارستانەكانی كەنارە ئاوییەكانی باشوری رۆژئاوای وڵاتی گرتۆتەوە.

رۆژنامەكە باس لە بەیاننامەیەكی رێكخراوەكە دەكات كە ڕایگەیاندووە

،،

" حكومەتی توركیا لە زمانی دیكە تێناگات، بۆیە ویستمان بە ئاگر ناچاری بكەین".


هەر لەو چوارچێوەیەدا، تۆڕێكی حكومی باس لەوە دەكەن، كە چەندین لایەنی ئەمنی توانیویانە ڕێگری لە ئاگر كەوتنەوەی دیكە بكەن، كە گروپەكە بە نیازبوون ئەنجامی بدەن، وەك لە ناوچەی " پۆلۆ" لە نزیك ئەستەنبوڵ، هەروەها لە نزیك بنكەیەكی سەربازی لە ویلایەتی ئەزمیر، لە باشوری رۆژئاوای توركیا.
پێشتریش ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا، گومانی خۆی نیشاندا كە گروپێك لە پشت كەوتنەوەی ئاگرەكەوە بن، بۆیە داوای لە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان كرد،بە پەلە بەدواداچوون بۆ هۆكارەكەی بكەن، هەروەها هەڕەشەی جدیشی لەهەر لایەك كرد، كە هۆكاری كەوتنەوەكەی ئاگرەكە بێت.

گومان لە تۆمەتەكان هەیە:

بەڵام چاودێران و رۆژنامەنوسان، گومانیان لە ڕأپۆرتی رۆژنامە توركیەكە هەیە، میهران جوجوك میدیاكاری توركیا لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی " سكای نیوز" رایگەیاند، "ئەو زانیاریانەی كە لە رۆژنامەكەدا هاتووە، هیچ ڕاستیەكی تێدا نیە،چونكە هیچ بەڵگە و دۆكۆمێنتێكی ڕاستەقینەی لەخۆ نەگرتوە، تەنها ئەوە نەبێت كە بانگەشەی ئەوە دەكات، بەیاننامەیەكی ڕێكخراوەكەی دەست كەوتووە، كە بەرپرسیارێتی خۆیان لەكەوتنەوەكەی ئاگرە ڕادەگەیەنن".
دەشڵێت:"بلاو كردنەوەی ئەو بەیاننامەیە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە، بۆ ئەوەی لە ڕاستی و دروستی دڵنیابینەوە،هەروەها رۆژنامەكە ناوی هیچ كەس و لایەنێكی نەهێناوە، كە بەیاننامەكەی لێوەرگرتوە، هەرچی باس كراوە، بكەر نادیارە،بەڵام تاكە شت كە دیار بێت،ئەوەیە ئەو رۆژنامەیە دیارە كە لە سیاسەتی كیوە نزیكە".

،،

ئەوەی رۆژنامە توركیەكە بڵاوی كردۆتەوە، جۆرێك لە حیكایەت و چیرۆك و قسەی لە خۆی گرتوە، كە زیاتر لەو كەسانەوە دەیبیستین كە شارەزایەكی ئەوتۆیان نیە، هەمووی بە پێی " بۆچوونی خۆی" بڵاو كردۆتەوە.

رۆژنامەیەكی دیكەی نزیك لە پارتی داد و گەشەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، دەڵێت:" نەوەكانی ئاگر، پێشتریش لە وەرزی بەهاردا چەندین شوێنی دیكەیان ئاگر تێبەرداوە، وەك پرد و شوێنی گشتی و پیشەسازی ئۆتۆمبێا و گەنجینەكانیان و كۆمپانیاكانی ئاسن".
رۆژنامەكە، ئاماژە بەوەش دەكات كە" ڕێكخراوەكە پێیان وایە ئەو كۆمپانیایانە، پارە و خەرجی سوپای توركیا لە شەڕی دژ بە پەكەكە دابین دەكەن".
ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەوەیە كە جگە لە رۆژنامەكانی نزیك لە پارتی داد و گەشەی توركیا، هیچ ڕۆژنامەیەكی دیكە باس لە تۆمەتباركردنی ئەو گروپە ناكەن، كە وەك خۆیان دەڵێن سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستانن.

بۆ پەردە پۆشكردنە:

لە چەند رۆژی ڕابردوودا، هێز و كەسایەتیە توركیەكان، گومانی خۆیان لە قسەكانی سەرۆكی توركیا نیشاندا و ئاماژەیان بەوە كرد، ئەو تۆمەتانەی سەرۆكی وڵات بۆ ئەوەیە كە شكستی حكومەتەكەی دادو گەشەی لە كۆنترۆڵ كردنی ئاگرەكە پەردە پۆش بكات،هەروەها نیشانی دا كە دەزگای بەرگری شارستانی لاوازە، كە داوای هاوكاری لە هێزە سەربازی و ئەمنیەكان كرد، بۆ ئەوەی هاریكاری بكەن لە كۆنترۆڵ كردنی ئاگرەكە.
وەلی ئۆزمۆج توێژەری كۆمەڵایەتی توركیا، مەترسی خۆی لەو تۆمەتانە نیشاندا، كە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نەتەوەیی لە نێوان تورك و كوردا، ئاماژەی بەوەش كرد، كە" پیش هەفتەیەك لەمەوبەر حەوت كەسی كورد بەدەستی نەتەوە پەرستە توركەكان كوژران".
ئاماژەی بەوەش كرد، كە كێشەكە لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتی و كاردانەوەكان پەنگ دەخواتەوە، لە میانەی ئەو تۆمەتانە بۆمان دەردەكەوێت، كە ڕق و تۆڵە لە نێو كۆمەڵگە ناوخۆییەكەی توركیادا چەند زۆرە، بەتایبەت كە هەواڵێكی وا نا ڕاست بڵاو دەكرێتەوە، رق لەلایەن توركەكانەوە دژ بە كورد زیاد دەكات.
لە كۆتایشدا دەڵێت:" ئەو تۆمەتانە وا نیشاندەدرێت كە كۆمەڵەیەكی سیاسی یان ڕێكخراوێكی تاوانكاری ئەنجامی دابێت،بەڵام لە ئەنجامدا ئەوەیە كە كورد لە پشت ئەو تاوانەوەن، زۆرینەی نەتەوە پەرستە توركەكان بەو شێوەیە لەو تۆمەتە دەگەن".