کورد و گۆڕانکاریەکانی ئەفغانستان

2021-08-15

دوای (٢٠) ساڵی ڕەبەق لە خەرجی زۆرو ھەوڵی ئەمەریکیەکان و ناتۆ، بۆ بیناکردنی سیستمێکی سیاسی وسوپایەکی نوێ لە ئەفغانستاندا، ھەر ھێندەی پشتگیری راستەوخۆو مەیدانی ئەمەریکیەکان نەما، بڕیاری کێشانەوەی ئەو وڵاتە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ھێزەکانی دەوڵەت لە ئەفغانستاندا وەك شێرە بەفرینەی بەرخۆر لە ماوەیەکی پێوانەیی پێشبینینەکراو بۆ دەزگا ھەواڵگریە خۆرئاواییەکانیش، ھەرەسیان ھێناو توانەوە.
دەخوازین لەم و تارە کورتەدا ئاماژە بەھۆکارەکانی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمەریکاو کشانەوەی، زوھەرەسھێنانی حکومەت وسوپاو پەیوەندی ھەموو ئەم گۆرانکاریانە بەھەرێم وکوردەوە بکەین.

یەکەم: ھۆکارەکانی داگیرکردن و کشانەوەی ئەمەریکا؛

ھەروەك ڕوونە ھێزەکانی ئەمەریکا دوای ڕووداوە تیرۆریستیەکەی ٢٠٠١ ی ئەمریکا، لە چوارچێوەی جەنگی دژی تیرۆردا، بە پاساوی بوونی بنکەی سەرەکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە، کە تۆمەتباربوون بە ئەنجامدانی ھێرشەکەی نیویۆرك، ڕژێمی تاڵیبانیان ڕوخاندو ئەفغانستانیان داگیرکرد و سیستم و حکومەتێکی نزیك لە خۆیان دامەزراند و ھەوڵی بیناکردنی واقیعێکی نوێیان دا.


دەکرێت بەشێ لە پاڵنەرەکانی ئەوکاتەی ئەو داگیرکاریەش، بەم خاڵانەی خوارەوە دەستنیشان بکەین:

١- لێدانی بنکەی سەرەکی ئەلقاعیدەو ھەوڵدان بۆ زۆرترین زەربەدان لە سەرکردایەتیەکەی، لاوازکردنی و لەبەریەکھەڵوەشانەوەی ڕیزەکانی و بێبەشکردنی لە پەناگە ئارامەکەی بۆ نەخشەکێشان و سازدانی تواناکانی و زیانگەیاندن بە بەرژوەندییەکان و شکۆی ئەمەریکا.

٢- تۆڵەکردنەوەو گێڕانەوەی شکۆی شکێنراوی ئەمەریکاو ڕاگەیاندنی ئەو پەیامەی کە ھەر ڕژێم و دەوڵەتێك داڵدەی تیرۆرستان بدات و یارمەتیان پێشکەش بکات، ھەمان مامەڵەی ئەوانی لەگەڵدا دەکرێت و چاویان لێناپۆشرێت و بە زەبری ھێز تێکدەشکێنرێن.

٣- کارکردن بەو تیۆری و لێکدانەوە سیاسیەی کە پێی وایە تیرۆر بەرھەمی شکستی دەوڵەتە. بە گوێرەی ئەوەش ڕوخاندنی ڕژێمەکان لەو شوێنانەداو دووبارە بیناکردنەوەی سیستم و دەوڵەت لەسەر بناغەیەکی نوێ و ھاوچەرخ وچارەسەرکردنی کێشەی شکستخواردووییەکە، دەبێتە ھۆی وشککردنی سەرەکیترین سەرچاوەی تیرۆر.

٤- ئامادەبوونی ئەمریکا لە وڵاتێکی دراوسێی چین و ئێران و نزیك لە روسیا، خزمەت بە بەرەوپێشچوونی ئامانجەکانی دەکات.

سەبارەت بە ھۆکارەکانی کشانەوەکەش، بە سەرنجدان لە لێدوانی بەرپرسە ئەمەریکیەکان و بیروڕای سەنتەرەکانی توێژینەوەو لێکدانەوەی واقیعی مەیدانی، دەتوانین ئاماژە بە چەند خاڵێك بکەین، لەوانەش:

١- نائومێدبوونی ئەمەریکاو خۆرئاوا بە گشتی لەوەی بتوانن بە ھێزی سەربازی بەسەر تاڵیباندا سەربکەون و جەنگەکە بەقازانجی دەوڵەت بەلادا بخەن و بەوەش کێشەی ناوخۆیی ئەفغانستان چارەسەر بکەن.

٢- نائومێدبوون لە نوخبەی دەسەڵاتداری ئەفغانستان، کە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی تاڵیبان لەو وڵاتە، دەسەڵاتیان گرتە دەست، لە سۆنگەی گەندەڵی و خۆپەرستی و ناکارایی و دابڕانیان لە زۆرینەی جەماوەری ھەژارو موحافیزەکار، توانای لەسەرپێی خۆوەستان، بیناکردنی دەوڵەتێکی نوێ و بەرگریکردن لە خۆیان. چونکەدەسەڵات بە غەنیمەت تێگەیشتوون نەك لێپرسراوێتی بەرامبەر ژیان و چارەنوسی ھاوڵاتیان و چاکەی گشتی و توانای زاڵبوون بەسەر کێشەکان و بەدیھێنانی پەرەپێدا و بەیەکەوە ژیان. ناشکرێت ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ پشتیوانی لەو دۆخە بکات و لەبری ئەوان شەڕ بکات.

٣- بەدیھێنانی بەشێك لە ئامانجەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا، کە خۆی لە لاوازکردنی ئەلقائیدە لەوێو کوشتنی بن لادندا خۆی دەبینێتەوە. ئەمە جگە لەوەی ڕێکەوتنیان لەگەڵ تاڵیباندا کردووە، دوای دەسەڵاتگرتنەوە دەست، ئەفغانستان نەکەنەوە بە پەناگەی ئەلقائیدەو داعش و ھاوشێوەکانیان.

٤- ھاتنەپێشەوەی کۆمەڵێ گۆرانکاری لە چەند ساڵی رابردوودا، کە بەشێکی لە سەرھەڵدانی داعش و پاشەکشەی مەترسی ئەلقائیدەو کەم بایەخبوونی ئەفغانستان وەك ناوەندێکی تیرۆر لە خۆگر، بەراورد بە وڵاتگەلێکی وەکو: سوریا، عێراق، یەمەن و ھەندێ وڵاتی ئەفریقی تر بەرجەستە دەبێت.

٥— گۆڕینی تێروانین بۆ خودی تاڵیبان، لە ھێزێکی داڵدەدەری دوژمنەکانی ئەمەریکا وە بۆ ھێزێکی دەسەڵاتداری سوننی رادیکاڵ، کە جگە لەوەی سەرئێشەی شەری بێھودەی ئەفغانستان لەکۆڵ واشنتۆن دەکاتەوە، دەکرێت لە داھاتوودا بەشێوازی جیاواز ببێتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، چین و ھەندێ وڵاتی دۆستی روسیا؟

دووەم: ھۆکاری بە خێرایی روخانی ڕژێم و خۆبەدەستەوەدانی سوپاکەی؛

گرنگترین ئەو ھۆکارانەی لە پشت ئەو دۆخەوە بوون، لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەر جەستە دەبن:

١- گەندەڵی لە ڕاددەبەدەری نوخبەو ھێزە حومڕانەکان و دابڕانیان لە زۆرینەی خەڵکی ھەژاری ئەفغانستان و لاوازی پێگەی جەماوەریان.

٢- گەندەڵی دامەزراوەی سەربازی و نەمانی پاڵنەری جەنگکردن و بێمتمانەیی بە سەرکردایەتی سیاسی و سەربازیی.

٣- پشبەستنی ھەمەلایەنە بە ھێزی دەرەکی.

٤- عەقیدەیی بوونی تاڵیبان و جەنگاوررەکانی و ئامادەییان بۆ مردن لە پێناو ئەوەی خەباتی بۆ دەکەن و بۆی دەجەنگن.

٥- بەھێزی پێگەی جەماوەریی تاڵیبان و نوێنەرایەتیکردنی بۆ توێژی موحافیزەکار، کە زۆرینەی کۆمەڵ پێکدەھێنن، سودوەرگرتن لە پێگەی زاناو سەرۆك خێڵەکان لە پرۆسەی بەبێ شەڕ خۆ بەدەستەوەدانی زۆر ھێزو کاربەدەست و ویلایەتدا.

٦- سەرکەوتوویی تەکتیکەکانی تاڵیبان بۆ دەستگرتن بەسەر شارەکاندا لەوانەش:
. داواکردن لە فەرمانبەران لەسەر کارەکانی خۆیان بەردەوام بن.
. ڕێگریکردن لە تاڵان و بڕین و کۆنتڕۆڵکرنی دۆخەکەو دڵنیاکردنەوەی ھاوڵاتیان لە سەرو ماڵیان.
. ڕێگریکردن لە تۆڵەکردنەوەی کوێرانە.
. ھەماھەنگی لەگەڵ بەشێك لە سەرکردە سەربازی و سیاسی و بەرپرسە حکومییەکان و دڵنیاکردنەوەیان لە ئایندە و پێگەو کەسێتیان.

٧- پەیوەندیکردن بە وڵاتانی دەوروبەرەوە کە تاڵیبانی حوکمڕان نابێتە ھەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، بۆ ئەوەی بە قازانجی خۆڕاگری حکومەت دەستێوەردان نەکەن.

سێیەم: کورد و کشانەوەی ئەمەریکاو سەرکەوتنی تاڵیبان؛

راستە کورد دراوسێی ئەفغانستان نیەو ڕووداوەکان ڕاستەوخۆ کاردانەوەیان بەسەریەوە نابێت، بەڵام بەدووریش نابێت لەو کاریگەریانە لەبەر:

۱- ھەرێم دراوسێی ئێرانە، کە دراوسێی ئەفغانستانە و پارچەیەکی کوردستان دەکەوێتە ئەو وڵاتەوە وپەیوەندییەکی قوڵیشی بەدۆخی عێراقەوە ھەیە. گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستانیش کار لە جۆری ئیدارەکردنی ململانێکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمەریکادا دەکات. بەشێکی بەرچاوی ئەو کارتێکردنەش لە ھەوڵی دووبارە ڕێکخستنەوەی دۆخی عێراقدا دەردەکەوێت. بەو مانایەی ڕەنگە تاران ھەوڵدات، قەرەبووی دووبارە ھاتنەوە سەر کاری ھێزێکی ڕادیکاڵی وەك تاڵیبان، کە لە ڕووی ستراتیژیەوە بە قازانجی خۆی نابینێتەوەو بە ھەڵقەیەکی گەمارۆدانی خۆی سەیری بکات— لەگەڵ ئەوپەڕی ھەوڵدانی لەگەڵ تاڵیابندا بۆ ئەوەی ئەوە ڕوونەدات— لە عێراقدا بکاتەوە، ئەویش لە ڕێی زیاتر کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لە لایەن ھێزەکانی نزیك لە خۆی و یەکلاکردنەوەی تەواوی عێراق بەلای خۆیدا، لەڕێی لەبەرگرتنەوەی ئەزمونی حوسییەکانی یەمەن، ئەگەر ئەمە تێکدانی پرۆسەی سیاسی ئێستاو تەنانەت گۆرینی دەستوریش بخوازێت؟ لە ئەگەری ڕووداوگەلێکی لەو جۆرەشدا، ھەرێم لەسەرە رێی داواکردن بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو دۆخەدا، دووچاری فشارو ئاڵنگاری گەورە ببێتەوە.

۲- عێراق لە دوای ئەفغانستان دووەم وڵاتە ئەمریکا لە چوارچێوەی جەنگی دژە تیرۆردا داگیری کرد. دۆخیشی لە ھەندێ ڕووی بنچینەییەوە ھاوشێوەی ئەفغانستانە، لە وێنەی: گەندەڵی نوخبەی حوکمران، لاوازی و فشەڵی دام و دەزگاکانی دەوڵەت و سیستم و پرۆسەی سیاسی، نارەزایی زۆرینەی ھاوڵاتیان، دەستە وەستانی حکومەت و حیزبەکان لە چارەسەرکردنی کێشەکان و زۆر شتی تر. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەمەریکا ھاوشێوەی ئەفغانستان شکستیخواردووە لە دووبارە بیناکردنەوەی سیستم و دەوڵەتێکی شکستخواردوو. ئەوەی کردویەتی تەنھا گۆڕینی ئەو فۆرمەیە شکستەکە بەرجەستە دەکات. ئەمە جگە لەوەی بە ھۆی ھەڵکەوتەکەیەوە دەستێوەردان لە دۆخی عێراق، زۆرتر، ئاڵۆزترو فرە رەھەندترە. ئەمریکا جارێك عێراقی پاراست لەوەی داعش ھاوشێوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی دەسەڵات و دۆخەکە بکات و نوخبەو پرۆسە سیاسیەکە بڕوخێنێت. رەنگە ئەوەی واشیلێکردبێت ئەو کارەبکات جیاوازی سروشتی داعش بێت لەگەڵ تاڵیبان، بەو واتایەی تاڵیبان ھێزێکی ئەفغانیە و داعش سنور ناناسێت، جگە لە ھەندێ تێڕوانینی ترو سەرچاوەگرتنیان لە ھەناوی ئەلقائیدەوە.

ئەوەی لێرە شدا پرسیارەو پەیوەندی بە کوردەوە ھەیە چەند شتێکە لەوانەش:
. ئایە ئەمریکا دەتوانێت تاسەر لە عێراق بمێنێتەوە؟ ھیچ گرەنتیەك بۆ مانەوەی ھەیە؟ئەگەر کەوتە نێوان بژاردەکانی: مانەوەو شەڕکردن، ڕۆیشتن بەگفتوگۆ یاخود دەرکردن، کامیان ھەڵدەبژێرێت؟
ھەر کامێکیانی ھەڵبژارد ڕەنگدانەوەی بەسەر ھەرێم و کورددا چی دەبێت؟
داخۆ پشتیوانی ئەمەریکا لە کورد تەنھا ئەو کاتە دەبێت ئامادەیی لە عێراقدا ھەبێت؟ ئەگەر ئەمەریکا کشایەوەو ھەرێمیش ناچارکرا خۆ لەگەڵ دۆخە نوێکەدا بگونجێنێت، چی وا لە ئەمریکا دەکات پشتیوانی لە ھەرێم و کوردی باشور بکات؟ کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق کاریگەری بەسەر ئامادەبوونی لە خۆرئاوا چی دەبێت؟


لەکۆتایدا دەکرێت بڵێین
. دۆخی عێراقیش، لەھەندێك روەوە، ئامادەی تاڵیبانێکە، بەڵام سەراسەری نا
. لە پارێزگاکانەوە بۆ بەغدا نا، بەڵکو لەبەغداوە بەرەو دەرەوەی خۆی.چونکە عێراق لەناو خۆیدا لەسەر زیاد لە ئاستێك لەبەریەکھەڵوەشاوەتەوە. بۆیەئەگەری دووبارە بوونەوەی سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق بە تایبەتمەندی عێراقییەوە بێتە دی ئەوا:
. تاڵیبان لەسەر ئاستی پێکھاتەی حوکومران، واتە شیعەکان سەرھەڵدەدات.
. بەشێك لە میلیشیاکان پێکیدەھێنن کە بەشێکن لە سیستمە گەندەڵەکە.
. گۆرانەکە عێراقی ڕووت نابێت و بەشێك دەبێت لە نەخشەیەکی دەوروبەر.
. ھەوڵی کۆنتڕۆڵی بەشەکانی تری عێراق دەدرێت و ھەر لەو کاتەشدا کار لەسەر دۆزینەوەی ھاوپەیمانی نوێ دەکرێت لەوانەش لە نێو کورددا کە رابردوو پێمان دەڵێت رەنگە کورد لە ھەندێك دۆخدا بەرگەی ئەو تاقیکردنەوە نەگرێت؟